Majid.jpg

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی (مالک الحزین)ی ئیبراهیم ئەسڵان

ماجد خەليل

 

ئیبراهیم ئەسڵان، رۆمانوسی هاوچەرخی هەڵکەوتووی عەرەبی میسریی، یەکێک لە دیارترین رۆمانەکانی، رۆمانی مالک حەزینە. ئەم رۆمانە لە کۆتایی شەستەکان نوسراوە، چیرۆکێکە باس لەیەکێ لە کۆڵانەکانی شاری قاهیرە دەکات و زیاد لە سەد کارەکتەر رۆڵی چیرۆکەکە دەگێڕن. سەرلەبەری رۆمانەکە باس لە کەئابەی کەلتوری رۆژهەڵات دەکات و باس لە بێباکی مالیکەکانی ئەوێ و پەژارەی خەڵکیی دەکات، لەوێدا مەلیک فاروقی میسر، دەداتە بەر نەشتەری نەهامەتییەکان. دروست، ئەو واقیعی دڵتەنگییە، وەک کانیاوێکی میراتی لە مێشکی مەلیکەکانی ئێرەشەوە دێتە دەرێ.

دومەیری کە حەوتسەدە پێش ئێستە ژیاوە، یەکێکە لە زانا عەرەبە بەناوبانگەکانی بواری زانستی زیندەوەران و ژینگەو شاکارێکی بەناوی (ژیانی زیندەوەرە مەزنەکان) نوسیوە. لەوێدا بەدرێژی باسی جۆرە باڵندەیەک دەکات بەنێوی (مالک الحزین).

جاحزیش لەکتێبی (حیوان) دا درێژە بەم باسەدەدات و وردترین تایبەتمەندی و سیفەت و جۆرەکانی دەخاتەروو. ئەوان سەمەرەو سیحری ئەم باڵندەیە، کە وەک ماسیگرە وایە و لەکەنار دەریاو دەریاچەکاندا دەژی زۆر بەڕوونی دەخەنەڕوو.

باڵندەکە لەناو عەرەبدا پۆڵێنکراوەو زیاد لە شەست جۆری هەیەو دەیان ناویان بۆ تاشیوە.

ئاژەڵێکی رەقەڵەیەو قاچوقولێکی درێژو دەندوکێکی درێژتری هەیەو لەسەر وردەماسی و بۆق و قڕژاڵ دەژیی. هێمن و لەسەرەخۆیەو دائیم و درهەم دەڵێی دۆی ڕژاوە.

رژدو رووگرژەو کەئابەی لە سەرووی سەدایە.

 ئەوەی پێی بڵێیت شەوقوزەوق نییەتی و تەنانەت بە بێگاری جوتبوونیش ئەنجام دەدەن.

جاحز باسیدەکات کە هێندە وابەستەن بە کەنار ئاوەکانەوە، وەختێ کە کەناراوەکان دەدەنە وشکیی، ئیدی ئەوان سەری دونیایان لێدێتەوە یەک. بەجۆرێک بەدیار دۆڵاوێکەوە بە تینوویی دەمێننەوەو دەمیتێنانێن تا لە تینویەتیدا دەخنکێن.

ئەم باڵندەیە، فەرهەنگێکە لە خەمو ختختۆکەو گرفتاری زێدەکەیەتی. ئەوەی کە بەدەستیدەهێنێ، بەدیارییەوە دەساچێ و زۆر رەزیلانە لێی دەخوا. گەر بۆقێک یان تولەمارێ شکبەرێ، نایخوا تا بەدیارییەوە دەتۆپێت.

 شتیوەها سەیر، بەدەگمەن لە باڵندەو زیندەوەری تردا هەیە، وەلێ لەنێو مرۆڤدا بەجۆرێکیتر زۆرو زەبەندن.

لە ساڵی ٢٠٠٥ دا زانای بەنابانگی کەنەدی د.لويس ليفبفر، رادەی زیرەکی ئەم باڵندەیەی بەجۆرێ خەمڵاند کە بە زیرەکترین باڵندە لەقەڵەمیدا.

بەڵێ باڵندەی (پادشای دڵتەنگی)، کەزیاتر لە سارای مەزنی باشوری ئەفریقا دەژیین، باڵندەیەکی بێوێنەی بەرەڤانی و مانەوەن، باڵندەیەکی قانیع و قەڵس و قوڕبەسەرن و جاحز دەڵێ: زۆربەجوانی لە مانای ژیان تێگەیشتووە، بۆیە هەمیشە دەڵێی پاپۆڕی غەرق بووە.

بەڵام پادشاکانی مرۆڤ، مالیکەکانی کەناراوەکانی سیاسەتی ئەوڕۆ، کەشتییەکانیان غەرق نەبووەو لەمانای ژیانیش تێناگەن، پادشاکانی ئەوڕۆ نەدەزانن دڵتەنگی چیەو نەیش وەکو مالیکی حەزین وابەستەن بەکەناراوەکانی ئەو ناوچانەی کە تێیدا لە هێلکە جوقاون.

 مالیکی حەزین بە دووشاباڵەوە دەتوانن کیشوەرێ ببڕن و زیندەبەڕۆحێکیش نییە دەست بهێنێتە ڕێیان، وەلێ کە قاتی و قڕی و وشکبوون روودەکاتە رۆخی ژیانیان، زێدەکەیان جێناهێڵن، بەڵکو بەدیار ئازاری وشکبوونی دەریاچەکانەوە ئەوانیش وشکدەبن. بەڵام مالیکەکانی ئەوڕۆ وانین، نیانە پاسپۆرت و پارەو ئیقامەی کەناراوەکانی ئەوروپایان نەبێ، کورد گوتەنی: هەر تڕێکیش بگیرێتە قنیان. وەکو هەموو ئەو تڕکەڵەکانی کە سی ساڵە لەم هەرێمەدا هەڵیدەچنن، ئیدی هەڵدێن و نایانەوێ وشکبوونی کەناراوەکانی ژیان لێرەببینن. بەڵێ باڵێکیان لێدەبێ بە سەدباڵو بەئاسمانی هەرێمە وشکبووەکەدا دەفڕن بۆ بەهەشتی ئەوبەر پردەکە.

مالیکی حەزین، چاوی بەرایی نادا، مەرگی مەوتنی ببینێ، بەڵام مالیکی تەختوتاراجی ئێرە، چاوی بەرایی نادا ژیانی ئێرە ببینێ، تەواوی کەیف و کەڕەنای بەدمەستی خۆیان لەدەرێ خاڵیدەکەنەوە.

مالیکی حەزین پاشەکەوت لەقوتی خۆی دەکات و دەنوکی بۆنابات، بەڵام مالیکەکانی ئێرە، پاشەکەوت لە قوتی فەقیرو هەژار دەکەن و وەک ئەژدەهاکانی سەرشانی زووحاک دەمدەنێن بە کاسەو کەللەی مێشکی نەوجەوانانەوە.

لێرە هەموومان مالیکی حەزینین جگەلە مالیکەکانمان. تەنانەت گوێدرێژەکانیشمان وابەستەن بە وەیلی وەتەنی بریندارو جاشولکەو وریەڵەکانیانەوە.

پیاوێکی هەورامانی ئەودیو باسی جەسارەت و جوامێری کەرێکی بۆ گێڕامەوە. کەری چی، ریجالێکی راستگۆ و رەسەن. وتی: بە پێچاوپێچەکانی سنەدا بە پەیکانێکەوە رەدبووین رووەو مەریوان. لەگۆشەی رێگەکی نەڕەسیدە بە نگڵ، کەرێکمان دی بەدیار بەچەکەیەوە لوکی داشۆڕاندبوو. بەچەکەی لە بەختی نەحسی دایکەکەدا، ماشین لێیدبوو، ئەو جاشولکەیەکی دێزی شەش مانگ دەبوو. دایکەکەیش بەدیار تەرمی تۆپیوی کۆرپەکەیەوە هەناسە ساردانە راوەستابوو.

دەڵێ ئێمە تێپەڕین و چوینە مەریوان، لەوێ دوورۆژ ماینەوەو سواری پەیکانە بۆر بووینەوە بەرەو شاری سنە. دیسانەوە گەیشتینە ئەو جێیەی جەرگسوتانی کەرەکەی تێدا قەومابوو. چیمان بینی، وەک فارسەکان دەڵێن:باوەر نەکەردەنی بوو.

بینیمان لاشەی لارەوەبووی دایکەکەیش بە تەنیشت جاشولکەکەوە هەناسەی چنراوە. بەڵێ دایکەکە دەستودڵی نەیبردووە بەچەکەی جێبهێڵێ تاوەکو بۆخۆیشی سەری ناوەتەوە.

ئەمە چیرۆکێکی واقیعییەو وێنەیەکی تری ژیانە. تەنانەت کابرا دەیوت: خوا پێم مەگرە، خۆمنەگرت و ناشوکرییەکم کرد، زووزوو دەیوت خوا گوم خوارد، دەیوت: سەرم لە جامی ماشینەکەوە دەرهێناو بەرزمکردەوە بۆ ئاسمان، وتم خۆ پارەی تێنەدەچوو بازیندووت بکردایەتەوە، دیسانەوە دەیوت: خودایە گومخوارد، خۆت عالمی علمیت!


ئەم بابەتە 102 جار خوێندراوەتەوە