Adonis.jpg

وه‌رزێك له‌ دانانى چاودێرى له‌سه‌ر زمان

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

 1

چاودێرى زمان بكه‌ن،

توند بن ئله‌و چاودێرییه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر پێویستى كرد نیوه‌ى پیته‌كانى ئه‌بجه‌دیه‌ت بسڕنه‌وه‌، یان هه‌موویان.

هیچ پێویستیتان پێى نییه‌، به‌ تایبه‌تى ئه‌و شه‌ش پیته‌ شه‌ڕانگێزه‌ (ئا ز ا د ى)، هه‌روه‌ها ئه‌و پێنج پیته‌ سه‌ر لێشێواوه‌ش (ز ا ن س ت).

ئه‌و پیتانه‌ : نه‌خوێنده‌وارى و بێكارى و هه‌ژارى و سته‌مكارى و داگیركارى و مه‌زهه‌بگه‌رى و تایه‌فه‌گه‌رى بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و پیتانه‌ : هۆكارى یه‌كه‌من بۆ داڕوخان و دواكه‌وتوویى.

چاودێرى زمان بكه‌ن.

ئه‌رێ ئه‌و نیشتیمانه‌ چییه‌ كه‌ من به‌شێكم تیایدا؟

ئه‌و نیشتیمانه‌ى ته‌نیا چه‌پڵه‌ بۆ زنجیره‌كان لێده‌دا.

چى لێقه‌وماوه‌؟ ته‌نیا ئه‌بجه‌دیه‌ت به‌ شمشێر تێده‌گا و

ته‌نیا به‌ زیندانى ده‌زانێ.

 

2

ئه‌ستێره‌ى راموسان، جوتیارێكه‌ و

له‌ناو كێڵگه‌كاندا پیاسه‌ ده‌كا،

ئه‌ستێره‌یه‌كه‌ ژاكانى خۆشناوێ.

 

3

له‌ شیعردا خۆشه‌ویستیم به‌ شوێن خۆیدا ده‌گه‌ڕێ،

په‌پوله‌كانى به‌ ئاگره‌كه‌ى ده‌سوتێ،

زۆرى ده‌وێ تا جۆره‌كانى خۆشه‌ویستیم تازه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ :

نیگه‌رانیم تاڵه‌،

توڕه‌ییم هێشتا خۆراكى ریگامه‌،

خۆراكى حه‌زمه‌،

هه‌نگاوه‌كانم له‌سه‌ر هه‌موو شتێك وێنه‌ى كێشاوه‌.

 

4

خۆشه‌ویستیم،

سه‌لماندن پێشكه‌ش ناكا بۆ هیچ شتێك،

بۆیه‌ به‌ خۆشه‌ویستیم ده‌ڵێم : ببه‌ به‌ هه‌موو شتێك.

 

5

له‌و رێگه‌یه‌ى ده‌چێ بۆ هه‌موو شتێك،

مه‌حڵ ماسكێك له‌سه‌ر روخسارى ده‌نێ،

چاودێرى زمان بكه‌ن،

ره‌نگه‌ بۆ مرۆڤ پێویست بكا (به‌ تایبه‌تى لاى ئێمه‌ى عه‌ره‌ب) :

كه‌ (ده‌سته‌وه‌ستان) و (گوێڕایه‌ڵ) و (بێده‌نگ) بژیێ،

ره‌نگه‌ پێویست بكا : باوه‌ڕى به‌ شتێك هه‌بێ و

نه‌توانێ له‌باره‌یه‌وه‌ یه‌ك پرسیار بكا.

 

6

(نابێ هه‌موو شتێك بگوترێ)

(ده‌كرێ هه‌موو شتێك بگوترێ)

رسته‌ى یه‌كه‌م : سروشتى په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤ و ئازادى روونده‌كاته‌وه‌

له‌و كۆمه‌ڵانه‌ى كه‌ رژێمى گشتگیر و سته‌مكار تیایدا باڵاده‌سته‌.

رسته‌ى دووه‌م : سروشتى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ روونده‌كاته‌وه‌

كه‌ رژێمى دیموكراتى تیایدا باڵاده‌سته‌.

 

7

زمانى عه‌ره‌بى گوڵێكى ژاكاوه‌ :

له‌ ده‌فرێكدا ناوى سیاسه‌ته‌.

 

8

وشه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌ فه‌رهه‌نگدا دێنه‌ ده‌ره‌وه‌،

نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى دڵخۆش بن، یان ئه‌وین بكا، یان ژیان ببینن،

نه‌خێر، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌ خه‌سته‌خانه‌.

 

9

له‌سه‌رى هه‌موو وشه‌یه‌كى عه‌ره‌بیدا،

سیاسه‌ت په‌چه‌یه‌كى داناوه‌،

به‌ زانایانیشى گوتووه‌، پاسه‌وانیى بكه‌ن.

10

ده‌توانم فرمێسك ببینم،

كه‌ له‌ چاوى وشه‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌ داده‌بارێ،

ده‌توانم نوزانه‌وه‌یان ببیستم.

 

11

زمانى عه‌ره‌بى،

به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى تێیگه‌یشتووین،

دایكى هه‌موو زریانه‌كانه‌ كه‌ له‌ مێژووى عه‌ره‌بدا په‌یدا بوون،

وشه‌كان : جارێ هه‌ورن و جارێك خۆر.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە