له دەزگەی چاپی Symposion، که کۆنووسینهکانی (نیتچه)ـی لێ چاپ ده‌بێت، ئه‌مجاره نۆره هاتووەتە سەر چاپی نامه‌کانی. نامه‌کان زیاتر لە فەلسەفە، ژیانی ڕۆژانەی ئەو فەیلەسوفە لەخۆدەگرن، به‌ڵام هاوکات گەواهی گەشەی ئەو، ڕووەو ئەو هزرە کاریگەرانە دەدەن، کە زەمەنەکە وەک زەمەنی ''فەیلەسوفی ئازاد'' جیادەکاتەوە.
فریدریش نیتچه ته‌مه‌نی ته‌نها بیستوچوار ساڵ ده‌بێت کاتێ وه‌ک پرۆفیسۆری فیلۆلۆژی کلاسیک له زانکۆ بچوکه‌که‌ی شاری بازل Basel داده‌مه‌زرێت. پێشتر پسپۆڕێتی خۆی له ئیش‌کردن له نووسه‌ره گریکی و لاتینییه‌کاندا خستبووه ڕوو. (١٠) دە ساڵ دواتر به‌هۆی خه‌راپیی باری ته‌ندروستییه‌وه خۆی خانه‌نشین ده‌کا. دوای (١٠) دە ساڵی تر وه‌ک ''فه‌یله‌سوفی ئازاد'' ده‌ژی. له کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٨٩دا، دۆخی ته‌ندروستی تێکده‌چێ و یه‌که‌م جار بۆ خه‌سته‌خانه‌ی نه‌خۆشییه ڕه‌وانییه‌کان ده‌نێردرێ و پاشان دایک و خوشکه‌که‌ی ئاگایان لێی ده‌بێت، تا ده ساڵ دواتر به بیمارییه‌ک لە مێشک‌دا که پێده‌چێ بۆماوه‌یی بێت، ده‌مرێ. نیتچە دوای داڕوخانی باری ته‌ندروستی، یه‌ک دێڕ نانووسێت، به‌ڵام پێشتر سه‌ره‌ڕای ژانه‌سه‌ری به‌رده‌وام و خه‌راپیی بینین، زیاتر ده‌نووسێ. ''چاپی
توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی'' که له ساڵی ١٩٨٠دا ئاماده دەکرێ، یازده‌هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه و به یه‌کسانیی دابه‌شبووه به‌سه‌ر نووسینی ته‌واوکراو و یاداشتی به‌جێماو و نامه‌دا. نیتچه له زه‌مه‌نی گوڕوچالاکییهکهیدا له هه‌ر ئه‌و سێ ڕووبه‌ره‌دا ئیش ده‌کا، جا بۆ ئه‌وه‌ی بنیادەم تێگه‌ییشتنێکی ته‌واوی له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت، ده‌بێ پێ بنێته نێو هه‌رسێکیانه‌وه.
تا ئێستاکه مه‌رامێکی له‌و جۆره ته‌نها بۆ که‌سێکی ئه‌ڵمانیایی زوبان مه‌یسه‌ر بووه، به‌ڵام ئیدی بەو زووانە خوێنەری سوێدی زوبانیش له‌وه به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت. کاتێ ده‌زگه‌ی پهخشیاره ئازاکه‌ی Symposion له ئێستادا کۆنووسینهکانی نیتچه‌ی چاپ کردووه، چیدی خوێنه‌ر دڵی تەنها به ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌و ده‌یان کتێبه نووسراوەی نیتچه ئاو ناخواته‌وه، به‌ڵکو ته‌ماحی ئه‌وه‌شی هەیە که گوڵهوهچنییهک له یاداشته جێماوهکانیشی بە چاپکراوی ببینێت. له ئێستادا دوو به‌رگ له نامه‌کانی نیتچە که به هه‌ردووکیان خۆیان له هه‌زار لاپه‌ڕه دهدهنو نزیکه‌ی سێ یه‌کی (٢٨٥٠) دووهه‌زار و هه‌شتسه‌د و په‌نجا نامه پێکدێنن، بڵاوبوونه‌ته‌وه. ئه‌م کاره له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه کارێکی گه‌وره‌یه و ''پێته‌ر هاندبێری''ش که ته‌رجه‌مه‌ی کردووه و په‌راوێزی بۆ نووسیوه، کارێکی نموونه‌یی به ئاکام گه‌یاندووه.
نیتچه نامه‌کانیشی وه‌ک نووسینه‌کانی هێزمه‌ند، وروژێنه‌ر و جاروبار به ههیهجانن. له ڕاستیدا ئه‌وه ته‌نها له یاداشته‌کانیدایه که ئه‌و پشوو ده‌دا، ڕاده‌مێنێ، ئیست دەکا و با دەداتەوە. نامەکانی ئەو بۆ ته‌نها بەرامبەرێکه که ئه‌م ده‌یه‌وێ کاریگەری له‌سه‌ر جێبهێڵێ. نیتچە له نامه‌کانیدا دڵسۆزیی خۆی بۆ دایکی ده‌رده‌بڕێ، توانج له خوشکه‌که‌ی ده‌دا، ئه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رزه‌نشتی نه‌کا، سینگی بۆ ئه‌وانه‌ی که پێی سه‌رسامن ده‌رده‌په‌ڕێنێ، هاوخه‌می بۆ هاوڕێکانی ده‌رده‌بڕێ، ئامۆژگاری دهزگەکانی چاپ و ئه‌وانی تر دەکا که به باشیی تێی ناگه‌ن. وه‌ک ئەوەی هاندبێری له پاشهکیییهکهیدا نووسیویه‌تی: ''شتێکی هاسان نییه له نامه‌کانیدا وەک نووسینه‌کانی، ئەوەمان لەلا یه‌کلاییی ببێته‌وه که ئاخۆ ئه‌و ئه‌زموون به خایلهکانییهوه ده‌کات یاخود ڕایه‌کی واقیعییانه ده‌رده‌بڕێ، ده‌مه‌ته‌قێ ده‌کا یاخود تاکتیکێکی ته‌واو.'' هه‌مان زه‌حمه‌ت لە لێکدانەوەی نامەی نووسەرێکی چالاکی تردا هه‌یه کە ئەویش (ستریندبێری) یە و لەگەڵ نیتچەدا تا ڕادەیەک هاوسه‌رده‌می یه‌کدیش بوون. وه‌کی تر له کۆتایی ژیانی ئاگایی نیتچه‌دا، ئه‌و دووانه: نیتشه و ستریدنباری، ده‌که‌ونه نامه‌گۆڕینه‌وه. نیتچه هه‌ندێک له کاره‌کانی ستریندباری به فه‌ڕه‌نسایی خوێندونه‌ته‌وه و ''هاوسه‌رگیری'' و ''باوک'' ی پێ '' زیاد لە سه‌رنجڕاکێشن''. له‌مباره‌یه‌وه بۆ ستریندباری ده‌نووسێ:''ئێمه هه‌ر ته‌واو سه‌باره‌ت به ژن کۆکین.''
نامەکان جیاوازییان لەگەڵ هەردوو نووسین و یاداشتەکاندا هەیە بەوەی کە بە دەگمەن دێنەوە سەر فەلسەفە، بەڵکو لە بری ئەوە لە دەوری ژیانی تایبەت، کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە، خوردوخۆراک، تەندروستی، سەفەر، شوێن و دۆخی ئابووری دەسووڕێنەوە. لەمیانەی نامەکانی نیتچەوە مەزەندەی هێڵە سەرەکییەکانی بیۆگرافیای خۆنووسینێک دەکەین کە بە ئاشکرا نزیکترە لەو ژیانەی کە هەر بە ڕاستی ژیاوە، وه‌ک لەو ژیانەی کە لە دوایین پایزدا لە کتێبی Ecce homo دا دەیگێڕێتەوە. دیارە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە لە نامەکەنیدا بە گه‌رموگوڕیی باس لە شتگەلێک بکا کە بۆ نموونە پەیوەندیان بە ئیرۆتیکەوە هەیە. ئێمە قەت نازانین ئاخۆ ئەو چ حەزگەلێکی هەن، ئەوە ئەگەر هەیبووبن – لە کولتووری ئەودا و لەو دەوروزەمانەدا، بنیاده‌م ئه‌و شتانه‌ی لە بوار و شوێنی خۆمانەدا ده‌رده‌بڕین، زیاتر لەوەی لە نامەدا دهریانببرێ. ئاماژەی هاوخەمیی دەربڕین لە هەندێک نامەیدا بۆ Rohde لە دەیەی ١٨٧٠دا دەناسینەوە. (هاوخەمانهترین نامەکان لە گوڵەوەچنییەکەدا نین). زنجیرەیەک نامەی تووڕە که هی ساڵی ١٨٨٢ن، پیشانی دەده‌ن کە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ لو ئەندریاس سالومی دا، شۆکی کردووە، دوای ئەوەی چەند جارێک خوازبێنی کردووه. دواتر چەندین ژن لەنێو ئاشناکانی نیتچەدا سەردەردێنن، ژنانی زرنگ و متمانە بە خۆ، لەوانەی کە نیتچه لە نووسینه‌کانیدا گاڵتەیان پێدەکا، بەڵام ئەوکات خۆی فێری ئەوە کردبوو کە جڵەوی هەستوسۆزەکانی بکا، یەکێک لەو ژنانە دواتر دەنووسێت:'' نیتچە، ئەو بیریارە هەوسارپچراوە، وەک مرۆڤ خاوەن ناسکیی و سۆزێکی نایابە و بەرامبەر ڕەگەزی ژن، چ لە ڕووی ڕەفتار و چ لە ڕووی شێوازەوە، خاوەن ئەدەبێکی حیساب بۆ کراوو ورده.''
لە زەمەنی پرۆفیسۆرییەکەیدا، نیتچە لە بری ئەوە پێوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ پیاواندا دەبەستێت، وێڕای هامشۆیەکی چڕ‌وپڕ لەگەڵ ڕیچارد ڤاگنەردا. تەنانەت ئامادەیی خۆیشی دەردهبڕێ کە لە زانکۆ دەست لە کار بکێشێتەوە و لە بری ئەوە ببێتە بەڕێوەبەری کەمپەینی پرۆژە گەورەکەی ڤاگنەر: بایروس(١). لەوێدا لێکترازان ڕوو دەدا: کاتێ لە ساڵی ١٨٧٦دا فێستیڤاڵەکە دەکرێتەوە، نیتچە لە گۆڕەپانەکە هەڵدێ و لە نامەیەکیدا ''نائومێدیی بێسنووری خۆی'' دەردەبڕێت. ئەوە یەکەمین ئاماژەی هه‌مدیس سهرلێتێکچوونه گەورەکەن لە ژیانی نیتچەدا، کە لەم دوو بەرگەی نامەکاندا سەرنجیان دەدرێت: یەکەمیان تا ساڵی ١٨٧٩ دەڕوات کاتێک کە نیتچە خۆی خانەنشین دەکا، لە کاتێکدا دووەمیان زەمەنی '' فەیلەسوفی ئازاد '' لە خۆ دەگرێ.
بنیادەم دەتوانێ هێڵی جیابوونەوە لە زۆر جێگەدا بکێشێت. ساڵی ١٨٧٦ لە بایروس، یان یەکەم زستان له ساڵی ١٨٧٧ لە ئیتاڵیا یان دوایین زستان لە شارەکەی خۆی، ناومبێرگ، یاخود خانه‌نشین بوونی لە هەمان ساڵدا. لە هەموو ڕووداوەکاندا گۆڕانکاری بەرچاو لە ژیان و هزری نیتچەدا ڕوودەدەن. گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیۆگرافی: لە کەسێکی دامەزراوی هەمیشەیی و نیشتەجێی هەمیشەییەوە، دەبێتە fugitivus errans، ئه‌و ناوه‌ی که نیتچە لە خۆی دەنێ:'' هەڵاتوویەکی لەرزان، لە هزر و لە جوگرافیادا، ساتی هاوین لە ئەلپەکاندا ''شەش هەزار پێ لە سەروو ئاستی زەریا و هەموو شته ئینسانییه‌کانه‌وه.'' له زستاندا پانسیۆنەکان بە درێژایی که‌ناره‌کانی زەریای ناوەڕاست هەرزانن، شەش زستان لە نیس بەسەر دەبا، لە نێوان شاگەشکەبوون بە ''هەوا باڵا'' کەی شار و بۆنگەلی خۆشی ''ئەفریقایی''، تا گاڵتەکردن به کاروبارە شیکانەکەی ماڵێ. لە ساڵی ١٨٨٧ دا ئەو بوومەلەرزەیە دەبینێ کە بەشگەلێک لە شارەکە وێران دەکا. لە نامەیەکیدا لەوبارەیەوە دەنووسێ کە ئەرزهەژێنەکە لە خەو وەئاگای هێناوەتەوە. دەنووسێ: چوومە دەرەوە و پیاسه‌ی شەوانهم کرد تا ببینم ئاخۆ چ ترسێکی شێتانه مرۆڤەکان دەهاژوێ.'' له نامه‌که‌دا جەخت دەکاتەوە له‌وه‌ی کە ئەو خانووەی لێی نیشتەجێیە و (ئاوهای گوت زەردەشت)ی لێدەنووسێت، وێران بووە. دەنووسێت:''ئەمە کەڵکی ئەوەی بۆ نەوەکان هەیە کە مەزارگەیەکی بچووکیان هه‌بێ زیارەتی بکەن.''
پەیوەندی لەگەڵ ڤاکنەر و پرۆژه‌که‌ی بایروسدا ده‌گۆڕێت: نیتچە لە ڤاگنەرییەکی شاگەشکەوە با دەداتەوە و لەمیانەی دوایین ساڵی ئاگاییدا، نامیلکەی (کهیسهکەی ڤاگنەر) دەنووسێت. هەرە دوایین شتێک کە دەیکات ئامادەکردنی بەرگە بچووکەکەی Nietzsche contra Wagner (نیچه له بەرامبه‌ر ڤاگنه‌ر)دایـە. دوان لە ''نامە شێتانەکان''ی ڕۆژی (٥) ی یانوەری ساڵی ١٨٨٩ ی نیتچە دەگەنە کۆسیما، بێوەژنەکەی ڤاگنەر، بە جۆرێک بنیادەم وا تێدەگا هەموو ئەو دوواین شتانەی له سه‌ری نیچه‌وه ده‌رچوون، ئه‌وانه بوون که پێوه‌ندییان به ڤاگنه‌ره‌وه هه‌بووه.
ساڵی ١٨٨١ نیتچە بۆ یەکەم جار ئۆپرای Georges Bizets ''کارمەن'' دەبینێ کە دواتر جێگەی (تریستان و ئیزولت) ەکەی ڤاگنەر، وەک یه‌کێک له ئۆپرا لەبەردڵانەکانی دەگرێتەوە. ئەمەش مانای وایە کە لە ئەڵمانیییەوە بووەته فه‌ڕه‌نسایی. لەمیانەی زەمەنی ڤاگنەردا، نیتچە هەمان شێوەی مامۆستاکه‌ی لە کولتووری (فەرهنسیی– جوولەکە) خانەگومان بووە، تەنانەت ئەگەر خەیاڵی گواستنه‌وه‌ی بۆ پاریس، که هه‌رگیز سه‌ریشی نه‌گرت لە کەللەیدا بووبێت. لە دەیەی هەشتادا هەرچی زیاتر لە هەموو شتێکی ئەڵمانیایی خانەگومان دەبێ و ئیدیعای ئەوەی دەکا کە زوبانی لە نووسینەکانیدا زیاتر فەڕەنساییە وەک لەوەی ئەڵمانیایی بێت. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئەو لەسەرەتادا پۆڵەندایی بووە و ئەوپەڕی ئومێدی ئەوەیە کە ببێتە ''ئەوروپاییەکی باش''.
نیتچە هەرگیز دژە جوولەکە نەبووە. تەنانەت لە زەمەنی ڤاگنەریشدا. کاتێ خوشکەکەی شوو بە دژە جوولەکەیەکی بەناوبانگ و یارمەتیدەری گۆڤاری جەنگاوەرانی ئەنتی جوولەکەکەی Bayreuther Blätter دەکا، نیتچە حەز دەکا ناوی خۆی بە ئەنتی دژە جوولەکە بهێنێ. لە ڕەشنووسی نامەیەکی ساڵی ١٨٨٧ دا بۆ خوشکەکەی، دەنووسێ:'' ئەڵمانیاییەک کە ئیدیعای ئەوە بکات لە جوولەکەیەک باشترە تەنها لەبەرئەوەی ئەڵمانیاییە، ئەوە لە کۆمیدیایەکدا خه‌ڵی ئێره‌یه: ئەوە ئەگەر لە شێتخانەدا خه‌ڵکی ئێرە نەبێت.''
ئافەرۆز کردنی هەموو شتێکی ئەڵمانیایی واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ڕەخنەکردنی ئایدیالیزم بە قازانجی ماتریالیزم لە کارە فەلسەفییەکانیدا گەشە پێداوە، بەڵام بنیادەم سەرنجی ئەوە تەنها لە نامەکانیدا دەدا. لەبری ئەوە لە نامەکاندا بە ئهندازەیەکی زۆر ئەو گۆڕانە تا ڕادەیەکی زۆر بەرچاوە دۆکیۆمێنت بووه: گۆڕان لە هاوڕێیەتییەوە بۆ تەنیایی، هاوڕێیەتی تێمایەکی گەورەیە لە یەکەم به‌ندی نامەکانیدا تا ساڵی ١٨٧٩: ته‌نها بریتییه له هاوڕێیەتیی نێوان پیاوان، لەو پەیوەندییە چڕوپڕانهوه ده‌ستی پێکردووه که لەگەڵ زانا فیلۆلۆگەکانی زەمەنی خوێندنیدا به‌ستوونی. لە چەندین نامەدا خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ کە لەگەڵ هاوڕێیانیدا پێکه‌وه دەیرێک ڕۆبنێن، لەوێ خۆیان بۆ وتووێژی جیدیی تەرخان بکەن، بەبێ ئەوەی ژن و ئەرکی زانکۆ و شتی بێبایەخی ڕۆژانە مەژووڵ و بێزاریان بکه‌ن. فەسڵێک لە کتێبی ''زانستی شادان'' کە ساڵی ساڵی ١٨٨٢ دەینووسێ، ناوی ''هاوڕێیه‌تی ئه‌ستێره'' یه و ئاوها دەست پێدەکا:''ئێمە هاوڕێ بووین و بە یەکتری بووینە غەریب.'' دەبێ بەو شێوەیە بووبێ، لەبەرئەوەی ئەو هاوڕێیەتییە کامڵە جێگەی ئەستێرەکانە.'' لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێ باوەڕ بە هاوڕێیەتییەکەمان لەنێو ئەستێراندا بهێنین، تەنانەت ئەگەر ناچاریش بین لە سەر زەوی دوژمنی یەکدی بین.''
دەسبەردان لە ئەڵمانیایی بوون، نیتچە وەک چاکبوونەوە تێی دەگات، شتێک کە لە دەیەی ١٨٨٠دا؛ لە نامەکان هەروەک لە نووسینه‌کانیدا وەک تێمایەکی گەورە خۆ دەنوێنێ. بەڵام نامەکان لە بارەی تەنیاییشەوە دەدوێن: جاروبار نیتچە گلەوگازندە لە تەنیایی دەکا، جاروباریش پەنای بۆ دەبا. پاییزی ساڵی ١٨٨٠، نیتچە لە جەنەوا دەبێت و بۆ Overbeck، هاوڕێ و هاوپیشە بە وەفاکەی زانکۆی بازل- ی دەنووسێ:'' یارمەتیم بدە بەم پەنهانییەوە بنووسێم. نکوڵی لە بوونم لە جەنەوا بکە – ئاخر من دەبێ ماوەیەکی درێژ لە ناوجەرگەی شارێکدا بژیم کە دەسەڵاتم بەسەر زوبانەکەیدا ناشکێ.'' چەند مانگێک دواتر پلانەکانی دەخاتە ڕوو بەوەی کە دەگوێزێتەوە بۆ تونس تا لەنێو '' موسڵمان'' اندا بژی. بەو جۆرە دەیەوێ چاوی بۆ هەموو شتێکی ئەوروپایی تیژ بکاته‌وه.
زەحمەتە بگوترێ کە نیتچە بەو جۆرە فەنتاسیای تەنیاییانەوە، ئاخۆ ئەو تەنیاییەی کە تێی دەکەوێ، ڕاسیونالیزە دەکا دوای ئه‌وه‌ی دەسبەرداری هەموو شتێکی ئەڵمانیایی دەبێ، یاخود هەر بە ڕاستی بە دوایدا دەگەڕێ. تەنیایی لە نامەکاندا، لە هەموو ڕووداوەکاندا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت و ڕەنگبێ ئەوەش خودی ئەو هەلومەرجە بێت کە زەمەنەکەی وەک ''فەیلەسوفی ئازاد'' جوێ دەکاتەوە، تا ساتەوەختی داڕمانەکەی: خایلە نەفرەتییەکان، فۆرمۆلەی دەربڕینە هەرچی زیاتر کاریگەرەکان. لە (زانستی شادان) دا بیرۆکەی ژیان وەک ''تاقیکردنەوە'' کەسێک کە بە دوای زانست‌دا دەگەڕێ، پەسەن دەدا. لە نامەکانیدا شوێنپێی نیتچە هەڵدەگرین کە چۆن ئەو کارگەی ئەزموونەکەی گه‌شه پێده‌دا و پۆزیشونهکانی بەرەو پێشەوە دەبا، تا ئیتر چ ڕێگەیەک نامێنێ که بیگرێتە بەر.
· Arne Melberg: پرۆفیسۆر لە زانستی ئەدەبیات لە زانکۆی ئۆسلۆ و نووسەری کتێبی (هەوڵ بدە نیتچە بخوێنەوە) ٢٠٠١ .
( ١ ) Bayreuth شارێک لە هەرێمی بایرن ی ئەڵمانیا و دەکەوێتە کەناری ڕووباری ماین ـــەوە. ساڵی ١٨٧٢ ڕیچارد ڤاگنەر بۆ ئەو شارە دەگوێزێتەوە و لەو ساڵەوە تا مردنی لە ساڵی ١٨٨٣ دا لێی دەمێنێتەوە. ساڵی ١٨٧٦ بە چاودێری و هاوکاری شا لودڤیکی دووەم خانوووبەرەی ئۆپرا لەو شارەدا ڕۆدەنێ و دواتر دەبێتە مۆزەخانەی ڤاگنەر. ئەمڕۆ ئەو شارە بەر لە هەر شتێک زیاتر بە ڤاگنەر بەناوبانگە. یەکەمین نمایشی دوو دوایین کاری ئۆپرایی ڤاگنەر (Der Ring des Nibelungen و پارسیفال) لەو خانووبەرەیەدا بووە. هەموو هاوینێک لە میانەی فێستیڤاڵێکی یەک مانگییدا بۆ ڕیچارد ڤاگنەر، هەموو ئۆپراکانی ڤاگنەر لەو خانووبەرەیەدا نمایشا دەکرێن.
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە
لاپەڕەی کولتووری ڕۆژنامەی SvD ڕۆژی ٢٣/ ١ / ٢٠١٥
نیتچه نامه‌کانیشی وه‌ک نووسینه‌کانی هێزمه‌ند، وروژێنه‌ر و جاروبار به ههیهجانن