Hezha.jpg

توركیاناسی: درامای توركی وه‌ك نمونه‌

هێژا دڵشاد

هونەر و سینەما، بەتایبەت فیلم و دراما، لەمڕۆدا كایەی سەرەكین لە هێزی نەرم و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا، ئەم هێزە بەكاردێت بۆ دروستكردنی هەژموونی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و بازرگانی تا ئەگاتە ئەو خاڵەی ئامانجەكانی ئەپێكێت. 

یەك لە چەكە بەهێزەكانی هێزی نەرم لە دنیای ئەمڕۆدا، فلیم و درامایە، لە رێگەی تەلەفیزیۆن و كۆمپانیاكانی فیلمسازییەوە بەرهەمدەهێنرێت. سینەما یاخود فیلم و دراما تەلەفیزیۆنییەكان، بونەتە شتێكی گرنگ لە كلتوری هەر تاكێكی زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، بەشێوەیەكی گشتی تادێت بە سەرنجڕاكیشر دەبێت لەسەر ئاستی جیهان. زمان، كولتور، هەموو ئەمانە بەشێكی سەرەكی نیشاندەرن لەفیلمەكان.

لەم بارەیەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پلەی یەكەم لە بەرهەمهێنانی فیلم و دراما دێت، ئەمریكا دەستی گرتووە بەسەر %75 ی فیلمە نمایشكراوەكانی جیهان. گەورەترین قازانج و داهات بەدەستدەهێنێت، بە رێژەی %80 ی فیلمی سینەمایی لەسەرئاستی جیهان بەرهەمدەهێنێت. 

لەبارەی "هێزی نەرم"ەوە جۆزیف نای، بیرمەندی ئەمریكی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان كە یەكەم كەس بووە بیرۆكەی "هێزی نەرم" ی داڕشتووە، دەربارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم لە هۆڵیود دەڵێت " سەرەڕای كەموكورتییەكان، سینەمای هۆڵیود زیاتر لە زانكۆی هارفۆرد بازاڕ گەرمی بۆ سیمبولە بینراوەكانی هێزی نەرمی ئەمریكی دەكات".

كەواتە سینەما و دراما رۆڵێكی گەورەی لە ژیانی تاكی مرۆڤەكان هەیە بگرە تا رادەیەكیش لە لە ژیانی هەموو جیهاندا، لە رێگەی سینەماو دراماوە دەكرێی توانی عەقڵ و كلتوری وڵاتێك بۆ بچوكترین شار لە جیهاندا هەناردە بكرێت.

هێزی نەرم یاخوود گەشەسەندنی كەرتی سینەما و درامای تەلەفیزیۆنی، بۆ وڵاتێكی وەك توركیا رووداوێكی تازەیە لەچاو مێژووی سینەمای ئەمریكی، لە توركیا لە 15 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان كەرتی درامای تەلەفیزیۆنی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی، ئاشنایەتی توركیا بۆ تەلەفیزیۆنی توركی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1968 كەئەویش  گروپەكانی كەناڵی TRTتەرەتە دەگرێتەوە، بینا سەرەكییەكەی لە  ئەنقەرەیە.  بۆ یەكەمجار لە مانگی یەكی ساڵی 1968 یەكەم كەناڵی توركی وەك كەناڵێكی فەرمی دەوڵەت كرایەوە. 

تەرەتە لە 13 كەناڵ پێهاتووە، هەریەك كاری تایبەتی خۆی هەیە، ، كەناڵی خەبەری، درامی، موزیك، كەناڵێكی خەبەری جیهانیشی هەیە بەزمانی ئینگلیزی، لە ساڵی 2009 تەرەتە كوردیش كرایەوە بەدیالێكتەكانی زمانی كوردی پەخش دەكات. لەمڕۆدا دەیان كەناڵی ئاسمانی توركی هەن، كە زۆربەیان كەرتی تایبەتن و سەرمایەدارە گەورەكانی لەپشتە، زۆر پێشكەوتوونچ بە تەكنەلۆجیا و چ بە دراما و بەرنامەی هەمەڕەنگ، بەجۆرێك كەناڵەكانی دەوڵەت ناتوانێ‌ ركابەرییان بكات.

مێژووی درامای تەلەفیزیۆنی لە توركیا، سەرەتا لەكەناڵی تەرەتە دەستپێكردووە، ئەویش درامای خێزانی پێشكەش دەكرا لەساڵانی 1970 بەدواوەو لە 1980 درێژەی هەبوو، ژمارەی دراما توركییەكان بە پەنجەكانی دەست ئەژمێردران،  ئەو درامایانە لەو سەردەمەدا بۆ ناوخۆ بوو. یەكەم دراما لەساڵی 1974 لە تەرەتە نمایش كراوە.

بەڵام  لەدەیەی نەوەدەكاندا ژمارەی دراما و كەناڵە ئاسمانییەكانی توركیا رووی لەزیادبون كرد، بەڵام ئەم درامایانە تەنها بۆ ناوخۆی توركیا بوو، هێشتا پانتایی سنورەكانی توركیا تێپەڕنەكردبوو، تەنها چەند درامایەك هەبوو ئەوانیش لەناوخۆی توركیا نمایش دەكران لەڕێگەی كەناڵەكانی توركیاوە بۆ پارەپەیاكردنی كۆمپانیا و كەناڵەكەبووە.

توركیا لەدوای هاتنی سەر دەسەڵاتی ئاك پارتییەوە، هەوڵی بە لیبراڵیزم كردنی بەشێك لە كەرەستەكانی دەدات لەوانەش كەرتی هونەر و سینەمایە. هەر ئەوەشە لەساڵانی 2002 بەدواوە كەرتی تایبەتی بەرهەمهێنانی فیلم و دراما لەو وڵاتە بەشێوەیەكی زۆر بڵاو تەشەنەدەكات، دەیان كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دراماو سینەما كاردەكەن، كەناڵە ئاسمانییەكانی توركیا روو لە زیادبون دەكەن، سەدان و هەزاران ئاكتەری نوێ دێنە ناو شاشەی تی ڤی-یەكانەوەو ئەبنە پاڵەوانی دنیای خەیاڵی بینەران.  

دەشێ‌ دراما وەك سەرچاوەی داهات بۆ ناوخۆ و هەلی كار بۆ هەزاران هەزار كەس لە پشت سێت و فاكتەرێكی سەرەكیش بێت بۆ راكێشانی گەشتیار بۆ ئەو وڵاتە، بەتایبەت لە ساڵی  2007 بەدواوە ئامارەكانی ئەو وڵاتە هەڵكشانی هاتنی گەشتیاری وڵاتانی عەرەب بۆ توركیای نیشانداوە، ئەمەش تادێت روو لە زیادبون دەكات. 

لەمڕۆدا دراما توركییەكان لە وڵاتانی بەلقان، وڵاتانی جیهانی عەرەبی بەگشتی نمایش دەكرێت، دەرهێنەری درامای دۆڵی گورگەكان، یەك لە دراما ناوبانگەكانی توركیایە لە 2003 وە نمایش دەكرا تا 2015 كە درێژترین وەرزی درامای توركی بوو. جارێكیان لە دیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی "درامای دۆڵی گورگەكان لە 35 وڵاتی بیانی نمایش دەكرێت".

بە بازاركردنی درامای توركی و داهاتی دراماكان بۆ كۆمپانیا و ئەكتەرەكان، لەپاشان باجدانی كۆمپانیاو ئەكتەرەكانیش بە دەوڵەت لەپای ئەو دەستكەوتەی هەیانە. توركیا توانیوێتی بازاڕێكی گەورە لە كۆمەڵێك وڵاتی جیاواز بۆ خۆی دروستبكات.ئەم بازارە لە كەرتی گەشتیاریی، كاڵا و بەروبوم، تاكو راكێشانی سۆزی نەتەوەكانیتر بۆ توركیا و زمانی توركی دەگرێتەوە.

توركیا لەپاش ئەمریكا و ئەمریكای لاتینەوە دێت لە بەرهەمهێنانی دراما، بازاڕێكی باشی بۆ خۆی پەیدا كردووە و لە رێگەی دراماكانیەوە ئیش لەسەر كۆد و پایەكانی هێزی نەرم دەكات، بۆ نمونە كلتوری تورك، زمانی توركی، نیشاندانی شوێنە گەشتیارییەكانی ئەو وڵاتە، ئابووری، كلتوریی، سیاسی، ئەمەش بوعدێكی فرە رەهەندی وەرگرتووە.

دراما وەك جێگرەوەی ئابووری
توركیا لەساڵی 2016 دا، 350 ملیۆن دۆلار قازانجی لە دراما توركییەكاندا كردوە، كە لە نزیكەی 150 وڵات نمایش دەكرێن، لەساڵی 2019 ئەم داهاتە گەیشتۆتە 500 ملیۆن دۆلار. توركیا ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی 2023 داهاتی دراما توركییەكانی كە بەرهەمی دەهێنێت بگاتە یەك ملیار دۆلار. بەو پێیەی ئێستا توركیا لەپاش ئەمریكا بە دووەم وڵات دێت لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی درامای تەلەفیزیۆنی بۆ كەناڵ و كۆمپانیا بیانییەكان. توركیا لە ساڵی 1981 ، بۆ جاری یەكەم  درامای خۆی بە كەناڵەكانی فەرەنسی فرۆشتەوە، بەڵام لەمڕۆدا نزیكەی 100 دراما بە 150 وڵات دەفرۆشێتەوە، ئەمەش هەڵكشانێكی زۆری لەم كەرتە بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارێكی فەرمی ساڵی 2019، كۆی 150 درامای توركی لە سەرانسەی وڵاتانی جیهان نمایش دەكرێت. كە داهاتی ئەو ساڵەی گەیشتۆتە 500ملیۆن دۆلار لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، وڵاتانی ئاسیا و قەوقاز، ئەوروپا، روسیا، ئەفەریقا و ئەمریكای لاتین نمایش دەكرێت. كە مەزەندە كراوە بە 700 ملیۆن بینەر لەسەرتاسەری جیهان، بەمەش توركیا لەپاش ئەمریكا بە دووەم وڵات دادەنرێت لە بەرهەمهێنانی درامای تەلەفیزیۆنی. وا چاوەڕی دەكرێت تاكو ساڵی 2023 توركیا یەك ملیار دۆلار ساڵانە داهاتی دراماكانی بێت. بۆ نمونەش ئەگەر درامای Muhtesemyuzyil باس بكەین، لە 70 وڵات نمایش كراوە كە دەكاتە پتر لە 500 ملیۆن بینەر.

توركیا لەڕێگەی ئەم درامایانەوە تێكەڵەیەك لە كلتوری و شوناسی توركی نیشاندەدات هاوكات هەموو جوانییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەودیوی سنورەكانی خۆی بگوازێتەوە و سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ وڵاتەكەی رابكێشێت.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە