alan_pary.jpg

بارکۆد، فڵیقاندنی سەرمایەداری

ئالان پەری

ئاشنایەتی من بۆ شیعرەکانی ئەرسەڵان چەڵەبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ ئەوکات لە ڕێی سکرتێری پێن ی دانیمارکی Danish PEN پەیوەندی پێوەکردم بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کەیسەکەی بم وەک شاعیرێکی بەناهەندە لە دانیمارک. لەوێوە چەند گفتووگۆیەکمان کرد و چەڵەبی دواترین کۆشیعری خۆیی پێدام (ترین تەنیا) کە بۆ خۆم سەرسام بووم بە شێواز و تەکنیکی شیعرەکان، هەر ئەوکات وتارێکی پچوکم لەسەر ئەو کۆشیعرە نووسی.

ئەرسەلان چەڵەبی چالاکانە کاری نووسینی خۆی لە دانیمارک ئەنجام ئەدات، چەندین شیعری هەیە لە گۆڤارە دانیمارکی و بیانییەکاندا  و لەو بوارەدا باش ئیشەکانی خۆی دەڕەخسێنێت.

کاتێک بارکۆد هاتە بەردەستم و خوێندمەوە جیاوازییەکی ئەوتۆم تیا بینی کە وشە بە وشە جێگای سەرنج  و جێ وەستانە. کاتێک باسی ئەمریکا دەکات ئالان گیسینبێرگم دێتەوە یاد و کاتیک بە شیعر و بە وشەیەکی بەد دەنووسێت بوکۆڤسکیم بە بیردێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە هیچ کام لەم دوانەش ناچێت و بەفۆڕمێکی کوردی شیعرەکانی دەسازێنێت. ئەمە لە  بارکۆدی ئەرسەلان چەڵەبی تا ڕادەیەکی زۆر توانوییەتی بیکاتە شیعری تایبەتی خۆی. لە سەرەتای هەر شیعرێکی بارکۆد دا بە چەند شیعر و تێکستێکی بەهێز خۆی دێتە پێشەوە و لە کۆتاییەکانی هەر شیعرێک شاگەشکەت دەکات بە چەند هێما و ئاماژەیەکی ناباوی شیعری نوێی کوردی.

ئەگەر هەندێ لێکدانەوە بۆ شیعرەکانی ئەم کۆ شیعرە بکەیەن ئەوا تەنها بریتی نییە لەچەند توڕەبوونێکی ناخی شاعیرێکی یاخی کە تەنها دەبێ توڕەبێت لە سیستمی کۆمەڵگە و نەریتە باوەکانی، بەڵکو وەستان و هەندێجاریش نەفەرت کردنی هەر شتێکی باو و سواوە لەم جیهانە سەیرەماندا.

 

لە شیعری "تابووتێک لە ئاسمان¬دا" دەنووسێت: بە زمانی دایکی لەدایک¬بووین/ بە زمانی دایکی گریاین/ بە زمانی دایکی پێکەنین/ بە زمانی دایکی پێمان هەڵگرت/ بە زمانی دایکی گەورە بووین! / لەسەر زمانی دایکی کوژراین/ لەسەر زمانی دایکی ئیعدام کراین/ لەسەر زمانی دایکی زیندانی کراین/ لەسەر زمانی دایکی ئاوارە بووین!

شاعیر لەو دەقەدا باس لە نەهامەتی کوردبوون دەکات، بۆ بونیات نانی دەقەکەی پەنا بۆ کەرەستەی زمانی دایک دەبات کە چۆن لە رێی ئەو زمانە کێشە و مەینەتییەکانی مرۆڤی کورد دێنە ئاراوە. لە کۆتایی دەقەکەش زیاتر ڕادەوەستێنێت بۆ ڕامان و پرسیارکردن: ئێستا دایکم کۆترێکی باڵ¬خوێناوی ڕۆژهەڵاتی ناوینە/ نە ئاسمانێک شک دەبا تێیدا هەڵفڕێ/ نەبستێک زەوی کە لە ناو هێلانەکەی¬دا ئۆقرە بگرێت./ ئێستا دایکم نە دەگری و نە پێدەکەنێ/ چاوەکانی دوو تابووتی باڵدارە و بە نێوان ئاسمان و زەوی¬دا دالەقاوە.

لەم کۆتاییە دایک گرێ دەدات بە زمان و دایک دەبێتە کارەکتەری هەموو نەهامەتییەکان و هەر شوێنی تابوت و نەهامەتییە لەسەر زەوی. شاعیر لێرەدا بە دوور لە ناسیونالیست بوون، دایکی دەکاتە نوێنەرێک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە ئێستا هەموو دەبینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوێن بۆتە مشتومڕی نا یەکسانی.

لە شیعری ئەمریکا دا ئەرسەلان باس لە سیستم و هەژموونی ئەمریکا دەکات کە زۆربەی جیهانی بەخۆیدا بەگیر هێناوە، لێرەدا وەک شاعیرێکی کورد دەیەوێ باسی ئەو هەموو مەزنییە پوچەدا بکات کە جیهانی داگیر کردووە، جیهانێکی شڵەژاو بە گوتارێکی شێتانە ئامێز کە هیچ پەیامێکی مرۆڤانەی لە خۆ نەگرتووە وەک ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات.

ئاخ عیشقەکەم/ دەست بخە ناو دەستم/ با بە یەکەوە لە توالێتێکی گشتی¬دا گۆرانی بۆ شەیتان بڵێن/ وەرە با لەگەڵ دووکەڵی کارخانەکان سەما بکەین / لە وێستگەکانی قەتاردا تەلێفوون بۆ خودا / کە ئامریکا سەمای گوڵە گەنمەکانی کوشتووە/ ئەستێرەکانی تەقاندووەتەوە / ڕووناکی و دارستانی لە سێدارە داوە/ دەست¬درێژی کردووەتە سەر بەفر و بارانی لە خاچ داوە/ ئاخ عیشقەکەم وەرە با بچینە ئیدارەی پۆست/ کە ئامریکا لە تیمارستانە و نامەکانی ناگاتە دەست دایکی!

ئەوەی من ئاگادار بم ناوی ئەمریکا لە کۆنەوە بەردەوام لە دەقی شاعیر دا هەبووە، لە ساڵی ٢٠١٤ وە، ئەو کات کە شیعری: "تەقە لە ئامریکا بکە" بڵاوکرایەوە و ئەو دەقە تەنها بۆ چەندین زمانی تر وەرگێڕدرا و خرایە ژێر خانەی ئەو شیعرە جیهانییانەی کە باسی ئەمریکا دەکەن.  

لە تەواوی شیعرەکانی بارکۆد دەبێت خۆت ئامادە بکەیەت بۆ ناونیشانێکی بەهێز و دەستپێکیکی ترسناک و کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو، هەمیشە تێکەڵەیەک لەوێنەی پڕ بایەخ و تێمایەکی تایبەت بە شیعرەکانەوە دیارە.

سەرنجی سەرەتا و کۆتایی هەر شیعرێک بدەیت، بەدەست خۆت نابێت پرسیار لە نووسەری ئەم دەقەنا نەکەیت، یان بەدوای ئیشی تری ئەم شاعیرە نەگەڕێیت.

 لە شیعری بارکۆد دا شاعیر تیمای سەرمایەداری و تێکشکانی گیانی مرۆڤەکان دەکات، کە تەنانەت هەموو هەست ونەست و سۆزێکس دەبێت بە سکانی بارکۆدا بڕوات و دەبێت بکرێتە کاڵەیەک کە داواکاری و کڕینی لەسەر بێت، مرۆڤ گیرۆدەی جیهانێک بووە پڕە لە نرخی ماددی و بەهایەک بۆ مرۆڤدۆستی و گیانی هاو مرۆڤبوونی تیا کاڵ بۆتەوە.

لە سەر لووتکەی دوندێکەوە دەفڕێ/ ئاگر لە نیگای¬دا دەشەمزێ/ باڵەکانی سێبەرێکە بەسەر ئەو هەرێمەدا/ چاوەکانی لە بەرزاییەوە/ بەرەوخوار و بەرەوخوار دەبریقێنەوە! / بیرەوەری ئیسفاڵت و تینی جەرگبڕی کەلاوەکان / تەرمی سەدان هاوڕێی گیان¬بەخت¬کردووی لە زەینی¬دا دەکولێتەوە!

خودی هێمای باڕکۆدیش مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕن نیشان دەدات و مرۆڤ و بەهاکانی جگە لە باڕکۆدێک زیاتر بایەخی نەماوە.

شاعیر دەست بۆ کەرەستەیەکی نەخوازراو یان نەوتارو دەکات لە شیعری کوردیاد ئەویش توالێت ــە. بۆ توالێت بۆتە مۆرکی زۆربەی شیعرەکانی ئەم کۆشیعرە؟ توالێت لە کۆمەڵگەی کوردی شوێنێکی ناجۆر و پیسە بەڵام شاعیر وەک شوێنێکی عاشقانە و بە دیدێکی شاعیرانە و بە شێوازی خۆی باس لە توالێت دەکات وەک شیعری من لە خۆپیشان¬دانی توالێتە گشتییەکان¬دا گەورە بووم دا دەکات: لە توالێت¬داکەسێکم ناسی و لە لای ئەو/ ئەوین سنوورێکی ناسراوی هەیە!/ هەستم کرد تەنیایە/ قوژبنێکە بێ‌کەس/ تاڵ تاڵ ئاڵۆزە گشت ئادرەسێکی/ نامەکانی من بەردەوامە/ لەخەونم¬دا هەرەس دێنێ لەنجەی هەوەسبازی!

 ڕوانینی شاعیر و بیزاری شاعیر لەو گوتارە سواوەی کە هەمیشە سیاسییەکان بۆ یەکتری دەڵێنەوە، بە زمانێکی دژەباو دێت هەموو فەرشی ناسیۆنالیستی هەڵدەتەکێنێت و کوردبوون دەباتەوە سەر مرۆڤبوون و ئەوانەی لایان وا بووە مەزنێتی کورد تەنها لەمەزنترکردنی مەسەلەی کوردیدا قەتیس دەبێتەوە بۆ نمونە لە شیعری ستاندکورد: بەیانیت باش کوردستان/ لە دوورەوە دەدرەوشێیەوە/ وەک چڵمی لالووتی مناڵێک کە لە ساردی پاییزدا بابۆڵە ڕوبی بە دەستەوەیە / وەک دڵەڕاوکەی ژنێک لەناو چارەگە نانەکەی/ وەک بۆنە دەمی سەرلەبەیانی پیاوێکی پەنیرفرۆش/ دەدرەوشێیەوە وەک مەنجەڵێکی پڕ لە هێلکەی کوڵیو/ وەک بڕستی برسییەتی و نێفەکی خواروخێچی پیاوێکی ڕانک-وچۆخەلەبەری کرێچی!

 

ئەرسەلان چەڵەبی لە چەندین بابەتی شیعری خۆیدا کاریگەری شیعری فارسی پێوە دیار نییە و هەوڵی خۆی داوە کە زمانێکی تایبەتی خۆی هەبێت کە شایەنی وەستان و شرۆڤە کردنە.

لە گفتووگۆیەکماندا ئەرسەلان ئەوەی نەشاردەوە کە نووسەران و شاعیرە ناوخۆییەکان بەسەریان نەکردۆتەوە و هیچیان لەبارەی شیعر و ڕێبازەکەی نەکردووە کە ئەمە بە شتێکی ناخ هەژینی دادەنێم. بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆربەی خوێنەرە ئاساییەکان بەباشی دەیخوێننەوە و سەرنج و ڕای خۆیان بۆ یەکتری ناشارنەوە لەهەمبەر ئەو دەنگە پر بەرهەم و چالاکە، لەنێو نێوەندە بیانییەکانیشدا ئەرسەلان جێگای خۆی کردووە لە ڕێی بڵاوکردنەوەی زۆربەی شیعرەکانی بە چەندین زمانی زیندوی جیهانی کە دەکرێت لە داهاتوودا زیاتر شتی لەسەر بوترێت.

 

کۆشیعری بارکۆد  لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار و لە زۆربەی کتێبخانەکانی کوردستان دەست دەکەوێت.

 


ئەم بابەتە 195 جار خوێندراوەتەوە