هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار و فۆتۆگرافه‌ر رۆسته‌م ئاغاله، یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌نده شێوهكارییانهى كه ساڵانێكى زۆره مشتومڕێكى زۆر ده‌رباره‌ى به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانى له ئارادایه، كه‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه هێنده‌ى ئه‌و رووبه‌ڕووى نه‌یاران و تێبینى و ره‌خنه‌ى نه‌شیاو بووبێته‌وه، كه جاربووه په‌یوه‌ندیشى به هونه‌ره‌وه نه‌بووه! كه‌م هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه هێنده‌ى ئه‌و هونه‌ره‌كه‌ى سه‌رنجى بیانیه‌كان راكێشێت و ببێته جێى سه‌رنج و ستایشى بینه‌ره بیانیه‌كان، رۆسته‌م له نێوان گله‌یى هاوه‌ڵه‌كانى و ستایشى بینه‌ره‌كانیدا هه‌میشه تاكه وه‌ڵامى له ڕێى تابلۆوه بووه، ئه‌وه‌ى ئاگادارى شریتى عومرى ئاغاله بێت، پێى سه‌یر ده‌بێت چۆن بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وازى له هونه‌ر نه‌هێناوه ؟، رۆستهمى به‌رده‌م لێشاوى ره‌خنه به باوه‌ڕبوونى به به‌هره و تواناى خۆى ئێستا بۆته ره‌نگێكى گه‌رم له ناوه‌نده په‌یوه‌ندى سارده‌كه‌ى هونه‌رى كوردى .
ئاغاله و ناوه‌ندى هونه‌رى و وه‌همى ته‌جرید
ناوه‌ندى ئه‌ده‌بى و هونه‌رى كوردى، وه‌كو ناوه‌ندێكى بێ مێژوو (مێژووى ئیبداعى) هه‌میشه ناوه‌ندێكى وابه‌سته و لاسایكه‌ره‌وه بووه، به‌شێكى به‌رچاو له هونه‌رى كوردى پاشكۆى مۆدێل و ستایلى خوازراو بووه، هه‌ندێ له شێوه‌كاران ستایلى هونه‌ریان له مهلزهمهكانهوه ده‌هێنا و به بینه‌ره بهستهزمانهكانى كوردیان ده‌فرۆشته‌وه، بێ ئه‌وه‌ى بزانن، یان بیانه‌وێ تێبگه‌ن، كه به‌جیهانیبوون لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، رۆمانه‌كانى ماركیز بچووكترین ورده‌كارییه‌كانى ژیانى كۆڵۆمبیهكانى له‌خۆ گرتووه، ئه‌گه‌ر بێت و وانه‌بوایه كه‌س ئاوڕى لێنهدادهیهوه، به جیهانیبوونى هه‌ر هونه‌رێك له لۆكاڵییه‌وه ده‌ست پێده‌كات و لێره‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه دنیا، ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌یان له هونه‌رى رۆسته‌م ده‌گرت ئه‌وانه بوون كه پێیان وابوو له خواستنى ستایلى خۆرئاواوه ده‌بنه پێشه‌نگ، گله‌یى و ناتۆره‌یان له لۆكاڵیبوونى به‌رهه‌مه‌كانى رۆسته‌م ده‌گرت، دواتر ده‌رچوو هه‌رچى خۆرئاواییه زیاتر به‌ره‌و هونه‌رى ئاغاله ده‌كشێت و گرنگى پێده‌دات، چونكه به‌رجه‌سته كردنى رۆحى خۆماڵییه و هه‌ڵگرى تامه هونه‌رییه‌كانى رۆژهه‌ڵاته، فرۆشتنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى خوازراوى خۆرئاوا به خۆرئاواییه‌كان به‌هه‌ده‌ر دانى توانا و به‌هره‌یه، نمایشكردنى كاڵایه‌كى ناسرا و باوه و كه‌س گرنگى پێنادات، به‌هره‌مه‌ندى راسته‌قینه هاوارى خۆى به گۆرانى خه‌ڵكى ناگۆڕێته‌وه، ده‌ریشچوو رۆسته‌م له مه‌وداى دوور چه‌ند براوه‌ى گره‌وى داهێنانه و چه‌ند خۆڕاگریش بوو له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌موو هێرشه ناڕه‌وایانه‌ى ده‌كرایه سه‌رى، شێوه‌كار گرنگ نییه بتوانێت باش له باره‌ى شێوه‌كارییه‌وه قسه بكات، گرنگ ئه‌وه‌یه باش بتوانێت تابلۆ بنه‌خشێنێت .
گۆرانیبێژ گرنگ نییه بتوانێت باش له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه قسه بكات، گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانێت باش گۆرانى بچڕێت و نه‌شاز نه‌كات، هێرشى ته‌جرید خوازه‌كان بۆ سه‌ر رۆسته‌م ده‌رچوو كه هێرشێكى نابه‌جێیه و ئه‌وه خۆرئاوا خۆى خه‌ریكه باوه‌ڕى به ره‌نگ نامێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نمایش كردنى ئایدیا و ئه‌ندێشه، له رێگه‌ى هونه‌رى پۆست مۆده‌رنێته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شى ژیان خۆى، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شى خودى ئینسان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى جوانیه‌كانى دنیا و ئه‌و په‌رشوبڵاوییه و ئه‌و فره‌ییه‌ى كه له جیهاندا هه‌یه . ئه‌وانه‌ى ئێمه لێره‌وه ده‌ڕۆن و خۆرئاواش له‌وسه‌ر گه‌ڕایه‌وه، ئه‌وانه‌ى ئێمه ژیانیان به جۆگه‌له شوبهاند و له وه‌همى پهڕینهوهدان، كه‌چى خۆرئاوا گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌و قووڵییهى جیهان و ئینسان كه چه‌شنى ده‌ریایه .
ئاغاله و فه‌یروز
ره‌نگه خوێنه‌ر، یان خودى رۆسته‌میش سه‌باره‌ت به‌م تایتڵه پرسیار بكه‌ن، ئاخر بۆ فه‌یروز ؟ له راستیدا خانمه هونه‌رمه‌ندى ناودارى عه‌ره‌ب : فه‌یروز، هه‌میشه به‌وه ناسراوه كه گۆرانییه‌كانى داكۆكى له منداڵبوونه‌وه و گه‌وره‌نه‌بوون ده‌كات، گۆرانیه‌كانى هى ئه‌و منداڵانه‌یه كه نایانه‌وێت له‌سه‌ر جۆللانه بێنه خواره‌وه، نایانه‌وێت گۆى زه‌وى به تۆپه لاستیكهكانیان بگۆڕنه‌وه، ده‌یانه‌وێت له ڕێى بینینه جوانه‌كانه‌وه، ناشیرینیهكانى دنیا و رۆژگار فه‌رامۆش بكه‌ن، تابلۆكانى ئاغاله له وێناكردنى سروشت به چاو و بینینى منداڵانه‌وه به‌هایه‌كى پاك و سۆزدار ده‌به‌خشنه شته‌كان، له هونه‌رى ئه‌ودا ده‌شێت گو‌ێدرێژێك چه‌شنى بووكێك بڕازێته‌وه و كورتانه رهنگدارهكهى له كه‌واى ژنێكى نازه‌نین بچێت، هێنانه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى جوانى بۆ كورتانى گو‌ێدرێژێك، یان پردێكى رووخا‌و، یان دره‌ختێكى سووتاو، مه‌غزاى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى دنیابینیهكه كه پڕه له سۆز و به‌زه‌یى، پڕه له به‌رائه‌ت و لهخۆبووردهیى، كه ئه‌مانه هه‌مووى له دنیاى منداڵانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، لاى منداڵێك ده‌شێت سێبه‌رى دره‌ختێكى سووتاو بكرێته نیشتمان، ده‌كرێت بانگدانى كه‌ڵه‌شێرێك یان باعاندنى به‌رخێك بكرێته سروود و هوتاف، زمانى ره‌نگ له تابلۆكانى رۆستهمدا، زمانى یاده‌وه‌رییه، ره‌نگ ده‌بێته رووداوێك كه له قوژبنێكى رابردووماندا هه‌ڵكوڕماوه، گرنگى تابلۆكانى رۆسته‌م به پله‌ى یه‌كه‌م له‌وه‌دایه كه ئه‌و پێش ئه‌وه‌ى بۆ بینه‌ر ره‌سم بكات، بۆ خودى خۆى ده‌یكات، ئه‌و به شوێن گه‌ڕاندنه‌وه‌ى تامه‌كانى یاده‌وه‌رى خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، بۆیه‌شه ناكه‌وێته ژێر كاریگه‌رى هیچ هونه‌رمه‌ندێك، چونكه له ژێر كاریگه‌ریه‌كى قوڵتر دایه كه منداڵى خۆیه‌تى، ئه‌و له كالیفۆرنیاش بژى ئه‌و ده‌رگا كۆن و پیسانهى كۆیه به‌رۆكى به‌رناده‌ن، ئه‌و كۆڵانه ته‌سك و تروسكانهى كۆیه خه‌یاڵى فراوان و بیرۆكه و ئه‌ندێشه‌ى گه‌وره‌ى پێده‌به‌خشن، بێگومانم كاتێك له‌به‌ر سپلیتهكهى گه‌له‌رى زامواش دانیشتووه بۆنى گیاى سه‌ر مه‌نجه‌ڵه ماستهكانى كۆیه ده‌كات، رۆسته‌م له‌و یاده‌وریانه ده‌ربچێت، رووبه‌رووى گه‌وره‌بوون ده‌بێته‌وه، ئه‌و كاته‌ش ده‌بێته كه‌سێكى ئاسایى و به‌ده‌م كڕینى په‌تاته و سه‌ودا كردنى پارچه قوماشێكه‌وه شین و مۆر ده‌بێته‌وه . گه‌وره‌بوون و دووركه‌وتنه‌وه له منداڵى بۆ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك، واتاى دووركه‌وتنه‌وه له كانیهكانى به‌هره ده‌گه‌یه‌نێت .