appa.jpg

ئەپاكەڵیپس: جەنگی دووەمی جیهان - 2009

حەسەن فەلاح

كۆی بەشەكانی ئەم دۆكیۆمێنتارییە گرانە لێكدانەوە و شیكردنەوەیان لە وتارێكی كورتی چەند پەڕەییدا كۆبكەیتەوە. بە شێوەیەكی ئەكادیمییانە ئەم دۆكیۆمێنتارییە ڕانان و قسەكردن لەسەر توخمەكانی لێكۆڵینەوەی دەوێت، و پێویستییان بە وردبوونەوەی جددی هەیە.
لە نێو كۆی توخمەكانی و بە كورتی، سەرنج دەخەمە سەر سینەماتۆگرافی و مۆسیقای زنجیرەكە. ئەم دوو توخمە، سینەماتۆگرافییەكەی بە تایبەتیی؛ تەواوكەرێكی دیاری زنجیرەكەن.

لە زۆرینەی دۆكیۆمێنتارییەكان، بەتایبەتیی ئەوانەی ناوەڕۆكێكی درامیی و حەماسییان هەیە، مۆسیقا ڕۆڵی گەورە لە وێناكردنەوە و تێگەیاندنی جەوهەری واقیع دەبینێت. (Jeff Beal) ئاوازداڕێژەری هەردوو دۆكیۆمێنتاریی (Blackfish و The Queen of Versailles) دەڵێت: "باوەڕم وایە ئاوازی مۆسیقیی (دۆكیۆمێنتاریی و گێڕانەوە) زۆركات لە جێی هاوسۆزیی و ڕاستییەوە دێت. گەر كارەكتەریش "نابەدڵ" بێت یاخود لە ڕووی ئەخلاقییەوە كارەكتەرێكی جێ پرسیار بێت، ئەوە ڕۆڵی مۆسیقا نییە كە بڕیار دەدات یاخود گاڵتە بە گۆشەنیگایان دەكات. ئەمە دەكرێت بەتایبەتیی گرنگ بێت بۆ دۆكیۆمێنتارییەكان، لەو شوێنەی كە سەبجێكت توانای گەیشتنی هەبووە بە هەندێك لە دۆخی ئازاربەخش یاخود شەرمەزاركەر كە "گیراوە/تۆماركراوە" لەلایەن كامێرای دۆكیۆمێنتارییەوە."

ئەم وتەیە بۆ ئاوازەكانی ئاوازداڕێژەری یابانیش (Kenji Kawai) بۆ زنجیرەی (Apocalypse: The Second World War) تەواو دروستە. كینژی جگە لەوەی ئاوازی خاتیمەی زنجیرەكەی بە ئاستێكی بەرز بەرهەمهێناوە و بوونێكی دیار و ئاوازێكی سەرەكیی زنجیرەكەیە بۆ دەستپێك و كۆتایی، لێ هاوسات كۆی ئاواز و ساوندتراكەكان هاوشانی بەشە جیاوازەكان هاوسۆزی دەسەڵاتە جیاوازەكانن و لە دەنگی حەقیقەتەوە هەڵهێنجراون. تێبینی بكە كاتێك ڕووی كامێرا لەلای هیتلەر یان ستالین یان چێرچڵ، بەرلین یان پیرڵ هاربەر و ستالینگراد، نۆرماندی و دەنكێركە، هەست ناكەیت كە ئاوازداڕێژەر یاخود دەرهێنەری زنجیرەكە لایەنگیریی دەكات و هەژموونی بەرەیەك دەسەپێنێت بەسەر واقیع و دۆخی ئەوكاتی جەنگەكەدا. وێڕای ئەوەی سۆزت بەلای ڕووداو و چیرۆك و بەسەرهاتەكان ڕادەكێشێت، بەڵام ئەمە بۆ گشت هێز و لایەنەكان یەكسانە.

ساوندتراكی ٢٦، هەر ئەو ئاوازەی سەرەتا باسم لێوەی كرد لە دیدی منەوە لە ڕووی ڕیتم و ئاوازەوە نزیكە لە پارچەی بەنێوبانگی ئاوازداڕێژەر (Gerard Marino) لە ئەلبوومی یاری بەنێوبانگ (God of War) بە ناوی (The Vengful Spartan). جێی ئاماژەپێدانە پارچەكەی جێرارد كۆنترە و دەنگدانەوەیەكی گەورەی تۆماركردووە (لە كۆممێنتدا لینكی هەردوو ئاوازەكە دادەنێم).

سینەماتۆگرافی زنجیرەكە تەواو واقیعییانە و بێ سكرێپتە. بە شێوەیەكی تایبەت دیمەن و ڕووداوەكان لەلایەن ئەو كەسانەوە گیراوە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لایەنەكانی جەنگەوە هەبووە، ئەو كەسانەی ڕۆڵیان هەبووە لە گرتنی دیمەنەكاندا كارەكتەری جیاوازی نێو جەنگەكا بوون، لەوانە: ڕۆژنامەنووسانی جەنگ، سەربازان، شەڕكەرانی بەرگری فەڕەنسی و كەسانی تایبەت و هاووڵاتییان. زنجیرەكە خاوەن ڕەنگە و هەموو ئەو گرتانەی مۆنۆكرۆمن هەموو ڕەنگسازییان بۆ ئەنجام دراوە. تاكە دیمەن و گرتەكان، ئەوانەی وەك خۆیان دانراونەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەكیان بۆ نەكراوە لە ڕووی ڕەنگسازییەوە، ئەو گرتانەن كە دەربارەی هۆڵۆكۆست گیراون. ئەمانە وەك خۆیان و بەبێ هیچ دەستكارییەك لەنێو زنجیرەكەدا دانراونەتەوە. ئەمەیش هۆكار و ئایدیۆلۆجیایەكی مرۆیی درامیی لە پشتە.

لە هەندێك جێیشدا، كوشتن و كەوتنی سەربازەكان لە نواندن دەچێت. هاوشێوەی فیلمە كلاسیكەكان، كاتێك كارەكتەرێك فیشەكی بەردەكەوێت و بە شێوازێكی درامی و هەڵسوكەوتێكی عاتیفییانە (جووڵەی دەست و پێیەكان و شێوازی كەوتن) دەمرێت، بینەر وا هەست دەكات، كە كات خاو دەبێتەوە وە یاخود ئەوەی دەكوژرێت و دەمرێت دەیەوێت وەها خۆی نیشانی كامێرا بدات كە مردنی ئەم تراجەدیایە و پێویستە لەگەڵیدا بگریت. ئەمە بۆ هەندێك لە گرتەكان ڕاستە.

پێشنیار دەكەم بیبینن، دۆكیۆمێنتارییەكی تەواوە و دەتوانین بەم شێوازە لە فیلم بڵێین دۆكیۆمێنتاریی. ماددەكان، توخم و ڕەگەزەكان، لایەن و كارەكتەرەكان هەموو نائاگا و ڕاستەقینەن. ئەوەی هەیە ترس و ململانێیە بۆ مانەوە نەوەك چاوی كامێراكان، هەروەك ئەو فیلمانەی لەسەر ژیانی ئاژەڵان بەرهەمدەهێنرێن!.


ئەم بابەتە 98 جار خوێندراوەتەوە