Dana.jpg

باخی گێلاس و رەوشی سیاسی ئەمڕۆی مۆسکۆ

دانا ڕەئووف

باخی گێلاس، کە دوا دەقی چێخەف-ە و لە ساڵی 1903 نووسیویەتی، هەمیشە بۆ ڕووسیا و بۆ جیهانیش شتگەلی نوێیان تێدایە و دەکرێت لە هەموو سەردەمێکدا نەمایش بکرێت و زۆر شتی تازەیش بەو ڕۆژەی نەمایشەکەی تیا پێشکەش دەکرێت، بڵێت. سانسور هەر لە سەردەمی چێخەف-ەوە لەم ڕاستییە گەیشتووە، دەسەڵاتی ئەو دەمە دەیزانی چێخەف چ لوخمێکی لە خاکی ڕووسیادا چاندووە، کە ئەگەری ئەوەی هەیە، هەمیشە و لە هەموو سەدە و سەردەمێکدا بتەقێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیش لە ساڵی ١٩٠٥ەوە، سانسۆری تسار هەموو جۆرە نەمایشێکی باخی گێلاس قەدەغە دەکەن. دونیابینی چێخەف و ئایندەبینی لە دەقە شانۆییەکانیدا، بە تایبەتیش باخی گێلاس، دەروازەیەکی گەورە بە ڕووی پرسە سیاسیی، ئیکۆنۆمی، سەرمایەداری، هەروەها خودگەراییەکاندا، بۆ هەمیشە دەکاتەوە. ڵەپاخین و ترەفیمەڤ ئەو دوو کارەکتەرەن، کە دەکرێت نوێنەری لیبرالیزمی نوێ، سەرمایەداری، گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دونیا گلوبالیزمەکەی ئەمرۆمان بن. چێخەف توانی بە باخی گێلاس ئاڕاستەیەکی نوێ، سەرەتایەکی تر و مێژوویەکی جودا، نەک تەنها بە شانۆی ڕووسی، بەڵکوو بە شانۆ و درامای ئەوروپیش ببەخشێت. ڕەخنەگرانی شانۆ ئاماژەیان بۆ ئەوە کردوە، کە لە دوای باخی گێلاسەوە نە ڕووداو و نە پاڵەوانیش، لە شانۆی جیهانیدا، لە ڕوانگە و چەمکەکانی خۆیانەوە نەماونەتەوە.

چێخەف وەک ئەو جادوگەرە وایە، کە بە گۆچانەکەی دەستییەوە، لە ڕووسیای تسارەوە، بە ڕارەوەکانی مێژوودا تێدەپەڕێت و زۆر بە ئاسانی دێتە لای ئێمە و له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێمه‌دا، دەبێتە هاوچەرخمان، کێشە و قەیرانەکانمان بۆ دەخاتە ڕوو، وەک پزیشکێک دەست دەخاتە سەر ئازار و برینەکانمان، دەروازەکەمان بۆ دەکاتەوە و خۆی لە سوچێکەوە دەوەستێت و بە هێمنی تەماشامان دەکات تا بزانین چی دەکەین! بێگومان چۆن بە هێمنی بۆتە هاوچەرخمان، بە هەمان شێوەیش بەرەو ئایندە و نەوەکانی دوای ئێمەیش دەڕوات و هەمیشە هاوچەرخی هەموو سەدە و نەوەکان دەبێت.

(قوتابخانەی هونەری درامی) لە مۆسکۆ، باخی گێلاس، وەک کۆمیدیەکی تێکەڵاو بە هەستێکی غەمگین نەمایش دەکەن، نەمایشێک بە هەوای ئەمڕۆی ڕووسیا هەناسە دەدات؛ چێخەف ڕێک بۆ ئەم کاتە پڕ لە پشێوی و گەندەڵی و قۆرخی دەسەڵات و لیبرالیزمێکی سەرمایەداری ڕووسیای نووسیوە. ریژیسۆری نەمایشەکە (ئیگەر یاتسکو)، کە هەر خۆی ڕٶڵی گایەف-یش دەبینێت، بە ووردی و بە ئاگاییەوە، هەر لە سەرەتاوە کاری لەسەر کارەکتەری (ڵەپاخین) کردووە، ڕێگای ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بۆ دەکاتەوە، بە جووڵەی بەهێز و خێرا و جەستەیەکی فیزیکی مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر و ڕووداوەکان دەکات، هەمیشە شتگەلێک دەبینێت، کە ئەوانی تر نایبینن. بە هەمان شێوە ترەفیمەڤ/شۆڕشگێڕە گەنجە قوتابییەکە، دەکاتە نوێنەری سیاسییە گەندەڵ و لیبریالیزمە نوێیەکان و تەنها مەبەستیان گیرفانی خۆیانە. ئەم شۆڕشگێرە گەندەڵە بەرجەستەی وێنەیەکی کاریکاتۆری دەکات و دەبێتە جێگای گاڵتە پێکردنی کارەکتەرەکانی تر، وێنەیەکی کۆمیدی و کارەکتەرێکی بێهێز و هەلپەرست، کە وەک سیاسییەک بڕوای پێ ناکرێت، هاوکات خۆیشی بڕوای بە خۆی نییە. ریژیسۆری ئەم نەمایشە ئەو تراجیدیایە دووپات دەکاتەوە، کە کارەکتەرەکان لە ناوەوەی خۆیاندا هەستی پێ دەکەن، بەڵام لەسەر شانۆ بۆ بینەران دەبنە فیگوری کۆمیدی. کارەکتەرەکان لەنێو تراجیدیادا کۆمیدین؛ ترەفیمەڤ لای چێخەف و لە دەقەکەدا، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر باری ڵەپاخین و بە دژی خۆی دەزانێت و ئامادە نییە، ئەو بڕە پارەیەی ڵەپاخین وەک یارمەتییەک دەیداتێ، وەربگرێت، بەڵام لەم نەمایشەدا، ترەفیمەڤ بە ئاسانی، وەک سیاسییەکی گەندەڵ دەکەوێتە ژێر رکێفی ڵەپاخین-ەوە و پارەی لێوەردەگرێت و بە مەرجەکانی سەرمایەداری و لیبرالیزمی نوێ قایل دەبێت. ڵەپاخین چاوی لەسەر باخچەکەیە، ئاغاکانی دەکاتە دەرەوە و کلیلەکان وەردەگرێت.

لەم نەمایشەدا، جگە لە ڵەپاخین و ترەفیمەڤ، ریژیسۆر کاری لەسەر کارەکتەرێکی لاوەکی، بەڵام گرینگی وەک (فیرس) کردووە، بۆ ئەم مەبەستە، دوو (فیرس)ی داناوە، یەکێکیان پیرە فیرس، کە بێدەنگە و بە کەمانچەیەکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات، هەمیشە لەسەر شانۆیە و ئاوازێکی غەمگین بە ڕووداوەکان دەبەخشێت. فیرس-ێکی تریش، کە لە تەمەنی خاتوو لوبۆڤ-دایە و وەک منداڵێک لەگەڵ ئەوان لە باخچەی گێلاسەکەدا گەورە بووە. بەم شێوەیە ئەم نەمایشە مەودایەکی مێژوویی/دیالێکتیکی/ئێستاتیکی دەبەخشێت بە کارەکتەری فیرس. فیرس ڕەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ڕووسیدا داکوتیوە، هەموو دەڕۆن، بەڵام ئەو کۆڵ نادات و دەمێنێتەوە، فیرس لە مێژووەوە ئامادەیە، بێدەنگە و چاودێری ڕەوڕەوەی مێژوو دەکات. تەماشای خۆی دەکات بە گەنجی، کە لە ماڵ و موڵکەکەی بنەماڵەی لوبۆڤ ڕانێفسکەیا و گایەف دا، وەک کۆیلە کار دەکات و گەورە دەبێت. چێخەف دەقێکی سیاسی، بە شێوازێکی تەواو دوور لە سیاسەتەوە دەنووسێت، ریژیسۆری نەمایشەکەیش، شانۆیەکی سیاسییمان، لە فۆرمێکی ئێستاتیکی دا، دوور لە هەموو جۆرە پروپاگەندە و زەقکردنەوەی ئایدۆلۆژییەکەوە بۆ پێشکەش دەکات.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە، لە وێنەیەکی ئێستاتیکیدا، بە بەرچاوی بینەرانەوە، دار گێلاسەکان دەبڕێتەوە و لە بری ئەوە داچە (خانووی بچووکیان) لێ دروست دەکات. کرێکارانی شانۆ، لە کاتێکدا ڵەپاخین کلیلەکان وەردەگرێت، هێدی هێدی پارچە بلۆکی گەورەی لە تەختە دروستکراو، دەهێننە سەر شانۆ و لەنێو هەموو پانتایی شانۆکەدا، بڵاوی دەکەنەوە. پانتایی شانۆکە، لە سەرەتاوە بە تاڵە، هیچ دیکۆرێکی دیاریکراو، جگە لە بلیاردێکی گەورە، کە لە قووڵاویی ناوەوەی ناوەڕاستی شانۆکەدا دانراوە، هەروەها کورسییەکیش لە ناوەڕاستی شانۆکەدا، هیچ شتێکی تری تیانییە. ئەوەی پێویستە لە کاتی خۆیدا دێتە ژوورەوە، کە ڕۆڵی تەواو دەبێت، دەبرێتەوە دەرەوە. بۆ نموونە، دۆڵابە سەد ساڵییەکە، کە ناوەندگەرایەکی گرینگ و سمبۆلێکی بە هێزی نەمایشەکەیە، کە دەهێنرێتە سەر شانۆ، بە پێچەکانییەوە، وەک هێماگەلێکی بەهێز و بە دەنگێکی ترسێنەرەوە دێتە سەر شانۆ.

شاڵۆتە، وەک کارەکتەرێکی گرۆتیسک سەرەتا لە قووڵایی شانۆکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات، وەک لێبوکێکی سێرک، ئاکتێکی کۆمیدی هێڵی ڕووداوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و هەمیشەیش نزیکە لە لوبۆڤ ڕانێفسکەیاوە، چاودێری دەکات و تەنها هەر ئەو هەست بە دڵەڕاوکێ و پەشۆکاوی لوبۆڤ دەکات. شاڵۆتە خۆی تراجیدیای ژیانە و لە کۆمیدیادا دەژی، چاوی چێخەف-ە و تراجیدیای ژیانمان بە کۆمیدیا بۆ دەخوێندێتەوە، شووناسی کارەکتەرەکانی تریش، بە تایبەتی بەردەستەکان: دونیاشا، یاشا، یپیخۆدەف، هەروەها پیشیک، لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. ئەوەی لەم نەمایشەدا گرینگە ئەوەیە، کە شاڵۆتە ئەو هێزەی هەیە کارەکتەرەکانی تر کۆبکاتەوە، وێنەیەکی گرۆتیسک و گاڵتەجاڕ بە چەمکە درامییەکانی ژیان و وێنە تراجیدیاکەی نەمایشەکە ببەخشێت.

چارەسەرەکانی ریژیسۆر و بەستنەوەی دەقەکە بە کێشەی ڕۆژگارەکانی ئەمڕۆی ڕووسیاوە، زیاتر لە دیمەنی کۆتایدا بەرجەستە دەبێت؛ بۆ چێخەف، هەروەها لەم نەمایشەیشدا، بە کۆتایی دەقەکە و دوا پەردە، نەمایشەکە کۆتایی نایەت، بەڵکوو گرینگی دەق/نەمایش لەوەدایە، کە لە دوای دوا پەردەوە، کۆتایی نایەت: هەموو شتێک کۆتایی پێدێت، باخچەی گێلاس لە مەزادا فرۆشراوە، خاوەن موڵک (لوبۆڤ ڕانێفسکەیا و گایەڤ)ی برای دەکرێنە دەرەوە و چینە سەرمایەدارە تازەکە (ڵەپاخین) دەردەکەون. کە هەموو شتێک تەواو دەبێت، شورایەکی بەرز بە ڕووی بینەراندا بەرز دەبێتەوە، دیوارێکی بەرز تا ساپیتەی شانۆکە، لەم سەری شانۆکەوە بۆ ئەوسەری شانۆکە لەبەردەم ریزی یەکەم ریزی کورسییەکانی بینەران دا بەرز دەبێتەوە. هەموو شتێک کۆتایی هات، هەموو شتێک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەردا هات و سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات و دابڕانێکی گەورە بە ڕێگاوەیە.

لەم کۆتاییەدا، پیرە (فیرس) لەنێو کەل و پەلە بەجێهێڵراوەکەی ئەم ماڵەدا، بە تەنها بەجێ ناهێڵرێت، وەک لە دەقەکەدا وایە، دوا چرکەساتی نەمایشەکە، دوای بەرزبوونەوەی دیوارەکە بەڕووی بینەران و دروستکردنی ئەو بەندیخانە گەورەیە بۆ بینەران (هەموو ڕووسیا) و کوژانەوەی هەموو ڕووناکییەکان، پیرە (فیرس)، خۆیی و کەمانچەژەنەکەیش، لەنێو بینەراندا دەردەکەون.

ئەم ریژیسۆرە دەیەوێت بڵێت تەنها نەوە کۆنەکە بۆ چارەنووسی خۆی و بە تەنها بەجێ ناهێڵرێت، بەڵکوو هەموو رووسیا، ئەمڕۆ و بە تەنها، بە پیر و گەنجەوە، لە بەندیخانەیەکی گەورەدا، لە چارەنووسێکی نادیاردا به‌جێ ده‌هێڵرێن. ئەمەیش کردنەوەی ئەو شیفرەی نهێنییەیە، کە بۆ ئێمە لە سادەییەوە ژیانی ئەوان و ڕووسیای ئەمڕۆ پێک دەهێنێت، بەڵام چیتر ئەو سادەییە، سادە نییە و ژیانێکی سەخت چاوەڕوانییانە.


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە