Majid.jpg

خۆشەویستی (ئەحمەد هەردی) لەنێوان (ست فاتمە) و (فاتۆکێ) دا

"فاتۆکێ کوێستانمان کێلە شینە

بۆت نەژیم، بەهار بڕوا هاوینە"٭

مەرخوا بزانێ (ماملێ)ی مەزن، چ رۆحێکی کوردانەی کردووە بەبەریدا.

ئاخر دەنگی ئەو زیاتر لەوەی ئاوازێک بچڕێ، تابلۆیەکی تاقانەو دەگمەن دەنەخشێنێ، رێکو پێک دەتباتە خاکەبانێکو لەژێر تریفەی مانگی ئاواییدا، شانی لەسەر باگردێنێکی بەردین دادەدات و تۆیش لەسەر چۆک لەبەردەمیدایت، بەڵێ لەبەردەمیدایت و گۆرانی بەگۆرانی، ئاواز بەئاواز لاپەڕە زێڕینەکانی رۆحی رابردووت بۆ دەگێڕێتەوە.

لەو تابلۆ نەخشینەدا، تابلۆیەک توخنی هیچ دیوارێ نەکەوێ، تابلۆیەکی ئازاد، ئەندێشەی ئەوینداران ئاشتکاتەوە بە جوانییەکانی عەشقی راستەقینە. تابلۆیەک، باوەڕی بەهیچ بزمارێکی خاچ و خیانەتی دەست و پێی ئەم نیشتیمانە نەبێ!

جیا لەماملێ، حەسەن زیرەک و مستەفا دادایی دنیایەکی سیحراویتریان بۆ فاتۆکێکان نەخشاندووە.

فاتۆکێ، کورداندنێکی ئێسکسوکی کیژە کوردێکە.

چون وەختێ دەڵێی: ست فاتمە، هەر لەخۆتەوە سەرەموچە یان غەبغەبەی رێباز حەملان یان بتڵێکی ئۆکسجینی بەتاڵت دێتە پێشچاو،  وێناکە باش ناگات و شەبەکەی شیعرو شاشەی سیناریۆکە، تەرزەتەرزێکی تاقەت پڕوکێن پیشاندەدا.

وەلێ کە دەڵێی: فاتۆکێ، فەرقی زۆرە، لە تونێلی تاریکی تەکنەلۆجیاوە دێیتە سەر رێگەیەکی خۆڵ کە ئاسمانت لێوە دیاربێ.

راستەوخۆ لە رێگایەکی خۆڵداو بەجێبێکی روبعی سەربەتاڵەوە، شۆفێریی دەکەیت. هەر لەێ لەو جێبەدا، (ئەحمەد هەردی)یشی لێیە، لەپێشەوە، لەلای سەکنەوە، قۆڵی دەرهێناوەو جگەرەیەکی رۆزمەنی داگیرساندووە.

تەواو دڵنیایە تاوێکی تر فاتۆکێ دەبینێ و هەموو شریتی عومری رابردووی لەگەل ست فاتمەدا دەسڕێتەوە.

 هەردی چاو دەبڕێتە دوکەڵی سیگارەکەو تەپوتۆزی رێگا خۆڵینەکە، لە ئاوێنە بچوکە شکاوەکەی پێشەوەی جێبەکەدا، لە تەپوتۆزی جێماوی رێگاکە دەڕوانێ، هەستدەکات تراویلکەی چاوانی، تەپوتۆزێ دەبینێ، کە لەژێر ناڵی ئەسپەکانی جەنگێکی جواندا بەرزدەبێتەوە، لەوێ لەو غوبارەی خەیاڵی هەردیدا، وردە وردە وێنەی ست فاتیمە لەپێشچاوی وندەبێت.

ئیتر وەختێ دێتە هۆشخۆی، دەبینێ حەماوی تڕۆبیلەکە بەرز بووەتەوەو لادراوەتە سێبەری دارتووە پیرەیەک، تا وردە وردە رێگاکە خاوێندەبێتەوە!

 پاشان  بە کاتیلەیەکی کۆنکۆن ئاو دەکرێت بەسەر حەماوی حیکایەتە تراژیدییەکانی ئەم رۆژگارە بێبەزەییەدا!

ئیدی لە دامیاوەکەی دامێنی رێگەکەدا، پڕ بە هەردوو دەستمان، هەردوکمان، دەموچاوێکی لێدەشۆین. هەردیش  ناکاتە نامەردی، هەرزوو هەلەکە دەقۆزێتەوەو پڕ بەدەستە لەرزۆکەکانی، شڵپە ئاوێکی مەحکەم، دەدا بە سیمای ست فاتیمەدا.

 ئیدی رووە راستەقینەکەی دەبینێ، ئیدی نەک تاقە پرشنگێکی چاوی بەڵکو هەموو پرشنگە پەنهانە ئاسمانییەکەی سیمای فاتۆکێ دەبینێ.

 بەڵێ کە دەڵێی: فاتۆکێ، چارتنامێنێ و چاوێکی خەیاڵت دەتباتەوە بۆ لادێ. لەوێ (ئەحمەد هەردی) دادەبەزێت و بێ خواحافیزی دەڕوات، دەڕوات و  بۆ یەکەمجار، شەرابی خۆشەویستی و ئارەقی یەزدانیی، فاتۆکێ دەنێت بەسەرییەوە.

 ئیدی خەیاڵی ئەرخەیان دەبێت و ئەمجارەیان لەبەردەم فاتۆکێدا پێمان ناڵێ:

گەرچی دڵداریی لەخاکی ئێمەدا ئەفسانەیە

هەر بەتەنها بۆ کوڕی خاوەن تەلارو عانەیە

 تەنها لەلادێدا، بوکە رازاوەکەی خەیاڵی ئەو گوێ بۆ رازی خۆشەویستییە خاوێنەکەی دەگرێ.

بوکی رازاوەی خەیاڵم، گیانەکەم ست فاتیمە

گوێیە بۆ ئەم رازە شلکەیت، ئەوپەڕی ئاواتمە

 لەوێ سیحری سنەوبەرەکان،  لەوێ هاژەی  هاناوەکان، لەوێ ڕۆحی رەزەدێمەکان، لەوێ باڕەباڕو سەڕەسەڕ و قاسپەو سەمای سروشت. هەموویان، تێڕامان و ترافیکێکی بێدەنگ و رۆمانسی رۆدەکەنە گیانتەوە.

کە دەڵێی: فاتۆکێ، ئیدی فەنتازیای کچێکی لادێیی لایەلایە بۆ زاڕۆی خەوزڕاوی دڵت دەکات.

 ئیدی ئازادی قۆڵیێهەڵدەماڵێ و دڕکوداڵی پارتایەتی و پاژنەی پیسی پوڵ و پارەو لوتی بەرزی مارەژەهراوییەکانی بندیوارو کەڵەکی کوردایەتی هاڕەدەکات.

ئیدی ئازادی، بەخۆی و باخاتێکی پڕ هەناسەی سەوزەوە، بەخۆی و خەرمانێک ئۆکسجینی ئاسمانەوە دێت و هەموو بتڵە ئۆکسجینەکانی ئەموئەو دەداتە دوواوە!

بەڵێ کە دەڵێن فاتمۆکێ، ئیدی دەشتودەر شینە، ئیدی کچی کافرۆش٭ نابێتەوە بە نێچیری رێوییەکانی خۆرئاوا، بەڵێ کچی کافرۆش، خەجیجی جومعە، جوانییەکەی زەوتی زەمانەی سیاسەت نابێ.

 ئیدی کچی کافرۆشی کوردەواریی، کچە شکاکەکەی شۆڕشی کوردایەتی، کەڕەتێکیتر لە کوچە کلاسیکی و کۆنەکانی هەولێردا، بە ئازادی چاودەگێڕێ.

ئیدی ماسکە میراتییەکەی مێژووی خیانەت فڕێ دەدات و لە گۆشەیەکی قەراتێدا، بەدەم قەراقەرای ئازادییەوە، شاردەکات و خۆشەویستی راستەقینەی خۆی و هەموو کیژانی کورد جۆ دەکات!

ئیدی چاویلکەی خەیاڵی هێمنی مهابادی،  تراویلە ناکات و دەبینێ:

دیم کچێکی لەباری لادێیی

بۆ نوێژ ڕادەخا بەرەڵبێنێ

گوتم: ئەی نازەنین

کە ڕوخسارت هەموو باخی بەهاری خوا دێنێ

بۆچی پێت وایە ئەو خودا گەورە

هێندە بێ ڕەحمە تۆش بسووتێنێ؟!

٭ کچی کافرۆش، خەجیجی کچی جومعە. پاش ئەوەی بابی لە دووای هەرەسی جوڵانەوەکەی سمکۆی شکاک، پەنا دێنێتە بەر باشورو لە هەولێر دەگیرسێتەوە.

 لە سییەکاندا، بەرپرسێکی ئینگلیزەکان، عاشقی دەبێت. پاش ئەوەی بابی رەزامەند نابێ، ناچار کیژەکە دەڕفێنێت و دەیباتە بەریتانیا.


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە