Mamle.jpg

بەسەرداچوونەوەیەک بەسەر گۆرانی “زەمانە گوڵێکی دامێ لێی ستاندم”*

وریا ماملێ

خوالێخۆشبوو دوکتور هاشمی شیرازی کوڕی عەبدوڵا و حەمدەخان، ڕۆژی هەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٩١٩ زایینی بەرامبەر بە ١١ گوڵان ١٢٩٨ هەتاوی لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆییشتوو لە دایک بووە.[1] باوکیان کەسێکی خوێندەوار بووە.  سەرقاڵی توجاڕەتی توتن و هاوکات زۆری حەز لە باغداری بووە. لە حەوشە گەورەکەی ماڵی خۆی باغێکی ڕازاوەی دەبێت کە بە باغی “شیرازی” ناودێر بووە. لە پاڵ ئەویش شێعری فارسی و لەناویان دا  شێعری سەعدی و حافزی شیرازی زۆر لەبەر بووە. [2]

 دوکتور هاشم شیرازی

لە ساڵی ١٩٢٨ کە حکومەتی ناوەندی دەخوازێ پێناسە بدات بە هاووڵاتیانی خۆی و ناویان وەک هاووڵاتی تۆمار بکات، ئیداەری (ثبت احوال – احصائیە) لە مەهاباد دەست بەکار دەکات.  بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارە چەند کەسێک وەک فەرمانبەر دادەمەزرێنێ بە ناوەکانی “مەلا ئەحمەد تەوحیدی”، ” مەلا مەحمودی مفتیزادە” و کەسێکی تر بە ناوی “جاوید”. مەلا ئەحمەدی تەوحیدی کەسێکی قسەخۆش و جەفەنگباز بووە و کاتێک باوکی دوکتور شیرازی دەچێت سجیل و پێناسە وەربگرێ، یەکسەر مەلا ئەحمەد سجیلەکەی دەداتە دەستی، کە چاوی لێدەکات ناسناوەکەی نووسراوە” شیرازی”! کە هۆکارەکەی لێدەپرسێ لە وەڵام دا مەلا ئەحمەد دەڵێ:

چوون کاتێک تۆ شێعرمان بۆ دەخوێنییەوە سەرلەسەر حافز و سەعدی هەڵناگری و هەر شێعری ئەوانمان بۆ دەخوێنییەوە بۆیە، من ناسناوی تۆ دەنووسم “شیرازی” هەروەها باغێکیشت هەیە کە ناوی “شیرازی” یە و ئیتر ئەوانە بەسن تا ناسناوت بکەین بە شیرازی.

باوکیشیان چ پرتەی لێوە نایەت و ئیتر لەو کاتەوە ناسناویان بە شیرازی دەردەچێت. [3]

خوێندنی لە بەشی پزشکیی ددان دا لە زانکۆی تاران تەواو دەکات.[4] کەش و هەوای سیاسی ناوچەکە بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە و بووەتە بەستێنێک بۆ لاوانی خوێنگەرم تا گەر بۆیان بلوێ هەوڵ بدەن بۆ وەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکەیان، لەو مابەینەشدا دوکتور هاشم شیرازی وەک لاوێکی خوێنگەرم تواناکانی خۆی لەناو حیزبی تودەی ئێران تاقی کردۆتەوە.  ئاقاری خەباتیان پێچ و قۆرتی زۆر دیون و لەلایان حکومەتەکانی شا و مەلایان، زیندانی کراوە و ئازاری بینیوە.

شتێک کە ناوی دوکتور هاشم شیرازی زیاتر دەردەخات، هۆنراوەیەکە بە ناوی “زەمانە گوڵێکی دا و لێی ستاندم”  کە بە “زەمانە” ناودێرە و دوکتور شیرازی بۆ دەسگیرانەکەی خۆی هەڵاگوتووە.[5] دەسگیرانەکەی زیندوویاد “عیسمەت خانم” کچی نەمر “پێشەوا قازی محەممەد” بووە. کاتێک کە دوکتور شیرازی لە زیندان دەبێ خوالێخۆشبوو عیسمەت خانم بە هۆیەکی نادیار خۆ دەکوژێت و ئەو مەرگە دەبێتە هەوێنی ئەو شێعرە. وەک خۆیان باسی دەکەن کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت و ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ سابڵاغ لە تاران ئەو هەواڵە دڵتەزێنەی پێدەدەن و ئەویش لەو میوانخانەی کە لێی نیشتەجێ بوو، ئەو هۆنراوەیە بۆ مەرگی ناوادەی دەسگیرانەکەی دەهۆنێتەوە.[6]

 عیسمەت خانم قازی

ئەو  شێعرە لەلایان هونەرمەند محەممەدی ماملێ‌وە وەک گۆرانی تۆمار دەکرێت و بەو چەشنە لە سەرانسۆی کوردستان دەنگ دەداتەوە.[7] هەم لەبەر جوانەمەرگ بوونی کچی پێشەوا و هەمیش لەبەر ئەوە کە دەسگیرانی کچی پێشەوا ئەو شێعرەی بۆ هۆنیوەتەوە، گۆرانییەکە بیچمێکی ڕۆمانتیک و ئیحساسی بە خۆیەوە دەگرێت و زیاتر دەکەوێتە بەر سەرنجی خەڵک.

دوکتور شیرازی لە پەڕتووکی بیرەوەرییەکانیدا بەو چەشنە لەسەر ئەو شێعرە دەنووسێت:

(دەقی تەواوی شێعر و گۆرانییەکە کە لە ژووری میوانخانەکە درووستم کردبوو و خەڵکی ئەو سەردەم، ڕۆژانە لە سەرانسۆی کوردستان و لە سەر هەر کێو و لە هەر کۆڵانێک دەیانگوتەوە ئاوا بوو:

زەمانە گوڵێکی داو و لێی ستاندم

بۆنم پێوە نەکرد……………….) [8]

لێرەدا شتێک نامۆ دەنوێنێ. دوکتور شیرازی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە چلۆن خەڵکی ئەو سەردەم، ڕۆژانە و لە سەرانسۆی کوردستان بەو شێعرەیان زانی؟ ئاخۆ شێعرەکە باڵی هەبوو و بەسەر کوردستاندا هەڵدەفڕی؟! یان دوکتور شیرازی لە دیوانی شێعرەکەی دا  (کە نییەتی)چاپی کردووە و هەموو کەس خوێندوویەتەوە و فێری ببوون؟! یان بۆخۆی دەرک‌بەدەرکی کوردستان گەڕاوە و ئەو شێعرەی بۆ خوێندوونەوە؟! یان ئەزموونی نووسین و سازکردنی گۆرانی هەبووە و خەڵک لێی بێئاگا بوون؟!

دەگەڕێمەوە سەر ئەو باسە، با جارێ بیرەوەرییەکی خۆم لە زیندوویاد دوکتور شیرازی‌تان بۆ بگێڕمەوە.

من لە هەموو تەمەنی خۆمدا یەک جار توانیومە بە خزمەت خوالێخۆشبوو دوکتور شیرازی بگەم ئەویش لە ماڵی خۆمان بوو. گەر هەڵەم نەکردبێ لە ساڵەکانی ١٩٨٩ یان ١٩٩٠ ڕۆژێکی بابم لە دەرەوە ڕا تەلەفۆنی بۆ ماڵێ کرد و گوتی نان ساز کەن، بۆ شەوێ میوانم دێت. ئیتر جموجۆڵ لە ماڵ پەیدا بوو و شیو ساز کرا. لای زەردەپەڕ بابم دەگەڵ پیاوێکی پەیدا بوویەوە کەشخە و شۆخ، جل و بەرگەکەی بۆ سەردەمی  ئەوکاتی ئێمە و تەنانەت بۆ ئێستاش لە ئیڕانێکی مەزهەبی و دژ بە ڕۆژئاوایی زۆر نامۆ بوو. کڕاواتی ملی و شەپکەی سەری کە “شاپۆ”ی ناو بوو، نەخش بوو لێی. زۆر پاک و تەمیز بوو. ئەو کەسە دوکتور هاشم شیرازی بوو کە من تا ئەوکات نەمدەزانی شاعیری شێعری “زەمانە”ـیە. بابم  وەک خدەی پێڕاهاتووی خۆی کە بەبێ جیاوازی ڕێزی لە هەموو میوانێکی دەگرت، ئاواش ڕێزی لە دوکتور شیرازی گرت و میواندارییەکی کوردانەی لێ کرد.

 

ئەم وێنەیە لە زەماوەندی سەید عەبدولعەزیز شەمزینی گیراوە. لە ڕاستەوە: خوالێخۆشبووان محەممەدی ماملێ، دوکتور شیرازی، شێخ فاروق گەیلانیزادە، حەسەنی ماملێ

یەک لە خزمە بایسییەکانمان  ( فامیل سببی/ Cause Family )  کە ئەوکات تەمەنی دەوری ٤٠ ساڵ دەبوو، بە هەڵکەوت ئەو شەوە هاتبوو بۆ ماڵمان و شام لامان مایەوە. ئەویش لە دوورەوە ناوی دوکتور شیرازی بیستبوو و وەک من یەکەمجار بوو دەیبینی. کاتی نان خواردن هات.  لە دەوری کەوڵی نانی دانیشتین و ملمان لە نانخواردن نا.  دیسان بە هەڵکەوت ئەو خزمەمان لە پەنا دوکتور هاشمی شیرازی دانیشتبوو. کابرا کەمێک برسی بوو و بەپەلە نانی دەخوارد. دوکتور شیرازیش زۆر بە قەڕاعەت و بە زاکوون. یەک لە چێشتەکان خۆریشت بوو کە کەوچکی تایبەت بە خۆریشتەکە دەنێوی دا بوو تا کەس کەوچکی دەمی لەناو خۆڕیشتەکە نەهاوێتەوە و هەر بە کەوچکی خۆریشتەکە لە قاپەکەی خۆیانی بکەن.

کابرای خزم لە برسان هۆشی نەبوو هەر بەو کەوچکەی کە نانی پێ دەخوارد، دە خۆریشتەکەی نا تا کەمێک خۆریشت بە برینجەکەی داکات. دەستی ئێستاش لە خۆریشتەکە دا بوو کە دوکتور شیرازی  بە دەنگێکی بەرزتر لە ئاسایی و بەگرژی و بە ڕژدی گوتی:

ئەوە چ دەکەی؟

کابرا وەک کێچی هەڵبەزییەوە.  بە گووپی پڕ لە چێشت و بە کەوچکی ناو خۆریشت و بە ملی نیو دەور بادراوەوە چاوی لە دوکتور شیرازی بڕی. حەپەسابوو و  نە دەیتوانی قسە بکات و نە دەیزانی چۆنی وەڵام بداتەوە! گێژ و وێژ ببوو. دیسان دوکتور شیرازی بە هەمان دەنگی بەرزتر لە ئاسایی درێژەی پێدا و گوتی:

بۆ کەوچکی دەمت دیسان دەو خۆریشتەی داوێیەوە؟ نازانی ئێمەش لەو خۆریشتە دەخۆین؟ نازانی خۆریشتەکە پیس دەبێ؟ تۆ تەمەنت گەیوەتە ئەو تەمەنە کەچی، ئێستا نازانی نانی بە خاوێنی بخۆی؟

کابرا ویشک ببوو. بە گووپی پڕ لە چێشتەوە تەنیا ئەوەندەی بۆ گوترا کە بڵێ ببورە. باش بوو بابم زوو کەوتە نێوانیان و خۆریشتەکەی لادا و گازی کرد: خۆریشتێکی دی بێنن. بەهەر حاڵ، نان خورا و کەوڵمان کۆ کردەوە و یەک/دوو چا هەڵقووڕان و ئینجا  دوکتور شیرازی سەری قسانی کردەوە و گوتی:

 ماملێ، بۆخۆت دەزانی من تازە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئازاد کراوم. لەناو زیندان زۆرم خەم لە میللەتەکەم و لە وڵاتەکەم خواردووە کە بۆ دەبێ ئەو گەلە ئاوای بەسەر بێ، بەتایبەت بەدەست ڕژێمی مەلایانەوە. من لەناو زیندان شێعرێکم داناوە سەبارەت بەو وەزع و حاڵە کە بۆم هێناوی تا گۆرانی لەسەر دانێی و بیڵێی. بابیشم زۆری پێخۆش بوو. دوکتور شیرازی دەستی کرد تا شێعرەکەی بۆ بابم بخوێنێتەوە، بابیشم بە ئیشتیا سەرنجی دابوو بە شێعڕەکە.

بەداخەوە تەنیا یەک بەیتم لەو شێعرە لەبیر ماوە ئەویش ئاوا بوو:

خەڵکی دونیا چوونە سەر کورەی مانگێ

ئەتۆ ئێستاش لەسەر بانی دەدەی بانگێ

 ئێستا شێعرەکە نیوە نەببوو دیتم بابم ڕەنگی گۆڕا. ئەو کە کەسێکی باوەڕمەند وعێرفانی بوو و ئەندامی هەیئەت ئومەنای خانەقای شەمزینان و پەێڕەوی تەریقەتی شەمزینان بوو، زوو خۆی کۆ و یەکلا کردەوە. ویستی بە زمانێکی نەرم کە دوکتور دڵی نەهێشت خۆی لەو شێعرە لادات و گوتی:

دوکتور گیان بەداخەوە من ناتوانم ئەوە بڵێم. ئەوە زۆر گشتگیر و توندە، بیر و باوەڕی خەڵک بریندار دەکات. تۆ هەوڵ بدە دەستێک بە سەر و یاڵی دابێنە و نەرم و نیانتری بکەیەوە.

فایدەی نەبوو. دوکتور زیاتر گەرم دادەهات و داکۆکی لە شێعرەکە دەکرد. باببیشم بۆ ئەوەی خۆی دەرباز کات و هەروەها وا بکات کە دڵی دوکتور نەشکێ، شێعرەکەی لێوەرگرت و گوتی: با بزانم چێم دەگەڵی پێدەکرێ. ئەوەندەی  من ئاگادار بم نە شێعر بوو بە گۆرانی و نە کەس زانی چی بەسەر ئەو شێعرە هات.

بابم بەو چەشنە ئەو باسەی دەگەڵ دوکتور بڕاندەوە و ئینجا دەستیان کرد بە کای‌کۆن بەباکردن. یادی ڕۆژانی کۆنیان دەکرد و بیرەوەرییان بە یادەوەریەوە دەدووری. باس هاتە سەر گۆرانی زەمانە. دوکتور فەرمووی:

کاتی خۆی، لە دوای کودەتای ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٢  کە لە زیندان بووم، جارجار ڕادیۆیان بۆ هەڵدەکردین و لەسەر بڵینگۆیان بڵاویان دەکردەوە و گوێمان دەدایە گۆرانییەکان. ئەو گۆرانییە (ناوی گۆرانیبێژە فارسەکەشی گوت بەداخەوە لەبیرم نەماوە) کە دادەندرا بەدەست خۆم نەبوو تەم و خەمێکی زۆر دایدەگرتم. دڵم تەنگ دەبوو. تا دواجار وای لێهات کە ئەو شێعرەی زەمانەشم دانا، هەر لەسەر ئەو هەوایە بوو کە دامنا.

شەو شەق بوو و دوکتور ڕۆییشت و ئیتر بڕواناکەم دەگەڵ بابم یەکتریان دیتبێتەوە. ڕۆحیان شاد و یادیان پیرۆز بێت.

ئەم بیرەوەرییەم لەبەر دوو هۆکار گێڕایەوە. یەکیان بە ڕوونی دەریدەخات کە دوکتور شیرازی شارەزایی لە بواری ئافراندنی موزیک و گۆرانیدا نییە و شێعری بۆ ماملێ هێناوە تا محەممەدی ماملێ بیکات بە گۆرانی و دووهەمیشیان ئەو ڕاستییەی کە مێلۆدی گۆرانی ” زەمانە” بە پێی گوتەی دوکتور شیرازی، بە ڕەچەڵەک فارسی بووە و خۆی داینەناوە.

بۆ زیاتر شی کردنەوی مژارەکە با بگەڕێینەوە سەر باسەکەی سەرەوە. لە لاپەڕەی ١٨٧ی پەڕتووکەکەیاندا خوالێخۆشبوو دوکتور شیرازی دەفەرموێ کە هەم شێعرەکە و هەم گۆرانییەکم لە ژووری میوانخانەکە درووست کردووە.  واتە خۆی دەکات بە خاوەن، دانەر و ئافرێنەری مێلۆدیی گۆرانییەکە بەڵام، هەموو ئاماژەکان پێچەوانەکەی پێشان دەدات. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە خودای‌نەخواستە تاوانێک بخەمە پاڵ ئەستۆی دوکتور شیرازی، بە پێچەوانە. من چوون خۆم شاهیدی ئەو قسە بووم کە دوکتور شیرازی لەسەر ئەو گۆرانییە گێڕایەوە و هەروەها هەموو ئاماژەکان پێچەوانەکەی پێشان دەدات، بۆیە نووسینی ئەو دێڕانەم بە پێویست زانی تا لەبەر هەڵەیەکی بچووک لە بایخی پەڕتووکەکەی ئەو خوالێخۆشبووە کەم نەبێتەوە و ناوەرۆکەکەی تۆزی گومانی لەسەر نەنیشێت و هەروەها ئەو ئاماژەیەی کە خوازراو یان نەخوازراو نەیکردووە بە هۆکاری دەنگدانەوەی ئەو هەڵبەستەی، ڕوون بێتەوە.

دوکتور شیرازی لە هەڕەتی لاوێتیدا زیندانەکانی ڕژێمی پاشایەتی و لە تەمەنی ٦٠ ساڵ بەولاوە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دیوە.  ڕێک لەو ساڵانەی کۆتایی ژیانیدا کە دەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە بەربەرەکانی دەکات، بە  وزە و ورەی کاک “هاشم سەلیمی”  بیرەوەرییەکانی دەنووسێتەوە کە بەدڵنییاییەوە بێمەیل نەبووە کە بۆخۆی ئەوکارە بکات بەڵام، نەخۆشی و پیری کەلەلای کردووە بۆیە، خۆی لێ بواردووە. گەر کاک “هاشم سەلیمی” نەبا ئەوەندە بیرەوەرییانەش کە بەشێکن لە مێژووی زارەکی  (Oral History) گەلەکەمان، بوونیان نەدەبوو. کەواتە لە دۆخێکی ئاوادا بە دڵنیاییەوە نەک زەین و ئاوەزی دوکتور شیرازی بگرە، هۆشی هیچ کەس وەک پێویست هاوکار نابێت و باش ناتوانێ یاریدەدەری بێت تا وردەکاری ڕووداوەکان وەک خۆی بێتەوە بیر. ئێمە کە لەچاو خوالێخۆشبوو دکتور شیرازی تەمەنێکی واشمان نییە، زۆر ڕووداو و بیرەوەری خۆمان لەبیر چووەتەوە و زۆر جاران هاوڕێیان و نیزیکەکانمان سەربوردەی خۆمان وەبیرمان دێننەوە. کەواتە شتێکی ئاساییە کە مرۆڤەکان هەموو ئەو بەسەرهاتانەی خۆیان بە تەواوی نەیەتەوە بیر. لەبەر هەندێ مەبەستم لە نووسینی ئەو دێڕانە، تەنیا ساغ کردنەوەی مێژووی ئەو گۆرانییەیە نەک شتێکی تر.

کاک خانە و کاک عەبدوڵای برام کە بە هۆی تەمەنیان و نیزیکییەکی کە دەگەڵ ماملێ هەیانبووە ئەزموونی باشیان لەسەر مێژووی گۆرانییەکانی ماملێ هەیە. بە ڕای من  تەنیا کەسانێکی خاوەن ڕا و سەڵاحییەتن کە بتوانن لەسەر مێژووی گۆرانییەکانی کە باوکم گوتوونی نەزەر بدەن، بۆ ئەو مەبەستە پێوەندیم پێوە کردن و گەنگەشەی ئەو گۆرانییەمان کرد و هەموومان لەسەر ئەو خاڵە کۆک بووین کە ڕەچەڵەکی ئەو گۆرانییە فارسییە. خۆیشم  لە زمانی دوکتور شیرازی بیستبووم  کە ماکەکەی فارسییە، تەنانەت ماملێیش دەقی گۆرانییە فارسییەکەی گوتووەتەوە:

دریغا حسرتا از زندگانی

نچیدی گل ز گلزار جوانی

به سد حسرت  به زیر خاک رفتی

ندیدی تخت و بخت کامرانی

ای ندیدم وای ندیدم یاری جانم

خداحافظ ز یار مهربانم[9]

 

ئەوەی ماملێ دەیڵێتەوە شێعڕێکی ئاواردەیە لە دەقی سەرچاوە ماکەکە کە بە ڕەچەڵەک گۆرانییەکی ناوچەی (پارێزگای فارس یان جهرم، شیراز و کازرون) لە باشووری ئێرانە.

 جهرمی جدید خوانندە: صمد عقاب شێعر: محلی شیرازی آهنگ: ایرج سلطانی

کۆنترین سەرەداوێکی کە دەست دەکەوێ، دەنگی هونەرمەندێکی ئەو دەڤەرە بووە کە لەسەر قەوان تۆماری کردووە بەناوی (صمد عقاب) کە لە ئەسڵدا ناوی (صمد بردیدە)ـیە. [10] گۆرانییەکەش ناوی (جهرمی)ـیە [11] بە پێی ئەو نووسینەی لەسەر قەوانەکە نووسراوە، ئەو گۆرانییە هەواکەی کەسێک دایناوە بە نێوی (ئیرەجی سوڵتانی/ایرج سلطانی) و شێعرەکانی فۆلکلۆری کۆنی ئەو ناوچانەیە کە لە بان باسم کرد.

بە مەودایەکی نە زۆر دوور، دیسان هونەرمەندێکی تری ئەو دەڤەرە بەناوی (کورس سرهنگزادە)[12] ئەو گۆرانییە دەڵێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە ڕەچەڵەک و قەوارەی مێلۆدییەکەی پاراستووە بەڵام، هەندێک ڕیتمی گۆرانییەکە شل کردۆتەوە و بە موزیکێکی دەوڵەمەندتر دەیڵێتەوە و هەروەها هۆنراوەکانی دەگۆڕێت، بەو چەشنە ناوی گۆرانییەکەش گۆڕانکاری بەسەر دادێت و دەبێتە (رختخواب مرا مستانە بنداز). [13]

لەو ساڵانەی دواییشدا خانمە هونەرمەندی فارس “سیما بینا”[14] کە خۆی سەرقاڵی زیندووکردنەوە و  گوتنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی ئێران (کە ئێرانییەکان پێیدەڵێن “آهنگهای محلی”) کردووە و ئەو گۆرانییەی وەک نمونەی ماکەکەی گوتۆتەوە. [15]

کەواتە ئەم بەڵگانەی بان قسەی دوکتور شیرازی کە لە ماڵی ماملێ گوتی، پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو گۆرانییە بە ڕەچەڵەک فارسییە تا ئەو وتەیەی لە لاپەڕەی ١٧٨ ی پەڕتووکەکەیاندا نووسراوە. هەروەها  ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە ماملێ لەسەر داوای دوکتور شیرازی ئەو گۆرانییەی گوتووەتەوە و بەڕێزیان هەم شێعر و هەم ئاهەنگە فارسییەکی پێشنیار کردووە، ڕێک وەک ئەو نەقڵەی لە بان بۆم گێڕانەوە کە شێعری بۆ ماملێ هێناوە تا بیکات بە گۆرانی. با لە بیرەوەرییەکانیشی دا باسی نەکات بەڵام، پێشی ڕۆژ بە سەڕەد ناگیرێ.

سپاس بۆ ئەو کاتەی بۆ خوێندنەوەی ئەو بابەتە داتاننا.

وریا ماملێ

١٢/٠٥/٢٠٢٠

 سەرچاوە و ژێدەرەکان:

[1] پەڕتووکی “خاطرات دکتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – بە کوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپەڕەی 43

[2] سەرچاوەی سەرەوە لاپەڕەی ٤٢

[3] سەرچاوەی سەرەوە لاپەڕەی ٤٣ هەروەها ئەو بەشەم بۆیە نووسی چوون ناسناوی ماملێش بە هەمان شێوە و بە ڕەمەکی لەلایان کارمەندانی ئیدارەی (ثبت احوال – احصائیە) ناسناوی (مام‌عەلی)ـیان کردووە بە (ماملێ)

[4] سەرچاوەی سەرەوە لاپەڕەی ١٣٧

[5] شێعری گۆرانی زەمانە کە ماملێ دەیخوێنێ کەمێک جیاوازە دەگەڵ ئەو شێعرەی کە دوکتور شیرازی چاپی کردووە کە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گۆرانییەکە دەست بدات و ڕەوان بێتە سەر زاران کە ئەو دیاردەیە باوە و زۆر شێعرە هەیە ناکەوێتە قالبی گۆرانی مەگین وردە دەستکارییەکی بکەی. ماملێ ئاوای دەڵێ:

زەمانە گوڵێکی دامێ لێی ستاندم
بۆنم پێوە نەکرد لێی هەڵپساندم
ڕیشەی جەرگ و دڵم بوو ئەو گوڵەی من
فەلەک زۆر بێ‌وەفا بوو لێی ستاندم
ئای گوڵەکەم وای گوڵەکەم بۆن‌خۆشەکەم
پاشی باڵای تۆ دڵ بە کێ خۆش کەم
غەریب ماوم لە تارانێ بۆ وات کرد
ئەسیر مابووم لە زیندانێ بۆ وات کرد
لەبەر خاتری خۆشەویستیت بۆ وات کرد
لەبەر تاقە براکەی خۆت بۆ وات کرد
ئای بۆ وات کرد، وای بۆ وات کرد، ئاخ بۆ وات کرد
بە دەستی خۆت ماڵە من و خۆت خرا کرد
مەکەن مەنعی دوو چاوی پڕ لە ئاوم
بە دەستی قەوم و خوێش من دڵ‌شکاوم
لە دنیادا بە مەرگت تاکوو ماوم
کزەی دێ لە دڵ و جەرگ و هەناوم
ئای غەریبم وای غەریبم گیان غەریبم
سووتا جەرگم لە دەستم چوو حەبیبم
شایی و شینم تێکەڵ بوو ئەی گوڵی من
بەهارە پەڕپەڕە ژاکا گوڵی من
سەبەبکارت زەلیل و قوڕبەسەر بێ
شەو و ڕۆژ خواردنی خوێنی جگەر بێ
ئای غەریبم وای غەریبم گیان غەریبم
سووتا جەرگم لە دەستم چوو حەبیبم

[6] پەڕتووکی “خاطرات دکتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – بە کوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپەڕەی ١٧٣

[7] گۆرانی زەمانە بە دەنگی محەممەد ماملێ

ZEMANE(زەمانە)


[8] پەڕتووکی “خاطرات دکتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – بە کوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپەڕەی ١٧٨

[9] دەقی گۆرانی زەمانە بە فارسی کە ماملێ دەیڵێتەوە:

ZEMANE(زەمانە) 

‌[10] صمد عقاب زیاتر بناسە

https://bit.ly/35NsUuH

www.ir-music.ir/784/784

[11] لینکی گۆرانی (جهرمی) بە دەنگی (صمد عقاب یا بردیدە)

https://bit.ly/2yF9AUn

[12] کورس سرهنگزادە زیاتر بناسە

https://bit.ly/2yFcPv1

[13] لینکی گۆرانی (رختخواب مرا مستانە بنداز) بە دەنگی (کورس سرهنگزادە)

https://youtu.be/BXpbf5fH0Co [14] 

https://bit.ly/2SMxx31 [15] لینکی گۆرانی (جهرمی) بە دەنگی (سیما بینا)

https://youtu.be/k8jgJZJVk6g

 * بە سوپاسەوە لە مەڵبەندئ هونەری ماملێ وەرگیراوە

بۆ زانیارى له‌سه‌ر ژیانى ماملێ كلیك لێره‌ بكه‌...


ئەم بابەتە 129 جار خوێندراوەتەوە