Pashew.jpg

عه‌بدوڵلا په‌شێو، قوربانیى مێژووى ئاوه‌ژوو

تەڵعەت تاهیر

 رووى زه‌مان ره‌ش بێت، له‌ مه‌ردان رووى كه‌ وه‌رگێڕا ئیتر

دێنه‌ مه‌یدان بڵح و نامه‌رد تێك ده‌ده‌ن ره‌سم و شیعار

 ( حه‌مدى )

 مێژووى كورد له‌ناو كتێبى قوتابخانه‌كاندا و له‌ رۆژنامه‌ى حزبه‌كاندا زۆر جیاوازه‌ له‌و مێژووه‌ى هه‌موومان ده‌یزانین . له‌ناو كتێبه‌كاندا هه‌موومان پاڵه‌وانین، كورد له‌ مێژوویدا نه‌ خیانه‌تى كردووه‌ و نه‌ شه‌ڕى براكان و خاڵۆزاكانیشى هه‌بووه‌ . له‌و مێژووه‌ شیرینه‌دا منداڵه‌كانمان له‌ خه‌ونى پاكیزه‌ییدا خه‌وتوون، تا هه‌راش ده‌بن و ده‌زانن مێژووى كورد حیكایه‌تێكى درێژ و بێ ماناى هاوسه‌رگیرییه‌ له‌ نێوان پاره‌ و سیاسه‌ت، ده‌سه‌ڵات و خیانه‌ت . ره‌نگه‌ هه‌بن بڵێن مێژووى نه‌ته‌وه‌یه‌كى ژێرده‌سته‌ى سه‌دان ساڵه‌ ناكرێت هێڵێكى چه‌وتى لێبدرێت و تا هێلكه‌ش نه‌شكێندرێت، كێكى حوكمڕانى ده‌ستناكه‌وێت . منیش پێم وایه‌ مێژووى كورد گه‌ر ژوورێكى تاریكیش بێت، ئه‌وا ده‌لاقه‌ى روناكى تێدایه‌، به‌ڵام قه‌ت ئه‌و ده‌لاقانه‌ ( تاك و ته‌را نه‌بێت ) له‌سه‌ر ده‌ستى سیاسیه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران دروست نه‌كراون، به‌ڵكو له‌سه‌ر ده‌ستى شاعیره‌كان بووه‌، حیكمه‌ت و كه‌رامه‌تى نالى زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ دنیابینى حاكمه‌كانى بابان كه‌ هه‌موو كرده‌ویان بریتى بووه‌ له‌ زووتر رووتاندنه‌وه‌ى خه‌ڵك و په‌یدا كردنى ئه‌و سى هه‌زار تومه‌نه‌ى ده‌یده‌نه‌ والى كرماشان كه‌ له‌ كاتى خیانه‌تى براكانیاندا ده‌یگێڕانه‌وه‌ بۆ حوكم . ته‌قه‌ته‌قى چاپخانه‌كه‌ى حاجى تۆفیقى پیره‌مێرد كاریگه‌رتر بووه‌ له‌و شه‌وه‌ زیكر و ته‌راویحانه‌ى شێخ مه‌حمود به‌ كورده‌كانى ده‌كرد . ئه‌وه‌ ئه‌حمه‌دى خانییه‌ یه‌كه‌م دیكۆمێنتى بیرى نه‌ته‌وه‌یی تۆمار ده‌كات . ئه‌وه‌ حاجى قادره‌ باسى گرنگى صه‌حافه‌ و سه‌قافه‌ ده‌كات له‌و كاته‌ى سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و ئه‌و مه‌لایانه‌ى بازرگانیان به‌ خه‌ڵكى خوا ده‌كرد، دیوه‌خانانه‌یان له‌ سوڵتانى ئه‌عزه‌مى عوسمانلى بۆ بڕابۆوه‌ . ئه‌و فیلمه‌ ره‌ش و سپییه‌ له‌ ئێستادا به‌ ره‌نگاوره‌نگى دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ . به‌ڵام چ ره‌نگێك، به‌ داخه‌وه‌ فیلمه‌كه‌ له‌ ره‌نگى په‌ڕۆى سه‌ر باره‌گاكان تێپه‌ڕ ناكات، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مێژووێك نوسراوه‌ته‌وه‌ و تۆماركراوه‌ دوور و نزیك ناچێته‌وه‌ سه‌ر راستى، سوپاى ئه‌دیبانى مه‌عاشخۆرى حزبه‌كان سه‌رقاڵى گه‌وره‌كردنى ئه‌و ئه‌دیبانه‌ن كه‌ هه‌موو توانا و كارامه‌ییان بریتییه‌ له‌ شێواندنى راستییه‌كان و بچووككردنه‌وه‌ و په‌راوێز خستنى ئه‌و ئه‌دیبانه‌ش كه‌ هه‌موو گوناهیان ئه‌وه‌یه‌ پرسیار و گومان له‌ وه‌ڵامه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كانى ئه‌و مێژووه‌ بكه‌ن، كه‌وا به‌سه‌ر منداڵانى قوتابخانه‌كاندا ساغكراوه‌ته‌وه‌ . ئه‌رێ خوێنى ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ى شه‌ڕى ناوخۆ له‌ كوێى ئه‌و مێژووه‌دایه‌ ؟ ئه‌و مێژووه‌ باسى زیاتر له‌ ملیۆنێك كورد ناكات په‌راگه‌نده‌ى وڵاتان بوون و چه‌قه‌ چه‌قى ددانیانه‌كانیان له‌ ده‌ریاى ئیجه‌دا، پێ باشتر بوو له‌ شایى و شایلۆغانى ئاهه‌نگى یادى حزبه‌كان، له‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ بڵاوكراوه‌كانى حزب یه‌ك ته‌قه‌ى ناهه‌قى تۆمار نه‌كردووه‌، هه‌موو ئاژاوه‌كان، هه‌موو ناهه‌قیه‌كانیش له‌ ژێر درووشمى كوردایه‌تییه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌! تا راده‌یه‌ك پرسیارى كه‌سوكارى بێسه‌ر و شوێنه‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ بۆته‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى لێنه‌گه‌ڕێن به‌رده‌وام بن له‌ خه‌باتیان و كاتى به‌ نرخیان بۆ ئه‌و پرسه‌ لاوه‌كییه‌ ته‌رخان بكه‌ن، هه‌زاران هه‌زار وتار نووسراون ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى خۆڵ بكرێته‌ چاوى ئه‌م میلله‌ته‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌، ملیۆنه‌ها تیشك خستنه‌سه‌ر و ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى وێناى دنیایه‌ك بكرێت، واقیع بشارێته‌وه‌ . گه‌شتى بۆینباخكڕین و پێڵاوكڕینى مه‌سوله‌كان به‌و ئامرازه‌ گۆبلیزیانه‌ى نهارا جهارا به‌ كارى دێنن، له‌ بڵاوكراوه‌كانى حزبه‌كاندا هێنده‌ پیرۆزن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئیسرا و میعراج بووبێ . سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ ئه‌و مێژووه‌ى ئه‌وان ئێستاش ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موقه‌ده‌راته‌وه‌ له‌ ژێر درووشمى نه‌ته‌وه‌یى و كوردایه‌تیه‌وه‌ تۆمار ده‌كرێت! باشه‌ ئه‌دى ئه‌گه‌ر به‌ ئاشكرا باوه‌ڕى خۆت سه‌باره‌ت به‌و مێژووه‌ ده‌ربڕى چیت به‌سه‌ردێ ؟ بێ قه‌ید و شه‌رت چاره‌نووست وه‌ك چاره‌نووسى عه‌بدوڵڵا په‌شێو لێدێت، به‌ زیندوویى له‌ناو مێژوودا ده‌نێژرێیت، بایكۆتى نه‌ك به‌رهه‌م و فیكرت ده‌كرێ، به‌ڵكو كار ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌ى وه‌كو مردووێكیش ناوت نه‌هێنرێت، چه‌ندین ساڵه‌، په‌شێو له‌ناو بڵاوكراوه‌ى حزبه‌كاندا حسێبى مردووشى بۆ ناكرێت! چونكه‌ شیعر و فیكرى په‌شێو وه‌ك ئه‌وه‌ى دراوێك بێت، له‌و بازاڕه‌ هیچى پێنایه‌ت . گرفتى ئه‌و شاعیره‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر دراویش بێت، دراوێكى یه‌كڕووه‌، دوو ڕوو نییه‌ .

من په‌شێوم نه‌ناسیوه‌، ناشمه‌وێت بیناسم . نه‌مدیوه‌، ناشمه‌وێت بیبینم، ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ نرخى ئیبداعیى شیعره‌ سیاسییه‌كانیشى ناكۆك بم و له‌ رووى شیعرییه‌تى شیعره‌كانییه‌وه‌ چه‌ندین تێبینیم هه‌بێت هه‌ندێكیشیان له‌ دیدى خۆمه‌وه‌ به‌ شیعر نازانم، ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ش نه‌نووسم گله‌ییم لێناكرێت، گله‌یى له‌ ئه‌دیبانى هاوته‌مه‌نى ئه‌و و نه‌وه‌ى ئه‌و ده‌كرێت كه‌ هیچیان تاوه‌كو ئێستا نقه‌یان نه‌هاتووه‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و په‌راوێز خستنه‌ى په‌شێودا مێشیان میوان نییه‌! خۆ له‌وانه‌شه‌ هه‌ندێكیان به‌ ئاژاوه‌گێڕ و تێكده‌رى كاروانى كوردایه‌تى بزانن و به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددى له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن بۆ سه‌ر ئه‌زموونه‌ ساواكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و ئاماده‌شبن تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى شیعره‌كانى په‌شێو به‌سه‌ر بارودۆخى كوردستاندا هێناویه‌تى! شاعیرى هاو نه‌وه‌ى په‌شێو هه‌یه‌، ئاماده‌یه‌ شیعر له‌سه‌ر فتق و مایه‌سیرى مه‌سوله‌كان بنووسێت، كه‌چى ئاماده‌ نییه‌ ستوونێك بۆ په‌شێو پڕكاته‌وه‌، ، هه‌موو گوناهى په‌شێو ئه‌وه‌یه‌، نمونه‌یه‌كى جوانى ئه‌و مرۆڤانه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵچوونێكى شاعیرانه‌ گومان له‌ راستى مێژوویان ده‌كات . به‌ توڕه‌بوونێك كه‌ زۆر له‌ توڕه‌یى منداڵێك ده‌چێت كاتێ باوكى غه‌در له‌ دایكى ده‌كا: هاوار بۆ نه‌هێشتنى ناهه‌قى ده‌كات . په‌شێو له‌ راستگۆیى هه‌ولێرییه‌كان ده‌چێ، له‌ دوورى بیست مه‌تره‌وه‌ له‌ روخساریدایه‌ خۆشى پێتدێ یان نا ؟ ماسك نابه‌ستێت و به‌ لۆچه‌كانى خۆى رازییه‌ . ئاماده‌ نه‌بووه‌ قژى بۆیاخێكى ره‌شى باینجانى بكات و ببێته‌ خه‌بیرى مكیاژ له‌ یه‌كێك له‌ ده‌زگاكانى حزبدا . نه‌یتوانى به‌ شیعر درۆ بكات و له‌ دڵیشدا تۆبه‌ بكا، نه‌یویست خۆى نه‌بێت . نه‌چووه‌ سه‌ر ئامێرى كۆپی و دیزاین تا به‌ مقه‌ست لێواره‌ زیاده‌كانى ببڕن . رووتیى سه‌ر كاغه‌زى پێباشتر بوو له‌ بۆینباخى زه‌رد و سه‌وز و چاكه‌تى گیرفان گه‌وره‌ . به‌سته‌ڵه‌كى ئۆرۆپاى پێ گه‌رمتر بوو، له‌ هه‌ڵمى نانێكى دزراو . برسێتى هه‌ڵبژارد و نه‌بووه‌ هه‌ریسه‌خۆرى كوشتنى حوسێنه‌كان . په‌شێو فرمێسكى زۆرى رشت و ده‌سه‌ڵات سه‌تڵ سه‌تڵ كردییه‌ ناو موبه‌ڕیده‌كانى ئیعلامه‌ مه‌ركه‌زییه‌كانه‌وه‌، په‌شێو هاوارى زۆرى كرد و ده‌سه‌ڵات قیژه‌ قیژه‌ خستییه‌ ناو مۆنتاربۆى سه‌ربانى باره‌گاكانى لا كۆڵانه‌وه‌ . په‌شێوێك كه‌ به‌ر له‌ دروستبوونى زۆربه‌ى حزبه‌كانى كوردستان شاعیر بووه‌ به‌روانگه‌یه‌كى كرمییانه‌ ده‌یانه‌وێ ناو و به‌رهه‌مى په‌شێو وه‌لابنێن!

من قه‌ت كه‌سێكى نه‌ته‌وه‌یى نه‌بوومه‌، باوه‌ڕیشم وایه‌ نه‌ته‌وه‌ ته‌نیا بازنه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌ له‌ هۆز و عه‌شیره‌ت، به‌ڵام گه‌ر بێینه‌ سه‌ر نیشتمان په‌روه‌رى: كێ هێنده‌ى په‌شێو كورد بووه‌ ؟ له‌ په‌نجا ساڵى رابردوودا كه‌سێكم پێ بڵێن هێنده‌ى ئه‌و به‌ جوانى و مه‌ردایه‌تى كوردانى هه‌ڵدابێت . گه‌ردێكى ئه‌خلاقى و ماددى و مه‌عنه‌وى ئه‌و پیاوه‌ بخه‌نه‌ روو ؟ یه‌ك به‌ هه‌زار قبوڵمانه‌، تێبینیه‌ك له‌سه‌ر په‌شێو بدۆزنه‌وه‌ و میلله‌ت له‌ هه‌زار گوناحى حزبه‌كان خۆش ده‌بێ . تاكه‌ شت له‌ هه‌موو ژیاندا مارف خه‌زنه‌دار و عزه‌دین مسته‌فا ره‌سولى كۆكردبێته‌وه‌ ته‌نیا شاعیر بوونى په‌شێو بووه‌، كه‌ هه‌ردووكیان پێشه‌كییان بۆ دیوانه‌كانى نووسیوه‌! له‌ تاریكترین ده‌یه‌ى شیعرى كوردى كه‌ بریتییه‌ له‌ ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، په‌شێو تاكه‌ چرا و ته‌نیا دره‌وشانه‌وه‌ بووه‌ . پیاوێك ئه‌و هه‌موو فرمێسكه‌ى بۆ كوردستان رژاندبێت، مافى تانكه‌رێكى نه‌وتی قاچاغیشى نییه‌ به‌ مانشێتێك له‌ رۆژنامه‌كانى حزبدا ناوى بێت ؟ له‌ نیوه‌شه‌واندا مانكێتى لاپه‌ڕه‌یك هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بۆینباخى كونسوڵى توركى باش ده‌رنه‌چووه‌، یان مه‌سولێك له‌ گه‌شتى سه‌عات سێ و نیوى دواى نیوه‌ى شه‌و به‌ فڕۆكه‌یه‌كى هێڵى توركیش ئێرلاین ته‌شریفى موباره‌كى هێنایه‌وه‌ خاكى هه‌رێم و پێویسته‌ بكرێته‌ هه‌واڵى ته‌شریفات .. كه‌چى په‌شێوێك ئه‌و كاته‌ى بڕیاریشیدا كه‌سێكى خۆشبوێ هه‌ر ده‌بوایه‌ ناوى ( كوردستان ) بێت، كه‌چى له‌ لاپه‌ڕه‌ى نه‌عییشدا له‌ ته‌ندرووستى پرسیار ناكرێت . بێئومێدم له‌وه‌ى سوپاى ئه‌دیبانى بێ ئه‌ده‌بیان ته‌سریح بكرێن و بیاننێرن بۆ سه‌رژمێرى ژماره‌ى قوربانیانى شه‌ڕى ناوخۆ ؟ بێئومێدم له‌وه‌ى زه‌عیمه‌ موفه‌داكان، گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ راستیدا ببه‌ستن و پاره‌ ته‌ڵاق بده‌ن ؟

به‌ڕاست .. بیرم نه‌بوو ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ره‌نگه‌ په‌شێو پێش هه‌مووان له‌ من توڕه‌ بێت، له‌وه‌ى پێم ناخۆشه‌ بایكۆت بكرێت و گله‌یى ئه‌وه‌ش له‌ من بكات كه‌ به‌ چ رووێك داوا ده‌كه‌م بخرێته‌ مێژووێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌ زبڵدانیشى نازانێت!

له‌ته‌ك په‌شێودا .. من بێبه‌ریم له‌و مێژووه‌ى ئه‌وان و تا ماویشم خه‌ون به‌ چوونه‌ ناوییه‌وه‌ نابینم:

اللهم قد بلغت .. اللهم فاشهد .


ئەم بابەتە 207 جار خوێندراوەتەوە