Sherzad1.jpg

بە ماچ و دووماچ، هیچت لێ نایە

ماجد خەليل

گۆرانی (لیمۆ هەی لیمۆ، لیمۆی شیرازی)، گۆرانییەکی رەسەنی کوردەوارییەو چەندین هونەرمەند چڕیویانە.

بەلای منەوە کەسیان وەک (شێرزاد عەبدولڕەحمان)، نەیتوانیوە ئاوازو تێکستەکە لەڕۆحێکی ڕەسەنی کوردییەوە دەرببڕێت.

نازانم، خەتای ئەوەیە وەختێ گوێم بەڕووی گۆرانیدا کراوەتەوە، ئەو لەسەر شاشە بووە، یان خەتای چییە؟

ئەو کوڕێکی گەنجی بێڕیش و سمێڵ، کەواو پانتۆڵێکی شینی کاڵ و کراسێکی ملوانکە درێژ و قەنافیز قەوسی بەسەرییەوە،  پشتوێنێکی باریک و بەژنێکی باریکتری هەبوو. جوڵەی دەست و پەنجەکانی رێک لە لەپی دەستی دەرۆزەکەرێکی جوانیی دەکەن.

 جوڵەیەک زۆر میهرەبانانە ئاتاجیان بە ئەوینێکی راستەقینەی حەفتاکانە.

مرۆڤ کە دەیبینێ دەزانێ چەندە کەیلی کیژۆڵە کرمانجێکی هەوری لەمل و چەتفە لەشانە، مرۆڤ کە دەیبینێ، هەست ناکات لە ستۆدیۆدایە، رێکوپێک دەڵێی لەسەرکانی و داڵانی ماڵە دراوسێکەیدا راوەستاوەو نەکچاوێ هەردوو چاوی لەڕێی کارێزە. رێک دەڵێی هاوار لە شەنگەبێری دەکات تاوەکو هەستێتەوەو فرمێسکی بێشوانی وڵات بسڕێتەوە.

بەڵام جەخار،  شەنگەبێری هەڵنەسایەوەو ئەمڕۆ شێرزاد بۆخۆیشی هەڵنەسایەوە.

دڵنیام دەنگی داخداریی شێرزادەکان هەر بەنەمریی دەمێنێتەوە.

بەداخەوە فرمێسکی بێشوانی وڵاتیش هەر بەردەوامدەبێت.

تێبینی: شێرزاد، هونەرمەندێکی جوانی گۆرانی کوردییە، پەنجا ساڵ پێش ئەوڕۆ دەستیدایە گۆرانی کوردی.

هاوکات نوسەرو رۆژنامەنووسەو کۆڵێ بەرهەمی چاپکراویشی هەیە.

من بۆخۆم ئاشنای هیچ بەرهەمێکی نوسینی نیم، وەلێ گۆرانییەکانی گیانێکی زیندووی یادەوەری و ئۆخژنێکی ئارامی دەرونی کوردەواریی بوون.

 

بۆ ببینى گۆرانیه‌كه‌ كلیك له‌م لینكه‌ بكه‌.

https://www.facebook.com/watch/?v=4064843986919699


ئەم بابەتە 116 جار خوێندراوەتەوە