Zryab.jpg

دەربارەی ژیان و مۆسیقای زریاب

نووسینی: چۆمان تەقیەدین

زریاب یەکێکە ‌مۆزیسیان و گۆرانی بێژ و ئاوازدانه‌ری ناوداری سه‌رده‌می ئیسلامی له‌ خارچی ده‌وڵه‌تی خەلفەتی عه‌باسییه‌کاندا ، زریاب مۆزیسیان و ئاوازدانه‌ری ناوداری کورد بووه ، بێجگه ‌لەم ‌دوو کاره‌ی له‌ بواره‌کانی ‌ ڕەوانبێژی و جوگرافیناس و کیمیازانی و ئەستێرەناسی و ئاسمانزانی و که‌شناسی و ته‌لارسازی و ڕۆژ ژمێرزانی و یاری شه‌تڕه‌نج جێ په‌نجه‌ی دیاره‌.

 زریاب ناوی ته‌واوی حه‌سه‌ن کوڕی عه‌لی کوڕی نافعه ‌، له ‌ساڵی (789ز) له ‌ناوچه‌ی شێخانی پارێزگه‌ی نه‌ینه‌وای باشووری کوردستانی ئێسته‌ له ‌دایک بووه‌ له ‌خێزانێکی کوردی ئێزیدی.

به‌منداڵی له‌گه‌ڵ خێزانەکەیان کۆچیان کردووه‌ بۆ شاری موسڵ و له‌وێ دە‌بێته‌ قوتابی مۆزیسیانی به‌ناوبانگ ئیسحاق موسڵی (که ‌ئه‌ویش کورد بووه‌) له سەر ‌ده‌ستی ئه‌و خوێندنی مۆسیقا و هونه‌ره‌کانی گۆرانی و ئاوازدانه‌ری فێر بووه ‌، و ‌له‌گه‌ڵ مۆزیسیانی به‌ناوبانگ ئیسحاق موسڵی مامۆستایدا سه‌ردانی شاری به‌غداد ده‌کات که ‌ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پایته‌ختی خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌کان بووه ‌، و ‌به‌شداری ده‌کات له ‌یه‌کێک له ‌ئاهه‌نگه‌کانی خه‌لیفه‌ هاڕوونه‌ ڕه‌شید (786_809ز) پێنجه‌مین خه‌لیفه‌ی خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌کان بووه‌ و ‌ئیتر ده‌بێته‌ جێگه‌ی سه‌رنج ڕاکێشانی خه‌لیفه‌ و له‌ ده‌رباری خۆی ده‌یهێلێته‌وه ‌، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌زانرێت که ‌کورده‌ و ‌له ‌ئاینزای سووننه‌ نییه ‌، بۆیه ‌له ‌لایه‌ن خه‌لیفه ‌هاڕوونه ‌ڕه‌شید (786_809ز) فه‌رمانی له ‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت.

به‌ هاوکاری ئیسحاق موسڵی مامۆستای له ‌شاری به‌غداد  کە ‌ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پایته‌ختی خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌کان بووه ڕاده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری موسڵ ، و‌ له‌وێووه‌ به‌ره‌و سوریا ده‌ڕوات و ‌دواتر به‌ره‌و وڵاتی میسر و باکووری ئه‌فریقیا کۆچ ده‌کات به‌ڵام داروده‌سته‌ی ‌ خه‌لیفه‌ هاڕوونه ‌ڕه‌شید (786_809ز) وازی لێناهێنن بۆیه‌ ناچار ده‌بێت به‌ره‌و وڵاتی ئیسپانیای ئێسته‌ (ئه‌نده‌لوسی کۆن)  کۆچ بکات و له ‌شاری کۆردۆبای پایته‌ختی ئه‌نده‌لوس نیشته‌جێ ده‌بێت و کاتێک خه‌لیفه‌ هاڕوونه‌ ڕه‌شید (786_809ز) ده‌زانێت له ‌ئه‌نده‌لوسه‌ داوا له ‌والی ئه‌نده‌لوس ده‌کات که ‌ناوی یوسف کوڕی عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هری (746_756ز) بوو که ‌زریاب ده‌ستگیر بکات و ڕه‌وانه‌ی به‌غدادی بکاته‌وه‌ و ئه‌ویش فه‌رمانه‌که‌ جێ به‌جێ ده‌کات و دەستگیری ده‌کات و ده‌یخاته ‌زیندانەوە.

لە ھەمان شەودا خەلیفە عەبدول ڕەحمانی دووەم (عەبدوڵڕەحمانی داخل یان هەڵۆکەی قورەیش) (756_788ز) یه‌که‌م خه‌لیفه‌ی دەوڵەتی خه‌لافه‌تی کۆردۆبا (دەوڵەتی خەلافەتی ئه‌مه‌ویی دووه‌م) (756
_1031ز) کودەتای سەربازی بە سەر والی ویلایەتی ئەندەلوسی دەوڵەتی خەلافەتی عه‌باسییه‌کان کە ناوی (یوسف کوڕی عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هری) والی ئه‌نده‌لوس دا دەکات و ‌لەمزگەوت ڕایدەگەیەنێت ، کە (یوسف کوڕی عه‌بدولڕه‌حمان فه‌هری) بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.

ئه‌وه ‌بوو سه‌رجه‌م زیندانییه‌کان ئازاد ده‌کات وه‌کو پشتیوانی خۆی دایاندەمه‌زرێنێت و‌ زریاب له‌ ده‌رباری خۆی وه‌کو مۆزیسیان داده‌مه‌زرێنێت ئیتر به‌و هۆیه‌وه‌ ژیانی له‌ خۆشی و شادی دا ده‌بێت ، و ‌دواتر په‌ڕه‌ به‌ ئامێری (باربۆد) ده‌دات پاشان به ‌ئامێری (عود) ناوده‌برێت.

 هه‌رله ‌شاری کۆردۆبا ئه‌کادیمیایه‌ک داده‌مه‌زرێنێت و ژماره‌یه‌کی باش له ‌مۆزیسیان پێ ده‌گه‌ێنێت و ‌هه‌روه‌ها ئه‌و ئاوازانه‌ی دایهێناوه‌ به ‌(الموشحات الاندلسیه‌) ناسراوه‌ و بێجگه ‌له ‌(الموشحات الاندلسیه‌) به ‌داخه‌وه هیچ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نه‌ماوه‌ن.

‌هیچ مۆزیسیانێکی خۆرهه‌ڵات له ‌مێژووی مۆزیکی جیهاندا وه‌کو زریاب هێنده‌ کاریگه‌ری نه‌بووه‌ به ‌سه‌ر مۆزیکی خۆرئاوایی به ‌گشتی و مۆزیکی ئیسپانی به ‌تایبه‌تی و ‌ناوبانگی زریاب له ‌ئه‌نده‌لوس زیاتر بڵاوبووه‌.

مۆزیسیان زریاب بێجگه ‌له‌ هونه‌ری مۆزیک و ئاواز دانان کۆمه‌ڵێک زانستی تر له‌گه‌ڵ خۆی بۆ ئه‌نده‌لوس ده‌هێنێت ، وه‌کو هونه‌ری نه‌خش و نیگاری ته‌لارسازی که ‌له ‌ده‌ستی ئه‌و کۆشکی خه‌لافه‌ت و ماڵی بازرگان و خانه‌دانه‌کانی ئه‌نده‌لوس له‌و سه‌رده‌مه‌ دورست کراوه‌‌ و سیسته‌می ڕۆژمێری له‌و سه‌رده‌مه‌ چاک کردۆته‌وه‌ و هه‌ووه‌ها شاره‌زا بووه‌ له ‌سه‌رهه‌ڵدان و که‌وتنی نه‌ته‌وه‌ به‌هێزه‌کانی سه‌رده‌می دێرین.

هه‌روه‌ها داده‌نرێت به ‌داهێنه‌ری هونه‌ری ئه‌ته‌کێتی نوێ که‌ ئه‌وه‌یش له ‌ڕێگه‌ی وتاره‌کانی بووه‌ له مزگه‌وت ، و هه‌روه‌ها سیسته‌می سێ ژه‌می خۆراکی بۆ ئه‌نده‌لوس بردووه‌ و ‌له‌وێشه‌وه‌ بە ئه‌وروپادا بڵاوبووه‌ و دواتر به‌ سه‌رجه‌م جیهاندا بڵاوبووته‌وه ‌و ‌هه‌روه‌ها جۆرێکی تازه‌ی له ‌شیرنی داهێناوه‌ به ‌ناوی(زه‌رابیه‌ یان زه‌ریابیه‌) ناسراوه‌ ، و هەروەها یاری شه‌تڕه‌نجی بۆ وڵاتی ئیسپانیای ئێسته‌ (ئه‌نده‌لوسی کۆن) له‌گه‌ڵ خۆی بردووه‌ و ‌له‌وێشه‌وه‌ بە وڵاتانی کیشوەری ئه‌وروپا و جیهاندا بڵاوبووه‌.

زریاب له‌ ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا له ‌ساڵی(857ز) له‌شاری کۆردۆبای پایته‌ختی دەوڵەتی خه‌لافه‌تی کۆردۆبا (دەوڵەتی خەلافەتی ئه‌مه‌ویی دووه‌م) کۆچی دوایی کردووه‌ و ‌هه‌ر له‌وێ به‌ خاک سپێردراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناوی زریاب گه‌لێک ڕاوبۆچوون هه‌یه‌ ، که یه‌کێک له‌و بۆچونانه ‌، ڕای وایه‌ ، کە ناوی ته‌واوی زریاب له ‌ناوی (زێراو) هاتووه ‌که‌ به‌ واتای ئاوی زێڕ دێت ، که‌ ئەم نازناوەش لە بەر دەنگ خۆشی و دەست ڕەنگینیەوە بووە ، کە بە زێڕ ھەڵیان سەنگاندووه‌ ، و ‌هه‌روه‌ها له ‌ڵاپه‌ڕه‌ی (354) ی کتێبی کورد کێیه‌؟ له ‌نووسینی به‌رێز (سۆران حه‌مه‌ڕه‌ش)‌ ده‌ڵێت ، کە (ده‌بێت ئه‌م ناوه‌ له ‌بنه‌چه‌دا پێکهاتبێت له ‌زه‌ڕیاو (زه‌ڕی+ئاو) و ماناکه‌ی ده‌بێته ‌(ئاوی زێر) ، هه‌ر دوو وشه‌کان (زه‌ڕ+ئاو) دوو وشه‌ی دێرینی کوردین واده‌رده‌که‌وێت له ‌تۆمارکردندا له‌ ژێرکاریگه‌ری زمانی په‌هله‌وی دا بووە  که‌ هه‌تا وه‌کو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له ‌زۆر ناوچه‌دا زمانی تۆمارکردن بووه ‌، کرا بێته‌ زریاب.

بەڵام بە داخەوە ئێمەی کورد تاوەکو ئێستاش نایناسین و نازانین کێ بووە ، و گرنگیمان بە زانا و مۆزیسیان و شاعیران و نووسەرانی خۆمان نەداوە.

 

سه‌رچاوەکان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_سۆران حه‌مه‌ ڕه‌ش: کورد کێیه‌؟-له‌نده‌ن2013ز.

_3حامد حسین الفلاحی: مێژووی ئه‌نده‌لوس ، له ‌ڕزگارکردنییه‌وه ‌تا ڕووخانی غه‌ڕناته‌-وه‌: نه‌جم الدین مه‌لا مه‌حمه‌د گڵێجاڵی-سلێمانی2013ز.

_4محمد سهیل طقوش: مێژووی دەوڵەتی عەباسی-وە: هێمن ئەحمەد-سلێمانی2015ز.


ئەم بابەتە 161 جار خوێندراوەتەوە