له چهند رۆژى رابردوودا كتێبى شانۆی ئیمپرۆ بڵاو له نوسینى شانۆکاران دیار عومەر و بورهان قەرەداغی بڵاوكرایهوه.
شانۆی ئیمپرۆ، له دووتوێى (216) لاپهڕهى ئهى فۆڕ پێكهاتووه و لەسەر پرۆژەی شاری ڕۆشنبیری ، بەھاوکاری دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی چاپکراوە، باس لە مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆرە شانۆیە دەکات و گۆران محەمەد پێشەکیی بۆ نووسیوە و داھاتی کتێبەكهش تەرخانە بۆ لەچاپدانی کتێبێکی ترى نوسهران.
سهبارهت به ناوهڕۆكى كتێبهكه نوسهران نوسیویانه:
"کتێبی شانۆی ئیمپرۆ ، باس لەڕەوتێکی شانۆ دەکات کەپشت بە پرۆسەی خۆزایی و گەرماوگەرم دەبەستێت بێ ھیچ خۆ ئامادەکردنێکی پێشوەخت. ئەم کتێبە چەند بەشێک لەخۆدەگرێت لەوانەش ، شانۆی ئیمپرۆ بۆ ؟
لەم بەشەدا چەمکی ئیمپرۆ ، پیناسەو شرۆڤەدەکرێت. پاشان مێژووی کردەی ئیمپرۆو شانۆی ئیمپرۆ دەبێتە باس و خواسی بەشێکی تری کتێبەکە.ھەروەھا لەبەشێکی گرنگی تردا باسی پێکھێنەرەکانی شانۆی ئیمپرۆ دەکەین ، یەکێک لەوانەش وەک ئیمپرۆڤیساتۆر (ئەکتەر) کەخاوەن خەسڵەت و ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی لەنمایشکردنی شانۆی ئیمپرۆداو چۆن لەئەکتەری شانۆی لاساییەگەری و ئاسایی جیا دەبێتەوە . بەشێکی تر لەکتێبەکە پێکھاتووە لەڕاھێنان و مەشق ، کە لەم بەشەدا چەندین ڕاھێنان و مەشق وێنەی ڕونکاری لەخۆدەگرێت بۆ ئیمپرۆڤیساتۆر .
ھەروەھا بەشێکی تر تەرخانە بۆ یاریەکانی شانۆی ئیمپرۆ، ئەم بەشەش چەندین یاری وەک ستراکچەرێک لەخۆدەگرێت بۆ بونیادنانی نمایشی ئیمپرۆو دەبنە ھەوێنی نمایش ، گەرچی ئەم یاریانەش دوو جۆرن ھەندێکیان بۆ فۆرمی کورتی ئیمپرۆ لەبارن و ھەندێکی تریان بۆ فۆرمی درێژی ئیمپرۆ دەگونجێن.
یەکێکی تر لەبەشە گرنگەکانی کتێبەکەو پێکھاتەی شانۆی ئیمپرۆ ، بریتیە لەخودی مۆدێراتیۆر(مۆدێراسیۆن) ، مۆدێراتیۆریش وەک پێشکەشکارو سەرپەرشتیارو داوەرو ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لەنێوان بینەرو ئیمپرۆڤیساتۆردا. بەشێکی ھەر گرنگی شانۆی ئیمپرۆ و کتێبەکە پێکھاتووە لە بینەر ، بینەریش لەشانۆی ئیمپرۆدا ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی ھەیەو بەشدارە لەپرۆسەی نمایشداو سەرچاوەی چیرۆک و کارەکتەرو شوێن و ڕوداوە.
پاش ئەم بەشانە کتێبەکە فۆرمەکانی شانۆی ئیمپرۆ لەخۆدەگرێت وەک بەشێکی کاریگەرو بنچینەیی شانۆی ئیمپرۆ ، وەک فۆرمی کورت ، مایسترۆ ، فۆرمی وەرزشی و فۆرمی گۆریلاو ....ھتد. دوابەشی کتێبەکە تەرخانە بۆ ڕاھێنەرو ڕۆڵی ڕاھێنەر لە چۆنیەتی دروستکردنی نمایش و ۆرکشۆپ بە شێوەیەکی پراکتیکی.
پاشان دێینەسەر ئەوەی کەچۆن شانۆی ئیمپرۆ لە کوردستان گەشە پێبدەین و چالاک بکەین.ئەم بەشەش کۆمەڵێک ڕێنمایی و پێشنیار لەخۆ دەگرێت."