nzm_hkmt.jpg

زەبحەی سەدری

نازم حیکمەت - وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداخی

دوکتۆر،
ئەگەر نیوەی دڵم لێرە بێت
نیوەکەی تری لە 'چین' ــــە
لە سوپایەکدایە کە دەستبەجێ
بەرەو ڕووباری زەرد دەچێ

پاشان، هەموو سپێدەیەک، دوکتۆر
هەموو سپێدەیەک
دڵم لە یۆنان گولــلەباران دەکرێ
کاتێکیش لێرە زیندانییان
خەویان لێدەکەوێ و
'کلینیکەکەی زیندان' ئارام دەبێ،
هەموو شەوێک، دوکتۆر
هەموو شەوێک
دڵم لە 'چاملیجا*'
لە کۆشکێکی وێراندا لێ دەدا

ئینجا، تەنها شتێک کە بە درێژایی
ئەم دە ساڵە
دەتوانم بیکەمە دیاری گەلە هەژارەکەم
سێوێکە کە بە دەستمەوەیە، دوکتۆر!
سێوێکی سوور:
دڵم...

هۆکاری زەبحەی سەدرییەکەی من،
ئەمەیە ... دوکتۆر گیان
نە ڕەقبوونی دەمار،
نە نیکۆتینە و
نە زیندان

لەودیو شیشبەندی زیندانەوە
لە شەو دەنۆڕم
وێڕای گوشاری سەر قەفەسەی سینگم
دڵم هاوئاهەنگ
لەگەڵ دوورترین ئەستێرەدا
لێ دەدا!

1948

* چاملیجا: شوێنێکی گەشتیاری لە بەشە ئاسیاییەکەی ئەستەنبوڵ


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە