Paykary_Shoxek.jpg

کتێبی پەیکەری شۆخێک

ئاماده‌كردنى: ئەدەب و هونەرى كوردستانى نوێ

ژن مانا و مەغزای گەورەی ھەیە، ژن کانیاوێکی پەنگخواردووی فەرھەنگی ژیانە لە میانی ئومێد و دڵنیایی، دەبا ئەویش کەمێک ئەم نیشتمانی گریانە جێبێڵێت و ئاشنایی لەگەڵ تریفەی بزە و پێکەنین پەیدا بکات، ململانێکانی نێو ھەناوی نمایش بکات، ئاوێتەی دونیابینی بێت ژانرە ئەدەبییەکاندا ئاوێزان بکات، تلبوونەوەی کڵۆ بەفری شکستی لە شوێنێکدا رابگرێت، لەبەرئەوەی ژیانی بایەخ پێدان و ھەستپێکردنە، لە شێوە نەرمە باران و نەغمەی مۆسیقایەکی ھێمن، ئەبارێتە سەر رۆح، ژیانیش بێ ژن وەک لاشەیەکی بێرۆحە، ژن نیشانەیەکی درەوشاوەی بیرتیژیی و رووناکبیرییە، ھەم تەرزە ژیانێکی خۆشگوزەرانیشە.

کتێبی پەیکەری شۆخێک نوێترین بەرھەمی گوڵزارحەمەفەرەج-ە کە جگە لەوەی وێنەی ژیان وروانین و دەربرینەکانی کوانووی نێو ناخی ژنە بەشێکیشە لە تێکستی ئەدەبی گەوھەرداری ئیلھام بەخشە لە یادکردنەوە و سەرگروشتە و چیرۆکی بەرەنگاری لەمپەرەکانی بەردەم خەم و خولیانی ژن، نووسەر خاوەنی چوار کتێبە پێش ئەم بەرھەمەی بە ناوی - چەپکێ گوڵەنیرگز و باوک ھیوایەکی نوێ و یادەوەریەکانی کچی گوڵعەنبەرو رازەکانی ژیان ” کە سەرجەمیان تێکستی ئەدەبی رۆمان و یاداشتەکانی نووسەر خۆین.

نووسەر لێرەدا و لەم کتێبە نوێیەیدا کە پێنجەم کتێبیەتی چاپی بکات، تا عەقڵ و ئیدراک بکات باسی فرە رەھەندی پرس و گۆشە نیگاکانی ژن و ژیان دەکات، لە نێوان فەنتازیا و چیرۆک و زبری واقیعدا راوەستاوە و نە رەوتی ژیانی پێ دەگوڕدرێ و نە زامەکانی پێ ھەتوان دەکرێ، مامەڵە و ئەندێشەکانی ژن لە دووتوێی ئەم کتێبەدا، بەروونی بیرۆکە و ئایدیاکانی دەبینین و نووسەر خوێنەر بەنێو دێڕەکانی کتێبەکەدا پەلکێش دەکات بۆ تێگەشتن لە ژن و پێچانەوەی ئاواتەکانی، نووسەرئەوەش دوپات ئەکاتەوە کە بۆ ئەوەی واقیعی بین ئەبێ دڵمان بەنوری عەقڵ رۆشن کەینەوە ئەگینا تا ئەبەد کۆیلەی عەقڵ دەبین، دواتریش خەمەکانی وەک تەمێک لەسەر زەوی جێدێڵێت، ھەر چەندە لەشکری خەم بەتاو و ھێرشی بۆ دێنێت، بەڵام لای ژن یاسایەک ھەیە کە ئەویش ئەوەیە ئەڵێ گەرپێت نەکرا شادومانی بکڕی، ئەوا بەکرێی بگرە ! واتە خۆشییەکان گەرچی کەمیش بن ئاوێزانی ژیانی خۆی دەکات ھەردەم بەھیواوە دەژی، بەھیوای بەدیھاتنی زۆرێک لە ئاواتەکانی کەرۆژێ دێت خەونەکانی وەک مینی خۆشبەختی بەروویدا بتەقێتەوە، ئەوکات دەزانێ دووچاو چەن کەمە بۆ بینینی جوانییەکان.


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە