بەبۆنەی یادی (٣٦)ساڵەی کۆچیدوایی یڵماز گونەی سینەماکاری مەزنی کوردو جیهانی، (هاواری فیلم) و (ناوەندی سینەمایی و رۆژنامەڤانیی بەدرخان)، بە چەندین چالاکی و سوپرایزێکەوە ئەو یادە بەرز رادەگرن و پڕۆگرامی (یاد و ئاهەنگ)یش کە لە 9/9/2020 لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
هاوار مستەفا خان سەرپەرشتیاری یادو ئاهەنگەکە بە گەلاوێژی راگەیاند: لەم یادو ئاهەنگەدا چەندین پڕۆگرام کە بەرهەم و زادەی بیرو وەبەرهێنانی(هاواری فیلم و ناوەندی بەدرخان)ە کە بریتییە لە:
یەکەم: چاپکردنی (چوار کتێب).
دووەم: چاپکردنی (ساڵنامەی یڵماز گونەی).
سێیەم: چاپکردن و راگەیاندنی دوو پڕۆژەی ستراتیژی.( کەرتی سینەما و دراما- پێشکەش بەحکومەتی هەرێم دەکرێت تاوەکو کەرتێکی ئاوەدانی تر بناسرێت و کاری لەسەر بکرێت)،(پڕۆژەی کۆماری یڵماز گونەی ژیاندۆستیی- ئەویش پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتەو دوو بواری سینەمایی و گەشتیاریی موتربکراوەو گرنگی و بایەخ بە ئاوەدانکردنیوەی ئەو دوو کەرتە دەدات بەیەکەوە).
چوارەم: وابڕیارە فیلمی (نێرگز بووکی کوردستان) نمایش بکرێت.
پێنجەم: لەو یادو ئاهەنگەدا، تیپی میوزیك و گۆرانی بە چەندین گۆرانی دەردەکەون.
شەشەم: لەهەمان رۆژدا شێوازی "یادو ئاهەنگ"ەکە بە نووسراوی فەرمی پێشکەش بە حکومەت دەکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی ئەو یادو بۆنەیە وەکو یادیەکانی تر ساڵانە بەڕێوەبچێت.
خان راشیگەیاند: بەرنامەی ئەوەمان هەیە بە دیاریکراوەی بۆ یادی ١٢٥ ساڵەی سینەما لە جیهاندا، چوار کتێبی تر چاپ و بڵاو بکەینەوە کە سیانیان "هۆلیوود، بۆلیوود و نۆلیوود" تایبەتن بە ناوەندەکانی وەبەرهێنانی سینەماو بۆرسەو بازاڕی سینەمای جیهانی و لەناویشیاندا بەرگێك تایبەتە بە "سۆلیوود"کە کار لەسەر ئەوە دەکەین سلێمانی بە فەرمی بکەینە سەنتەری وەبەرهێنانی سینەماو پیشەسازیی و بازرگانی سینەما لە هەموو کوردستاندا تا دەگاتە ئاستی ناوەندەکانی تری لە سەرەوە ئاماژەمان بەناوەکانیانداوە.