Majid.jpg

چیرۆکی (نۆرەی نەوتەکە) و شەهادەتی (شێخ موراد)ی خاڵۆی!

سەیرە ! سووربوو لەسەر ئەوەی بیسەلمێنێ کە خاڵۆی شەهیدە.

 هەرجارەی کیژێکی سەرنجڕاکێشی ببینایە، دەیوت برا بە رۆحی( مەلا باقری بالک)، خاڵۆم شەهیدە. ئەی ئەوەنییە پەیامبەر دەفەرموێ:" مَن عشق فعفَّ فمات فهو شَهيد".

 + ئێباشە خاڵۆت بۆچی؟ رەحمەتی ڕەنگە، ڕەنگەی ناوێ ڕێک هەشتا ساڵ ژیا، دوواجاریش لە بیرمە لەنەشتەرگەریی فەقەراتیدا، نەهاتەوە هۆش و چاوەکانی لێکناو هەڵنەسایەوە.

 - نا بابۆت باسبکەم. پایزانێکی درەنگ، مقۆمقۆی هاتنی نەوتەکە، وەک هەمیشە لە کۆڵانەکەدا داکەوت. تەنکەریی نەوتەکە، لەو سەری کۆڵانەکەوە وەستابوو. غەڵبەغەڵبێ دەستینابوویە یەخەی یادگارییەکی کۆمیدیی کۆڵانەکەمان. ئەوێ یەکپارچەجمەی تێکەوت. دەنگی تلدانی بەرمیلەکان وەک مۆسیقایەکی تراژیدی و لایەلایەی لێژبوونی گڵۆڵەی گیانی شۆڕش و شانازییەکانمان، وەک زللەیەکی مەحکەم، وەکو کەلاچنی دەستی منداڵێک، مەبەستی بوو، کەللەی کاسی کۆڵانەکە بچنێت.

 بەڵێ نەوتەکە هات، رۆژ ڕۆژی بەرمیل بوو.

بەرمیلەکان زیاتر رەنگی شین و سور و قاوەیی و سەوزو بێجی و ژەنگاوی بوون.

 بەرمیلەکان هەموو رەنگێکیان هەبوو.

بەرمیلەکان ریزببوون، ئەمسەرو ئەوسەریان دیار نەبوو.

 بەرمیلەکان مورافقیان هەبوو، پیر و جەوان، جارێ خانەنشینەکان خرۆشابوون، وەک ئەوەی نەوتیان لە لولەی سۆپاوە بۆ داباریبێ، وەک ئەوەی دەستی بەتاڵی و بێکارییان شکاندبێتەوە، بریسکەی سمێڵیان رۆژەڕێیەک دەڕۆی.

ژنانیش بە بۆڵەبۆڵ، بڕستیان لە پیاوانی پشتملپانی ماڵێ بڕیبوو.

فەوزای فۆڕمی بایەعیی و کارتی زانیاریی زرمەی لە بناگوێی بێدەنگی کۆڵان هەڵساندبوو. مەحشەرێ بوو هەرمەپرسە.

شۆفێری تەنکەرە نەوتەکە، جامەدانە بەسەرێکی بەبڕناخ بوو، تیزەمێشک و کەم چیقەڵدان، وەک فیشەکە شێتە دەچوو بەئاسمانا، زوو زوو ئیزدەرمی دەکردو قوفڵی قەترەبەقەترەی نەوتەکەی دەگرتەوە.

یەخەی پیاوەکان، وەکو یەخەی شێتی لێهاتبوو، پشتوێنەکانیان شۆڕو قۆپچەی کراسەکانیان لە حانی ناوکیاندا کرابوویەوە.

  لەناو ئەم کەینوبەینەدا خاڵۆ(شێخ موراد)م، پیاوێکی قنجیلەی قەف سمێڵی قسەخۆش، لەناو ریزە بەرمیلەکەدا نەرمەنەرمە نۆرەکەی نێزیک ببوویەوە. شەوق و زەوقێکی هەبوو برابەبرای نەدەدا.

 پیاوەکان سەریان بووایە بەژێر بەرمیلە ژەنگاوییەکانەوە، کێچێ میوانی نەدەبوو، وەلێ  دەستگرۆیی ژنانی دەکردو باوەڕتانبێ بەشی ساڵێ بەرمیلی بۆ تلدابوون. وا هونەریانە تلیدەدان، رێک ئەتوت ئەندایارێکەو بە حساو کیتابی گۆشەو گێچەڵی فیزیا تلی دەدان.

 خاڵۆ موراد هێشتا کون لەڕۆژ نەببوو، بەخۆی و بەرمیل و فۆڕمی بایەعییەوە ڕەپو راست وەستابوو. خۆم گوێملێبوو، بۆ (کاکلی) تاقمسازی دەگێڕایەوە، دەیوت:

لەگەڵ قامەی نوێژی بەیانیدا بەرمیلم تلداوە. کاری ئەم تڕکەنانە نیوەڕۆخەو ناکەم.

 وەختێک ئەم قسانەی دەکرد چێشتەنگایەکی دێروەختەبوو. وەلێ هێندە نۆرەکەی خۆی ئۆفەری ژنان کردبوو، ئیتر خەڵکەکە یەکپارچە یامەیان هاتبوو.

بەڵێ  شێخ موراد رۆژێکی مێژوویی گوزەراند، وەلێ بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، دووابزماری لە تابوتی خۆی دابوو.

 ئەوڕۆژە بوویە سەرەتای سڕبوونێکی هەمیشەیی، ئەوڕۆژە موچرکێکی ئازاراوی ئازای ئەننامی داهێزان.

 موراد هێشتا نۆرەی نەهاتبوو، لە جەنجاڵییەکەوە جوان جوان هەستتدەکرد لەکەللەیدا ئارەقەیەکی سارد دەردراوە. سیمای هاواری دەکرد کە ئەسڵەن هیچ باش ناڵێ. پێشتر دەنگەگڕو گەرمەکانی ئەو گوزەرەیان گەرمتر کردبوو، بەڵام وەک ئەوەی میلی رادیۆیەک کزکز بکەیت، بەکاوەخۆ کەناری گرت.

هێشتا یەکدوو بەرمیلی لەپێشەوە مابوون. وەک ئەوەی لەگوێزێکەوە فڕێیدەیتە خوارێ، پێچی پشتوێنەکەی شلببوو، سنوری ئارەقەی بنباڵی تا سەر کەمەر تەنرابوویەوە، شەڕواڵەکەی هێندهاتبوونەخوارێ، بیجامەخەتخەتەکەی بەئاشکرا دەرکەوتبوو.

 شێخ موراد، مەردە میهرەبانو دڵ تەڕەکە. بوویە جێ سەرنج و دەبدەبەی ئەموئەو، وایلێهات بەجۆرێ نەیدەتوانی پاڵ بە بەرمیلەکەی خۆشییەوە بنێ.

 قۆڵە هەڵماڵڕاوەکانی، باسکە توکنەکانی، دەمارە دەرپەڕیوەکانی دەستی، دەموچاوی چرچولۆچی، هیچیان لەهی مورادەکەی چەند کاژێرێکی پێشوتر نەدەچوون.

 هەندێک پێیان وابوو، خەتای ئەوەبوو، مەراقی کردبوو. چوون وەختێ نۆرەی هاتبوو، شۆفێری تەنکەرەکە پێی گوتبوو بە هەڵە نۆرەی گرتووەو  دەبو لە کۆڵانی ئەودیو رابوەستایە.

ئەم هەواڵە وەک تیرێک نرا بە سەر دڵی شێخ مورادەوە، بەڵێ ئەم هەواڵە وەک چاوێکی پیس، چارەنوسی مورادی خزاندە قاوشەکانی بیمارستانەوە.

نا  هەندێکیش پێیان وابوو نا، شێخ موراد باکی بەنۆرەی نەوتەکە نەبوو، ئەوان بۆخۆیان دەیانگوت: چاومان لێبوو، خاتو(خانزاد)ی قاسم بەگ، بەعیشوەو نازێکی نەرمونیانەوە شەوژەنی حەوشەکەی راکێشاو سەری کێشایە کۆڵانەوە.

بەڵێ بەچاوی خۆمان بینیمان دەستێکی هەربەگسکەکەیەوە لە کەلەکەی دانابوو، دەستەکەیتری خستبووە ژێرچەناکەی و لە ئاپۆڕای ڕیزی بەرمیل و ببڕمببڕمی خەڵکەکە ڕامابوو.

هەرجەوان بوو چاوەچاوی بوو ئیعازێک بدات تا بەرمیلەکەی بە کونفەیەکونێ بۆ بەرنە ریزەوە.

 هەر پیاوی ئەو گوزەرە بوو نۆرەکەی بەردابوو، بەجۆرێ وەختبوو سڕڕەکە تێکبچێت و  ئیدی وەک ئاشی ئاولێبڕاو، ئاشەوانی شۆفێر، ئاشەتاڵی لێبکات.

ئەوەتا هیچ بەرمیلێ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە.

 باوەڕتانبێ هیچ پیاوێ لەپاڵ بەرمیلەکەی خۆیدا نەمابوویەوە. رامانەکەی خانزادی قاسم بەگ وەک نوشتەیەکی سەوزی سێسوچ کرا بە یەخەی یەکبەیەکی ریزەکەداو هەموویان لەباتی تلدانی بەرمیلەکانیان پاڵیان بەیەکترییەوە دەنا.

 

ئای خوادایە چ ئاگرێک بەردرابوویە پاوانی پەنهانی پیالەکان؟

 ئای خودایە خاتوخانزاد چلۆن چەپۆکێ قوڕی دا بە تەوقی سەری سەرەی بەرمیلە نەوتەکەدا؟

پیاوەکان وەک ئەوەی بەدەم خەوەوە بچن بەڕێوە دەچوون بەناویەکداو هەقوناهەق سڵاویان لەیەکتر دەکرد.

هەیانبوو پاگیرەگرتبووی، وەکچۆن مارێ دوپشک ببینێ رەپ وەستابوو.

 هەندێکیش سیگارەکانیان بە عەکسەوە داگیرساندبوو. نەوتی چی؟ ئەوەی باسی نەوتبێ، وەکچۆن لاستیکێ بهێنی بەسەر خەتێکی کاڵدا کوژایەوە.

لەولاوە کاکی شۆفێریش کە پێش رامانەکەی خانزاد، وەکو شیر هەڵچوبوو، هێمن هێمن هێورببوویەوە، زەردەخەنە لە لێوی نەدەبڕا، من دەڵێم نیوەی، ئێوە بڵێن سێ چارەکی نەوتەکەی دەڕژاندە دەرێی دەمی بەرمیلەکان.

جن بەجنۆکەیی خۆی نەیدەزانی ئەم پیاوە چۆن واگۆڕا، باوەڕتانبێ قەسدی ئەوەبوو بەڕیز ئەملاولای ئەوخەڵکە ماچ بکات. دڵنیام ئەو ڕۆیشت و یەکێکیتر هاتەشوێنێ.

  بەهەرحاڵ، لەم لەیلومەجنونەی  سەرەو نۆرەبڕی و تلدانی بەرمیلە نەوتی کۆڵانەکەدا، ئەڵغامەکە بە شێخ مورادی بەدبەخت و پەککەوتەدا تەقییەوە.

 شێخ موراد بوویە کەواسوری پێش نێچیرەکانی خاتوخانزاد.

 لەناو ئەو هەموو کوڕە قۆزو قەدبڵندو قەووەتەدا، موراد وەکو پڵنگێکی پیر، وەک دەروێشێک کە نیگاکانی خانزاد، وەک خەنجەرێک چەقیبوون بە تەوقیسەریدا.

جەزبەگرتی و پێینا بەجەرگی خۆیدا.

 موردا بۆیبکرایە بە فویەک چی پیاوی ئەو گوزەرە هەبوو مەحفی دەکردنەوە.

بەڵێ خۆی ڕاپسکاند، ڕێک وەک کوڕێکی ٣٠ ساڵ خۆیدەهاتە پێشچاو. قونایە قەد بەرمیلەکەی خانزاد، قەسدیبوو قوتیبدات، رێک وەک شوتییە کۆڵەیەک نایە بندەستی و تاویدا بۆ ڕیزی بەرمیلەکان.

 باقڵ شێخ موراد، هەر لەو ساتەوەختە هەستیارەدا کە نەویبوویە بەرمیلەکەی خاتوخانزاد، لێی تێکچوبوو.

 چون لەبری ئەوەی بەرمیلە بۆشەکە بێنێ، بەرمیلە پڕ لەنەوتەکەی  هەڵگرتبوو.

راستە لەوێدا هیچ خۆی تێنەگەیاندبوو، وەلێ دوواتر دکتۆرەکە قسەی لێکێشابوویەوە. شێخیش شەرمی شکابوو، راشکاوانە دانی بەوەدا نابوو، بەڵێ بە دکتۆرەکەی وتبوو: وەختێ بەرمیلەکەم هەڵگرت، پشتم قڕپەیەکی کرد، مرخی پشتم وەک ئەوەی تەزوویەکی کارەبای لێدرابێ، هەرچوار دەستوپەلی شلکردم.

دانیشیبەوەدا نابوو کە پێشتر دکتۆر پێیوتووە پیاوەکەی جاران نیت، تەنانەت کیلۆیەک تەماتە نابێ هەڵبگریی.

 هەربۆیە رەحمتییەکە، ڕەحمەخانی خێزانی هەرخۆی بازاڕو بەروماڵی دەکردو ئەمیش بیانوی هەبوو، بۆیەکا رەشی نەدەخستە سەرسپی و تا مەحرەمی لەژیاندابوو بەپڵتۆک خۆی دەتەکاند. هەر رەحمەتیش  سەروڕیشیشی بۆ خاسدەکرد.

  موراد، پێش نەشتەرگەرییەکەی پشتی، وەک ئەوەی دڵی خەبەریدابێ کە ئیدی ئەستەمە هەڵسێتەوە، چاویبڕیبوویە برینپێچە بەژن رێکەکەی سەرسەریی و پێی گوتبوو:

 من لە مەرگ ناترسم، هەرگیز هەرگیز. هیندە هاوکاری و دەستگرۆیی خەڵکیمکردوە، بەروسوریی دەگەڕێمەوە قاپی خودا.

ئەم قسەیەی کردو خەیاڵ بردییەوە. وەک ئەوەی خاتوو خانزاد وەستابێ و چاوەکانی بۆدواجار لێکنان.


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە