Giw_mwkryany1.jpg

گیوی موكریانی، روناكبیری كورد و خاوەنی چاپخانەی كوردستان

له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ له‌  رۆژى 24/7/1977 گیوی موكریانی، روناكبیری كورد و خاوەنی چاپخانەی كوردستان له‌ ته‌مه‌نى (74) ساڵى لە نەخۆشخانەی شاری موسڵ  كۆچى دوایى كردووه‌ و لە ئێوارەی هەمان رۆژدا لەگۆڕستانی ئیمام محەمەد لە هەولێر لەتەنیشت حوسێن حوزنی موکریانی برای بەخاک سپاردراوه‌.

گیوی موكریانی، ناوى ته‌واوى (عەبدولرەحمان لەتیف ئیسماعیل عەبدوڵلا لەتیف)ه‌، له ساڵی 1903 له‌شاری مهاباد له‌دایكبووه، لە ساڵی 1913 لەگەڵ حوسێن حوزنی برای چووە بۆ وڵاتی شام لەشاری حەڵەب تا ساڵی 1925 لەوێ نیشتەجێ بووە و خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگاكانى حەڵەب خوێندووه.

لە ساڵی 1924 چووە بۆ بەیرووت و لەدانیشگایەک فێری بنچینەی زمانی فەڕەنسی بووه، لە ساڵی 1915 حوسێنی برای مەکینەیەکی چاپی لەئەڵمانیا کڕیوە و لە شارى حەلەب دایناوه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر كردووه‌.

له‌ ساڵى 1925 لەسەر داوای سەید تەهای شەمزینی بەڕێوبەرایەتی ئەوسای شارۆچکەی رەواندز و دۆستی دێرینیان لەشاری حەڵەبەوە هاتوون بۆ رواندز و چاپخانەکەیان لێ دامەزراندووه و بۆ ماوەیەک لەگه‌ڵ براكه‌ى له‌ شاری بەغدا نیشتەجێ بوونه‌.

لە ساڵى 1926 تاكو ساڵى 1932 یاریدەری حوزنی و بەڕێوبەری گۆڤاری زاری کرمانجی بوو لەڕواندز، له‌ ساڵى 1935 تاكو ساڵى 1936 كاری لەگۆڤاری رووناکیدا کردووه، کە لەلایەن حوزنی و شیت مستەفا لەڕواندز و شاری هەولێر دەرچووه.

لە ساڵی 1935 هاتۆتە هەولێر و لەگەڵ پیشەی وێنەگری و کاروباری چاپخانەکەشی بەڕێوبردووه و هه‌مان ساڵ مەکینەیەکی گەورەتری بۆ چاپی کوردی لە شارى موسڵ لە (فەزیل عیسا مەحفوز )کڕیوە و لەهەولێر دایمەزراندووه‌ بۆ چاپکردنی گۆڤاری رووناکی و كتێبى کوردی.

له‌ رۆژى 20/9/1947 كاتێك حوسێن حوزنی موکریانی برای کۆچی دوایی دەکات، ده‌بێته‌ خاوه‌نى مەکینە کۆنەکەی زاری کرمانجی، ساڵێك دواى ئه‌وه‌ له‌ ساڵى 1948 لەکاتی راپەڕینە نیشتمانیەکەی گەلی عێراق و دوای وەدەستهێنانی هەندێ سەربەستی دیموکراتی لەوڵاتدا ناوی چاپخانەکەی له‌ زاری کرمانجی کردووە بەچاپخانەی کوردستان، به‌ڵام لە ساڵی 1963 ناوی چاپخانەکەیان پێگۆڕیوە بەناوی چاپخانەی هەولێر، جارێكى دیكه‌ له‌ ساڵی 1970 لە دوای دەرچوونی بەیاننامەى 11ى ناوی چاپخانەکەی کردۆتەوە بەچاپخانەی کوردستان.


ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە