Rebn.jpg

شکارییێکی بونیادیی بۆ ڕۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت)ی ڕێبین خدر

محەمەد نەبی

(شاعیر جارێکی تر دەبێتەوە بە درووستکەر، مەبەستم ئەوەیە چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە بە گۆرانییەوە دەیچڕێت)

 (بۆرخیس)

 نامەوێت لێرەدا بچمەوە سەر ئەو پێناسە و لێکدانەوانەی بۆ ڕۆمان کراون و لەوێوەش بۆ پێناسە حازربەدەستەکانی (کارەکتەر، کات، شوێن، ڕووداو، گێڕانەوە، پلۆت، شێواز...). هەموومان دەزانین ئەمانە پێکهاتە و تەکنیکی گرنگی چیڕۆک و ڕۆمانن، ئینجا لەناو ئەمانەش چەندین ڕەگەز و تەکنیکی تر ڕۆڵ دەبینن لە داهێنانی بەرهەمی ئەدەبی. لەبری ئەوە، لێدەگەڕێین ڕۆمانەکە خۆی بێتە دەنگ و لەناو خودی ڕۆمانەکەدا مانا و لێکدانەوەکان خۆیان دەرخەن. مەگەر لێکدانەوە و پێناسەی تیۆریستان پێش دەقی ئەدەبی کەوتووە یا لە دەقی ئەدەبییەوە هەڵێنجراون/ سەرچاوەیان گرتووە؟

کەرەستەکانی ئەم ڕۆمانە چیین؟ ڕووداوەکانی چین؟ بابەتی ڕۆمانەکە چییە؟ نامانەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، چونکە بۆ ئەمە دەبێ بڵێین ئەمە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیە و بەکورتی ڕۆمانەکە بگێڕینەوە. ڕۆمان حەکایەتی داپیرە نییە تا بگێڕدرێتەوە، گێڕانەوە و کورتکردنەوەی ڕۆمانێک کارێکە دژ بە خودی ڕۆمانەکە و دابەزاندنییەتی بۆ ئاستی قسە و بەسەرهاتی ڕۆژانە و حەکایەتی بەرئاگردان. لە کاتێکدا ڕۆمان لەوە ئاڵۆزتر، وێنەدارتر، پڕ پێچ و پەناترە سادە بکرێتەوە. جگە لەمە باسکردنی بابەتی ڕۆمانێک، هەرگیز نزیکبوونەوە نییە لە ڕۆمانەکە خۆی. لەم بارەیەوە ڕۆماننووسی پیرۆیی (ماریۆ ڤارگاس یۆسا) لە کتێبە خنجیلانەکەی دا (١٢ نامە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو) دەنووسێت (( ئەگەر پێش ئەوەی ڕۆمانی (مەسخ) ی کافکا بخوێنیتەوە، پێت بگوترێت بابەتی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە فەرمانبەرێکی داماو دەبێت بە قالۆنچەیەکی قێزەون، ڕەنگە بەدەم باوێشکدانەوە  بڵێیت: خۆت لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە گەمژەییە ببوێرە...لەگەڵ ئەوەش دا کە تۆ ئەم چیڕۆکە دەخوێنیتەوە، بەو شێوازە جوانەی کافکا گێڕدراوەتەوە، تۆ باوەڕ بەو گۆڕانە ترسناکە دەکەیت کە لە گریگۆری سامسا ڕوودەدات، بەوردی لەگەڵیدا یەکدەبیتەوە، ئازار دەچێژی، هەستدەکەی دەخنکێی بەو خەمی ڕەنجەڕۆییەی کە وردە وردە ئەو کارەکتەرە داماوە لەناو دەبات)) – (یۆسا : ٢٠٠٨ : ٣٩). بۆیە لەبری ئەوە ئێمە هەوڵ دەدەین بەخێرایی چەند لایەنێکی ئەم ڕۆمانە بەسەر بکەینەوە:

 

١.گێڕانەوە و گێڕەرەوە :

زەمەنی گێڕانەوە لەم ڕۆمانە (ئێستا)یە. ڕووداوەکان کارەکتەری سەرەکی کچێکی ٢٣ ساڵانە (ئارەزوو) بەرجەستەیان دەکات. ئێمە وشەی (بەرجەستە)مان لەبری (گێڕانەوە) بەکارهێنا، چونکە زەمەن کە (ئێستا) یە و کارەکتەری سەرەکیش کە (کەسی یەکەم)ە، بە بەرجەستەکردنی ڕووداوەکان هەڵدەستێت، ئەم دووانە ئەوەندە یەکانگیرن بوار بۆ ئەوە ناهێڵنەوە کەس و کات لێکبترازێن. ڕووداوەکان لە ڕابردوو ڕوویاننەداوە تا ئێستا بگێڕدرێنەوە، ئەم تەکنیکەش  ڕووداوەکان زیندووتر دەکات و خوێنەریش بەشداربووتر/ نزیکتر دەکات لە ڕەوتی ڕووداو. دەبێتە جۆرێک لە وێنە و سینەما (نیشاندان) جارجار بیرمان بۆ شانۆش دەچێت (مەگەر هەموو ژانرە ئەدەبییەکان سنوورەکانیان ناچێتەوە ناو یەکدی؟). میلان کۆندێرا لەژێر ناونیشانی (گەڕان بەدوای کاتی ئێستادا دەڵێت ((حیکایەتخوان ئەو شتە دەگێڕێتەوە کە ڕووی داوە، بەڵام کاتێک پێشهاتێکی بچووک دەبێتە ڕابردوو، خەسڵەتی داسەکاوی خۆی لەدەست دەدات و تەڵخ دەبێ. گێڕانەوەکە، بیرەوەرییەکە، واتە ئەنجامگیرییەکە، ئاسانکردنەوەیەکە، ئەبستراکتکردنێکە. سیمای ڕاستەقینەی ژیان و پەخشانی ژیان، خۆی تەنیا لە کاتی ئێستادا دەبینێتەوە)) (کۆندێرا :٢٠١٢ : ٢٠). کۆندێرا لەمەدا جەخت لە کاریگەری و زیندوویەتیی کاتی ئێستا دەکات، خۆ گەرنا هەر لەوێدا باس لەوەش دەکات کە هونەری ڕۆمان بەهۆی (وێنە) ئەم بۆشاییەی کاتی ڕابردوو پڕدەکاتەوە. بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە (کاتی ئێستا) لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە (کاریگەرینواندن/کاریگەریدانان) لەسەر خوێنەر. بۆ نموونە لەو دیمەنەی ئارەزوو باسی دایکی دەکات، بەهۆی ئەم تەکنیکەوە نووسەر توانیویەتی کاریگەری درووست بکات، بەجۆرێک من پێموایە کەم خوێنەر هەیە کاتێک لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەگاتە ئەم دیمەنە، ئاهێک هەڵنەکێشێت. ئارەزوو، دایکێکی هەیە، کە بەهۆی نەخۆشیی، پیری و قەڵەوی لە جێ کەوتووە. قسە لەگەڵ تارماییەکان دەکات. دوای ئەوەی لە ماڵەوە ڕادەکات، وەک مشورخواردنێک بۆ ئەوەی ون نەبێت، ئارەزوو دەیهێنێتەوە ماڵ و لە ژوورێک دایدەنێت، دەرگاکەی دادەخات. بەمشێوەیە دیمەنەکە بەرجەستە دەکات: (( بۆ ئەوەی نەڕواتە دەرەوە و ون نەبێت، دەرگای ژوورەکەی دادەخەم، بەڵام ئەو پەنجەرە دەکاتەوە و لە پەنجەرەوە بانگی تارماییەکانی دەکات. دەمە بچووکەکەی دەکاتەوە تا هاوار بکات، ناتوانێت. هەوڵدەدات دەستە خەپەتۆڵەکانی لە پەنجەرەکەوە بێنێتە دەرەوە، ناتوانێت. جا دەستەکانی بە شیشی پەنجەرەوە و فرمێسک بەسەر گۆناکانیدا)). ئەم دیمەنە لە ڕەوتی ڕۆمانەکە کاریگەرییەکەی زێدەتر دەردەکەوێت. ئەم کاتە نزیکە ئێستایە، گەر ڕابردوو با، دوور دەکەوتەوە. کاریگەریی هەشبووبا هێندەی ئێستا هەژێنەر نەدەبوو. لە ژیانی واقیعیش دا ئەمە هەروایە : بۆ نموونە ڕووداوە ناخۆشەکان. سەرەتا، کە ڕووداوەکان تازەن (ئێستایین) لەناویاندا دەژین، کاریگەرییان یەکجار زۆرە، بەرگەگرتنیان سەخت و خەمکێشە، بەڵام دواتر کە کاتەکە تێدەپەڕێت، دەبێتە (ڕابردوو) و دەیانگێڕینەوە، سەختییەکەیان هێندەی ساتی ڕوودانیان نابێت و کەمتر دەبێتەوە، تەمی خەمێک دایاندەپۆشێت. ئێمە بەر تەمەکە دەکەوین، نەک خودی خەمەکە. ئینجا ئێمە باسی واقیعمان کرد، مەگەر ڕۆمانیش واقیعی خۆی دانامەزرێنێت؟ ڕۆمان بۆ خۆی واقیعێکە. وەک (پامۆک) دەڵێت ژیانێکی ترە لەپاڵ ئەم ژیانەدا، کەواتە ئێمەش وەک خوێنەر بەشدارین، لەناوی داین. بەمشێوەیە کاتی زەمەنی گێڕانەوە لەم ڕۆمانە، زەمەنی ئێستایە. بۆ نموونە هەندێ لە ڕستەکان لە شوێنی جیاجیای ڕۆمانەکە دەخەینە بەرچاو: (( زۆر نییە دەستێکم بۆتە بسکیت. ل :٥. باوکم دەڵێت لەگەڵ من ڕاوەستە، زۆر نزیک بە لێم. لەگەڵی ڕادەوەستم. ل :١٠. لەسەر قەڵات دانیشتووین. ل: ٥٠. دیسان شەوە، لە مینی مارکێتەکەی زامدار دانیشتووین. ل :٩٤.، هەمدیس لە مینی مارکێتەکەی زامدار دانیشتووین. ل: ١١٦). تەنها لە کورتەبەشی ٢٨ لاپەڕە ١٤٢ ڕەوتی ڕۆمانەکە لە کاتی ئێستا نامێنێت، دەبێتە کاتی ڕابردوو، بەڵام ئەو ڕابردووەش (ڕابردووی بەردەوام و ڕابردووی نزیکن) : (خەڵک خەریکبوون لە چاڵەکانیشدا دیوار و چوارچێوەی جارانیان درووست دەکردنەوە، چەند بلۆکێکیان بەدەوری خۆیان هەڵدەچنین و لەناویدا گرمۆڵە دەبوون. هەندێ کەسیشمان بینین دەیانتوانی قسە بکەن....ل : ١٤٢).  گەر بۆمان هەبێت بۆ ساتێک لێرە ئەمەش وەک کاتەکانی تر لێ بکەین، ئاوا دەبێت (خەڵک خەریکن لە چاڵەکانیشدا دیوار و چوارچێوەی جارانیان درووستدەکەنەوە، چەند بلۆکێکیان بەدەوری خۆیان هەڵدەچنین و لەناوی گرمۆڵە دەبن، هەندێ کەسیش دەبینین دەتوانن قسە بکەن). کەچی زەمەنەکە ئاوا نییە و دەگۆڕێت. ئارەزوو ڕووداوەکانی ڕابردوو دەگێڕێتەوە. ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە کورتەبەشەکە، هەمووی بەمشێوەیە نییە و هەر دوای ئەم لاپەڕەیە زەمەنی فرمانەکان وەکو خۆی لێدێتەوە و تا کۆتایی هەروا دەمێنێت (دێتەوە زەمەنی ئێستا) ئەمە بۆ؟ ئایا ئەم کاتگۆڕینە لە کۆی ڕۆمانێک تەنها یەک لاپەڕە، هیچ خزمەتێکی هونەریی بە ڕۆمانەکە کردووە؟ هیچ مەبەستێکی لە پشتە؟ یان کارەکتەری سەرەکی (گێڕەرەوە) لە دەست ڕۆماننووس ڕایکردووە؟ ڕاکردنی کارەکتەر لە دەست نووسەر، (ئاننا کارنینا) ی (تۆڵستۆی)مان بیردەخاتەوە : دەگوترێت لە کاتی نووسینی ڕۆمانی (ئاننا کارنینا)، (تۆڵستۆی) کە نووسەری ڕۆمانەکەیە، کاتی ئاننا دەکەوێتە بەر قیتار و دەمرێت، تۆڵستۆی دەگریێت! پرسیارەکە ئایا تۆڵستۆی نەیدەتوانی نەهێڵێت ئاننا خۆی بخاتە بەر قیتار؟ ئایا نەیدەتوانی چارەنووسی کارەکتەرەکەی بگۆڕێت؟ نەخێر، هەر دەبوو بەمشێوەیە بێت. ئەمە (واقیعی خەیاڵکرد)ی ڕۆمانەکەیە. پێویستە ئێمە وەک خوێنەری ئەدەب هێندەش واقیعپەرست و دۆگمایی نەبین ئەم پرسیارانە بە وڕێنە وەربگرین و پێمانوابێ ڕۆماننووس (خوا) یەکە و هیچ شتێک لەبن دەستی دەرناچێت و هەرچی هەیە و نییە بە ویستی ئەوە (مەگەر ئەویش توانیویەتی ئاوا دەسەڵاتدار بێ؟!). ئەمە بۆ شیعریش هەر ڕاستە.

لێرەدا سەبارەت بە ئازادیی گێڕەرەوە (ڕاوی) با جارێکی تر بچینەوە لای (ماریۆ ڤارگاس یۆسا) و لە کتێبەکەی دا (١٢ نامە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو) کۆمەکێک بخوازین: ((ڕاوی بوونەوەرێکە لە وشە درووستکراوە، نەک لە گۆشت و ئێسقان وەکو دانەرەکەی، ڕاوی بەتەنیا لەو ڕۆمانەدا و لە سایەی ئەو ڕۆمانە دەژی کە دەیگێڕینەوە، سنووری خەیاڵکردن سنووری بوونییەتی، چونکە ئەوە خۆیەتی کە چیڕۆکەکە دەگێڕێتەوە، لە بەرامبەریش دا دانەر ژیانێکی هەمەجۆر و چڕتری هەیە لەپێش و لە دوای نووسینی ڕۆمانەکە. ڕۆمانەکە ناتوانێ ئاگاداری وردودرشتی ژیانی نووسەرەکەی بێ، هەتا لە کاتی نووسینی ڕۆمانەکەش دا ڕاوی بەردەوام کەسیێتییەکی جیاوازە)) (یۆسا : ٢٠٠٨ : ٥٥). ئەم تێڕوانینە بۆ شیعریش هەیە، بەوەی دەگوترێت: شیعر لەوێیە، لە شوێنێکدا پەنهانە، لە دەوروبەرمان خۆی مەڵاسداوە، شاعیر دەیدۆزێتەوە. سەبارەت بەمە (بڕوانە هونەری ڕۆمان، میلان کۆندێرا : ٢٠٠٨ :- ١٨١).  هەروەها (بڕوانە : ئەم هونەری شیعرە، خۆرخێ لویس بۆرخیس : ٢٠١٦ : ٩- و ٢٠). بۆیە دەکرێ زەمەنگۆڕینەکە پەیوەندی بە کارەکتەرەوە هەبێ، بە سەربەخۆیی کارەکتەر، یان وێنەکانی نەستی بگوازێتەوە، وەک ئەوەی نەستی بڕژێت و بەرجەستە ببێت، نزیک لەوەی پێی دەگوترێت (شەپۆلی هۆش) یانیش وچانێک بێت، گۆڕانکارییەک بێ بۆ گۆڕانکاری لە تەرکیزی خوێنەر یان...

 هەڵبەت هەر لەم ڕۆمانەدا سەبارەت بە گێڕانەوە، دەبێ باس لەوەش بکەین کە گێڕانەوەکە (یان بە مانای ئێمە "بەرجەستەکردن") گفتوگۆشی تێدەکەوێت، یان لە دوو شوێن باپیری ئارەزوو بیرەوەریی خۆی دەگێڕێتەوە، بەلای ئێمەوە ئەمە هونەرێکی گرنگە و لێزانینی نووسەر نیشاندەدات، چونکە ئەمەی بە کارەکتەرێک سپاردووە کە خودی خۆی لەناو ڕووداوەکان ژیاوە، نەک بۆی باسکرابێ. ڕۆماننووس دەیتوانی ئەمەش بە ئارەزوو بسپێرێت، بەڵام ئەوکات ئەمە دەبووە (گێڕانەوەی گێڕانەوە) واتە باپیری بۆ ئارەزوو و ئارەزووش بۆ ئێمەی دەگێڕایەوە. بەمە هەنگاوێک دوورتر دەکەوتینەوە (هیوادارم نەکەوتبمە ناو پێناسەی ئەفلاتوونیی بۆ شیعر). بۆیە ڕووداوەکەی زیندووتر کردووە.

تا ئێرە ئێمە لە گێڕانەوە دواین و لەگەڵیدا شتێکمان لەسەر گێڕەرەوە گوت. ئێستا دێینە سەر کارەکتەر.

 

٢.کارەکتەر :

لەم ڕۆمانەدا ئەم کارەکتەرانە هەن (ئارەزوو، زامدار، ڕامش، ئازاد). ئەمانە چوار هاوڕێن. بەزۆری ڕووداوەکان بۆ هەر چواریان هاوپەیوەندن/ ڕوودەدەن. سەروەختێک هاوڕێیەکی تریشیان بۆ زیاد دەبێت کە جارجار دێتە لایان، ئەویش (ڕێبین)ە. بێگومان ڕەنگبێ هەموومان بیرمان بۆ نووسەر بچێت و پێمانوابێ ئەمە ڕێبینی ڕۆماننووسە، ئەویش بەهۆی ئەو وەسفەی ئارەزوو بۆی دەکات: ((ئازاد هەندێک کەسمان پێدەناسێنێت. سەرەتا شاعیرێک. ناوی ڕێبین ە. ڕێبین کوڕێکی ڕەشتاڵەی قژلوول و مۆن. ل ١٠٥))، بەڵام ئاساییە وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆش وەری بگرین و هەر نەیشیبەستینەوە بە نووسەر. ئەمە دەکەوێتە سەر ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر. جگە لەمانە (دایک، خوشک، باوک و باپیری ئارەزوو، کچێکی مردوو، تارماییەکان، فریشتەکان و هەندێ ناوی دی لێرە و لەوێ دێنە بەر دیدە: ئیسماعیل، ڕاماڵ، ڕووبار، زەبەلاحەکان) کە هەموو ئەمانە بەشێکی گرنگن لە فەزای ئەدەبییانەی ڕۆمانەکە و قەناعەتپێکەریشن. بەتایبەتی کچە مردووەکە و تارماییەکان. دواتر باس لە توانای قەناعەتپێکردنی ڕۆمانەکە دەکەین. چوار هاوڕێکان بەگشتی تەمەنیان لە بیست ساڵان بەسەرەوەیە و هاوتەمەن دیارن. لە هەڵبژاردنی کارەکتەرانیش هەست بە لێزانیی ڕۆماننووس دەکرێت. ڕامش گەنجێکی بەنگلادیشییە، ئازاد و زامداریش کوردن. هەریەکە لەمانە بوار بۆ خوێنەر و لێکۆڵەر دەدات بیریان لێبکاتەوە و کەسایەتییەکانیان لەڕووی کار و تەمەن و ڕەگەزەوە ڕاڤە بکات و هۆکارەکانی هەڵبژاردنیان دەربخات. بەهۆی ئەوەی مەودای خوێندنەوەکەمان درێژ دەبێتەوە، ئێمە لێرەدا لەسەر هەموو کارەکتەرەکان ناوەستین و تەنها کەمێک لە کارەکتەری سەرەکی (ئارەزوو) ڕادەمێنین، دەنا ڕۆمانەکە  لە زۆر ڕەهەندەوە مەودای لێکۆڵینەوەیەکی فراوان دەخوازێت، بەتایبەتیش بەلای ئێمەوە : کارەکتەرسازی ، شێواز و تەکنیک.

 

کارەکتەرسازی، شێواز و تەکنیک :

ئارەزوو: کچێکی تەمەن بیست و سێ ساڵان، قوتابیی زانکۆیە و بەهۆی کەسایەتییەکەی : کچێکی خوێنەر، یاخیی و ڕەخنەگرە و، لە زانکۆ دەردەکرێت. هەڵبژاردنی کارەکتەری کچ وەک کەسیێتیی سەرەکی ڕۆمان بەلای ئێمەوە ڕیسكێکی گەورەیە، چونکە چەندەی ڕۆماننووس ئازادیی بداتە کارەکتەرانی، بەڵام دواجار کاریگەریی ڕۆماننووسانیان هەر بەسەرەوەیە، بە لایەکدا هەر بۆ ئەو دەگەڕێنەوە. ئێمە نامانەوێت لە بابەتێکی ئەدەبی پرسی ڕەگەز بێنینە گۆڕێ، بەڵام ئەمە حەقیقەتێکی دانەبڕاوی ڕۆماننووسانە، لە هەڵبژاردنی ڕەگەزی کارەکتەرانیان (ڕەنگبێ لە کاتی نووسین دا ببێتە کێشە بۆیان). ئێمە باوەڕمان بەوەیە، کە لە ڕۆمان دا دەبێ کارەکتەر لە ڕۆماننووس جیابێتەوە، نەک نوێنەری دانەرەکەی بێ. بەڵام ئایا بەرهەمی سەرکەوتوو ئەوە نییە ڕۆماننووس ڕۆحی خۆی تێکەڵی بەرهەمەکەی بکات؟ کارەکانی (کافکا) چەندە ڕەنگدانەوەی خودی کافکان؟ گریگۆری سامسا، جۆزێف ک، ک. کەسایەتیی و ژیانی کافکا نەترنجاوەتە ناویان؟ لە هەمانکات دا لێشی جودانەبوونەتەوە؟ ئایا جۆزێف ک، گریگۆری سامسا، (ڕاسکۆلینکۆف: پاڵەوانی تاوان و سزای دۆستۆڤسکی) دەکرا کچ بووبان؟ ئایا گەر وابووبا هەر بەمشێوەیە و ئەم کاریگەرییەیان دەبوو، کەمتر؟ یان زیاتر؟ بۆ ئەوەی بتوانین لەم ڕۆمانە نزیک ببینەوە دەپرسین: گەر ئارەزوو، ئارەزوو نەبووبا و کوڕێک بووبا، ڕەوتی ڕۆمانەکە چۆن دەبوو؟ ئەمانە پرسیاری نابەجێن، چونکە ڕۆمانەکان هەر دەبوو بەمشێوەیە بووبان. جگە لەم فۆڕمە، کە خودی ناوەڕۆکیشە بە هیچ فۆرمێکی تر بەرجەستە نەدەبوون. ئەمەش دەمانباتەوە ناو کێشەی ناوەڕۆک و فۆرم، واتە پرسیاری ئەوەی ئایا دەکرا بابەتی ئەم ڕۆمانە بە تەکنیکێکی تر جگە لەمە بەرجەستەکرابووبا؟ ئەم پرسیارە بابەت و شێوە (ڕووخسار و ناوەڕۆک) لێک جیا دەکاتەوە و نزیک دەبێتەوە لەو پێوەرە لەکارکەوتووانەی ئێستاش زانکۆکان کاری پێدەکەن، ئەویش جیاکردنەوەی فۆرم و ناوەڕۆکە، ((جیاکردنەوەی ناوەڕۆک و فۆرم (یان بابەت و شێوە و شێوازی گێڕانەوە) شتێکی درووستکراوە و پەسەند ناکرێ مەگەر لە شیکردنەوەدا، لە ڕاستیشدا ئەم جیاوازییە دەرناکەوێ و ناکرێ ئەوەی ڕۆمانەکە دەیگێڕێتەوە لەو شێوازەی پێی گێڕدراوەتەوە جیابکەینەوە...لە ڕۆمانە باشەکاندا ئەوەی دەیگێڕێتەوە و ئەو شێوازەی پێی دەگێڕدرێتەوە، یەکەیەک درووستدەکەن کە ناتوانرێ لێک جیابکرێنەوە)) (یۆسا : ٢٠٠٨ : ٣٨). بۆیە دەڵێین ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە هەر ئەم فۆرمە دەخوازێت و هیچی تر. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بڵێین کە هەڵبژاردنی کچێک وەک کارەکتەری سەرەکی بۆ ڕۆمانێک کە نووسەرەکەی نێرە، زەحمەتییەکی زیاترە لەوەی کوڕ بێ، چونکە لە هەر جوڵەیەکی ئەم کارەکتەرە، کە ڕۆماننووس پێی دەکات، دەبێ ڕۆماننووسەکە ڕۆحێکی مێینەیی، یان ڕوونتر بڵێین کەسایەتییەکی مێینەیی وەربگرێت و بچێتە بەرگی کچێک. ئەمە بە دوو باردا دەبێت سەختیی : یەکەم : سەختیی واقیعی کۆمەڵایەتی، دووەم: سەختیی واقیعی کارە ئەدەبییەکە. لە لایەک کۆمەڵگا ئازادییەکی کەمتر دەداتە کچ، هەروەک چۆن دەبینین لە ڕۆمانەکەدا، ئارەزوو سەدان پلار و تانە و تەشەری بەهۆی کچبوونەوە لێدەدرێت. لە لایەکی تر کێشەی مێینەیی کارەکتەر و نێرینەیی ڕۆماننووس. بۆیە لەناو ڕۆمانەکەش ئارەزوو هەست بە کێشەی ڕەگەزیی دەکات لەلای خوێنەران: ((ئەرێ خۆ زانیوتانە من کچم: ١٨)). دواجار ئێمە کارەکەمان هەنگاوێک دەبەینە پێش و دەڵێین: ڕۆماننووس وەک ئازادێکی تا ئەوپەڕی ئازادیخواز لە کێشەی ڕەگەزیی دەرچووە و جیاوازیی ڕەگەزیی لەلای ئەو بەتەواوی ڕەشبۆتەوە.

 

٣. بابەت/ناوەڕۆک:

وەک لە سەرەتاوە گوتمان ئێمە هەوڵدەدەین بتوانین لە گێڕانەوەی ڕۆمانەکە خۆمان ببوێرین. ئەم ڕۆمانە زۆر بابەت و پرس لە خۆ دەگرێت. بەگشتی فەزایەکی تاریک و نووتەکی هەیە. چ لە تاریکی و وێرانیی شوێنەکانی، یان ڕووداوە تراژیدییەکانی، یاخود کارەکتەرە پەککەوتە و داڕماوەکانی.

بابەتی ئەدەبیات مەرج نییە ناسک، جوان، هەستبزوێن و دڵڕفێن بێت. ئەمە کێشەیەکی درێژی ئەدەبی کوردی بوو و ئێستاش بەردەوامە، بەڵام کەمتر. شاعیران پێیانوابوو هەر دەبێ ئەستێرە و مانگ و گوڵ لە شیعرەکانیان دا هەبن بۆ ئەوەی ببنە شیعری باش. چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسانیش هەر دەبوو لەیلا و مەجنوونێک لە چیڕۆک/ڕۆمانەکەیان دا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە چیڕۆک/ ڕۆمانی باش، جوان و خۆش! جا لەیلا و مەجنوونەکە هەر جارە و بە ناوێکەوە. ئەمە پێوەرێکی یەکجار لەکارکەوتووە. دەکرێ ناشیرینی ببێتە کەرەستەی ئەدەب و ئیستاتیکای لێ بەرهەم بێت. وەک شیعرەکانی (بۆدلێر و ڕامبۆ)، چیڕۆکەکانی بۆرخێس، یان ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) ی (خوان ڕۆلفۆ)، باشترین نموونەش (کافکا) یە. لەمبارەیەوە (میلان کۆندێرا) بە سەرسامییەوە باس لە بابەتی ڕۆمانەکانی کافکا دەکات. پێی وایە (فەرمانگە) کە بابەتی سەرەکی ڕۆمانەکانی کافکایە، جیهانی ئامێر و گوێڕایەڵییە، جیهانێکی میکانیکی و ئەبستراکتە (ڕۆمانێک لەم جیهانی گوێڕایەڵی، میکانیکی و ئەبستراکتەدا جێکە بکەیتەوە! لەم شوێنەدا تاقە سەرکێشیی مرۆڤ لەوێدایە لە نووسینگەیەکەوە بچێ بۆ نووسینگەیەکەی دیکە. پێدەچێ ئەمە پێچەوانەی ئەدەبی گێڕانەوە بێ. بۆیە دەپرسین: چۆن بۆ کافکا لوا، لەم مادە بۆرە ناشیعرییەوە ڕۆمانی سەرسوڕهێنەر بخوڵقێنێ؟!)) (کۆندێرا: ٢٠٠٨ : ١٧٩). کەواتە ئەوەی بابەتێکی ناشیعریی دەبێتە بابەتی ئەدەبیات ئەوە هونەرەکەی دەکەوێتە سەر لێزانیی و توانای ئەدیب لە خوڵقاندنی جیهانێکی ئەدەبیی باوەڕپێکراو.

ئەم ڕۆمانە زۆر بابەتی تر لە خۆ دەگرێت: کێشەی ئافرەت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ئازادی. ئارەزوو بەرجەستەکەری ئەم ڕۆڵەیە. بەهۆی کچبوونییەوە تووشی چەندین کێشە دەبێتەوە و دواجار زمانیشی لە دەست دەدات. ئەمەش کاتێکە کە چوارقۆڵی لەگەڵ (ئازاد، زامدار، ڕامش) لە مینی مارکێتەکەی زامدار دانیشتوون و باسی ژیان و کێشەکانیان و فیلم دەکەن. لەناکاو تەقینەوەیەک ڕوودەدات و دووکانەکە بەسەریاندا دادەڕمێت. ئارەزوو دەستێکی دەپەڕێت و بۆ هەتاهەتایەش زمان (توانای قسەکردن) لەدەستدەدات. ئازاد چاوێکی کوێر دەبێت، ڕامش هەردوو قاچی لەدەست دەدات و زامداریش دەمرێت. (بڕوانە کورتەبەشی ٢٣، لاپەڕە ١١٦ تا ١٢١).

کارەکتەرانی ئەم ڕۆمانە وەک فەزاکەی شاد و خۆشحاڵ نین. لە نیگەرانیی و کێشە دان. لە دەسپێکی ڕۆمانەکەدا کارەکتەری سەرەکی دیمەنێکی کافکاییمان بیر دەخاتەوە. لە (مەسخ – بەدگۆڕان) ی کافکا. گریگۆری سامسا (کاتێ بەیانی خەبەری دەبێتەوە بۆتە قالۆنچەیەکی زەبەلاح، یان دەعبایەک)، لەم ڕۆمانەش دا ئارەزوو دیمەنێکی وای هەیە: ((زۆر نییە دەستێکم بۆتە بسکیت و ڕۆژانەیش لە بەرەکەی دەخۆم. تادێت هەڵدەپەنمێت و گەورەتر دەبێت. ل: ٥)). ئەوانیدیش هەندێکیان مردوون و قسە دەکەن و هەندێکیان پیر و کەنەفت و لەجێکەوتوو. شوێنی ڕووداوەکانیش هەولێرە، کە لە ڕۆمانەکەدا هەمووی دەبێتە (چاڵ). چاڵەکەش بەلای ئێمەوە گوزارشتە لە بەرزیی بیناکان و تاریکیی دڵ و دەروونی مرۆڤەکان. لەناو ئەم بینایانەدا ئاسمان بزر و خاکیش ون. ژیان لەناویاندا هەروەک ئەوەیە لە چاڵێک، لەناو بیرێک دا بژیت. ئەم فەزا ناخۆشحاڵە، یان تاریک و خەمناکە بۆچی؟ لەڕاستییدا نیشاندانی دونیایەکی خۆش و بەخشینەوەی هیوا و ئومێد و سەرکەوتن و بەختەوەربوون کارێکی فریودەرانەی ساختەیە، کە لە سیستەمی سەرمایەداری و کەسانی ئایینیی ساختەچی دەوەشێتەوە. ئەم ساختەییە هەر لە ناوەڕۆکی قسەی واعیزان و ڕێکلامی بازرگانی و کۆمپانیاکان دا نییە، بەڵکو بۆتە ناونیشانی کتێبانیش نزیک لەم شێوەیە: (چۆن لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەبیتە سەرکەوتووترین مرۆڤی جیهان؟، چۆن لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەختەوەر ببین؟ مرواری پەمبە، لاسکەگیای ناسکۆڵە، پێ و پووزی ژوولیا، ڕوومەت و گەردنی هەنگوینیی، ئاگری بچکۆلەی مۆم، قاوەی بە نەستەلە، ژینۆ و مەمکۆڵەکانی...). دەبینین شاعیران و نووسەرانێکی وا دەرکەوتوون هەرزە و عەوام بە نووسینی پەمەیی و سۆزاویی هەڵدەخەڵەتێنن و بانگەشەی جوانی و بەختەوەری دەکەن. لەبەر ئەوەی عەوام هۆشیار نییە، ئەمانە لە لیستی پڕخوێنەرترین نووسەران دا دەبن.

 

بەڵام با بگەڕێینەوە ناو فەزای ڕۆمانەکە و بپرسین: ئایا ئێمە زیاتر بە کام نووسەران سەرسام بووینە و، کاممان لە یادگەدا ماونەتەوە و بوونەتە بەشێک لە ڕوانینمان بۆ ژیان و ئینسان؟ ئەوانەی شادیی ساختەیان نیشان داوین یان ئەوانەی نائومێدیی و نیگەرانیی دونیا؟ بۆچی کافکا وێنەی ئایدیاڵی هەموو خوێنەران و نووسەرانە؟ دونیای کافکا دونیایەکی شادە؟ باسی گوڵ و گوڵزار و مانگ و لووسکەیی دەکات؟ نەخێر، لە تاریکاییەکە هەرگیز ناگەینە کۆشک و دادگاییشمان ناکەن و دەبێ وەک قالۆنچەیەک/ پەنماوێک ڕێ بکەین. خۆڕایی نییە ئەدیبێکی مەزنی وەک (بۆرخێس) بڵێت ((جەوهەری زۆربەی ڕۆمانەکان لە تێکشکانی مرۆڤ دایە، لە داڕووخانی کارەکتەردایە)) (بۆرخێس: ٢٠١٦: ٦٦).

 

٤. شێواز و پلۆت و توانای قەناعەتپێکردن:

 ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی هونەریی بەرز درووستکراوە. پارچەکان بە شێوەیەکی تۆکمە، تەواوکەری یەکترن یان دیمەنێک دەگوازنەوە کە خوێنەر زووتر چاوەڕێ بووە بیبینێت/بیخوێنێتەوە. شێواز کە بنەمایەکی گرنگی بەرهەمی ئەدەبی (شیعر، چیڕۆک و ڕۆمان)ە، لە زۆر شوێنی ئەم ڕۆمانە دەکرێ کاری لەسەر بکرێت و لێ بکۆڵدرێتەوە. لە هەڵبژاردنی ناوی کارەکتەر، پیشەکەی، تەمەنی، کات و شوێن، گێڕانەوە/ گواستنەوە، گێڕەرەوە، قسەکردن، هەڵسووکەوت، دیمەن...ئەمانە هەموویان تێکئاڵاون و بەیەکەوە پەیوەستن. بە جۆرێک هەموویان درووستکەری یەکترن، هۆکاری بوونی یەکترن. بۆ نموونە گەر بپرسین: کارەکتەری کچێکی گەنجی بیست و سێ ساڵان لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێز، خێزانەکەی چۆن ڕێی پێدەدەن شەوان و ڕۆژان، لەگەڵ سێ کوڕان بێت و بچێ و شەڕ بکات و پایسکل لێ بخوڕێت؟ ڕۆمان (بەرهەمی ئەدەبی) ئەم کارەی بە نووسەرەکەی کردووە و ئەم خێزانەی بۆ درووستکردوون: دایکی لە جێ کەوتووە، باوکی پێدەچێ بارودۆخی دەروونیی لە جێ نەبێ، لوتێکی گەورە و درێژی وەک لووتی فیلی هەیە ((باوکم هەر دەڵێی چڵەئێسقانێکە، لووتی مینا لووتی فیلێک....بەسەر کراسەکەیدا شۆڕبۆتەوە، شۆڕبۆتەوە و گەیشتۆتە نێوان ڕانەکانی. ل: ٩)). و ئینجا زوو زوو خۆی هەڵدەداتە چاڵێکی ناو حەوشەکەیان. باپیریشی بەردەوام خەریکی ماکینەیە (( ڕەنگی ماکینەکانی گرتووە، سەروسەکوتی زۆربەی جار ڕەشداگەڕاوە. ل: ١٥)). ئارەزوو هیچ برایەکی نییە و تەنیا خوشکێکی بچووکی هەیە. بەم شێوەیە ڕۆماننووس فەزایەکی وای خوڵقاندووە کە کارەکتەرە سەرەکییەکەی بتوانێت بێت و بچێت. تەنانەت لە کاتی تەقینەوەکەش ئەم کارەکتەرە نامرێت و دەردەچێت. گەر مردبا کێ ڕۆمانەکەی ئاوا بەرجەستە دەکرد؟ ئەمەش پرسیارێکی نابەجێیە، چونکە وەک پێشتریش گوتمان ڕۆمانەکە هەر دەبوو بەم شێوەیە بووبا. گەر کەسانێک هەبن پێیانوابێ نەخێر دەکرا بە جۆرێکی تر بووبا. چاکە، بەڵام خۆ ڕۆمانەکە بەمشێوەیە خۆی گرتووە و بەمشێوەیەی ئێستا لەبەر دەستمانە کە هەیە. گەلێک نموونەی تر لە ڕۆمانەکەدا هەن دەبنە بەرجەستەکەری پلان (تەکنیک) ێکی تۆکمە، بۆ ئەوەی ڕۆمانەکە بخوڵقێ و شێوازەکەی هەر ئەو شێوازە بێ کە نیشان دەدەرێت و بەرجەستە دەکرێت.

لە ڕۆمانەکە زۆر دیمەن بەرجەستە دەکرێن، دیمەنی سوریالیین، سەیروسەمەرەن، فەنتازیین، نزیکن لە وێنەی شیعریی، لە دونیایەکی منداڵانە، بەڵام ڕۆماننووس توانیویەتی بێ زۆر لە خۆکردن بەرجەستەیان بکات و بەمەش دەتوانین بڵێین توانای قەناعەتپێکردنی ڕۆمانەکە لە ئاستێکی کاریگەر دایە. با لە هەندێ نموونە ڕابمێنین:

((کچە بچکۆلە مردووەکەی کۆڵانەکەمان دەنگی دێت بانگی من دەکات : ئارەزوو خان ئارەزوو خان، ئەوا هاتووم، وەرە دەرەوە، بۆ بسکیتەکە، بۆ دەستی تۆ هاتووم.

شەوە و تاریکە. ڕادەکەمە کۆڵان. کچێکی بچکۆلەی چاوگەورە....لێم ڕادەمێنێت. ل:٤٨)). مردوو قسە داکات!

((دووبارە ماڵەکەمان بە سێبەر دادەپۆشرێت، تەپەتەپیش دنیا خراپ دەکات. باڵندەکان لێرە و لەوێ دەردەپەڕن. پۆلێک باڵندە دەبینم هەرگیز لەم دەوروبەرە نەمبینیون، هەندێک عەلاگەی بەتاڵیش لەگەڵ باڵندەکان بەرز دەبنەوە. خۆیان لەگەڵیان دەگونجێنن، گەر تۆزێکیتریش زیندوو بن، دەتوانن لەگەڵیان بڕۆنە هێلانەکانیان و ئەوەی ماوە لە ژیانیاندا وەک باڵندە بژین. ل:١٠٣)). لێرە عەلاگە دەفڕن و خەریکە دەبنە باڵندە!

((فریشتەیەکی بچکۆلەی گۆڕەکەی داپیرە بە پێدزکێ سەر پلیکانەکان دەکەوێت. من خۆمی لێ نەبان دەکەم. پاڵ بە دەرگاکەوە دەنێت....فریشتەکە تەلەڤزیۆنەکە دادەگیرسێنێت و لە دیاری پاڵ دەداتەوە. ل: ١١٥)). فریشتە لە گۆڕ دێتە دەر و سەیری تیڤی دەکات!

 ئەرێ هەر بەڕاست نووسەر ئەم جورئەتەی لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت ئاوا (خەمساردانە) بێ زۆر لە خۆکردن ئەم دیمەنانەمان نیشان دەدات!؟ وشەی خەمساردانە بە مانایەکی نێگەتیڤ بەکارناهێنم، بەڵکو بە هاومانای جورئەت و لەخۆڕادیتن. ئەم خەمساردییە هەمان خەمساردیی کافکایە (کاتێک کارەکتەران دەکاتە قالۆنچە، بەیانیان هەر لەناو جێخەوی خۆیان دەستبەسەریان دەکات) و ئێمەش ناچار دەکات قەناعەت بەم دیمەنانەی بهێنین. ئەم خەمساردییە جۆرێکە لە توانای داهێنان، شکاندنی ئەو ترسەیە کە دەڵێت: گەر وا بکەم ئایا باوەڕم پێدەکەن؟ ئەدیبی باش خەمساردانە دەڵێت: من دەیکەم، باوەڕ دەکەن یان نا بە جەهەننەم. ئەم خەمساردییە بەرهەمی باشی لێ دەکەوێتەوە، دوای بیرکردنەوە و پلانێکی تەکنیکی دوورودرێژ، هێنان و بردنێکی زۆر، دێت.

زۆر نموونەی دیکە هەن لە ڕۆمانەکەدا، کە لە واقیعی کۆمەڵایەتیی باوەڕپێنەکراون، بەڵام لە واقیعی ڕۆمانەکە قبوڵ کراون. ئەمەش کەوتۆتە سەر توانای قەناعەتپێکردن. قەناعەتەکە لێرە لە اقتباسکردنی ڕستەکان درووست نابێت، لەکاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هەر لەناو ڕۆمانەکە درووست دەبێت. بۆیە لە ڕەوتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئێمە قەناعەت بە جیهانی ڕۆمانەکە دەکەین.

هەندێ بابەتی تر لە ڕۆمانەکەدا هەن، بە پێویستی دەزانم ئاماژەیان بۆ بکەم :

ئەم ڕۆمانە ڕەخنەیەکە لە وێرانکردنی شار (هەولێر) و یادەوەرییەکانی. نووسەر لە ڕێی (بیناکان، زەبەلاحەکان و مەلاکان) ئاماژەی بۆ دەکات. زەبەلاحەکان ئاماژەیە بۆ بازرگان و دەسەڵاتداران، کە بێویژدانانە دەوڵەمەند دەبن و شار داگیر/ خاپوور دەکەن و یادەوەرییەکانی دەشێوێنن. ئازادییەکان بەرتەسک دەکەنەوە و کەسیش ناتوانێت دەنگ هەڵبڕێت. ڕەخنەگرتن لێیان کوشتن و دەرکردنی لە دوایە. خۆپیشاندان بەتەواوی بۆتە تێکدان و ئاژاوەگێڕیی، تەنها مەگەری بۆ بەرژەوەندی خۆیان بێت ((لەم شارەدا خۆپیشاندان هەر بەم جۆرە دەکرێت: یەکێک لەوپەڕی دنیا قسەیەکی لەسەر پێغەمبەر کردووە یا خۆپیشاندانێکی حزبییە. ل: ٦٧)). مەلاکانیش بە گوتارە توندڕەوەکانیان فەزای شاریان شێواندووە و شار تژی بووە لە مەلای جوێندەر، هەڵخەڵەتێنەر و توندڕەو، بەجۆرێک بانگخواز و واعیز ئەوەندە زۆر بوون کە لە هەر جێیەک دەڕۆی بە پێوەری دین پێناسە دەکرێی و ناتوانیت بە ئازادی لە هیچ کوێیەک بیر و بۆچوونی خۆت دەرببڕیت. ئەم فەزایەی مەلا و سیاسی درووستیان کردووە بەیەکەوە، بۆتە بارێکی قوڕسی ناقۆڵا بەسەر هەولێرەوە: ((ئەمڕۆ هەموو شوێنێک لە ئێمە داگیر کراوە. خراوینەتە بازنەیەکی یەکجار بچووک، لە بازنەکەدا دەسوڕێینەوە و تەنها تەماشاکەرین. ئەوەتا دەبێ بچین لە بازاڕە سەرگەردانەکان بەدەم قرتاندنی گوڵەبەڕۆژە خەفەت بە با بدەین. دەبێ لە تاکسییشدا ڕۆڵ بگێڕین، دەبێ لە شۆفێری تاکسییەکە بترسین. ل:٩٨)).

 ماوەتەوە بڵێم جوانیی ئەم ڕۆمانە لە (خۆبوون) ییەتی، لاسایی نییە. نووسەر بە جورئەتەوە. زمان و وێنەی تایبەت بە خۆی بەکارهێناوە، بە تەکنیکێکی بەرزیش. هیواخوازم بخوێنرێتەوە. هەموو دەقێکی کوردی (شیعر، چیڕۆک، ڕۆمان) لە واقیعیكی سەخت و غەریب لەدایک دەبێت. (سەخت) لەوەدا دژایەتیی دەکرێت، بە خراپ لێرە و لەوێ باسی نووسینی یەکتر دەکرێت. (غەریب)یش لەوەدا دەقەکان ناخوێنرێنەوە. گەر بشخوێنرێنەوە هەر دوای خوێندنەوە بە فەرامۆشیی دەسپێردرێن. دەنگە جدییەکانمان بە بێدەنگیی، بێ لێکۆڵینەوە ئاودیوی هەزاربەهەزاری فەرامۆشیی دەکرێن. بواری ڕۆشنبریی کوردیی لە ئاستێکی خراپدایە. زانکۆکانیش ڕۆلێکی یەکجار سەمەرە دەگێڕن. دوورونزیک ئاگایان لە ئەدەبی سەردەم نییە. کردارێکی سیاسیی ساختە بۆیان دەبێتە ڕووداو، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی ئەدەبیی تازەی کوردی بۆیان نابێتە هەواڵ! بۆچی بەشی زۆری مامۆستایانی ئەدەبیات لە زانکۆکانی کوردستان ئاگاداری ئەدەبی تازە نین و کەموزۆر چیڕۆک، ڕۆمان و شیعری نوێ ناخوێننەوە! ئایا خوێندنەوەی نالی و مەحوی و چەند بەندوبالۆرەیەکی فۆلکلۆریی و هەندێ زانیاری پێناسەیی سەبارەت بە تیۆر و ڕەخنە بەسن تا نازناوی (ماستەر لە ئەدەبی کوردی/ دکتۆرا لە ئەدەبی کوردی) بەسەر خۆماندا ببڕین! سەبارەت بە شاعیران و نووسەران: بۆچی بەشێک لە نووسەرانی کورد بەبێ ئەوەی نووسەرانی کورد بخوێننەوە بە خراپ باسیان دەکەن؟ ئایا هێشتاش گرووپچییەتی بەردەوام نییە؟ لەمەوەیە جارێکی تریش دەیڵێمەوە: بەرهەمی ئەدەبی کوردی لە واقیعێکی سەخت تا ئاستی هەناسەتەنگی و خنکان لەدایک دەبێت. بە غەریبیی دەژیت. لە کلاسیکەکانەوە تا ئێستاش هاوار و ناڵەی ئەدیبان بەدەست ئەم ئازارەوە دەبیسترێت و نابڕێتەوە.

 

 سەرچاوەکان:

- زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت. ڕێبین خدر، بڵاوکراوەی نووسیار، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠

-١٢ نامە بۆ ڕۆماننووسێکی لاو، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، و : شیرین ک، لە بڵاوکراوەکانی ڕەخنەی چاودێر، ٢٠٠٨

- هونەری ڕۆمان، میلان کۆندێرا، و: کەریم پەڕەنگ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨

- پەردە، میلان کۆندێرا، و: کەریم پەڕەنگ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢

- ئەم هونەری شیعرە، خۆرخێ لویس بۆرخیس، و: سەیوان محەمەد، بڵاوکراوەی ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، ٢٠١٦

 

 


ئەم بابەتە 132 جار خوێندراوەتەوە