azizy.jpg

بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات

عەبدولڕەحمان عەزیزی

شانۆی کوردی یەکێکە لە ھەرە گرینگ‌ترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ به شێوازی جۆراوجۆر دەچیته سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و روژ لە دوای روژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت.

 هەڵبەت شانۆی کوردی به تایبەت له کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە رێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه.

ساڵانی ڕابردوو و به تایبەت له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و به پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکه کۆمەڵێک شانۆ به زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت به دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو له ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.

هیچ تێبینی و گوتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لە سەر نەدەکرا و له لایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا.

ئەو شانۆیانه لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆركه‌م خاوه‌ن بنه‌مایه‌كی فیكری و هه‌ڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیان‌دەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیه‌كی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن.

هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێته ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئه‌ده‌بیی وەک شیعر و چیرۆک‌ و په‌خشان کوردی و له ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی به ژیانی خویانەوه بێت.

پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچه کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیس‌ما.

به ‌دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆكان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری له پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی له دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی‌پێکرد.

کۆڕی و گرووپ و ده‌سته‌وتاقمی شانۆیی سه‌ربه‌خۆ به شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی له سەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە له سروشت و ڕەوتی ژيان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و به تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشت‌بەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا.

ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و ته‌قلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لەگەڵ خۆی مزگێنی‌دەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی دروست مامەڵە لە گەڵ شانۆ بکات.

 ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لە گەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا.

وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمه گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازه بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خسته سەر پەردەی شانۆ.

دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لە گەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی رۆشنبیرانە و تێكستی فیكری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێ‌درایەوە.

بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامه و لێکۆلینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێکردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو رێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.

چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرەستاندنی.

هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێ‌دەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە.

 شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەرگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونیەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە.

شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و میژوویەکی زێڕین له ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن.

 کەواته گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی.

هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییه که دەبێت تەنیا و تەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بە پێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران.

لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر به ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشه دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت.

شانۆنامەنووسی له ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیه و تا ئێستا نەیتوانیوه وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێ نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانره تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن.

ئەگینا شانۆنامەنووس به تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت.

ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیه که لە پێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە له سەر نووسراوەکه ئاراستە بکات.

شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێ‌دراوەن، كاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لە گەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نیوان هونەری شانۆ و كۆمەڵگە.

بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و به سەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت.

 بۆیه دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە له بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە.

 


ئەم بابەتە 146 جار خوێندراوەتەوە