کتێبی (سێوی سێهه‌م)، له نوسینى (بەختیار عەلی) چاپى چواره‌مى بڵاوكرایه‌وه.
كتێبه‌كه، له دووتوێى (162) لاپەڕە پێکهاتووە و له چاپخانه‌ی كارۆ چاپكراوه، لە ڕێگای ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەندەوە بڵاودەکرێتەوە.
له پێڕستی ئەم كتێبه‌كه‌دا هاتووه:
سەرەتایەک، ئایا دەکرێت ڕووبەڕووی سیستم بوەستینەوە و تێیپەڕێنین، سێوی سێهەم، ئایا دەتوانین بە کۆمەکی «لاکان» شۆڕشگێڕ بین؟، ناسیونالیزمی کوردی و مۆدێرنە-چاوپێکەوتنی گۆڤاری مەهاباد.
نوسه‌ر لە كتێبه‌كه له لاپه‌ڕه (138)دا نوسیویهتى:
"گه‌ر به‌وردی بڕوانین ئه‌و دڕه‌نده‌یی و ئینكاركردنه ناماقووڵه‌ی ناسیونالیزمی توركی بۆ كورد، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه «سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كورد»دا وه‌ك تاكه قه‌ره‌بووی ئه‌و نوشوسته مێژووییه ده‌مێنێته‌وه، كه توركه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا پیایدا تێپه‌ڕین، هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی كوردی له نه‌ستی توركیدا برینێكی قووڵ دروستده‌كات، چونكه وه‌ك درێژكراوه‌ی ئه‌و زنجیره شكسته مێژووییه ده‌رده‌كه‌وێت كه توركه‌كان له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، لێره‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان ناسیونالیزمی توركی و كورد په‌یوه‌ندییه‌كی عوسابییه. واته سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كورددا تاكه ڕه‌گه‌ز بووه، هاوسه‌نگیی سایكۆلۆژیی ناسیونالیزمی توركی ڕاگرتووه، تاكه شانازی و دوا شانازیی ئه‌م ناسونالیزمه بووه، دوا به‌رگری نهرسیسییهتی «خودئه‌ڤینی» ئه‌م ناسیونالیزمهش بووه له خۆی... به‌رامبه‌ر به‌مجۆره له ناسیونالیزم، ناسیونالیزمی كوردی بوویه‌كی لاواز بووه... به‌بڕوای من ناسیونالیزمی كوردی له ژێر فشاری ناسیونالیزمهكانی دیكه و له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و خه‌ونانه‌دا گه‌وره ده‌بێت كه خه‌ونی مۆدێرنه‌ن و نوخبه‌ی خوێنده‌واری كورد له خه‌یاڵی ده‌سته‌جه‌معیماندا ده‌یچێنێت".