لە درێژەى کار وچالاکییەکانیاندا کتێبخانەى مەم و زین نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بهناونیشانى (مەستوورەی ئەردەڵان) بەمنزیکانە بڵاودەکاتەوە.
کتێبخانەى مەم و زین رایگەیاند، کە بەمنزیکانە نوێترین کتێبى چاپکراوى خۆى بەناوى (مەستوورەی ئەردەڵان)، لە نوسینى (بوخاری وشیار) بڵاودەکاتەوە.
مەستورەی ئەردەڵان لە چەند دێرێکدا:
- ناوی تەواوى: ماھ شەرەف خانم حەسەن محەمەد.
- لە ساڵى 1803 لە شارى سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە.
- شاعیر و مێژونوسی کوردە.
- باوکی مەستورە لە پیاوە رەسەنەکانی شارى سنە بووە و هەوڵیداوە کچەکەى بخوێنێت.
- بە هاوکاری باوکى شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا پهیدا کردووه.
- لە تەمەنی 17ساڵیدا بە بێ خواستی خۆی ژیانی هاوسەری لەگەڵ خەسرەو خان کوڕی ئەمانوڵا خانی ئەردەڵان حاکمی شاری سنە و پێکهێناوە.
- بەهۆى ئەوەى شووى بە خەسرەو خان کردووە کە ئەردەلانى بووە، بۆیە ئەویش نازناوى ئەردەلانى بۆخۆى هەڵبژاردووە.
- لە سەردەمى خوسرەو خانی ئەردەلان والیی سنە، خان و ماڵە قادرییەکان لە یەکتر رەنجاون و دواى ئاشتبونەوە مەستوورە بۆتە خێزانی خەسرەو خان.
- لەدواى مردنى هاوسەرى بە نەخۆشى جگەر حکومەتى ئەوکاتەى ئێران بڕیارى دەستگیرکردنى هەندێ لە میرەکانى ئەردەلانیدا، بۆیە مەستورەى ئەردەلانى لەگەڵ میرزا عەبدوڵڵاى مامى هاتۆتە سلێمانى و شارەزوور.
- هەموو کاتەکانی خۆى بە خوێندی شیعر و نووسینی مێژوو بردۆتەسەر .
- شیعرى بە زمانى کوردی و بە فارسی نووسیوە.
- زۆربەی شیعرەکانی لە ناو چوونە، تەنیا دوو هەزار بەیتێکی ماوەتەوە.
- شیعرە کوردییەکانی زۆر کەم ماون.
- لە رۆژى 9/12/1847 لە تەمەنى (44) ساڵى لەشارى سلێمانى کۆچى دوایى کردووە و لە گردى سەیوان بەخاکسپێردراوە.
- دوای تێپەڕبوونی 165 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، گڵکۆکەى لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی دەدۆزرێتەوەو لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکەوە نوێدەکرێتەوە.
- پووران درەخشەندە، فیلمساز و دەرهێنەر و نووسەری سینەمای ئێرانى چەندین بەڵگە لەسەر ژیانى کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەى فیلمێکى سینەمایى لەسەر ژیانى مەستورە ئەنجامبدات.
- لە چەندین شارى کوردستان پەیکەرى بۆ دروستکراوە.
چەند بەرهەمێکى لەدواى خۆى جێهێشتووە، لەوانە:
- دیوانى مەستورەى کوردستانى، کە بە زمانی فارسی نوسیویەتى، نزیکەی 2000 بەیتی لەخۆگرتووە و تا ئێستا چەندین جار لەچاپدراوەتەوە.
- مێژووى ئەردەڵان، یەکەمینجار بە زمانی فارسی لەچاپدراوە.
- بڕوای مەستوورە، نامیلکەیەک لەبارەى بیروباوەڕى ئیسلامەوە.
- کۆمەڵەى ئەدیبان، کە باس لە ژیانى ئەدیبان و نوسەران دەکات.
- لە ساڵى 2016 سەرچاوەکانى هەواڵى ئێران لە زارى مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان، هەواڵی دۆزینەوەی پەرتووکێکی دەسنووسی (80) لاپەڕەیی ژنە شاعیری ناوازەی کورد، مەستوورەی ئەردەڵانـی لە کتێبخانەی شاری تەورێز ڕاگەیاند، کە بە شێوەی پەخشان نووسراوە و یەک مانگ دوای کۆچی دوایی مەستورە بڵاوبۆتەوە، دواى پێداچوونەوە و ساغکردنەوەی پەرتووکەکە، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە کراوە.
کتێبخانەى مەم و زین لە چەند دێرێکدا:
لە رۆژى 9/10/2018 بەمەبەستی گرینگیدان بە لایەنی ڕۆشەنبیری و نوسەران و خوێنەران و کتێب و چالاکی مەدەنی لە لایەن دووگەنجی شاری هەولێر لەسەر ئەرکی خۆیان دامەزراوە، تا ئێستا (4) چوار کتێبی چاپکردوە.
کتێبخانەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنە بە زمان و کلتوری باشوورى کوردستان و بەشەکانی دیکەى کوردستان، لە پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەزگا و وەشانخانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کاردەکات، کتێب بە زمانی کوردى (کورمانجی و سۆرانی)، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی و تورکی لە کتێبخانەی مەم و زین بۆ خوێنەران بەردەستە.
چالاکیەکانی مەم و زین لە ماوەی (15) پانزە مانگ (35) سی و پێنج چالاکی جۆراوجۆر بووە، لەگەڵ یادکردنەوەی بۆنەی کللتوری و نەتەوەیی.، کردنەوەی پێشانگای کتێب لە زانکۆکان، رەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکارانى زانکۆ و کردنەوەی خولی میوزیک.
لە ئێستادا کتێبخانەی مەم و زین بە شێوازێکی نوێ و گۆڕەپانێکی فراوان لە شوێنی نوێی بەردەوام دەبێت، مەم و زین دەبێتە سەنتەری کتێبە جیهانیەکان بە زمانە جیاوازەکان، کۆکردنەوەی زمان و کللتوری کوردستانی گەورە بە زاراوە جیاوازەکان.