له‌و ساته‌وه‌ى، پێم له‌سه‌ر كه‌نارى كه‌نداو دانا،
ده‌سته‌كانى نه‌یانزانى هیچیتر بنووسن،
بێجگه له‌و ناوانه نه‌بێ، كه سه‌ر به خێڵكهى منن.
*
- شتێك هه‌یه،
ئاسۆ ده‌ردێنێ / دوایین په‌نجه‌ره
له ماڵى رۆژگارماندا.
بۆچى ئیبن حهمدیس، بینیت و گوێت پێنه‌دا؟
*
به دواى زیكزیكهوه بووم،
كه له قوڕگیدا، گۆرانی هه‌رێمه‌كانى شاردۆته‌وه.
ئه‌مه‌تانێ شه‌پۆل، به لێوى، دوگمه‌كانى ده‌ریا ده‌كاته‌وه،
له ژێر ههتاواێكدا تیشكه‌كانى چه‌شنى په‌رده دادراوه‌ته‌وه و
هه‌وا، گازی لێده‌گرێ.
منداڵیى خۆم هاته به‌رچاو و
له‌سه‌ر كه‌نار، ده‌ستمدایه یارى كردن،
گاهێك، چه‌شنى منداڵێك روخسارى ده‌ریا وێنه بكا و
په‌نجه‌كانى هه‌تاو بژمێرێ.
گاهێكیش، چه‌شنى پیره‌مێردێكى ده‌ریاوان،
مێژوویێكى دیكه‌ى ئاو، بخوێنێته‌وه.
*
خۆر خه‌ریكه ئاوا ده‌بێ، ئاسمانیش ئه‌وه‌تا،
ملى كهمولهیهكى كیمیاییه،
( له سه‌رده‌مى عه‌ره‌به‌كانى صهقلییهوه هاتووه،
یان، ئاوا هاته به‌رچاوم )
وه‌ك لازوردێك به‌سه‌ر ده‌ریادا، راكشاوه.
دوو ده‌ستى دیكه‌ش هه‌ن، بۆ كهموولهیهكیتر :
له چه‌شنى پلیكانه درێژبوونه‌ته‌وه، بۆ گه‌ڕانى نێوان هه‌ساره‌كان.
*
له شه‌ودا،
وا به خه‌یاڵمدا هات، نوزهیهكم دێته به‌رگوێ،
له باشوورى كه‌نداوه‌وه دێت و
به نوزه‌ى كهنارهكانمان ده‌چێ.
بۆچى ئه‌و كاته خه‌یاڵم به‌وه‌وه كرد،
كه شیعرم چاوه‌ڕێى خهوندیدهیهكه،
نانى كه‌ناره‌كان، له رۆنى ئه‌ستێره‌كان تێكوشێت؟
*
ئهستورلابێك، به ته‌نیا، به‌سه‌ر پلیكانه‌ى شه‌ودا دێته خوارێ،
ده‌ست له‌سه‌ر شانم داده‌نێ و دڵنه‌واییم ده‌كا.
وشه دهنگدارهكان شه‌رمه‌زاریان كردم،
به‌رانبه‌ر خوشكه‌كانیان : وشه بێده‌نگه‌كان،
سه‌رقاڵى درووستكردنى ماڵێك بووم بۆ خه‌مه‌كانم،
له پاشماوه دیار و نادیاره‌كان /
ئه‌و پاشماوانه‌ى له ناو ئۆقیانووسى ئه‌م كه‌نداوه‌دا،
باپیرانمان له دواى خۆیاندا جێیانهێشتبوو،
من یه‌كه‌م كه‌س بوو ببینم :
دوكه‌ڵێك له شه‌پۆله‌كانى به‌رز ده‌بێته‌وه.
خه‌ریك بوو به هه‌ردوو چاوى خۆم :
رێزمانى كه‌نداو بخوێنمه‌وه : بۆ صهرفكردنى ده‌ریا و نهحوكردنى،
كه صه‌رف و نهحوى زمان نایزانێت.
ده‌ریا خۆى راپێشم ده‌كا و
زارهكهى خۆیم پێده‌دا :
تا بیده‌م به‌و كه‌سه‌ى ده‌مه‌وێ.
*
به هه‌واى كهنداوم گوت :
له دهفتهرهكهتدا مهمنووسه،
به‌سمه، ته‌نیا بمخه‌یته باوه‌شت.
تۆش : ئه‌ى شه‌پۆلى سۆز،
ماندوو نه‌بوویت، به پێخاوسى له بیابانمدا رێبكه‌یت؟
****
تێبینى :
- هه‌رچه‌نده ئه‌دۆنیس ( رف و نحو زمانى عه‌ره‌بى به ماناكانیه‌وه به‌كار هێناوه، به‌ڵام نه‌كرا بیانكه‌مه كوردى، چونكه زۆر له مهبهستهكهى ئه‌و دوور ده‌كه‌وته‌وه.
- لازورد : كانزایه‌كه بۆ خشڵ و جوانى به‌كاردێت، باشترین جۆرى رونێكى ناسكى شینباوى نزیك به سوور و سه‌وزه (فه‌رهه‌نگى ده‌ریا
- ئیبن حهمدیس : شاعیرێكى داهێنه‌ر و ناودارى عه‌ره‌به، ناوى ته‌واوى (عبدالجبار بن ابى بكر بن محمد بن حمدیس الازوردى) یه و له ساڵى 1053 تا 1133 ى زاینى ژیاوه و له دوورگه‌ى صهقهلیهوه نه‌فى كراوه بۆ ئه‌نده‌لوس، شیعر و ده‌ستنووسه‌كانى له كتێبخانهى ڤاتیكاندا پارێزراون.