Xaznadar.jpg

دوایین پیرى نالى ناس کۆچى دوایى کرد

تەڵعەت تاهیر

مارف خەزنەدار
نەیماوە غەیرى زیکرێکى یا صەبوور

لە کۆتایى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى رابردوو (قورسیشە منداڵیى و هەراشیم بخرێتە سیاقى سەدەى رابردوەوە) یەکەم جار چوومە ماڵى دکتۆر مارف خەزنەدار، بە بێجامەیەکەوە سەرقاڵى باخچەى ماڵەکەى بوو، بۆ منى تازە هەراش، دانیشتن لەگەڵ پیاوێکى لە چەشنى دکتۆر مارفدا کە مەلەوانێکى شارەزاى بەحرى نالى و ناسراوترین روناکبیرى هەولێر و بەرگریکارێکى لەسەر هەقى رەمزى نافیع و کوردایەتى کارێکى تا بڵێى مایەى کامەرانى بوو، دواى ئەوەى بە دەم قسەوە هەندێ بێڵکاریمان لە باخچەکەى کرد، چوومەوە ژوورە پڕاوپڕ لە کتێبەکەى، هەر زوو سیحرى ئەو ژوورە دایگرتم، منێک لەگەڵ دوو برا و دوو خوشک لە ژوورێکدا دەخەوتین، زۆر جار لە حەوشەدا کتێبم دەخوێندەوە و زوو زووش باوکم لە کتێبەکەى دادەبڕاندنم لەوەى کاسبیەک بکەم باشترە، لە پڕ کەوتمە ناو بەهەشتەکەى ئەلیجێرى دانتى، کەوتمە ناو بۆنى کتێبان (کە دواتر زانیم بۆنى کتێبخانە زۆر لە بۆنى ناو کڵێسا دەچێت). من گەنج بووم و ئەویش لەوسەرى هەموو بابەتەکان هاتبۆوە، من باسى شۆفەڵێکم دەکرد کە پێویستە هەرچى ئەدیبى کوردە رایماڵێ، ئەویش خەمى ئەوەى بوو کە نالى چەند بەیتى مولەمەعى هەیە. من پێم وابوو کورد پاکترین میللەتى مێژووە و ئەو پێى وابوو نەتەوە شەقاوێک ئەولاترى عەشیرەتە، من خوێن گەرم بووم و دەمویست لەناو شاعیرانى گەڕەکى کوراندا یەکەمین بم و ئەو هێشتا سیحرى جوانییەکانى سان بترسبۆرگ بەرى نەدابوو. پێویستە بڵێم کە من زۆر قەرزارى دکتۆر مارفم، هەمیشە دەرگاى ماڵەکەى بۆ من کراوە بووە، قەت رەزیلى نەکردووە لە وەڵامێک کە پرسیارەکەى خەوى لێسەندووم، یەکەم کەس بووە دەستى گرتووم لە تێگەیشتنى کلاسیکى کوردى، لێکدانەوەى بە نرخ و ناوازەى هەبوو بۆ شیعرى نوێى کوردى سەردەمى عەبدوڵڵا گۆران و نەوەکەى. زۆر جار بەیەکەوە دەچووینە گەڕەکەکانى تەعجیل و عەرەبان و بیرێژێ و یەکە یەکە نەخشەى کۆنى هەولێرى پێدەناساندم، باسى شەتڵە خاسى لە شوێنانێک دەکرد کە ببووە کتێبخانە و پەنجەى بۆ کۆڵانێک رادەکێشا کە کاتى خۆى کارێز بووە، ناوى ئەو ماڵە دەگمەنانەى پێدەناساندم کە لە ساڵانى چلەکاندا بە کوردى لە ماڵەوە قسەیان دەکرد، باسى قوتابخانەى ئەدەبى سۆفیگەرى و شیعرى ئۆتۆماتیکى سۆفیەکانى مێژووى ئیسلامى بۆ دەکردم کە پێش چەندین سەدە لە خۆرئاواییەکان نوێگەرییان داهێناوە (ئەو نوێگەرییەى کە لە سەدەى بیستدا خۆرئاواییەکان پێوەى دەنازن!) لە رێى ئەوەوە من کتێبى (عروج) ى محێدین بن عەرەبى و (الامتاع والموانسە) ئەبى حەییانى تەوحیدى و (فن الهوا) ى ئۆڤید و (کۆمیداى ئیلاهى) ئەلیجێرى دانتیم خوێندەوە، لە ماڵەکەیدا بەدیع باباجانم ناسى، هەردەم سفرەى خواردن و سفرەى زانست و سفرەى کتێب بۆ هەمووان واڵا بوو، خانەوادەیەکى هەبوو لە ئاو پاکتر و لە حەلوا نەرمتر، زۆر باسى نووسینەوەى یاداشتمان دەکرد (خۆشبەختانە لەم ساڵدا بە هیممەتى دکتۆر شوان یابە، یاداشتەکانى دکتۆر لە دوو توێى حەوت بەرگدا بە ناونیشانى چاپ دەکرێت و بڵاودەبێتەوە) بیرمە هەندێ کتێبى یاداشتیشم پێدا کە پێم وابوو سوودیان دەبێ، لەوانە (راپۆرت بۆ گریک) نیکۆس کازانتزاکیس. دواتر بەهۆى کارێکەوە لێکدابڕاین، هەمیشەش دانم پیاناوە کە ئەو دابڕانە ئەنجامى هەڵەیەکى کوشندەى من بوو، من خەتابارم لەوەى دوو کتێبى دکتۆر مارفم فەوتاند، گەنج بووم هەر هێندە لە دنیا دەگەیشتم، دەربەست نەبووم بە دنیا و رەفیقایەتییەوە، دوو کتێبەکەم فرۆشت و کتێبى (فی ساعە النحس) گابرێل گارسیا مارکیزم پێکڕى (کە ئێستاش لاى من خۆشەویسترین رۆمانە) هەرچەندە ئەمە شەفاعەتم بۆ ناکات لە فەوتاندنى دوو بەشەکەى (تاریخ المانیا الهتلریە) و چەندین جاریش داواى لێبووردنم بۆ ناردووە و هەموو جارێکیش بە دڵە گەورەکەى لە رێى کاک دکتۆر شوان یابەوە پەیامى بۆ دناردم و گوتبووى (کتێب بە قوربانى تەڵعەت بێ، بەڵام با بیبینم و بێتە لام و سەردانم بکات)، من بوومە مندارە سلێمانى و بەدیار ئەزمڕەوە رۆژانم دەگوزەراند و ئەویش هەر لە ماڵە روناکەکەى لە گەڕەکى روناکیدا مایەوە، بۆ زیاتر لە پانزە ساڵ دەچێ من لە قسە و زانست و کەسایەتى ناوازەى دکتۆر مارف دوورم و رووم نەبوو چاوم بە چاوى بکەوێتەوە، بەڵام خەفەتم لەوەدایە کە مرد و پێم نەگوت چەندم خۆشویستووە، مرد و وەکو پێویست داواى لێبووردنم لێنەکرد، هیتلەر تەنیا جولەکەکانى نەسوتاند، پەیوەندییە جوانەکەى من و دکتۆر مارفیشى سوتاند، مێژووى ئەڵمانیاى هیتلەرى، مێژووى نێوان من و دکتۆر مارفیشى کاول کرد، چەند حەز دەکەم رۆژگار بسوڕێتەوە و دەست بۆ ئەو دوو کتێبە نەبەم، رۆژان بێتەوە و خاکەناسێک بگرم و لە باخچەکەیدا باسى جۆرەکانى شەراب و شیعرى نالى و پەنجا فلسەکەى محەمەد مەولود مەم بکەینەوە (ئەمجارەیان شەرت بێ قسە لە قسەی نەکەم و تەنیا سەر راوەشێنم).


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە