Adonys1.jpg

شاعیرەکان سۆفین، سۆفییەکان شاعیرن

حسەین لەتیف

تا ئێستا بۆچوونی زاڵ ئەوەیە بونیادی ڕۆشنبیریی کوردی، بونیادێکی ئاینی سۆفیانەیە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە دەوترێت، شاعیرانی کلاسیکی کوردی بە زۆری یان سۆفی بوون یان ئەهلی تەسەوف بوون.

ئەمە یەکلاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی پرسیاری لەبارەوە نەکراوە پەیوەندی نێوان تەسەوف و شیعرە یاخود شاعیر و سۆفییە.
بەباوەڕی من شیعر و تەسەوف دوو ڕوانگەن بۆ بینینی دوونیا. شاعیر و سۆفیی دوو کەسن هەریەکە و دەیەوێت بە شێوازی خۆی دونیا ببینێت.

بەبێ شیعر پەڵەیەک لەبوون بە نەناسراوی دەمێنێتەوە....هایدگەر وادەڵێت: "هەمیشە نەبینراوێک هەیە لەبووندا، هەرکەس بەدوای ناسینی ئەونەبینراوەدا نەگەڕێت لەڕووی مەعریفییەوە لاواز دەبێت....ئەدۆنیس". شاعیرەکان و سۆفییەکان، بەدوای ئەو نەبینراوەدا دەگەڕێن، کەواتە شیعر هەوڵی شاعیرە، بۆ بینینی نەبینراو، نەناسراو، نەزانراوەکانی بوون. شاعیر لەڕێگای زمانەوە بینراوەکانی خۆیمان بۆ بەرجەستەدەکاتەوە، دەیکات بەشیعر.
هەرچی سۆفییە لەڕێگای کەشف و کەراماتەوە نەبینراوەکان دەبینێت و لە ڕێگای شەتەحاتەوە، گوزارشتی لێدەکات، هەموو مرۆڤێک هێزێکی پەنهانی هەیە، یان بەدەربڕینی ئەدۆنیس (لە هەموو کەسێکدا دەروازەیەک لە نێوان ئاگایی و نا ئاگایی دا هەیە، ئەوەندە بەسە لەو دەروازەوە تێپەڕ ببێت و واقیعی فراوانتر و دەوڵەمەندتر ببینێت، بابەتگەل و هەستگەل و ئارەزووگەلێکی بێکۆتاو لەژمارە نەهاتوو ببینێت، ئەو هەستە لەژێرەوەیدایە کەژیانی ڕۆژانەی قورس کردووەو گەمارۆی داوە). هەندێک لە
شاعیرەکان، دەبنە سۆفی چونکە بەتەنها شیعر بەشی بینینی دونیا ناکات، یاخود ئەو دونیای ئەوان بەدواییدا دەگەڕێن زمان بەتەنها نایانگەیەنێت بە ئەوێ. هەندێکیش سۆفییەکان دەبن بەشاعیر، چونکە بەتەنها چاو(چاوی باتنی) بەشی بینینی ئەوان ناکات.

شاعیرە سۆفییەکان و سۆفییە شاعیرەکان، ئەوکەسانەن لەو دەروازەی نێوان ئاگایی ونائاگاییەوە دەپەڕنەوە، کەئەدۆنیس باسی دەکات. ئەمەلای ئەمبیرتۆ ئیکۆ بە ئازادبوونی خەیاڵ ناو دەبرێت.واتا نەمانی پەردە لە نێوان بینین و بینراودا.

ساتی شیعریی، ساتێکی ئیشراقییە، ساتی کەراماتیش ساتێکی شیعرییە. تەسەوف گەنجینەیەکی لە بن نەهاتووی شیعرە، ڕامبۆ و بۆدلێر و گوننار ئیکیلوف، هەموویان بەجۆرێک سۆفیگەرێتی لەشیعر و ڕوانینیان دا هەبووە.سۆفگەرێتی شاعیرەکان خۆی لەوزمانەدا دەبینێتەوە کە بەچەندین خوێندنەوە خۆیان نادەن بەدەستەوە.سرکی و دەستەمۆنەبوونی دەقە شیعریەکان بۆخوێندنەوە، پەیوەندی بەو ڕەهەندە عیرفانییەوە هەیە کەلەزمانی شیعرەکەدا هەیە، وەک چۆن سۆفییەک لە کاتی جەزەبە و حاڵ دا، قسە دەکات، ئێمە نازانیین چی دەڵێت و چی بینیووە، بەڵام ئەوەندە هەیە دەزانین نەبینراوێک بینراوە، نەبیستراوێ بیستراوە.دۆخی جەزەبە، دەرچوون و پەڕینەوەیە بەسەر پردی نێوان ئاگایی و نائاگایی دا.

هەرهەوڵێک بۆ تێگەیشتن لەدونیا، بەتەنها بە پشت بەستن بەعەقڵ ڕێگایەکی ناکامڵ، بەڵکو تەسەوف و شیعر دوو ڕێگای ترن بینینی دونیا. سوفیەکان دیاری شیعرن و شاعیرەکان دیاری تەسەوفن بۆ مرۆڤایەتی، نەک وەک ئەوەی هێزە ئیسلامییەکان دەیانەوێت بوونی مەولەوی و نالی و مەحوی، وەک شانازییەک بە ئێمە بفرۆشنەوە. لەئێستاشدا من بۆن وبەرامەی سۆفیگەری لەشیعری نوێی جیهانیدا، لای ئەدۆنیس و پێر لاگەرکفیست، لەشیعری نوێی کوردیشدا لای لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی و سەباح ڕەنجدەر و ڕۆژهەڵەبجەیی دەکەم.

 


ئەم بابەتە 216 جار خوێندراوەتەوە