Narytakany.jpg

نەریتەکانی نووسین

ئێرنست هەمنگوەی - و. لە فارسییەوە: مستەفا شێخە

نەریتەکانی من لە نووسیندا زۆر سادەن: کاتێکی درێژ بۆ بیرکردنەوە و کاتێکی کەم بۆ نووسین

لە یەکەم کتێبمەوە وا دەردەکەوت لە ئاکامدا ڕێگەی خۆمم دۆزیوەتەوە. هەرگیز بۆ ساتێکیش گومانم نەکرد کە پێشڕەوی پانتاییەکی نوێم و بۆم دەرکەوت ساڵانی داهاتوو بەرهەمەکانم ئاوڕی بەخێریان لێدەدرێتەوە. هەر لەبەر ئەمە بوو، ویستم نەوەی دواتر ڕاپۆرتێکی ڕاستگۆیانەی لە هەموو هەڵسوکەوت و ڕێباز و ئەندێشەکانی منەوە پێ بگات.

 من شوێنکەوتووی شتێکم لەوپەڕی ژیان و لە دەرەوەی سەردەمدایە. بەڵام ئامانجی من پێشاندانی ژیانی مرۆڤە لە هەمان بیچمی ساکاری خۆیدا نەک ئەوەی بێڕازێنمەوە و پۆشتەی بکەم. من بیرمەندێکی گەورە نیم، پەیامێکی ئاگرینیشم بۆ بەرەی مرۆڤ نەهێناوە. سەرەڕای ئەمانە بەجۆرێکی سەرنجڕاکێش جیهان بە هەموو قوژبنەکانی ژیانییەوە دەناسم.

هیچکات ناچاری دۆزینەوەی "بابەت" نەبوومە- ئەوە "بابەت" بووە  منی دۆزیوەتەوە. وەک نووسەرانی پێشوو، خەڵکی بەهێز و ناسێنەرانی ڕێزداری رووحی سەردەم و تیمارکەرانی خەڵکم باش ویستووە. بابەتی حیکایەتەکان بە چەشنێک گیرۆدەم دەکەن کە ناتوانم ڕوو بکەمە هیچ کارێکی دیکە. ئیلهام دەتوانێ وەک خۆشەویستی هاندەر بێت.

کتێبەکانی من لە دەروون و دڵی ئەزموونەکانمەوە هەڵقوڵاون، بەڵام بەمەوە نەوەستاوم ڕووکەشانە و بێ بیرلێکردنەوە ڕێکیان بخەمەوە. نەریتەکانی من لە نووسیندا زۆر سادەن: کاتێکی درێژ بۆ بیرکردنەوە و کاتێکی کەم بۆ نووسین.

زۆربەی کارەکانم لە بیرگەمدا ئەنجام دەدەم. بەر لەوەی خەیاڵەکانم ڕێکوپێک نەبن، دەست بۆ نووسین نابەم. زۆر جار گفتوگۆکانم هەر ئەو جۆرەی لە نووسیندا دێن، یەک بە یەک ئەژماردوومن. گوێچکە چاودێرێکی باشە. هەرگیز دێڕێکم نەنووسیوە، مەگەر ئەو کاتەی زانیومە ئەوەی دەینووسم بە جۆرێک دەریدەبڕم کە لای هەموو کەس ڕوونە.

هێندێک جار بیرم لەوە کردووەتەوە شیوازی نووسینم بەر لەوەی ڕاستەوخۆ بێت، هێمایەکە. خوێنەر زیاتر دەبێ بیرکردنەوەی بخاتەکار و ئەگەر وا نەکات بەشێکی زۆری هەودای خەیاڵەکانی من نادۆزێتەوە.

من کوێرەوەرییەکی زۆر لەگەڵ کارەکانمدا دەکێشم. بە دەستێکی ماندوونەناسانە پێیاندا دەچمەوە و ڕێکیان دەخەمەوە. لە قووڵایی دڵمەوە لە زۆر دەستکردەکانی خۆم ڕازیم. بۆ ئەوەی مشتوماڵ بکرێن، بە وردی پێیاندا چوومەتەوە. ئەوەی هەر نووسەرێکی دیکە بە پشکێکی گەورەوە لێی ڕازی بووە، من بە تیفتیفەدانێکی کەمەوە ڕێکم خستووە.

کەمتر ئەم دەرفەتە باشەم بۆ ڕەخساوە بتوانم دەستەڵاتی ڕەخنەگرانەم وەک ئەوەی بۆ کەسانی دیکە کەڵکی لێوەردەگرم، بۆ بەرهەمەکانی خۆم بیخەمە کار.

نووسەر نابێ هەرگیز جگە لەوەی بۆ ڕەزامەندیی خۆی دەینووسێت، شتێکی دیکە بنووسێت. من بۆ شادی دەنووسم، بەڵام هەمیشە ئەوەی نووسیومە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئۆقرە بگرم.

لەو بڕوایەدا نیم کتێبەکانم وەک باڵەخانەی یادگار لە بیرگەمدا دەمێننەوە (هەوڵم داوە لە خاکەساربوونمدا ڕاستگۆ بم. زیادتر بیرم لەوە کردووەتەوە نووسەرێکم نەک خاوەن زەوقێکی نووسینی سروشتی) باشترین نموونەی پیاوێکی خۆکرد کە ئەدەب بەرهەمی دێنێت. من هەرگیز شایانی ئەو سەرکەوتن و ناوبانگە گەورەیە نەبوومە کە ئێستا هەم.

چەندە ستایشکاری بەهەراوهوریام هەبوونە کە هەرگیز کتێبێکی منیان نەخوێندووەتەوە، بەڵام پێیان خۆش بووە لە گرینگایەتیمدا زیادەبێژی بکەن و هێندێکش ویستوویانە بە کەمبایەخم بژمێرن.

کتێب دەستاوێژێکە لە بێکۆتایی. لە زۆربەی بەرهەم و دەستکەوتەکانی بەردەوامی مرۆڤ جیاوازە. پەرستگاکان تێک دەشکێن. تابلۆ و پەیکەرەکان دەبەتڵێن، بەڵام کتێبەکان لە جێگەی خۆیاندا دەمێننەوە. زەمەن بەربەرەکانێی ئەندێشە گەورەکان ناکات. ئەو ئەندێشانەی کە لە ئەم سەردەمەشدا وەک ئەو سەردەمانەی پێشوو بە مێشکی نووسەردا تێپەڕیون، هەروا نوێن و هەر بەمجۆرە لە لاپەڕە چاپکراوەکانەوە زیندوون کە لە گوتنەوە و بیکردنەوەشدا بەردەوامن. تەنیا کاریگەریی زەمەنە کە لە بەرهەمە باش و خراپەکان دەکۆڵێتەوە و لێکیان جیا دەکاتەوە، چونکە لە ئەدەبدا هیچ شتێک هەمیشەیی نییە جگە لەوەی کە بەڕاستی شیاو بێت.

 


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە