hsen.jpg

حەقیقەتی عەبدولڕەحمان بەدەوی

حسەین لەتیف

عەبدولڕەحمان بەدەوی و شۆکی نازیزم

لەناو ڕۆشنبیریی عەرەبی دا، عەبدولڕەحمان بەدەوی نووسەری دڵخوازی منە، زیاتر لە تەها حوسێنیش کە مامۆستای ئەو بووە. بەدەوی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی و چەند زمانێکی تری ئەروپی زانیووە. بەدەگمەن شاکارێکی ئەوروپی هەیە بەدەوی ئاوڕی لێنەدابێتەوە، یان وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی یان لەبارەیەوە کتێب و وتاری نووسیووە،هیچ نووسەرێکی عەرەبم پێ شکنایەت وەک ئەو بووبێتە چەقی کۆکردنەوەی ئەدەبیاتی ڕۆژئاواو ئاسیا و ئەفریقا لەخۆیدا.

ساڵی 1999 بەڕێکەوت کتێبێکی بەدەویم بەرچاوکەوت بە ناوی "نیتشە" خێرا دەستم کرد بەخوێندنەوەی، چونکە پێشتر چەند جارێک "وەهی گوت زەردەشت"م خوێندبوویەوە بە عەرەبی و بە وەرگێڕانی فلیکس فارس، هەربۆیە ئەو کتێبەشم بۆ گرنگ بوو بزانم چۆن باسی نیتشە دەکات، هەرچەندە کتێبەکەی دوڵۆز و کتێبەکەی بۆردێۆم خوێندبوویەوە،بەڵام وەک پێویست لێیان تێنەگەیشتم،چونکە ئەو کتێبانە بۆ من نەنووسرابوون،من خوێندکاری فەلسەفەنەبووم، بەڵام حەزم بۆ خوێندنەوەی فەلسەفە هەبوو،کەس نەبوو پێم بڵێت فەلسەفە ناتوانیت لە خۆتەوە بخوێنیتەوە،بەڵام کتێبەکەی بەدەوی بۆ من نووسرابوو، باس و ڕوونکردنەوەی چەمکەکانی"گەڕانەوەی هەمیشەیی،مرۆڤی باڵا،ئاکار،ڕوانینی بۆ میوزیک و تراجیدیا،پەیوەندیەکانی بەڤاگنەرو کۆزیمای هاوسەری ڤاگنەر"ەوە دەکرد،. هەموو ئەوانەی بە شێوەی وانەی کورت کورت نووسی بوو، بۆیە تاڕادەیەکی باش دەرەقەتی تێگەیشتنی هاتم، هەرچییەک لە بارەی نیتشەوە بووایە دەمخوێندەوە، بەبۆنەی بەدەوی یەوە هەستم کرد خەریکە لە نیتشە تێدەگەم، غرورو وشانازی بەخۆوەکردنم تیا دروست بوو.لە وڕۆژگارەوە تائێستا سێجار کتێبەکەی بەدەویم خوێندووەتەوە،پێنج جاریش وەهای گوت زەردەشتم خوێندووەتەوەو هەرجارەی بەقەڵەمێ خەتم بەژێر دێڕەکانیدا هێناوە،بەکورتی وەهای گوت زەردەشت بەئێستایشەوە بە ئنجیلی خۆم دەزانم،هەرکاتێ قەیرانێک دروست بێت دەگەڕێمەوەسەری ،چەند لاپەڕەیەک دەخوێنمەوەو هێز پەیدا دەکەم.

لەم ڕۆژانەدا بە pdf خەریکی خوێندنەوەی یاداشتەکانی بەدەوی بووم، هاوڕێی ئازیزم دکتۆر حەکیم بە (سوپاس)ەوە دەیڵێم لوتفی نواندو لە سوپرایزێکا هەردوو بەرگی ئەو کتێبەی بەدیاری بۆ هێنام. بۆیە منیش کاغەز ئەفسوونی لێکردم و ئایپادم پێچایەوە، بەڵام ئەفسوونەکە تاکۆتای خوێندنەوە لەگەڵما بەردەوام نەبوو، بەڵکو توشی شۆک بووم، چوونکە بەدەوی لە گەنجی دا سەرسام بووە بە نازیزم و هیتللەر، من ئەمەشم بە ئاسای وەرگرت و بەنەبوونی ئەزموونی سیاسیی گەنجێک لێک دایەوە، بەڵام لەجێگاو بەشی تردا بەتەواوی نەک سەرسامە بەنازیزم و سەرچاوە فیکریەکانی ئەو رەوتە، بەڵکو لەوەش واوەتر نکوڵی لە تەنوورەکانی هیتلەر دەکات جولەکەکانیان تێدا دەسووتاند، شەرعیەت بەو ڕەفتارە مەرگ ویستیەی هیتللەر و پارتەکەی دەدات، ئەمەش لەو ڕوانگەوە دەکات هیتللەر و پارتەکەی دژی جولەکە نەبوون، بەڵکو ئەوە جولەکەبوو دژبەریی هیتلەرو پارتەکەی دەکرد لەهاتنە سەر حوکمدا، لەوەش واوەتر دەڵێت: جولەکە چەند سەدهەزارکەسێک بوون، دەستیان گرتبوو بەسەر ئابووری و ڕامیاری کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا،دەیانوویست ئەڵمانیا بکەن بە کۆڵۆنیایەکی زایۆنیزمی جیهانی، هیتللەرو پارتەکەی بەیاسا ڕێگریان لەوە دەکرد،سەرەتا بەیاسا ڕێگرییان لەوەکرد نابێت هیچ خێزانێکی جولەکە کارەکەرو خزمەتکاری ئەڵمانی غەیرە جولەکە لەماڵەکەیدا کاربکات،پاشان ڕێگای دان بڕۆنە وڵاتانی تری ئەوروپا،کارئاسانی بۆکردن سەرمایەکانیان ببەنە دەرەوەی ئەڵمانیا، بەڵام گەلی جولەکە کردیان بەهات و هاوار! بەدەوی دەڵێت :هیچ لەوهاتو هاوارانەی جولەکە بنەمای ڕاستیان نیە و لەسەدا 99 ی درۆیە!

من دەزانم بەئاستەم عەرەبێک لەسەر زەوی دەدۆزینەوە ڕقێکی گەورەی لە جولەکە نەبێت، بەدەویش لەپرسی جولەکەدا وەکو هەر عەرەبێکی مسوڵمان و نەتەوەپەرست بیردەکاتەوە!ئەمە خاڵی لاوازی بیرکردەوەی سیاسیانەیە ئەو نووسەرە ئایدیاڵەی ساڵانێکی منە، من نیگەرانی ئەوەم ڕۆژێکی تریش دادێت ئەو نووەسەرە عەرەبانە کەئایدیاڵی ئێمەن ئاوەها شەرعیەت بە ئەنفال دەدەن و سەدام حوسێن دەکەن بەقارەمان وەک چۆن (ئەحلام موستەغانمی) لەکتێبی علیک اللهفە سەدام حوسێنی بەشاسواری نەتەوەی عەرب ناوبرد و ئاواتی بەچوونە سەرگۆڕەکەی خواست. نیگەرانی ئەوەم ڕۆژێک نووسەرانی تورک ئەوانەی ئایدیاڵی ئێمەن بچنە سەرگۆڕی ئەردۆغان و شەرعیەت بەجینۆساید کردنی ڕۆژئاڤا بدەن.

هەرچەندە بەدوەی زمانزان و بیرمەند لەژیاندا نەماوە، گەر بمایە و چانسی بینینم هەبووایە دەشزانم زۆر لەوە بەئاگاترە من کێبی پێشکەش بکەم، بەڵام کتێبی "ايخمان في القدس" ی هانائارێنت و کتێبی "القسوة والصمت"ی کەنعان مەکیەم پێشکەش دەکرد،بۆ ئەوەی بەیادی بهێنمەوە ئەوەی هیتللەر بە گەلی جولەکەی کرد سەدام حوسێن بەکوردی کرد!
کاتێک ئەوە هەڵوێستی بیرمەندە گەورەکانی عەرەب بێت، ئیتر من بۆ تاسەر ئێسک کورد نەبم؟

ئایا عەرەب فەیلەسوفی هەبووە؟
پرسیاری فەیلەسوف کێیە؟ پێویستی بە پرسیاری فەلەسەفە چی یە هەیە؟ فەلەسەفە چیە ئەو پرسیارەیە زەمینە بۆ پرسیاری فەیلەسوف کێ یە ساز دەکات.

لە دونیای نوێ دا کتێبەکەی ژیلدولوز و فلیکس غوتاری بەناوی (فەلسەفە چییە؟) وەڵامی وەها پرسیارێک دەداتەوە. وەڵامێک لەم کتێبەوە بۆ پرسیارەکانی فەلسەفە چییە و فەیلەسووف کێیە گومان دەخاتە سەر مێژووی فەلسەفەو کەلەپووری فەلسەفی نەک لە ڕۆژئاوادا بەڵکو لەیۆنانیش دا.دولوز کە بەهاوبەشی فلیکس غوتاری کتێبی فەلسەفە چیەیان نووسیووە ،پێکەوە شوناسی فەیلەسووف بوون لە زۆرینەی فەیلەسوفەکان دەسەننەوە،چونکە زۆرینەی فەیلەسوفەکان لەناو پێناسەکەی دوڵوزو غوتاری بۆ فەلسەفە جێگایان نابێتەوە.

بەبۆچوونی ئەوان فەلسەفە بریتیە لە داهێنانی چەمک،چەمکیش ورد دەکەنەوە بۆ چەند یەکەیەکی بچوکتر واتە(مفهوم)دابەش دەبێت بەسەر(ٲفهوم،ٲفاهیم،...)کە ئەم داتاشراوانە لەزمانی ئێمەدا دۆزینەوەیان ئاسان نییە،داهێنانی چەمک بەبۆچوونی ئەو دوو نووسەرە بریتیە لەوەی بیرو بۆچوونەکان ڕزگار دەکات لەوەی بەتەنها زۆر وتن و زۆر وێژی بن. ئەمەش کۆتایی بە وە دەهێنێت لەێۆنانی کۆندا فەلسەفە بریتی بووە لە خۆشەویستی بۆ دانایی،فەیلەسوفیش کەسی دانابووە،یان فەلسەفە بیرکردنەوەبووە لە ئوروپا و بیرکەرەوەش کەسێکی فەیلەسووف بووە!نەخێر فەلسەفە داهێنانی چەمکەو فەیلەسوفیش کەسێکە چەمکساز.بەباوەڕی دوڵوز ،فردریک نیتشە چەمکساز بووە، لەکتێبەکەی خۆیدا بەناوی (نیتشە) باس لەوە دەکات نیتشە کۆمەڵێک کەسێتی چەمکسازی هەبووە لەوانە( زەردەشت،مەسیح،ئەرستۆ،شێتیەکەشی دواین کەسێتی چەمکسازی ئەو بووە)!

واتە فەیلەسوف کەسێکە چەمکسازە،نە عاشقی داناییە و نە بیر کەرەوەشە.

لێرەوە من گومان لەئەو قسەیەی دکتۆر (تەها حوسێن ) دەکەم کە لەبارەی عەبدولڕەحمان بەدەوی یەوە کردوویەتی(یەکەمجارە فەیلەسوفێکی عەرەبی دەبینم). بەدەوی ئەم قسەیەی تەها حوسێن بەشکۆ و شانازیەوە دەربارەی خۆی دەگێڕێتەوە،ناهەقیشی نییە،ئاخر ڕستەیەکی وەها لەزاری عەمیدی ئەدەبی عەرەبییەوە هاتووە،کەخۆی ئەندامی لیژنەی گفت و گۆی تێزی دکتۆراکەی بەدەوی بوو ،تێزەکە بەناوی (الزمان الوجودی)یە.ئەم گێڕانەوەی بەدەوی بەتەنها لە یاداشتەکەیدا نەهاتووە،بەڵکو لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیشدا بەیادی دەهێنێتەوە.هەم لە بەرگی یەکەمی یاداشتەکەو هەم لەڤیدیۆکەیشدا بەدەوی قسە لەسەر سارتەر دەکات،سارتەر بە فەیلەسوفی بوونگەرا ناناسێنێت وگومان لەبەشداریەکانی لە فەلسەفەی بوونگەرا دا دەکات، بەڵکو سارتەر وەک ئەدیب و نووسەرێکی دەروونی دەبینێتەوە، .هەبەتە ئەمە مافی خۆیەتی و منیش هاوڕای بەدەویم لەمەدا سارتەر بە فەیلەسووف نازانم،بەڵکو هەریەک لە سارتەر و بەدەوی بە فەلسەفەکار دەزانم،ئەوەی بە عەرەبی پێی دەوترێت (شغیلة الفلسفة).بەدەوی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە ڕاڤە کردن و ڕوونکردنەوەی فەلسەفە لەجیهانی عەرەبیدا، دەتوانم بڵێم ئەوەی بەدەوی کردوویەتی لەتوانای نوسەردا نیە و ئیش دەزگایە،لەم ڕووەوە بەدەوی خۆی بەتەنها دەزگایەکە بەڵام فەیلەسوف نییە،لەئێستادا کارەکانی بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدرێن پێویستە بەئاگاییەوە لەگەڵ کتێبەکانی بەرخورد بکەین،چونکە ناکرێت هەرکەس لەفەلسەفەدا نووسی بکرێت بەفەیلەسووف!

بەدەوی لە ئێران:
عەبدولڕەحمان بەدەوی بە سروشت نووسەرێکی چاوتیژ و ورد بینە،یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم نووسەرە ئەوەیە کە لەهەرچ بابەتێک بنووسێت زانیاری گرنگ و زۆر پێویستی لەبارەوە دەخاتە ڕوو،هەموو ئەو زانیاریانەش کۆمەکی خوێنەر دەکەن باشتر لە بابەتەکە تێ بگات. بەدەوی هەم لەناو کتێبان گەڕیدەیەو هەم لەدەرەوی کتێبانیش،.لەدەرەوەی کتێبانیش دەچێتە بنج و بنەوانی شتان،دواتر هەمووی دەباتەوە ناو کتێبان،بەدەوی هەم پیاوی ناو کتێبە و هەم پیاوی ناو ژیانە. ئەو ئەندامی خێزانێکی پانزە کەسی یە، و لەناو خوشک و براکانیدا پێنجەم لەدایک بووە، خێزانەکەیان موڵکداری "شرباص" بوون لە میسر بۆ تەواو کردنی خوێندن ڕووی کردووەتە قاهیرە و پاشان پاریس.ئەو باوەڕی وایە هەموو شتێک بەهۆی ڕێکەوتێکەوە ڕوودەدات لەم ژیانەدا، بۆ نموونە دوای ئەوەی باوکی بەڕێکەوت لەکوشتنێک ڕزگاری دەبێت،چوار ساڵ دوای ئەو ڕێکەوتە بەدەوی لەدایک بووە، ژن وپیاوەکان بەڕێکەوت یەکتر دەناسن ، هاوسەرگیری دەکەن و هێلکەکان ڕێکەوتی یەکتر دەکەن و مرۆڤ لەدایک دەبێت.

بەدەوی هەموو شتێک بەڕێکەوت دەزانێت لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەش دا خۆی پیاوێکی زۆر بە دیسپلین و بەرنامەڕێژ بووە، هەر لەخوێندنەوە هەتا تێکەڵاو بوونی بەکاری سیاسی.

بەش بەحاڵی خۆم ژیاننامەی هەندێک لەنووسەرە مەزنەکانی وەکو مارکیز و نیرۆداو ڕافائیل و شێرکۆ بێکەسم خوێندووەتەوە، هەریەکەیان تام و چێژی خۆی هەبووە،بەڵام ئەوەی لە بەدەوی فێربووم لە هیچ کام لەو نووسەران فێر نەبووم.بەدەوی کەسەردانی هەر شارێکی کردووە،بەوردی لەسەر مێژووی شارەکەی نووسیووە، لەسەر جوگرافیا و مێژووەکەی ،لەسەر کتێبخانەو باخچەو پەیکەرەکانی نووسیووە.یاداشتەکانی بەدەوی بە تەنها گەشتێکی ژیانی ئەو نین بەتەنها،بەڵکو لەڕێگای ژیانی بەدەوی یەوە،مرۆڤ گەشتێک بەناو شارستانێتی ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریقاش دەکات، ئەوەی لەم یاداشتەی بەدەویدا بۆ ئێمەی کورد گرنگە ،بەتایبەتی بۆ ئەوانەی سەرو کاریان لەگەڵ کاری ڕامیاری داهەیە،ئەو بەشەیەتی کە باس لەسەردانێکی خۆی دەکات بۆ ئێران لەساڵی 1973دا،بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی سیبەویهی. بەڵام کە دێتە سەرباسی ئێران زۆر بەوردی،وەک میوان نا، بەڵکو وەک ئێران ناسێک باس لەمێژووی ئێران دەکات،باسی حافز و سەعدی و سادقی هیدایەت و بەرهەمەکانیان دەکات.کەباسی سیاسەت و مێژووی ئیران دەکات باس لەحوکمی یەک لەدوایەکی شاهەنشاهی دەکات،لەدەستکەوت و هەڵەکانیان دەکات. ئەم بەشە بۆ کورد زۆر گرنگە لانی کەم لەکێشەو ململانێکانی ناو ئێران و کۆمەڵگەی ئێرانی تێدەگەین.


*بەرگی یەکەم، لاپەڕە 82 بۆ 86، هەروەها لاپەڕە 132بۆ 136.


ئەم بابەتە 275 جار خوێندراوەتەوە