Zardasht.jpg

سەگێك هیواكان زیندو دەكاتەوە!

سەردەشت حەمەساڵح

هەندێك دەرفەت هەن ئەتوانی لەدەستی نەدەیت و سودی لێ ببینی، ئەتوانی لە زاكیرەتدا پانتایی بەشی جوانییەكانی پێ زیاد بكەی، بە تایبەت كە رۆژگار وایكردوە بەشی زۆری زاكیرەمان بەتاڵی و ناخۆشی داپۆشێ. 
فیلمی (The call of the wild) كە ئەم ساڵ دەرچووە لە رۆمانێكی بەناوبانگ وەرگیراوە، دەتوانم بڵێم لەلوتكەی فیلمە خۆشەكانە كە لەژیانما سەیرم كردوە. وەك چۆن هەموو شتێك لەم سەردەمەدا چێژی جارانی نەماوە، بە دەگمەن لەم رۆژگارەدا ئۆخەی بەنسیب دەبێ، ئەم فیلمەش ئۆخەیەكی تیابوو بۆ من، توانی پێمبڵێ هێشتا كاری جوان لەم سەردەمە ناشرینەدا هەن، توانی پێمبڵێ لەم جیهانە دوكەڵاویی و تاریكەدا هێشتا روناكی و مەودایەك بۆ رونی ماوە. دەمێكە تامەزرۆییم قەدماغەی بەستووە، دوێ شەو فیلمەكە تامەزرۆیی شكاندم.

فیلمەكە باس لەسەردەمێك دەكات كە لە ئەمریكا خەڵك بۆ دەستكەوتنی ئاڵتون روو دەكەنە بەستەڵەكەكان. لێرە سەگێك هەیە بەناوی "بەك" كە سەگێكی بەهێزو گەورەو ژیرە هی سانتا كلارای دادوەرە، كەسێك بەك دەدزێ و دەیفرۆشێ هەتا پارەی باشتری بۆ بكات دەینێرێ بۆ باكور بۆ لای ئەوانەی كە بەدوای ئاڵتوندا دەگەڕێن.

بەك بەردەوام سەرنجی خەڵك رادەكێشێ، پیاوێك دەیكڕێ و لەگەڵ كۆمەڵە سەگێكی تر دەیبەستێ بە گالیسەكەكەیانەوەو كاری نامەبەری پێ دەكات.

بەهۆی بەكەوە خۆشحاڵ دەبن كە سەگێكی ژیرو بەتوانایە.
بەك، هەمیشە گورگێكی رەش وەك وەهم دەبینێ و رێنوێنی دەكات بۆ سەركەوتن. لەناكاو بەنامەیەك خاوەن گالیسكەكە ئاگادار دەكرێتەوە كە ئیتر رێگایەكی نوێ دۆزراوەتەوە بۆ نامەبەری و پێویستە لێرەدا بۆستێ و سەگەكانی بفرۆشێ.

بەك و گروپە سەگەكە لە لایەن بازرگانێكی چاوچنۆكەوە دەكڕدرێن، بەهۆی خراپییەوە سەگەكان ئارام نین، كاتێك دەیەوێ بەك بكوژێ، ئەكتەری بەناوبانگ (هاریسن فۆرد) كە رۆڵی جۆن پۆرنتن دەبینێ بەك رزگار دەكات. ئیتر ئەم سەگە لەگەڵ جۆن دەچێت بۆ دۆزینەوەی ئاڵتون، لەوێ بازرگانەكەیان لێ پەیدا دەبێت و جۆن پۆرنتن دەكوژێ و سەگەكەش كابرای چاوچنۆك دەكوژێت و لەگەڵ گورگەكان ژیان دەباتە سەر.

ئەم فیلمە كاری وێنەگرتنەكەی لەسەرو هەستی چاوەوەیە، هێند جوان وێنەگری بۆفیلمەكە كراوە گەیشتۆتە ئاستی جوانی رۆمانەكە.

فیلمی (The call of the wild) لەدەرهێنانی (كریس ساندەرس)ە و ماوەكەی 100 خولەكە هەریەك لە (هاریسن فۆرد، عومەر سای و كارا گی) رۆڵیان تیا بینیوەو لە سایتی كورد سینەما بڵاوكراوەتەوەو نما نەبەزو نەهرۆ ئازاد و رۆڤان صلاح وەریانگێڕاوەتە سەر كوردی.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە