Dlawar.jpg

لێرەو لەوێ باران.. دووراو دوور هەتاو.. بڵاوکرایەوە.

شاعیری کورد دلاوەر قەرەداغی لە ساڵی ١٩٦٣ لە دایکبووە، ساڵەکانی ژیانی داهێنەرانەو مرۆڤانە، لەژێر ڕەهێلەی جەنگ و نەهامەتییە یەک لەدوایەکەکانی وڵاتەکەیدا تێپەڕاندووە.

 خاوەنی چەندین ئەزموونی شیعری و کاری وەرگێڕان و هەوڵی جدی کلتوورییە.

وەرگێرانی بەزمانێکی ڕەوان و ورد بۆ چەندین بەرهەمی جدی وگرنگ، لە زمانە زیندووەکانی جیهانەوە کردووە.

 لێرەو لەوێ باران.. دووراو دوور هەتاو.. کتێبێکی نوێی دلاوەر قەرەداغی ە کە پێکدێت لە کۆی سەرجەم شعرەکانی و هەندێک شعری نوێ.

ئەو لە شیعرەکانیدا هەمیشە مرۆڤانەو شاعیرانە، بە غەمێکی قوڵی کوردانەوە دەربارەی مرۆڤ و شتگەلێکی وردو بچوکی فەرامۆشی ناو دونیایەک دەنووسێت کە نووقوم کراوە لەناو ژاوەژاوێکی بێئەنداز گوێ کەڕکەردا.. 

 لە پاڵ شیعرەکانی دلاوەر قەرەداغیدا، لەمکتێبەدا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی م. عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی تێدایە و ماری لابرۆس پێشەکی بۆ نووسیووە. هەروەها کتێبەکە کۆمەڵێک لە شیعرە وەرگێڕدراوەکانی شاعیر بۆ سەر زمانی ئینگلیزی بە وەرگێڕانی د. چۆمان هەردی و د. کەمال میراودەلی لەخۆدەگرێت. ئەم کتێبە بە سپۆنسەری پڕۆژەی قەفتان بڵاوکراوەتەوە.

 خاتوو ماری لابرۆس  کە پێشەکی بۆ کۆ شعرەکەی دلاوەر قەرەداغی نووسیوە.  دەربارەی شیعرەکانی ئەوو جیهانی ئەو دەنووسێت:

شیعرەکانی دلاوەر ئاوێنەی ئەو هەرا و پشێوییەیە کە لە دەوروبەری ئەو هەبوون بەڵام وەک خۆیان نا، بەڵکو بە تێڕوانینێکی جیاواز. شیعرەکانی دلاوەر خوێنەر خوێنەر دەگەیەنێت بە حەقیقەتی ئەو ئازار و هیوایەی کە لەودیو هەواڵ و بەڵگەوە، لە نێو بابەتیبوونێکی فراوانی تاکدا بوونی هەیە.   دەگەیەنێت بە حەقیقەتی ئەو ئازار و هیوایەی کە لەودیو هەواڵ و بەڵگەوە، لە نێو بابەتیبوونێکی فراوانی تاکدا بوونی هەیە.

ماری لابرۆس بۆ قسەکانی خۆی نموونەی یەکێک لە شیعرە تایبەتمەندەکانی شاعیر دەهێنێتەوە.

 لە شیعری “باوکە، پەنجەرەکە بکەوە/ قسەیەک لە دڵمدا ماوە/ دەیڵێم….!” ( ٢٠٠٢ )، دەڵێت،

باوکە.. باوکە
پەردەکە دابەرەوە
یارمەتیمدە بگریم
یارمەتیمدە گەرم ببمەوە
هانمدە.. شتێک بگێڕمەوە،
پڕ بێ لە بەفر و لە بێدەنگی و
لە دڵەکوتە
بۆم باسکە
کوێی ئەم حەکایەتە سەرەتایە و
کوێی کۆتایی ؟

 

لەهەمان کاتدا خاتوو "ئالانا ماری لێڤینسۆن لابرۆس" مامۆستای ئەدەبییات لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەربارەی شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە دەنووسێت:

ئەم کۆکراوەیە بەرهەمی سێ دەیەی شیعریی لە خۆگرتووە، تیایدا ئەو شیعرانە دەبینینەوە کە دەیانناسین و خۆشمان دەوێن، هەروەها کارە نوێیەکانیشیمان پێدەناسێنێت. لە تەواوی ئەم پەڕانەدا، خوێنەر بە گەرمییەوە پێشوازی لێدەکرێت بۆ ناو ئەو دونیایانەی کە دلاوەر دروستیان دەکات و هانی خوێنەر دەدات ئەو ئارامییە ئەزموون بکەن. هیوادارم هەموومان میوانی زەمینلەرزەی شیعر بین، بە وردو درشتییانەوە. هیوادارم هەموومان ئاگاداری پەپوولەکانی خۆمان بین. هیوادارم هێندە ئازا بین کە هەموو تاریکیمان بکەینەوە تا دوایەمین دەرگاکانمان بپارێزین.

ئەمکتێبە کە کتێبێکی فراوان و پڕ شیعری شاعیرە ئێستا لەکتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت.


ئەم بابەتە 330 جار خوێندراوەتەوە