Majid.jpg

هۆکاری تاموچێژی هەشتاکان لە چیدایە؟ چیرۆکی کۆکردنەوەی (سەرەساردی)یەکانی سەردەمی منداڵیی!

ماچی ئەو کافربابە

دەڵێی بیپسی کۆلایە"

بڕیارم دابوو ببمە خاوەنی ئۆتۆمبێلی خۆم، بۆیە هەموو رێو شوێنێکی ئەمنی توندوتۆڵم گرتە بەر.

دەبووایە پلانم بۆ ئەو کارە هەبووایە، پلانی ورد.

بۆئەوەی ئۆتۆمبێلم ئامادەبووایە، پێویستیم بە چەند دامودەزگاو ئامێرێک دەبوو، لەوانە:

یەکەم: تەلێکی فافۆنی نەرم، تا دیزاینی ئۆتۆمبێلەکە دروستبکەم، ئیدی لە تەلەکە هەیکەلەکەو سوکانەکەی ساناتر دەهات بەدەستەوە.

دووەم: لەبری ویلی تایەکانی، پێویستم بە چوار خلۆرتەدەبوو.

 بۆ ئەمەیان ئیشەکە ساناتربوو، چوون ئەو دەزوو و کندرەی ماڵێم، بەنهێنی و هەزار فێڵوتەڵەکە لێدەکردەوەو دەمپێچا لە چیلکەدارێ تا خلۆرتەکەیان بکەمە ویل!

سێهەم: لاستیکی بەنەخوێنی منداڵ، تا بتوانم سەرە ساردییەکانی پێ ببەستم.

ئەمەشیان بیرملێکردبوویەوە. دوو تەراکسودم بۆ چییە، خۆ کوڕی حەمە قەدۆ نیم، لاستیکی دانەیەکیان دەردەهێنمو ئاو بێنەو دەستبشۆ.

چوارەم: لەبری تایە دەبوو دەستبدەمە کۆکردنەوەی سەرە ساردی. حسابمکردبوو بەنزیکەیی، سەد سەرەساردیم لازم بوو.

 ئەمەشیان لە قوڕگی شێرا نەبوو، تەنها ساردییەکە دەچووە قوڕگی کابراو سەرە ساردییەکە فڕێ دەدرا، منیش گەر بەخت یاوەرم بووایە، لە نێوان سێ تا چوار زاڕۆدا خۆمان هەڵدەدا بۆی، ئیدی هەرکەسێ بیگرتایەتەوە،شای بە کالیار نەدەزانی.

سەرەتا ویستم لە سەرە ساردییەکانەوە دەستپێبکەم. ئەوەبوو بڕیارمدا بە خۆم و تەپەدۆری چلورە فرۆشتنەکەمەوە بچمە بەردەم ریزە دوکانەکەی نێزیک خۆمان. ئەوێدەم هاوین بوو، گەرما تاوی سەندبوو، بەچێژترین چتێ لەودەمەدا، بیپسی کۆلا بوو.

 تەنانەت بیپسی کۆلا بەراورد کرابوو بە ماچ. ئەوەتا هونەرمەندێکی میللی دەیوت:

ماچی ئەو کافر بابە

دەڵێی بیپسی کۆلایە

ساردییەکان لەسندوقی باغەو پلاستیکدا ریزدەکران. ساردییەکەش لەناو شوشەیەکی باریکەلەدا بوو، کە عەلامەتی کۆلایان لەسەر بوو.

ئەوەی دەیخواردەوە دەبوو شوشەکە رادەستبکاتەوە بەکابرای دووکاندار، جارێتر دەبرانەوە کارگەو ساردییەکەیان تێدەکرایەوە. وەلێ خۆشبەختانە سەرەکەی فڕێ دەدرا، بۆیە بە بەلاش و حەلاش دەستمان دەکەوتن.

لەراسیدا ساردی خواردنەوەی ئێمەومانان نەبوو، چون لەخەیاڵی مندا نرخی دانەیەک رێک خوێنی پیاوێک بوو.

من بۆخۆم لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەرە کۆلاکاندا، بەتیرێ دوو نیشانەم دەپێکا.

یەکەمیان: سەرە ساردییەکەم دەستدەکەوت و کاری ئۆتۆمبێل دروستکردنەکەم پێمەیسەر دەکرد.

دووەمیان:  ئەو فەزڵەم پێدرابوو کە  دەمتوانی مەشهەدی نۆشکردنی بیپسی کۆلا بەچاوی خۆم ببینم، ئەمەش کەم نەبوو.

باوەڕتان هەبێ ئێستایش شیرینی و فێنکایی بیپسی کۆلایەک لە بندانما ماوە، کە مام (حەبیبوڵا) لە بەردەممدا نای بەسەرییەوە.

منیش بەوردی دیقەتم دەدا، دوکاندارەکە سەرە ساردییەکەی بە ساردی هەڵچڕێک بۆ لێکردەوەو منیش گرتمەوە. پاشان پەرمام بەخۆمدا بەدیار خواردنەوەکەی حەبیبوڵادا راوەستم، حەبیب پیاوێکی زەنگینی بەشانوشەوکەت بوو، زیاد لە سیساڵ تێپەڕیوە، رێک وەک ئەم چرکەیە لەبیرمە، شوشەکەی نا بەسەرییەوە، قورئان بەهەقت داینەگرت تا چۆڕەبەرەی دا.

منیش بەدیارییەوە خەیاڵم قومی لێدەدا، تێروپڕم خواردەوە. ئیدی حەبیب شوشەکەی خستەوە سندوقە ساردییەکەو ئەلحەمدولیللایەکی کرد. نازانم، دەستیهێنا بە قەفی سمێڵیدا یان نا،  یەک قرقێنەی قایمی لێوەهات.

ئەیهاتەئەیهات بۆ ئەو تاموچێژەی بیپسی کۆلا.

باوەڕتان بێ لەشەرقەوە بۆ غەربی ئێستا بیپسی کۆلابێ، ناتوانێ قرقێنەیەکی قایمی وەک ئەوەی حەبیب بەکەس لێبدات!

تۆبڵێی هەر لەخۆوەبێ، دەوترێت حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردوو خۆش بوو. نا، ناکرێ هەر لەخۆوەبێ. خۆ بە هەموو بەڵگەو بورهانێکی لۆژیکیی، هەشتاکان، ساڵانی جەنگ و ئەنفال و کیمیاباران بوو. پیاومگەرەک بوو لە بازگەکانی میریدا مۆرو شین نەبووایەتەوە. ترس و تەواری و تۆقین و تاڵیی رژێمەکە، رەحمی بە منداڵی ساوایش نەدەکرد.

ئەم قەوانە قەناعەتی هەموومانەو هێندەمان بیستووە، وەک هەواڵی فەڵەستین و ئیسرائیل تامی تیانەماوە.

هەشتاکان سەردەمی جوانەمەرگبوونی ئازادی و عەیامی عێراقێکی تەلبەندکراو بوو بە تەلی دڕکاوی (بدەمو بڕوحی سەدام).

نازانم بۆچی، هەمیشە، ئەوانەی کوڕو کچی هەشتاکانن، بە بینین و بیستن و بۆنی هەناسەیەکی هەشتاکان، وەک ئەوەی بەدیار پێکی چوارەمو پێنجەمەوە، مۆسیقایەکی رۆمانسییان بۆ بخەیتە سەر، کەللەیان گەرم دەبێت، ڕێک وەک ئەوەی قەتماغەی برینی عەشقێکی دێرینی دۆڕاویان هەڵبدەیتەوە، گەر سەرێکی سەوداسەر نەلەقێنن، خەیاڵێک دەیانباتەوە. رێک وەک ئەوەی هێمنی موکریانی دەیوت:

خەیاڵ دەمباتە جێژوانی شەوانی لاوەتی، ئەمما

خرینگەی بازنە و خڕخاڵ و بەرمووری ئەوم نایە

بەڵێ هەشتاکان، وەک فلمی (سینەما پارادیسۆ)ی ئیتاڵی، کە ساڵی ١٩٨٨ نوسەرو دەرهێنەری بەناوبانگ (جیۆسێپی تۆرناتۆر) نوسیبووی، ئەو سڕڕو سیحرەمان تێدەگەیەنێت، کە خوێنشیرینی هەشتاکان لەچیدایە.

پێم وایە، ناشیرینی رووداوەکانی هەشتاکان و هەڵکێشانی هەناسەکانی ئێمە بۆ ئەو زەمەنە، رێک وەک کچێکی ناشیرین وەهایە، وەلێ هێندە خوێنشیرینە، ناتوانی ناشیرینییەکانی ببینی.

هەشتاکان، چل ساڵ پێش ئەوڕۆ دەست پێدەکات. چل ساڵ پێش ئێستا، هەموو شتێک تامی خۆی هەبوو.

باوەڕتان بێ زنجیرە درامای ژاڵە پەخشدەکرا، ئێواران وەک ئەوە وابوو شار فەرشی سوری بۆ میوانێکی ئازیز راخستبێ. کە گوێمان بۆ گۆرانی لە یادمای بەرهەم حەسەن دەگرت، نیازمان بوو چی عاشق و مەعشوقی تۆراوی سەرزەوی هەیە لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا ئاشتیان کەینەوە.

کە گوێمان لە گۆرانیی(بناسە دەنگی غەریبی) پەیمان عومەر دەبوو، وەک ئەوە وابوو دەنگی غەریبیمان وەک ئاو و دۆ لەبەرکردبێ.

ئاخر پەیمان عومەر لەکوێ و ئەم هەموو بۆتۆکسی دەنگ و فیلەری کلیپ و پلازمای خوێنە بەناهەق ڕژاوەی هونەری ئەمڕۆ لەکوێ؟

ئای چەندە چاوەڕوانی ئێواران بووین، لە حەوشەیەکی دڵگیردا، ماڵێک نەبوو گوڵەباخ و ڕێحانەو گوڵی نازنازی تێدا نەبێ.

عەسران کە حەوشەی ماڵێ دەشۆرا، چیمەنتۆی تەقیوی حەوشەکەمانم لەبیرە، لەچەند لایەکەوە ئاوەکە دەوەستایەوە،  ئیدی رۆحمان فێنک دەبوویەوە.

زەڵاتەی قەدیمی، ئەمەیان دەربڕینی خۆمە. خەیاری کوردی، بۆنوبەرامی رۆژە ڕێیەک دەڕۆی، تەماتەو پیازی کوردیش، وەک نالی و سالم و کوردی،  سێکوچکەی دروستکردنی زەڵاتە بوون.

بەوردی دەجنران و تێکەڵ دەکران، پارچەسەهۆڵێکی سەلاجە عەشتارەکە لەناوەندی زەڵاتەکەدا دادەنرا. هەزار مارکەی خواردنی گڵۆباڵی ئەوڕۆ بەو هەموو ناوە سەیر سەیرو بێتامانەوە نەدەگەیشتن بە تۆزی پێی زەڵاتێکی وەهادا.

بەڵێ لە سیگاری هەشتاکانەوە بیگرە، رۆزمەن و وینستۆن، تا دەگاتە نوقڵە ترشوشیرینەکان، لە مەسکەت و کونجی و گوڵەبەڕۆژەی لولەوە بیگرە، تا دەگاتە قاورمەو کارگەی چلورەی ئەرخەوان، لە جبس و چکلێتی جەژنەوە بیگرە تا دەگاتە دۆی دەیان دەردپەڕێنی پڕ لە کەرێی کوێستانەکان، کە پاوقەدەی شومی ئەم ڕۆژگارەی لەبەراوردا دەخلیسکاند. لە بۆنی گوڵەباخێکەوە بیگرە، ئێستایش لە کەپووی کوردەواریدا ماوە.


ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە