korona.jpg

لە ڕۆژگای کۆرۆنادا فەرەنسییەکان دووبارە ڕۆمانی تاعون دەخوێننەوە

حسەین لەتیف

ئەدەب بۆ من زیاتر لەماڵێکی مەجازی یە، بەبێ ئەو ماڵە هەرگیز ئەم ماڵەی کە ناوی نیشتمانە، ئەو ماڵەی کە ئەدرێسی لای حکومەتە و بەدراوسێ دەور دراوە مانای نابێت، چونکە ئەوە ئەدەبە فێرم دەکات هەمیشە بەدوای زیاد لەماڵێکدا بگەڕێم، زیاتر لەگۆشەنیگایەکم هەبێ بۆ ژیانکردن لەماڵ دا.

فەرەنسیەکان، بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ ناو تێکستەکان، بە دەربڕینی هاوڕێم سەروەر ئەحمەدِ دانیشووانی ناو کتێبە گەورەکە، هەرچەند ئەو هاوڕێیەم ئەو دەربڕینە وەک خوازەیەک بۆ خەڵکی مسوڵمان بەکار دەهێنێت، بەڵام دەکرێت ئەو خوازەیە بەجیاواز و گەورەتر بەکار بهێنین، بۆ نموونە فەرەنسیەکان دانیشتووانی ناو تێکستەکانن، دانیشتووانی ناو کتێبێک نین بەتەنها، بەڵکو دانیشتووەکانی ناو کتێبگەلێکن. بەگوێرەی وتارێکی سایتی ئەلعەرەب کەبەقەڵەمی حەکیم مەرزوقی نووسراوە، لەپاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، فەرەنسیەکان گەڕاونەتەوە بۆ دووبارە خوێندنەوەی ڕۆمانی تاعون، ڕۆمانی تاعون لەنووسینی ئەلبێرکامۆیە، نووسەری وتارەکەی سایتی ئەلعەرەب ئاماژە بەوەدەکات تەنها لەساڵی 2020 دا زیاتر لە 1700دانە لەڕۆمانەکە فرۆشراوە، ئەمەش لەبەر لەیەک چوونی هەندێک لایەنی شاری وەهرانی ناو ڕۆمانەکە کەتاعونی تێدا بڵاوبووەتەوە لەگەڵ شاری ووهانی وڵاتی چین کەڤایرۆسی کرۆنای تێدا بڵاوبۆتەوە..

ڕۆمانی تاعون، دووساڵ پاش شەڕی کۆتایی هاتنی دووەمی جیهانی نووسراوە واتە لەساڵی 1947، پاشان لەساڵی 1957دا خەڵاتی نەوبڵی پێبەخشرا. ئەلبێرکامۆ نووسەرێکی بەڕەچەڵەک فەرەنسی یە، بەڵام لە جەزائیر لەدایک بووە و ژیاوە، جەزائیر و هەندێک لەشوێنە جیاوازەکانی دەبنە شانۆی ڕووداوەکانی ڕۆمانی "تاعون" و"غەوارە"، شاری وەهران، شانۆی ڕووداوەکانی ڕۆمانی تاعونە،شار دووچاری نەخۆشی تاعون دەبێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی تاعونەوە، کەس ناتوانێت لەشاری وەهران بڕواتە دەرەوە، کەسیش ناتوانێت بێتە ناوشارەکەوە، دەرچوون لەوەهران و مانەوە لەوەهران هەردووکیان مەترسیدارن، نەکەس لەدەرەوەی شار دەتوانێت بێت و ڕۆڵی فریادڕەسێک ببینێت بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووانەکەی، نەکەسیش دەتوانێت لەشار هەڵبێت، بۆیە تاکە هێزێک بە هانای دانیشتووانەکەیەوە بێت، ئەوهێزە ناوەکیە دەروونی و ڕۆحییە یە کە هەر مرۆڤێک بەڕێژەی جیاواز جیاواز هەڵگرێتی. کامۆناسان باس لەوەدەکەن لە سەروەختی نووسینی ڕۆمانی تاعون دا، هیچ پەتایەکی لەو جۆرە لەوەهران دا بوونی نەبووە،بەڵام بەڵگەنامەکان باس لەوەدەکەن سەدساڵ پێش نووسینی ئەو ڕۆمانە لەلایەن ئەلبێرکامۆ وە پەتایەکی لەوجۆرە هەبووە.ڕەخنەگرانی ئەدەبی و بەتایبەت کامۆناسان وای بۆ دەچن، ڕۆمانی تاعون، ڕۆمانێکی ڕەمزییە، ئەو تاعونە ئاماژەیە بۆ داگیرکردنی وڵاتی فەرەنسا لە جەنگی دووەمی جیهانی دا لەلایەن ئەڵمانیاوە، پاشتر بەیارمەتی هاوپەیمانانەوە ئازادکراوە، وەکو تریش وەهران کە شارێکە لەجەزائیر لەلایەن فەرەنساوە داگیرکراوە، بەڵام بەبێ گەڕانەوەو چاوەڕوانی فریادڕەسی دەرەکی خۆی ڕزگار کردووە.واتە فەلسەفەی ڕۆمانی تاعون،پشت بەخۆبەستنە،سوود بینینە لەهێزو ئیرادەی مرۆڤ خۆی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچ مەترسیەک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانی تاعون جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو دیدگایەی کە پێی وایە کامۆ پوچگەرا نییە بەڵکو لە قۆناغێکی نووسینیدا پوچگەرا و بێ ئیلتیزام بووە، بەڵام لەقۆناغێکی تردا ،ئەدیبێکی ئێجگار مولتەزیمەو دەکرێت وەک نموونەیەکی بەهێز بخوێنرێتەوە. کامۆ فێرمان دەکات چۆن هەموومان بەرپرسیارین لەوەی دەگوزەرێت، دکتۆر ڕیۆ،نموونەی کەسی بەرپرسیارە، سەرەتا لەبەردەرگای ژوورەکەیدا مشکێکی تۆپیو دەبینێت، بۆی گرنگ نابێت و فڕێیدەداتە سوچێکەوە، بەڵام ڕۆژی دوایی و دواتر ژمارەی مشکە تۆپیوەکان زۆرتر دەبن، بۆیە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاعون تەرخان دەکات. دەشێت ئەو مانا ڕەمزییانەی لەم ڕۆمانەدا هەن لەسەر ئاستی بوون و سیاسیش خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. لانیکەم لەدۆخێکی وەک کۆمەڵگەی کوردیی باشووردا، هەمیشە چاوەڕوانی فریاد ڕەسێک بووین لەدەرەوەبێت و لەو پەتای داگیرکارییە ڕزگارمان بکات،وەک ئەوەی فەرەنسا لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕزگار کرا، یان دەبێت وەک جەزائیر خۆمان خۆمان ڕزگار بکەین بەبێ فریاد ڕەس، تاعون بەمانا سیاسیەکەی لەم ڕۆمانەدا ئاماژەیە بۆ داگیرکردنی فەرەنسا مشکە تۆپیوەکانیش سەربازەکانی هیتللەرن کەبەشارەکاندا بڵاوبوونەتەوە،دەشکرێت سەربازەکانی سوپای فەرەنسا بن لە جەزائیر بڵاووبووبنەوە.

فەرەنسیەکان لەگەڵ هەر ڕووداوێک دا بەخۆیاند دەچنەوە، لەم ساڵانەی دوایش دا کە بارەگای ڕۆژنامەی شارلی ئیبیدۆ لەپاریس تەقێنرایەوە، فەرەنسییەکان دووبارە گەڕانەوە سەر خوێندنەوەی کتێبی "لەبارەی لێبووردنەوە"ی ڤۆڵتێر، ئەوان ناشڵەژێن، بەخۆیاندا دەچنەوە، لەناوتێکستەکاندا بەدوای لێکدانەوەو ئارامی دا دەگەڕێن، لەناوتێکستەکانیانەوە هێزی ژیانکردن و بەرگری و هونەری مامڵەکردن فێردەبن.ئەدەب لە هەموو سەردەمێکا بەهانای مرۆڤەوە دێت.تەنانەت لەسەردەمی کرۆناش دا.


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە