aras.jpg

سەفەرێکی ناتەبا

ئاراس سەعید

ئەم شەو بەدیار تارمایی خەونێکەوە

 لەگەڵ تەنیایدا دانیشتووم، دەمەوێت بە چەند پەیڤێک نامەیەکت بۆ بنووسم.

سڵاو، ئەی ئەو کەسەی لەو ساتەوەی بەسەر مندا دابەشبوویتە،

 ئیدی نەورەسانە بەسەر نهێنیە پەنهانەکانی دەریادا دەفڕم، وەک ئەستێرە بەورشە شەوشادت لێئەکەم.

بمبوورە،

لەم هەموو پاوانکردنی یادەوەریە ئەرخەوانیانە،

 لەم هەموو نیگا شەرمنانە،

 کە لە ئێوارانێک بەجێمانهێشت.

تێپەڕێ تەماشاکردنی ئەو وێنانەی

لەژێر باران گرتمان تێپەڕی،

گوناهتکرد، گوناە،

منت ونکرد.

منێک بەدڵێکی پارچەپارچەمەوە،

لە دابەشبوونی نیشتمان دەچێت،

 چاوەڕوانی با دەکەم تا بۆنی تۆم بۆ بهێنێ،

گوێ لە گریانی هەور دەگرم،

بەڵکو ناوی تۆ بهێنێت.

دڵنیام ئەم شەویش تێدەپەڕێت

سەعات و ڕۆژ و خەمێکی نوێ دێت و

 من لەوانەی ماتماتیکی تەنیایدا

 هەرگیز دەرناچم،

 ئەوەی لەمندا دەمێنێتەوە تەنها تۆی.

 ئیدی تەواو ئەی دڵرەق شەرم بکە،

لەو ڕۆژەوەی دڵم، وەک دەنکێ گێلاس کردە دەستەوە،

تۆڕیت ونکە،

وەک چۆن پێکەنین لە فەرهەنگی مندا ونبووە،

تەماشام کە،

 وەک ئەو ئاوێنەیەی کە بەرانبەری ڕادەوەستی 

دواتر بمشکێنە، وەک چۆن دڵمت شکاند.

هەڵمگرە،

 وەک تریفە بە لێوەکانی مانگەوە،

 بمپارێزە لەم جەنگی دابڕانە،

کە سەرەنجامی دەمباتەوە ئەو دیوی تەنهایی،

چ شتێکە کە من چاوەڕوانی سبەینیەک دەکەم کە نایات، تۆ چاوەڕوانی منێک ناکەی کە دێم.

من لە پەژموردە بوونی لاسکی گوڵەکانەوە فێری بەرائەتی میهرەبانی بووم،

 تۆ لە ڕۆژە کریستاڵیەکانی منەوە

فێری توڕەبوون بویت.

سەفەرێکی ناتەبا،

 من و تۆ تەواو جیاوازین،

 وەک ڕاکردنی شەو لەترسی ڕۆژ،

هەرگیز یەک ناگرینەوە، بە ئەندازەی سپیبوونی بەفر و ڕەشی ڕەژو  جیاوازین،

 ناشرینی ڕەنگی دوکەڵی جگەرە و تەنیایی خەونەکانی

تۆ بۆ من، جوانیی گوڵ و بەهار و پەپولە و

 خۆشیەکانی منیش بۆ تۆ.


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە