sirws.jpg

ئەكتەرێكی بەناوبانگی ئێران كۆچی دوایی كرد

سیروس گورجستانی، ئەكتەری بەناوبانگی ئێران، لەتەمەنی 76 ساڵی به‌هۆى جه‌ڵته‌ى دڵ كۆچی دوایی كرد.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ له‌ ئێران هه‌واڵى كۆچى دوایى هونه‌رمه‌ند و ئه‌كته‌رى بەناوبانگی ئێرانى (سیروس گورجستانی) بڵاوكرده‌وه‌، هۆكارى كۆچكردنه‌كه‌شیان بۆ نه‌خۆشى جه‌ڵته‌ى دڵ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ كه‌ شه‌وى رابردوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ بارودۆخى خراپ بووه‌ و ئه‌مڕۆكه‌ 2/7/2020 هه‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌ له‌ شارى تاران كۆچى دوایى كردووه‌.

سیاوەش گورجستانی كوڕە گەورەی هونەرمەند لەبارەی مەرگی باوكییەوە به‌ مێدیاكانى وڵاته‌كه‌ى ڕایگەیاندوه‌، كه‌ باوكی بەهۆی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی لواسانی تاران كۆچی دوایی كردووە. هه‌ر دوابه‌دواى كۆچى دوایى سیروس گورجستانی هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێبانى هه‌ریه‌كه‌ى به‌جۆرێك هاوخه‌مى خۆیان بۆ كۆچى دوایى ده‌ربڕیووه‌.

سیروس گورجستانی (Sirus Gorjestani) له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- ناوى ته‌واوى: عه‌لى ئه‌كبه‌ر مه‌حمود زاده‌ گورجستانی.

- پیشه‌ى هونه‌رى: ئه‌كته‌ر

- له‌ رۆژى 16/3/1945 له‌ شارى ئه‌نزه‌لى له‌ دایكبووه‌.

- لە ساڵی 1970 چالاكییە هونه‌رییه‌كانى لە ڕۆڵبینینی لە بواری‌ شانۆدا دەستپێكردووه‌.

- لە ساڵی 1977 هاتۆته‌ ناو دونیا فلیمە سینەمایی و زنجیرە دراماكان.

- له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى هونه‌ریدا بەشداری لەنزیكەی (50) فلیمی سینەمایی و (70) زنجیرەی دراما و (23) شانۆ كردووە.

- له‌ چه‌ند درامایه‌ك رۆِڵى تێدا بینوه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و بینه‌رى تایبه‌تى خۆى هه‌بووه‌، له‌وانه‌: (خۆش نشینەكان، تاوانبار هەڵهات، دراوسێكان، ژنی بابە و... هتد).

- دواهه‌مین به‌هه‌رمه‌یشى به‌شدارى كردن بووه‌ له‌ دراماى (شادەمار)، كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانى ئێران پەخشدەكرێت، كە باسی ساڵانی 1980ى ئێران دەكات.

- له‌ رۆژى 2/7/2020 له‌ ته‌مه‌نى (76) ساڵى به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى لواسانی له‌ شارى تاران كۆچى دوایى كردووه‌.


ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە