alf.jpg

لە زیندانەوە تا خەتخۆشیی و خەسان، چەند سەرنجێک لەسەر ڕۆمانی (ئەلف/ یا)

بەختیار حەمەسوور

١/ ڕۆمانی «ئەلف/یا»ـی ڕەزا عەلی‌پوور، ڕۆمانێکی واڵایە، ڕەخنەگر/خوێنەر دەتوانێت لە چەند دەلاقە و لاوە، ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە و لە هەریەکەیشیانەوە گۆشەنیگای خۆی دابمەزرێنێ و بە دەرکێشانی چەند بەڵگە و سەنەد، هەڵبەت لە خودی دەقەکەوە، بگات بە ئەنجام و خوێندنەوەی مەبەست. بەڵام بۆ نووسینێک لە چەشنی ئەم نووسینەی بەردەستت، کە نایەوێ تەنیا چمکێک بگرێت و بە شوێنیدا تا کۆتایی بڕوات، بەڵکوو لە شێوەی چەند یادداشتێکی کورتدا، ڕوانینەکانی ئاراستە بکات، ڕەنگە نەکرێ و نەلوێ یەک یەک ئەو بەش و تێما و ئیمکانانە باس و بەسەر بکرێنەوە، لەبریی ئەوە، برووسکەیی و بەلەز، هاوکات کونجکۆڵ، بەناو دێڕ و ڕووداوەکاندا دەڕوات.

٢/ ڕۆمان بە زیندان دەست پێ دەکات، یووسف، تازە لە زیندان دەرباز بووە، بەڵام لە دەرەوە چەند زیندانی تر چاوەڕێین، سەرەکیترینیان؛ ساخکردنەوەی کۆمەڵێک دەستنووس و لاپەڕەی کۆن و زەرد و زار و خوێناوڵین، هیی دووسەد ساڵ لەمەوبەر. دەبێت لەم لاپەڕە ڕزیو و خوراوانە کتێبێک ئامادە بکات «لاپەڕەیەکی دیکەی زێڕین بە ئەزموونیی میرنیشی ئەردەڵان» زیاد بکات. یووسف نووسەر و مامۆستایە، جیا لە دەلالەتەکانی ناوەکەی، لە نێوان کۆمەڵێک گرفتدا سەرگەردانە، لایلا و جیابوونەوەی لە لەیلا، یەک لەو گرفتانەیە. بێپارەیی و بێچارەیی دوای زیندان، ناسین و ئاشنابوون بە حافز بینایی و ئاڵۆزییەکانی. یووسف سەرگەردانە، بە دەست براکانییەوە نا، بە دەست خۆیەوە.

٣/ ڕۆمانەکە دوو چیرۆک، لە دوو زەمەنی جیا و لێکدووردا، پێکەوە دەباتە پێش و تەقەڵدروویان دەکات؛ چیرۆکی یەکەم کە ئێستایە و سەدەی بیستویەک، چیرۆکی دووەم سەدەی نۆزدەیە. چیرۆکی یەکەم هەڵسووڕێنەر و ژیاندەری چیرۆکی دووەمە، چیرۆکی یەکەم نەبێت چیرۆکی دووەم لە سەرەمەرگدایە و گیان دەدات. چیرۆکی یەکەم یووسف کارەکتەری سەرەکییە، لە دووەم چیرۆکدا داوود ئامێدیی خۆشنووس و گەڕیدەی میرنشینی ئەردەڵان. لە فۆڕمدا هەڵگەڕانەوەیەک ڕوو دەدات، چیرۆکی دووەم سنوور و فۆڕم بۆ چیرۆکی یەکەم دەکێشێت، لە پاژەکانی دواییندا، فۆڕمی چیرۆکی دووەم بەتەواوی بەسەر چیرۆکی یەکەمدا دەچەمێتەوە؛ واتە دەستنووس و لاپەڕە زەردەکان چیدی بەرکار نین، بکەرن. ئەم دوو چیرۆکە بە هەردوو کارەکتەرەکەیەوە، لە زۆر نوختە و جێدا بەر یەکتر دەکەون، یووسف و داوود کار بۆ دوو دەزگا، ناوەند، حوکمداریی و دەسەڵات دەکەن، لە ڕواڵەتدا بە پێی لۆژیک و ڕێسای دانراو و نووسراوی ئەوان دەجووڵێنەوە، لە ناواخندا پێچەوانە، مل بادەدەن «نا!». هەردووکیان نیمچەدەستبەسەرن، دەستێکی نادیار دەستکارییان دەکات و ئەمر و بکە و مەکەیان پێ ڕادەگەیەنێت. ڕەوت و ڕیتمی ڕۆمانەکە بە جۆرێک بەگەڕ خراوە، خوێنەر لەگەڵ هەر چوونەپێشەوە و بڕینی هەر پاژێکدا، هەست بە نزیکبوونەوە لە مەترسی و دڵەڕاوکە دەکات، بە شێوەیەکی دی، چنینی ڕووداوەکان بە جۆرێکن گەشەی ڕۆمان لەگەڵیاندا هەڵکشێت، بەرەو لووتکە نا، بەرەو خەرەند و بەربوونەوە بۆ بنی دۆزەخ. لە کۆتاییدا، هەردوو چیرۆک، هەڵبەت بە پاراستن و ڕەچاوکردنی خەسڵەتی هەناویی و زەمەنیی خۆیان، بەسەر یەکدا دەکەون.

٤/ لە ڕستە یەکەمینەکانی «ئەلف/یا»ـدا هاتووە: «هەموو شتێک بۆ نووسین نابێت و ناشێت.» یووسف ئەو ڕستانە دەنووسێت، داوود ئەو ڕستانە دەنووسێت. یووسف و ئامێدی سەرکێشی دەکەن و باجەکەیشی بە ماڵ و گیانی خۆیان دەدەن. داوود ئامێدی لە عەمارەتدا ژوورێکی پێ ڕەوا بینراوە، پەڕەمووچ و قاقەز، خواردن و جێ‌وبان، داوود نیسبەت بە میرموشی و میرزادە کەسێکی گرنگ نییە، ئەو تەنیا دەستەچیلە و داردەستێکە بۆ تۆمارکردن و نووسینەوەی سەروەریی و ڕۆژانی زێڕینی میرنشین و میرزادە، بەڵام داوود ئەوە دەنووسێت خۆی دەیەوێت، هەڵبەت لە دەفتەردا، لە ڕۆژانەیادداشتەکەیدا. پەردە لەسەر دیوێکی تری میرنشین هەڵدەداتەوە، دیوێکی تاریک و ترسناک. هەمان ئەو دێڕانە دەنووسێت و دەیخاتە دووتوێی یادداشتەکانی، کە مەهدی ئەخەوان سالس دەربارەیان دەڵێت: «مێژوو کاتێک دەیەوێت ئەو دێڕانە بنووسێت، مەرەکەب لەناو قەڵەمدانەکەیدا دەمەیێت.» داوود ئامێدی بە شانوباڵی کەسدا هەڵناڵێت، ئەوە دەنووسێتەوە کە دەیبینێ؛ چاودەرهێنان، گوونتەقاندن، خەساندن، خیانەتی برا لە باوک و ئامۆزا لە مام، نەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت.

٥/ یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی «ئەلف/یا» زمانە، چنین و دەرکێشانی ئەو ڕووداو و کەسانەی دەکەونە بەر شەپۆلی گێڕانەوە. لە بەشی یووسفدا، کە زۆرینەی تایبەتە بە ساخکردنەوە و ڕێکخستنی لاپەڕەی لێکبڵاو و دەستنووسی پزووپچڕاو و دڕاو، زمانی گوشراو و ئەکادیمیک تێدا بەکارە، بەڵام هەر لەم بەشەدا، ئەو کاتەی گرفتی خانوو، خوشک، لەیلا و ئایسان، بە تایبەت ئایسان، دێنە پێشەوە، باری زمان کەوڵ دەگۆڕێت، بە پێی دۆخەکان، گرژ و نەرم دەبێت، جارجاریش توند و زبر. دەمەوێت بنووسم بە وردی ڕەچاوی تۆن و ئەکسێنتی کەس و ڕووداوەکان کراوە، لە کوێدا پێویست بێت دەنگ هەڵێنێت، دەنگ دابگرێت، بنەڕێنێت و هەڵچێت، کراوە، خۆڕسکانە. ئەگەرچی پانتایی «ئەلف/یا» شوێنێک نییە بۆ فرەدەنگیی گێڕانەوە، بەڵام فرەڕەنگە، ڕاوی سەرەکی یووسف و داوودن، بازبازێن و هێڵاوهێڵ دەکەن، لەوەوە بۆ ئەم، لەمیشەوە بۆ ئەو، بە پاڵ تێمای سەرەکییەوە، چەند ڕووداوی لاوەکیش بە خۆیانەوە دەئاڵێنن. جووڵەدارن و ناسەکنێن، بنەتا و سەرەتا سەرگۆڕکێ و بنگۆڕکێ دەکەن، وەک گۆمی شلەقاو. یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕۆمان، دیمەنسازیی و ڕووداوسازییە، زۆر گرنگە ڕۆماننووس کاتێک کەشێک ساز دەدات، دیمەن و ڕووداوێک پێک دێنێت، خوێنەر درکی بکات، بکەوێتە ناوی، هەست نەکات ئەو کەش و دیمەن و ڕووداوە تەنیا بە وشە و لە وشەدا ڕۆ نراوە، بەڵکوو لەمسی بکات، وشەکان لە سەتحەوە بچنە قووڵایی، بیسمن؛ «ئەلف/یا» ئەو کەشە دەخولقێنێت، دەتخاتە ناو جەرگە و گێژاوی دیمەن و ڕووداوەکانی ناو خۆی، دەتباتە بەردەم میعماری کۆن و هونەری خەتخۆشیی و حوجرە و لەحنی مەلایانە.

٦/ جیاکردنەوەی دوو زەمەن، کە دووسەد ساڵ نێوانیانە، کارێکی ئاسان نییە، ئاسانە تۆ باسی سەردەمانی کۆن بکەیت، باسی ژیان لە ڕابردوودا و پێکگرتنی بە ئێستا و هەڵدانی چەندان جیاوازی، بەڵام سەبارەت بە کاری ڕۆمان و ڕۆماننووس، ئەمە ناتوانێت ڕێیەکی سەلامەت بێت، دەبێت بیر لە ڕێیەکی تر و جێیەکی تر بکاتەوە و بیگاتێ؛ ڕێیەکی پڕمەترسی و خەتەر. «ئەلف/یا» بۆ دەرخستنی ئەم جیاوازییە، بۆ دەرکێشانی زمانی کوردیی دووسەدە لەمەوبەر، هانا لە هەرچی دیالێک و بن‌دیالێکت و وردەدیالێکە دەیخوازێت، هاشاوڵی کۆنترین ژانرەکان دەبێت؛ حەیران و بەیت، زمانی بیناسازیی و جۆری جلوبەرگ، قسە، زەرگ و مزگەوت و گوندان، بانگهێشت دەکاتەوە و لە ڕووتەختدا، مۆری جیاوازبوونی خۆی سەبارەت بە خەتی یەکەم و ئێستای ڕۆمانەکە، لێ دەدات. ئەم زمانە، کە خۆبژێو و سەربزێوە، لەسەر چینێک لە بەلاغەت و زێدەوەسف هەڵچنراوە، جوانی و شیعر، خەتخۆشیی و ئەڤین و دڵدۆڕان، دابڕان و دوورکەوتنەوە، پیت و پێچخواردن و هەڵگەڕانەوەی کۆتایی پیت، موزیک و لەحنی ژیان لە خانووی قەدیمیدا، پێکدا هەڵدەپژێن و پێکڕا دەڕژێنە جۆگەلەی دێڕ و پاراگرافەکان.

٧/ وەک دواسەرنج، دەمەوێت سیلەنیگایەک بۆ دۆخی پۆلەتیک و تۆتالیتاریزمی ڕۆمانەکە ئاراستە بکەم، لە هەردوو زەمەنەکەدا ئەم دۆخە هەیە، قەیراناویی و گرژ، بەرچاو و زەق، لەژێر ناوی «چاودێری»ـدا خۆی مەڵاس داوە، لە هەموو جێیەکە، گەرچی دەیەوێت پەنهان بێت و نەبینرێت، بەڵام هەیە، لە دیوار و سەقف و ژوورەکاندا چێنراوە، لە سەرشەقام و کۆڵان، تەماشا دەکات، تۆمار دەکات، چوارچێوە بۆ زمان و جووڵە دادەنێت. وەهمە؟ یان ترس؟ یەک لە پەیجۆر و پێچەقاندنەکانی ڕۆمانی «ئەلف/یا» ئەمەیە: بیسەلمێنێت خودی ئەوەی ناو نراوە «چاودێری»، واقیعە و هەیە، لە هەموو جێیەکدا، لە درزی دیوار.


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە