azar.jpg

ئەگەر لە تاران لولیتا بخوێنیتەوە، ئازەر نەفیسی بۆ ڕەنگی خەونەكانی دەگەڕێت

تارا شێخ عوسمان

(ئازەرنەفیسی) كە نووسەری (ئەگەر لولیتا لە تاران بخوێنیتەوە)یە، بڕوانامەی زانكۆی ئۆكسفۆردی هەیە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا و لە زانكۆكانی تاران و زانكۆی (ئازادی ئیسلامی) و زانكۆی (علامە تەباتەبائی) وانەی وتووەتەوە. ئەم خانمە لە ساڵی نەوەدەكاندا بەهۆی ڕەتكردنەوەی پۆشینی حیجابەوە لە زانكۆ، زۆر دژایەتی كراوە و دواتر دەستی لەكار كێشاوەتەوە. لە ساڵی (1997)دا بە یەكجاریی ڕووی كردووەتە ئەمریكا و ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی (جۆنز هۆبكنز) و چەندین وتاری لە ڕۆژنامەكانی وەك (نیویۆرك تایمز) و (واشنتۆن پۆست) و (ول ستریت ژورنال) و (نیویۆرك ریپەبڵك)دا نووسیوە.

ئەم ڕۆمانەی نەفیسی بە یەكێك لە ڕۆمانە ناوازەكان دادەنرێت كە تا ئێستا ژنێكی ئێرانی نووسیبێتی و لە وەرگێڕانی عەرەبییەكەدا جگە لە ناونیشانی ڕۆمانەكە نووسراوە ژیاننامەیەك لە كتێبدا. هەروەها لایەنێكی دیكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەهۆی شارەزایی خۆیشی لە زمانی ئینگلیزیدا توانیویەتی بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش خوێندنەوەیەكی بەراوردكاریانە بۆ چەند تێكستێكی گەورەی جیهانیی بكات و ڕووداو و كەسایەتییەكانی ببەستێتەوە بە كەسایەتی و ڕووداوەكانی تارانەوە.

ڕۆمانەكە (575) لاپەڕەی قەبارە مامناوەندە، لە ساڵی (1995)دا و دوای ئەوەی لە زانكۆ دەست لەكار دەكێشێنێتەوە، بڕیار دەدات خۆی ئازاد بكات و ئەو ئارەزووەی دڵی تێربكات و یەكێك لە خەونەكانی بەدی بهێنێت و (7) كەس لە باشترین خوێندكارە كچەكانی هەڵبژێرێت و هەموو بەیانییەكی پێنجشەممان بانگیان بكات بۆ ماڵەكەی و پێكەوە باسوخواس لەسەر ئەدەب بكەن.

ئەو باس لەوە دەكات كە ئەگەر بیری لەوە بكردایەتەوە مەجلیسێكی تێكەڵ لە كوڕ و كچان دروست بكات، ئەوا كارێكی پڕ مەترسی دەبوو لەو بارودۆخە تایبەتەی وڵات و شارەكەی و دەبوو سەركێشییەكی گەورەی بكردایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش (نیما)ی دەستگیرانی یەكێك لە كچەكان كە كوڕێكی چستوچالاك بوو پێداگریی دەكات و دێتە ئەو بازنەی پڕ لە مشتومڕەوە.

نووسەر لە ڕۆمانەكەدا دەڵێت "دەبوو كارێكی ئەدەبی هەڵبژێرم كە ڕەنگدەرەوەی دیفاكتۆی خۆمان بێت لە كۆماری ئیسلامیدا"، ئەو كارەش (بەهاری خاتوو جین برۆدی) و (1984) و (بانگهێشت بۆ ملپەڕاندن)ی نابۆكۆف نەبوو، بەڵكو كارێكی دیكەی هەمان نووسەرم هەڵبژارد كە ئەویش ڕۆمانی (لولیتا) بوو".

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم كە ئەگەر خوێنەرێك ڕۆمانی (لولیتا)ی (ڤلادیمێر نابۆكۆف)ی نەخوێندبێتەوە، تۆزێك خوێندنەوەی ڕۆمانەكەی ئازەر نەفیسی بەلاوە ئاسان و سەرنجڕاكێش نابێت و ڕەنگە لە زۆر دێڕی، بەڵكو لە زۆر پەرەگرافیشی تێنەگات. بۆیە وەك سەرنجێك باشترە ئەوەی ویستی ئەو ڕۆمانەی خاتوو نەفیسی بخوێنێتەوە، پێشتر هەوڵ بدات (لولیتا)ی نابۆكۆف بخوێنێتەوە.

نەفیسی باس لەوە دەكات كە مەبەستی خۆی بۆ كچەكان ڕوون كردووەتەوە سەبارەت بەو پۆلە تایبەتە، كە خوێندنەوەی دەقە ئەدەبییەكان و تاووتوێكردن و مشتومڕكردنە لە سەریان، هەربۆیە داوایان لێ دەكات هەریەكە و دەفتەری تایبەتی خۆیان پێ بێت بۆ نووسینی سەرنج و تێبینییەكان لەبارەی هەر دەقێكەوە كە دەیخوێننەوە. هەروەها پێویستە هەریەكە بگەڕێت بەدوای خاڵی لەیەكچوونی ئەو تێكستە و ژیانی تایبەت و ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانی خۆیاندا. نەفیسی ئەو كچانە هەڵدەبژێرێت، چونكە ئەوان لەو كەسانە بوون كە زیاتر گرنگییان بە ئەدەب دەدا. هەروەها یەكێك لەو پێودانگانەی خستویەتییە بەرنامەی خۆیەوە بۆ هەڵبژاردنی نووسەرەكان و كتێبەكانیان، باوەڕی قووڵی نووسەرەكان بووە بە وزەی زۆر و سیحری ئەدەب.

بۆ كچەكانی ناو ڕۆمانەكە و ئێمەی خوێنەریش ڕوون دەكاتەوە كە نابۆكۆف تەمەنی (19) ساڵ بووە كاتێك شۆڕشی ڕووسیا بەرپا دەبێت، پێمان دەڵێت چۆن ئەم كەسایەتییە نەیهێشتووە دەنگی گوللە كاری تێبكات، لە كاتێكدا گوێی لە دەنگی گوللە بووە و لە پەنجەرەكەیەوە جەنگاوەرە لەخوێنهەڵكێشراوەكانی بینیوە، بەردەوام بووە لە نووسینی شیعرە سۆفیگەرانەكانی، هەربۆیە نووسەر بە كچەكان دەڵێت "با دوای حەفتا ساڵ لەو ڕووداوە هەوڵ بدەین بەراوردێك بكەین".

نەفیسی دوا شەوی خۆی لە شاری تارانی ئێران و ئەو شەوەی دەیەوێت بە خێزانەوە شارەكە بەجێ بهێڵیت دەگێڕێتەوە، كە هەموو كچەكان دێن بۆ لای و لەگەڵیدا جانتاكان ڕێك دەخەن و دواتریش پێكەوە لە بەردەم دیوارێكی سپیدا بۆ یادگاری دوو وێنەی فۆتۆگرافی دەگرن. لە وێنەی یەكەمدا هەموویان بە لەچكەوەن و لە وێنەی دووەمدا لەچكەكانیان لابردووە، هەڵبەت نەفیسی زۆر بە سەلیقەیەكی جوانەوە شیكردنەوە بۆ وێنەكان دەكات.

لە باسكردنی ئەو دوو وێنە فۆتۆگرافییەی كە شەوی پێش دەرچوونی لە تاران و ئێران لەگەڵ كچە خوێندكارەكانیدا دەیگرێت، ئاماژە بەو نامۆییە دەكات كە (نابۆكۆڤ) هەیبووە و ناوی ناوە (نامۆیی بۆش) كە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا هەیە و خەڵك تێیدا دەژی و دەڵێت "ئەو دوو وێنەیە، یەكتری ڕەت دەكەنەوە و بێ یەكتریش ناتەواون، لە یەكەمیاندا كە بە لەچك و مانتۆكانمانەوە گرتوومانە، وەك ئەوەیە لە خەونێك دروستكرابین كە یەكێك جگە لە خۆمان دیویەتی، بە وێنەی دووەمیشدا دیارین كە خۆمان خەیاڵمان دەكرد وابین، لەگەڵ ئەوەشدا نەماندەتوانی هەست بكەین لە هەردوو وێنەكەدا لە شوێنی تەواوی خۆمانداین".

نەفیسی لە ڕۆمانەكەدا دەڵێت "ویستم لەسەر ڕۆمانی لولیتا بنووسم، بەڵام نەمتوانی هیچ بنووسم ئەگەر باسی تاران نەكەم، كەواتە ئەمە قسەی لولیتایە لە تاران و چۆن تارانی بە ڕەنگێكی تر نەخشاند و چۆن تارانیش توانی دووبارە پێناسەی نابۆكۆف بكاتەوە تا ئەم (لولیتا)یەی لێ بەرهەم هات، كە لولیتایەكە تەنها تایبەتە بە ئێمە".

هەر لە سەرەتاوە نووسەر باسی كۆژان و ئەو ستەمانە دەكات كە وەك مامۆستایەكی زانكۆ ڕووبەڕووی خۆی و هەروەها ڕووبەڕووی خوێندكارەكانیشی بووەتەوە، بەوەی لە شوێنێكدا دەگاتە ئەوەی سیستەم و یاساكان لە كۆماری ئیسلامیدا بە كەشوهەوای بەهار دەچوێنێت، كە زۆر ناسەقامگیر و ناجێگیرە. باسی ئەوەش دەكات چۆن ئەو یاسا و ڕێسایانەی بەسەر زانكۆكاندا دەسەپێندران، دەبوونە لەمپەری گەورە لەبەردەم ئاستی زانستی زانكۆكان. هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو سیستەمی ئەو وڵاتە كەوتبووە كۆنترۆڵكردنی هەموو هەڵسوكەوت و ئازادییە تاكەكەسییەكان.

دوای دوو ساڵ لە دەستلەكاركێشانەوەی لە زانكۆ، بەیانییەك زوو بە ئاگادێتەوە لە كاتێكدا خەریكی خۆشوشتنە لە گەرماو، قسەی هاوڕێیەكی بیردێتەوە كە پێی دەڵێت "هەوڵ بدە لە شێوازی بیركردنەوەیان تێبگەیت، چونكە ئەوان بە دەستلەكاركێشانەوەی تۆ قایل نابن، ئەوان لەو بڕوایەدان مافی ئەوەت نییە وازیان لێ بهێنیت و كاریان لەگەڵ نەكەی، چونكە ئەوان خاوەن بڕیارن، بڕوایان وایە ئەوان خاوەنی بڕیارن و بەتەنها مافی ئەوەیان هەیە ئەو ماوەیە دیاری بكەن كە پێویستیانە بۆ ئەوەی تۆ لەگەڵیان بمێنیتەوە، هەر ئەوانیش ئەو كاتەت بۆ دیاری دەكەن كە دەستبەرداری خزمەتەكانت ببن".

هەر لەو كاتەدا پرسیارێكی دیكەی هاوڕێكی تری بیردەكەوێتەوە كە دەپرسێت: "ئەی چی دەكەی؟ لە ماڵەوە دەمێنیتەوە؟"، بەڵام نووسەر لەو كاتەدا نا كە پرسیارەكەی لێ كراوە، بەڵكو لە گەرماوەكەدا و لە كاتی خۆشتنەكەیدا وەڵام دەداتەوە "ئەو بیرۆكەیەم دەكەمە ڕاستی كە چەندین ساڵە ختووكەم دەدات". زۆر دەمێك بوو خەونم بەوەوە دەدی كە پۆلێكی تایبەت بە خۆمم هەبێت و وانەی تێدا بڵێمەوە، پۆلێك ئازادیم پێ ببەخشێت كە لەو زانكۆیەدا لێی بێبەش بووم كە لە كۆماری ئیسلامی وانەم تێدا دەوتەوە. ئارەزووم ئەوە بوو كە وانە بە كۆمەڵێكی بچووكی هەڵبژاردە بڵێمەوە، هەڵبژاردەیەك لە خوێندكارە پابەندەكان و ئەوانەی گرنگی بە خوێندنی ئەدەب دەدەن، ئەو خوێندكارانەی حكومەت نایانسەپێنێت بەسەرماندا، ئەو خوێندكارانە نا كە تەنها لەبەر ئەوەی بەشی تر و ڕشتەی دیكە وەرینەگرتوون، هاتوونەتە بەشی ئەدەبی ئینگلیزی، یان ئەو خوێندكارانەی كە خوێندنی ئینگلیزی بە هەلێك دادەنێن بۆ ئەوەی دوای دەرچوون یارمەتییان بدات بۆ دۆزینەوەی كارێكی باش".

نووسەر زۆر بە جوانی وەسفی دۆخی خوێندن لە زانكۆكانی ئێران دەكات و دەڵێت "وانەوتنەوە لە كۆماری ئیسلامی وەك هەر كارێكی تر وایە، زۆر جار لادان و گوزارشتی هەڕەمەكی دەیشێوێنێت. ئەو شتانە ڕژێمەكە بەزۆر بەسەرماندا دەیسەپێنێت، كەواتە چۆن دەتوانین وەك پێویست وانە بڵێینەوە كە ئەوپەڕی گرنگیدانی لێپرسراوانی زانكۆ گرنگیدانە بە ڕەنگی لێوەكانمان، یان خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن هێزێكی لەناوبەر دروست بكەن بۆ قەڵاچۆكردنی ئەو تاڵە سەرەڕۆیانەی قژمان كە لەژێر لەچكەكانمانەوە سەرەتاتكێ دەكەن. ئەوان گرنگییان بە ئێمە نەدەدا كە چۆن وانە دەڵێینەوە، یان چۆن ئەركە زانستییەكانمان ڕادەپەڕێنین، چۆن مرۆڤ دەتوانێت سەرنج بخاتە سەر كارەكەی، كە هەموو خەیاڵ و بیری لێپرسراوانی زانكۆ لای ئەوە بێت وشەی (شەراب) لە چیرۆكێكی (هەمینگوای)دا لاببەن؟ یان كاتێك ئەو لێپرسراوانە كاری پێشەنگیان ببێتە ئەوەی بڕیارێك دەربكەن چیرۆكەكانی (برونتە) وەك وانە نەڵێینەوە، چونكە وەك بۆ هەندێك لەو لێپرسراوانە دەركەوتبوو، لەو چیرۆكانەدا چاو لە (زیناكردن) پۆشراوە؟

لە بەشێكی تری ڕۆمانەكەدا نووسەر دەستەخوشكێكی شێوەكار دەبینێت كە پێشتر لەسەر شێوازی ڕیالیزم كاری كردووە و لە كۆتاییدا نیگارەكانی شێوازی ئەبستراكت وەردەگرن. لە نیگارێكەوە كە پڕن لە ژیان و ڕەنگ و واقیعی ژیانی خەڵك و بەتایبەت ژنانەوە، دەست دەكات بە نیگارێك كە سەر تابلۆكە بە تەواوی ڕەشە و چەند دڵۆپە ڕەنگێكی شینی پێدا پرژێنراوە. كاتێك لێی دەپرسێت بۆچی لە ڕیالیزمەوە بازت داوە بۆ ئەبستراكت؟ ئەو هاوڕێیەی دەڵێت "لە واقیعێكدا دەژین بەرگەی ناگیرێت (واقیعی ڕەشی تۆخ)، بە شێوەیەك لە ئێستا بەدواوە ناتوانم ڕەنگی خەونەكانم بەرجەستە بكەم". هەربۆیە ڕەنگی خەونەكانی ئەو هاوڕێیەی و ئەو پۆلەی دروستی دەكات، دەبێتە ڕەنگی خەونەكانی ئەویش.

نووسەر لە هەڵبژاردنی خوێندكارەكانی ئەو پۆلەی گوێ ناداتە پاشخانی ئاینی و ئایدیۆلۆژی خوێندكارەكانی، ئەمەش بەڕاستی دەبێتە ئەوپەڕی دڵسۆزی بۆ ئەو مەبەستەی لەپێناویدا پۆلەكەی دادەنێت، ناونانی پۆلەكەی و ئەو فەزایەی تایبەت بە خۆیان وەك ئاماژەیەكە بۆ ڤیرجینیا وۆڵف و ژوورە تایبەتەكەی.

لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت كە هەندێكجار ستەم و دەسەڵاتی ستەمگەرا توانای هەیە دەست بگرێت بەسەر هەموو شتێكی مرۆڤەكاندا، ئەوەتا كاتێك لەگەڵ یەكێك لە خوێندكارەكانی كە ناوی (مانا)یە و شیعر دەنووسێت، باسی ڕەنگی بەهەشت دەكەن، مانا دەڵێت "ڕەنگی بەهەشتی من لە ڕەنگی ئاوی حەوزەكەی ماڵی نەنكمە كە بەر لە شۆڕش هەیانبوو، مەلەوانگەیەكی ناڕێك بوو لەناو باخچەیەكی فراواندا كە ئێمە مەلەمان تێدا دەكرد، بەڵام دوای شۆڕش باوكم جەڵتە لێیدا و دەسەڵاتدارانیش دەستیانگرت بەسەر ماڵی نەنكمدا. هێشتا جوانترین یادگاریم لەو مەلەوانگەیە هەیە، چونكە دوای ئەوانە چووینە شووقەیەكی بچووكەوە و بۆ هەتایە مەلەم نەكرد، لەو كاتەوە بە دیاریكراوی خەونەكانم لە بنی ئەو حەوزەدا جێهێشتووە".

مانا دەشڵێت "زۆر جار خەون دەبینم و لە خەونمدا خۆم دەبینم باز دەدەمە ناو مەلەوانگەكە و هەوڵ دەدەم شتێك لە بیرەوەرەییەكانی خۆم و باوكم بەدەست بهێنمەوە".

نووسەر ڕۆحی دەسەڵاتخوازی (برا)ی لە كۆمەڵگەی نێرسالاری و لە ژیانی خوشكدا لەبیر نەكردووە و نموونەیەكی زیندووشی لەبەردەستدا بووە كە خۆی لە برای یەكێك لە خوێندكارەكانی بە ناوی (ساناز)دا دەبینێتەوە، كە كوڕێكە لەبەر ئەوەی لە دوای دوو كچ هاتووە، نازێكی زۆری پێ دراوە و لەگەڵ ئەوەی تەمەنی لە خوشكەكەشی بچووكترە هەمیشە بەدوای (ساناز)ەوەیە و چاودێری دەكات، كاتێك خوشكەكەی بە تەلەفۆن قسە دەكات گوێ لە قسەكانی دەگرێت، هەر كاتێكیش (ساناز) بێزاریی دەردەبڕێت، باوك و دایكی ئامۆژگاری دەكەن بەسەبر بێت لەگەڵی، لەبەر ئەوەی ئەو خوشكی گەورەیە و باشترە یارمەتی براكەی بدات كە بە خۆشەویستی و پیاوەتییەوە ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت.

نووسەر وەسفێكی جوانی ئەو حاڵەتە دەكات و بۆ ئەوەی خوێنەر زیاتر تێبگات (ساناز) دەكاتە نموونە و خوێنەر پەلكێش دەكات بۆ ئەوەی پێكەوە ڕۆژێك دوای بكەون كە لە ماڵی مامۆستاكەیەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و ئەو دوو جیهانە جیاوازە وێنا دەكات. كاتێك لە ماڵی نووسەرە، بێ مانتۆ و بێ لەچكە، بەڵام كاتێك دەیەوێت بچێتە دەرەوە مانتۆكەی لەبەر دەكات و لەچكەكەی دەداتەوە بەسەریدا و تاڵە قژە یاخییەكانی دەخاتە ژێر لەچكەكەی و دەستكێشی ڕەش دەكاتە دەستی، بۆ ئەوەی نینۆكە بۆیەكراوەكانی داپۆشێت. ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەیە كە چەندین گروپی چەكدار هەن سەر بە ڕژێمن و كاریان ئەوەیە نەهێڵن هیچ ژن و كچێك بە جۆرێك ببینرێن كە حیجابیان باش نەبێت، یان زۆریان ئارایش كردبێت، یان لەگەڵ پیاوێكدا بن كە نە برا و نە باوك و نە مێردیان بێت.

نووسەر خوێنەر و كچە خوێندكارەكانی دیكەی ڕادەگرێت بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە جێگەی شاناز و بزانن لەو ساتەدا بیر لە چی دەكاتەوە و ئەو ئەزموونە چییە ناو ناخی ئەو دەورووژێنێت؟ ڕەنگە بیر لە براكەی بكاتەوە، یان لە خۆشەویستەكەی كە بە نیازە لە توركیا یەكبگرنەوە و لەوانەشە ئەم دۆخەی خۆی لەگەڵ حاڵی دایكیدا بەراورد بكات كە لە تەمەنی ئەمدا بووە. ئایا توڕەیی دایدەگرێت كە دەزانێت ژنان لە سەردەمی گەنجێتی دایكیدا بە ئازادیی زیاترەوە بەسەر شەقامەكاندا دەڕۆیشتن و چێژیان لە تێكەڵبوون لەگەڵ كوڕان دەبینی و دەبوونە پۆلیس و تەنانەت فڕۆكەوانیش؟

خانمانی سەردەمی دایكی ساناز لە سایەی یاساگەلێكدا دەژیان كە یەكێك بوو لە یاسا باشەكانی جیهان لە بواری مافی ژناندا، ئایا هەستی بە ڕیسوایی و شەرم دەكرد بەهۆی ئەو یاسایانەی لە كاتی ئەمدا و لەدوای شۆڕشەوە پەسەندكراون؟ لەوانەش كەمكردنەوەی تەمەنی بەشوودانی ژنان لە (18) ساڵییەوە بۆ (9) ساڵی، یان دانانی یاسای بەردەبارانكردنی ژن وەك سزای (زینا).

نووسەر لێرەدا بە ڕاشكاوی باس لەوە دەكات كە هەریەك لەو كچانەی ئەو هەڵیبژاردوون بۆ وانە ئەدەبییەكانی دوو مێژوویان هەیە، مێژوویەكی خۆیان و مێژوویەك كە بۆیان دروستكراوە، هەرچەندە ئەوان هەریەكەیان پاشخانێكی كۆمەڵایەتی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەو ڕژێمەی حوكمیان دەكات زۆری هەوڵداوە كە مێژووە تایبەتی و كەسینەییەكەیان بشێوێنێت و درزی نێوان خۆیان و ناسنامەكانیان گەورە و قووڵ بكات، هەرگیز ناتوانن لەو سیفەتە ئازاد بن كە ڕژێم بەسەریاندا ساپاندوویەتی و وەك ژنانی موسڵمان ناوی بردوون.

نووسەر دەڵێت "هەرچەندە گرنگ نەبوو چ ئاینێكمان هەیە و ئارەزوو دەكەین حیجاب بپۆشین یان نا، ئایا پابەندی ئاینێكی دیاریكراوین یان نا؟ لە دواجار و كۆتاییدا بووینە نموونەیەكی جیاواز لە خۆمان، نموونەی خەوی كەسێكی تر كە ویستی لە ڕێگەی ئێمەوە بەدی بهێنێت".

ئەو دەڵێت "توندڕەوێك هات بە ناوی بانگخواز و فەیلەسوفەوە، هات فەرمانڕەوایی سەرزمینەكەمان بكات، بە ناوی ئەو ڕابردووەوە هات كە وەك بانگەشەی بۆ دەكرد (لێی دزرابوو)، ئەوەتا لەسەر شێوازی ئەو ڕابردووە ناوبراوە داماندەڕێژێتەوە، ئایا بەوە دڵئارام دەبین كە بڵێین ئەوەی پێی كردین ئێمە خۆمان ڕێگەمان پێدا؟ ئەوەتا تەنانەت نامانەوێت ئەو ڕاستییەش بیری خۆمان بێنینەوە".

لە بەشێكی دیكەدا دێتە سەر حاڵی زانكۆ و ئەو ڕێوشوێنانەی لەو زانكۆیانەدا دەگیرێتەبەر و بۆ تۆخكردنەوەی جیاوازی نێوان كچان و كوڕان، لەوێدا باس لەوە دەكات كە ماوەیەكی زۆر كچان بۆیان نەبوو لە دەروازەی سەرەكی زانكۆوە بچنە ژوورەوە، بەڵكو كونێك كراوەتە بەشێكی دیوارێك و دەرگایەكی بچووكی تێكراوە و لەودیویشەوە ژوورێكی تایبەت هەیە بۆ پشكنینی كچان، پشكنین بۆ ئەوەی بزانرێت لەچكەكانیان بەپێی پێویست ئەستورە و هەموو قژی داپۆشیون، بۆ ئەوەی بزانرێت مانتۆكە بە ئەندازەی دیاریكراو درێژ و پانوپۆڕە، بۆ ئەوەی بزانرێت ماكیاژ و ئارایشتی خوێندكارەكان تا چ ئاستێكە، یان بۆ ئەوەی بزانن ئەو ئەنگوستیلانەی كە لە پەنجەیاندایە چەند سەرنج ڕادەكێشن؟ لە كاتێكدا دەروازە گەورەكە بۆ كوڕان بووە و بۆ هیچ مەبەستێك لێپرسینەوە لە كوڕەكان نەکراوە و ئەوان وەك پاڵەوان و ئازادیكەری سەرزەمین بەناو دەروازەكەدا هاتوچۆیان كردووە!

خانمی نووسەر دیسان دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەیەك و لە ڕێگەی یەكێك لە خوێندكارەكانیەوە باس لە سەدان و هەزاران كچ و ژن دەكات، كە ناتوانن سەربەست بن لەوەی تەنانەت ژوورێك یان سووچێكیان هەبێت و تێیدا بە تەنها بن و بیر بكەنەوە و ڕابمێنن. ئەو كچانەی بێ هیچ بەشدارییەكی خۆیان لەناو خێزان و ژینگەیەكی توندڕەودا دەژین كە تەنانەت گوێگرتن لە مۆزیك و باسی سەما و خوێندنەوەی هەندێك كتێب قەدەغەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە كچانەی هاوشێوەی (یاسی) كە لەناو خۆیاندا نازناوی (هونەرمەندی كۆمیدی)یان لێنابوو لە خەونبینین بە دونیای خۆیانەوە ناوەستن و دیارترین كاردانەوەشیان لە شوونەكردن و هەوڵدان بۆ جێهێشتنی وڵاتدا خۆی دەبینێتەوە.

یەكێك لە خاڵە تایبەتەكانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە كە لەناو ڕۆمانەكەدا خوێندنەوەیەك كراوە بۆ ڕۆمانی (لولیتا)ی نابۆكۆف لە ڕێگەی ئاماژەدان بەو ڕەخنانەی لە ڕۆمانەكە گیراوە و ئەوانەی شیكردنەوەیان بۆ كردووە لە چەندین ڕووەوە و ئەوانەشی ستایشیان كردووە، کە دەتوانین لە سەرجەم لایەنە باش و خراپەكانی ڕۆمانی (لولیتا)ش بگەین. دیسانەوە لەو كارەیدا نووسەر جارێكی تر ڕەفتاری كەسایەتییە سەرەكییەكەی ڕۆمانی (لولیتا) بەراورد دەكات و دەیشوبهێنێت بە ڕەفتاری فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی و هەندێك وتەی ئەو كەسانەش دەهێنێتەوە. نووسەر بە زمانێكی سادە، بەڵام بێ درێژداڕی و گرێوگۆڵ باسی ئازاری دەروونی و ناخی كچ و ژنان دەكات و بۆ ئەمەش چیرۆكێك لە زمانی یەكێك لە قوتابییەكانیەوە دەگێڕێتەوە كە ئەویش (ساناز)ە. باس لەوە دەكات كە چۆن ساناز و هاوڕێكانی ماوەی هەفتەیەك دەستگیركراون، بە تەنها لەبەر ئەوەی بەدرۆوە لە دەمەوە دراون گوایە لە ماڵێكدان و خەریكی خواردنەوەن و كوڕێكی نامەحرەمیشیان لەگەڵدایە. لەو هەفتەیەدا وەك ساناز دواتر بۆیان دەگێڕێتەوە لە زینداندا چەندین سووكایەتییان پێ دەكرێت و لە ڕێی لیژنەیەكی تایبەتەوە پشكنین بۆ پەردەی كچێنییان دەكرێت و دواتریش جەڵد دەكرێن. پاشان لە هەمووی سەختتر ئەوەیە کە خێزانەكانیان چیتر ڕێیان نادەن بە تەنها بچنە دەرەوە، لەگەڵ یەكێك لە ئەندامەكانی خێزانەكەیاندا نەبێت.

هەروەها لە زمانی نەسرینیشەوە كە یەكێكی تر بوو لە قوتابییەكانی زانكۆ و باوكی لەگەڵ گروپێكی ئیسلامییەكاندا بووە و سەر بەو دەسەڵاتە بووە كە هاتە سەر حوكم، باسی ئەو هەڵمەتی ڕەشبگیری و پاكتاوكردنە دەكات كە ڕژێمی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەركارییەوە دەستی پێ كرد بۆ لەناوبردنی نەیارەكانی و بۆ ئەمەش پشتیان بەوە دەبەست كە تۆمەتی لایەنگیریی بۆ ڕژێمی شاهەنشایی یان تۆمەتی دژە شۆڕش بدەنە پاڵ كەسەكان. نەسرین باسی ڕۆژگارەكانی ناو زیندان دەكات كە چۆن جۆرەها پێشێلكاریی بەرامبەر هاووڵاتیان كراوە و چۆن بێ هیچ تاوانێك ژنان و كچان بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجە دراون.  نەسرین دەڵێت "ئەگەر بەهۆی باوكمەوە پارێزراو نەبوومایە كە ئەو دڵسۆزی ئەوان بوو، ئەوا تەنها خودا دەزانێت كۆتاییەكەم لە كوێ دەبوو؟ لە دۆزەخ لەگەڵ پاكیزە ئەتككراوەكان، یان لەگەڵ ئەوانەی كە ڕووی چەكیان دەركردە سەری ئەوانی دیكە بۆ ئەوەی لایەنگریی خۆیان بۆ ئیسلام بسەلمێنن، چونكە ئەوان كچە دەستگیركراوەكانیان لە زیندانوانەكان مارە دەكرد و دواتر لەسێدارەیان دەدان، چونكە بەلای ئەوانەوە ئەگەر كچ بە كچێتی بكوژرێت دەچێتە بەهەشتەوە".

نەسرین بە نەفیسیی مامۆستای دەڵێت "تۆ باسی خیانەتمان بۆ دەكەی، ئەوان زۆر جار ئەو كەسانە هان دەدەن كە خۆیان لەژێر پەردەی ئیسلامدا حەشارداوە، بۆ ئەوەی دوا گوللەیان لە سەری هاوڕێكانیاندا بەتاڵ بكەنەوە، تا چاویان لێ بكرێت و ببنە مانای دڵسۆزی بۆ ڕژێم".

نووسەر دێتە سەر بەراوردكردنێكی ژیانی نەوەی هاوتەمەنی خۆی و نەوەكانی پێشتر، دەڵێت "نەوەی ئێمە بەدەست ونبوونەوە دەناڵێنێت، بەدەست ئەو بۆشاییەوە دەناڵێت كە لە ژیانماندا دروست بووە، ئەو كاتەی ڕابردوویان دزین و وایان لێ كردین لەناو وڵاتی خۆماندا وەك نامۆ و دوورخراوە وابین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ڕابردوویەكمان هەیە كە بەراوردی بكەین بە ئێستا، بیرەوەری و وێنەمان هەیە كە هەندێكیمان لێ دزراوە، لە كاتێكدا خوێندكارەكانم باسی ماچی دزراو و ئەو فیلمانەم بۆ دەكەن كە هەرگیز نەیاندیوە. باسی ئەو شنە بایەم بۆ دەكەن كە بۆ تەنها ڕۆژێك یاری لەگەڵ زوڵفیان نەكردووە، ئەوان نەوەیەكی بێ ڕابردوون، ئەوان بیرەوەرییەكانیان لە چەند ئارەزوویەكی بەدینەهێنراو تێپەڕ ناكات، شتگەلێك كە هەرگیز دەستگیریان نەبووە. پەرۆشییان بۆ وردەكاریی ژیانێكی ئاسایی كە بەتاڵ كراوەتەوە لە زۆر شت، وای كردووە وشەكانیان درەوشاوە بێت و لە شیعرەوە نزیك بێت.

ئەو دەڵێت "خراپترین شت كە سیستمە شموولییەكان دەیكەن ئەوەیە وا لە هاووڵاتییەكانیان بكەن بە قوربانییەكانیشەوە هاوبەشی تاوانەكانی بن، كاتێك لەگەڵ جەلادەكەتدا سەما دەكەیت و بەشدار دەبیت لە سزای لەسێدارەدانی خۆت. ئەو كردەوەیە ئەوپەڕی پلەكانی وەحشیگەرییە". دەشڵێت "خوێندكارەكانم كە دێنەدەرەوە نمایشی هەمان دیمەن دەكەنەوە كە لە تەلەفزیۆن بینیویانە، ئەوان ئەوە دەپۆشن كە داوایان لێكراوە، هەرچەندە ئەوان نابن بە بەشێك لەو ئاپۆرەیەی تەماشای سزای لەسێدارەدانەكان دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا ناتوانن ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەو كارەدا دەرببڕن". بۆ ئەوەش نموونەی دیمەنی سەماكردنێكی (سینسیناتس)ی زیندانییەكی پاڵەوانی ڕۆمانی (بانگهیشت بۆ ملپەڕاندن)ی نابۆكۆف دێنێتەوە كاتێك لەگەڵ زیندانییەكەیدا لەناو زیندانەكەوە بۆ حەوشە سەمای (ڤالس) دەكەن، دواتر زیندانی و پاسەوانەكە لە نزیك ئەوەوە بازنەیەك دەكێشن، بەوەش زیندانییەكە دووبارە دەگەڕێتەوە ناو زیندانەكەی. نەفیسی لێرەدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو جوڵە بازنەییە، جووڵەی سەرەكی ناو ڕۆمانەكەیە، مادام (سینسیناتس) ئەو جیهانە ساختەیەی قبووڵكردووە كە زیندانیكەرانی بۆیان دروست كردووە و بەسەریاندا سەپاندووە، ئەوا بە زیندانكراوی دەمێنێتەوە و ناتوانێت لەو بازنەیە ڕزگاری بێت كە بۆی كێشراوە. هەر بۆیە دەڵێت "جیاوازییەكی گەورە نییە لەنێوان جەلادەكانی ئێمە و جەلادەكانی (سینسیناتس)، چونكە هەموو فەزا شەخسییەكانی داگیر كردووین، هەوڵیانداوە بەپێی ئارەزووی خۆیان هەموو ئاوڕ و ئاماژەكانمان دروست بكەن، بۆ ئەوەی ناچارمان بكەن ببینە بەشێك لەوان، ئەمەش لای خۆیەوە شێوەیەكی دیكەیە لە شێوەكانی كوشتنی بەكۆمەڵ".

هەروەها لەو ڕۆمانەدا گەڕانەوەیەك هەیە بۆ حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو و باس لەو دۆخە دەكات كە لەو ساڵانەدا بە شێوەیەكی گشتی سەرانسەری جیهان و تەنانەت ئەمریكاشی گرتبووەوە، كە ئەویش كەشێكی شۆڕشگێڕیی بووە و قوتابیانی زانكۆ بەشێكی گرنگی ئەو دۆخە بوون و بەردەوام لە بزاوت و چالاكیدا بوون بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هەر هەنگاوێك كە حكومەتەكان ناویانە لە دژی نەیارەكانیان. باسی خۆی دەكات كە بەشێك بووە لەو ڕۆحە چالاك و یاخییە و چۆن بەشداریی لە بزووتنەوە ئێرانییە چەپەكاندا كردووە و لە ئەمریكاوە باسیان لە كەشی سیاسی ئێران كردووە و هەمیشە چالاكییان نواندووە لە دژی دەستێوەردانی ئەمریكا لە ئێران. ڕاستگۆیانەش باس لە هەستی خۆی دەكات لەنێوان كەسێكی پڕ لە جۆشوخرۆش و ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و كەسێك كە حەز بە خوێندنەوەی ئەدەب دەكات. ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەكات كاتێك وەك مامۆستای زانكۆ لە ناوەڕاست و كۆتایی حەفتاكاندا دەگەڕێتەوە ئێران و لە زانكۆی تاران دەبێتە مامۆستا و باس لە كەشی بارگاوی ئەو سەردەمەی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەكات دوای داڕمانی ڕژێمی شاهەنشایی، چۆن دۆخەكە شوێندرا و كەشتییە نائارامەكە دواتر لە بەرژەوەندی كێ لەنگەری گرت. هەروەها لە سەروەختی شۆڕشەكەدا بەشداری زۆر لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بووە و دواتریشیان ئەو ناڕەزایەتییە بووە كە دژ بە پۆشینی حیجاب لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخوازەوە بەڕێوە چووە.

نووسەر وەك شاهیدحاڵێك و ئامادەیەكی تەواو لەسەر گۆڕەپانی گۆڕانكارییەكانی ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووی ئێران باس لە هەموو ئەو ڕووداوە سیاسیانە دەكات كە لەو ماوەیەدا لە ئێراندا ڕوویاندا، باس لە هەموو گۆڕانكارییەكانی ڕەفتاری كەسەكانیش دەكات كە چۆن لە ماوەیەكی كورتدا توانییان دروشمەكانی (مردن بۆ ئەو و ئەو) لەناو واقیعی ئێراندا بكەنە ڕاستی، بە وردی باس لە ڕەفتاری كەسەكان دەكات و شۆڕشگێرانی ڕاستەقینە لە شۆڕشگێڕانی ساختە و هەلپەرست جیادەكاتەوە. باسی ئەو هەڵە گەورە سیاسی و ستراتیژیانەش دەكات كە حیزبە سیاسییەكان و جەماوەری ئەو وڵاتە كردیان و ئێرانیان چەند سەدەیەك بردە دواوە. هەروەها پەنا بۆ یادەوەرییەكانی دەبات سەبارەت بەو هەڵمەتی كوشتن و پاكتاوكردنەی كە دژی نەیارانی شۆڕش بەڕێوە دەچوو.

نەفیسی وەك زۆربەی نووسەر و بیرمەندانەی كە شاهیدی ڕۆژە سەرەتاكانی شۆڕشی گەلانی ئێران بوون، بە ئەمانەتەوە زۆربەی ئەو ڕووداوانەی تۆماركردووە كە لەناو زانكۆدا گوزەراوە و بە دیقەت و وریایی مێژوونووسێكی لێهاتووەوە ڕووداوەكانی گێڕاوەتەوە، كە لێرەشدا ڕۆمانەكە ڕێچكەیەكی دیكە دەگرێتەبەر و وەك دەفتەرێكی تۆماری یادداشتی لێ دێت. هەروەها بیری نەچووە باسی هەموو ئەو كەسایەتییانە و ڕەفتارەكانیان بكات كە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئاینیان كردووەتە قەڵغانێك و لە پەنایدا ڕەفتار و هەڵوێست و بیركردنەوە شەخسییەكانی خۆیانیان شاردووەتەوە.

نووسەر ئاماژەشی بەوە داوە كە چۆن گروپە شۆڕشگێڕەكانی دیكە توانییان ببنە یارمەتیدەری حكومەت لە پرسی ئازادییەكانی تاكەكەسیدا و ملییان بۆ دان لەپێناوی شتێكدا كە ناویان نابوو (بۆرجوازییەت) و (كەوتنی بەها ئەخلاقییەكان)، ئەوان یارمەتی تەوژمە ئاینییەكانیان دا كە ئاڵۆگۆڕكردن و كڕین و فرۆشتنی چەندین كتێب قەدەغە بكرێت بە پاساوی ئەوەی ئەخلاقی كۆمەڵ تێكدەدەن.

هەر ئەو گروپە ئاینیانە لە سەرەتای دەسەڵاتەوە و بەر لەوەی دەستور دابنێن و پارلەمان دروست بكەن، یاسای پاراستنی هاوسەرگیریی هەڵدەوەشێننەوە و بالییە و سەما قەدەغە دەكەن و سەماكاران لەنێوان گۆرانی و نواندندا سەرپشك دەكەن و دواتریش گۆرانیوتنی خانمانیش قەدەغە دەكەن، بەو پێیەی كە ژنان دەنگیشیان وەك قژیان هەستی پیاوان دەورووژێنێت.

ئەوەی زۆر سەرنجڕاكێشە لەم ڕۆمانەدا ئەو بەشەیە كە خانمی ڕۆماننووس پانتاییەكی بەرفراوانی دەداتێ، بەشی دادگاییكردنی ڕۆمانەكەی (گاتسبی مەزن)ە، كە بەپێی یاساكان لە كۆماری ئیسلامیدا یەكێكە لەو ڕۆمانانەی ڕەوشتی گشتی تێكدەدات و وەك ژەهرە بۆ مێشكی گەنجەكان. لەناو پۆلی وانەوتنەوەدا دادگایەك دروست دەكات و ئەوانەی ئەو كارەش ئەنجام دەدەن خودی خوێندكارەكانن كە دابەش دەبن بۆ دادوەر و پارێزەر و دەستەی سوێندخۆران و داواكاری گشتی و دەستەی بەڕێوەبردنی دادگاكە، ئەم دادگاییكردنە بۆ ڕۆمانەكەی (فیتز جیراڵد) و (گاتسبی مەزن)ە.

 لەو هۆڵەدا وەك نووسەر لە زاری یەكێك لە خوێندكارەكانیەوە بە ناوی (زارین) ئاماژەی پێ دەدات، ئەوەیە ناتوانرێت ڕۆمانێك بە مانای نەریتی و باو بە ئەخلاقی دابنرێت، بەڵكو ڕەنگە ئەو ناوەی لێ بنێین كاتێك لە خەڵوەتگە و خەواڵوویی خۆمان دەرماندەهێنێت و وامان لێ دەكات لەگەڵ ئەو نەگۆڕانەی بڕوامان پێیەتی بكەوینە ململانێوە. ئەگەر ئەم قسەیەش ڕاست بێت، ئەوا دەتوانین بڵێین كە ڕۆمانی (گاتسبی مەزن) زۆر سەركەوتوو بووە، چونكە ئەوە یەكەمین جارە نووسەرێك جیاوازی بخاتە پۆلێكی خوێندنەوە.

هەروەها دەڵێت "كتێبی (گاتسبی مەزن)مان خستە بەردەم دادگا، چونكە نیگەرانی تێدا ورووژاندین، لانی كەم هەندێكمانی نیگەران كرد، ئەمەش جاری یەكەم نییە كە ڕۆمانێك لەسەر دەستی دەوڵەت ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە و سەرەڕای ئەوەی ڕۆمانێكی سیاسی نییە". بە پرسیاریشەوە دەڵێت "ئایا ڕۆمانەكانی (مادام بۆڤاری) و (یولیسیس) و (دۆستی لەیدی چارلی) و (لۆلیتا)تان بیر نییە؟ لە هەموو ئەو كەیسانەشدا ئەوەی براوەبوو ڕۆمانەكان بوون".

دیسانەوە نووسەر لەم ڕۆمانەدا باس لە لێكچوونی واقیعی ژیانی نابۆكۆف و خۆی دەكات، ئەو كاتەی شۆڕشی ڕوسیا بەرپا دەبێت (نابۆكۆف) لەناو كتێب و ڕستە ئەدەبییەكانی خۆیدا دەمێنێتەوە، خانم نەفیسیش هەر وایە، لە كاتی گەرمەی شۆڕشی ئێران و پشێوییەكاندا، ئەو و خوێندكارەكانی خەریكن لە ڕۆمانەكەی (فیتز جیراڵد)دا دەگەڕێن بۆ مانایەك بۆ هەوڵەكانی مرۆڤ لەپێناو گەیشتن بە خەونەكانی، یان بۆ هۆكارێك دەگەڕێن بۆ ونبوونی خەونەكان و لە ڕۆمانەكەیدا دەنووسێت، تەنها شتێك كە لەگەڵ (فیتز جیراڵد)دا لە ئێران كۆمان دەكاتەوە (خەون)ە، كە بەسەر ژیانماندا زاڵ بووە و دەستی گرتووە بەسەر واقیعەكەماندا. ئەوە ئەو خەونە ماندووە جوانەیە كە بەدیهێنانی مەحاڵە، ئەو خەونەی لەپێناویدا دەتوانرێت پاساو بۆ هەموو جۆرەكانی توندوتیژیی بهێنرێتەوە و چاویان لێ بپۆشرێت، ئەوە ئەو شتە هاوبەشەیە، لەگەڵ ئەوەی لەو كاتەدا سەبارەت بەو خەونە نیگەران بووین.

نووسەر لە ڕۆمانەكەیدا دەڵێت "چەند چارەنووسمان لە (گاتسبی) نزیك دەبووە و خەریك بوو دەچووەوە سەر ئەو، چونكە (گاتسبی) ویستی خەونەكانی بەدیبهێنێت و ڕابردوو بگەڕێنیتەوە، لە كۆتاییدا بۆی دەركەوت كە ڕابردوو مردووە و ئێستا شتێكی ساختەیە، ئیدی داهاتوویەكیش نییە، ئایا ئەمە لە شۆڕشەكەمان ناچێت؟ كە بە ناوی ڕابردووی كەڵەكەبووی دەستەجەمعییەوە هات و بە ناوی خەونەوە ژیانی وێران كردین؟

نەفیسی لە ڕۆمانەكەیدا باسی بەرپابوونی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران دەكات (ئەویش بە شێوازی تایبەتی خۆی) چەند پرسیارێك دەكات دەربارەی هۆكارەكانی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە كە بووە هۆی كوژران و برینداربوون و بێسەروشوێنبوونی نزیكەی (2) ملیۆن كەس لە هەردوولا. هەروەها باسی ڕۆژگاری گەرمبوونی جەنگەكە و بۆردومانكردنی شارەكانی هەردوو وڵات دەكات و چەند ڕووداوێك دەگێڕێتەوە كە بەهۆیەوە چ ماڵوێرانی و كوشتارێك كرا، باسی سەردەمی لێدانی شارە گەورەكانی ئێران دەكات چ بە موشەك چ بە فڕۆكە لە لایەن عێراقەوە و ڕستەیەكی ڕۆژانە بەڵام بەهێز دەڵێت "كاتێك دوای هەموو موشەكباران و بۆردومانێك لە پەناگاكانمان دەهاتینە دەرەوە، تەلەفۆنمان بۆ ناسیاو و ئازیزانمان دەكرد بۆ ئەوەی بزانین سەلامەتن، نەماندەزانی سەلامەتی ئەوان مانای زیانگەیشتنە بە كەسانی تر".

لەم دەقەدا باس لە كێشەیەكی دیكەش كراوە كە زۆر لە ئێراندا و بەتایبەت لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئیسلامییەكان هاتووەتە ئاراوە، ئەویش كێشەی كەمە ئاینییەكان بووە، بەتایبەت بەهائییەكان. لێرەدا كوڕێك بە نموونە دەهێنێتەوە كە بەهۆی ئەوەی بەهائی بووە نەیتوانیوە بچێتە هیچ كۆلێژێك، هەرچەندە كەمە ئاینییەكان هەلی ئەوەیان پێ دراوە كە واز لە ئاینەكەی خۆیان بێنن و بچنە سەر ئاینی ئیسلام، بەڵام ئەم كوڕە نەك وای نەكردووە، بەڵكو بە ئاشكرا جیاوازی خۆی دەرخستووە و پێداگریش بووە لەسەری و وای لێهاتووە تەنانەت نەیتوانیوە ئیشێكی جێگیری دەست بكەوێت و بەردەوام ئیشەكەی گۆڕیوە و پاشانیش كاتێك نەنكی دەمرێت، لەبەر ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی گۆڕستانی بەهائییەكانی تێكداوە، شوێنێك نابێت نەنكی تێدا بەخاك بسپێرێت.

هەروەها لە کۆتایی ڕۆمانەكەدا باسی ئاگربەست و وەستانی شەڕی (عێراق- ئێران) دەكات و باسی ڕووداوێكی دیكە دەكات كە ساڵێك دوای وەستانی ئەو جەنگە خوێناوییە ڕوویداوە كە ئەویش مردنی (ئایەتوڵڵا خومەنی)یە و لەسەر ئەو وردەكارییانە دەوەستێت كە لە ساتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی مردنەكەیەوە ڕووی داوە تا ڕۆژەكانی دوای ئەو ڕووداوە و دەڵێت: خومەینی وەك هەموو دروستكەرێكی ئەفسانەی مەزن، هەوڵیدا لەبەر ڕۆشنایی پێدراوەكانی خەونەكەی واقیع بدزێت، لە كۆتاییدا توانی و سەركەوتوو بوو هەر وەك (هۆمبرێت)ی ڕۆمانەكەی لولیتای نابۆكۆف، توانی واقیع و خەونەكان پێكەوە وێران بكات، واقیعی ئێمە و خەونەكەی خۆی! نەفیسی دەڵێت "جگە لەو هەموو تاوانە، لەو هەموو كوشتن و ئەشكەنجەدانە، دەبێت ڕووبەڕووی دوا سووكایەتییەكان ببینەوە، تاوانی تیرۆركردنی خەونەكانمان، بە هەرحاڵ ئەو هەرچی ویست پێی كردین، ئێمەش گوێڕایەڵ بووین و تەسلیمی بووبووین، ئێمە چەكی ڕەزامەندیمان پێ بەخشی و گرنگترین هاوبەشەكانی بووین لەو كردەوەیەیدا".

هەر لەو ڕۆمانەدا و لە نزیك كۆتاییدا، خانمی ڕۆماننووس جارێكی دیكە باس لە دۆخی وڵاتەكەی دەكات كە پاڵی پێوەدەنێت بۆ ئەوەی كۆچ بكات و خۆشەویست و ئازیزانی جێ بهێڵێت، لە دێڕێكدا دۆخی وڵاتەكەی و ژیان لە ئێران بەوە دەشووبهێنێت كە كەسێك سێكس لە گەڵ كەسێكدا بكات كە قێزەونە بەلایەوە.

لە كۆتاییشدا دیسان دەگەڕێتەوە و باسی خۆی دەكات كە دەگاتە ئەمریكا و ماوەیەكیش قوتابییەكانی كە پێشتر پۆلێكی تایبەتیان دروست كردبوو لە ئێران دەچنە دەرەوەی ئەو وڵاتە و هەریەكەیان لە وڵاتێك نیشتەجێ دەبن و هەریەكەیان بە كارێكەوە سەرقاڵ دەبن كە خۆیان پێیان خۆشە. هەرچەند نەفیسی ئاماژەی پێ نەداوە، بەڵام وەك ئەوەیە بڵێت "هەریەكەیان دواجار ڕەنگی خەونی خۆیان دەدۆزنەوە، یان سەرقاڵ دەبن بە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ڕەنگی خەونەكانیاندا".


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە