Majid.jpg

لەم شەوانا

ماجد خەليل

لەم شەوانا، لەپاڵ حەوزی کارێزێکدا

لەگوندێکی بێشەبەکەو بێشانسی کارەباو بێشەحن و شەپۆلی رادیۆدا

 راکشابووم

 رامانێک رووخساری ئاسمانی کێشایە پێش نیگاکانم.

 لەبناری بەرزاییەکانی هەورامانەوە شەوێکی ساماڵ

نازانم مانگ یازدەبوو یان دوازدە

بێدەنگ و مات، تاوناتاوێ، دەنگی ناڵی ئەسپ و هێستری کۆڵبەرەکانم دەهاتنەگوێ

خشەخشی مارومێروو با بوەستێ

 شەو درەنگیش ئاگام لە سڵەمینەوەی کەڵەشێرەکەی سەر تووەکەبوو، وەختێ دەنگی رێوییەکان نێزیکتر دەبوونەوە

ئەی هروژمی رەوەبەرازەکان

کەمێ دڵنیانەبووم، رەنگە کەمتیار بووبن.

 

هەر لەوناوا

 لەو لاپاڵ و لالوتەی تەکنەلۆژیاو تەقەڵی زلی پۆشاکی جیهانگیریدا

 لەو لەنگەرە ئارامەی ژیانا

 لەناو جەرگەی شەودا بووم.

هەستم دەکرد

 پاش ساڵانێک، بۆنی شەوی راستەقینە دەکەم

ڕۆحم پێیوابوو هەموو چرکەیەک چرایەکی بەدەستەوەیەو بەدەورمدا دەسوڕێنەوەو جێم ناهێڵن.

کات وەستابوو

وەک ئەوەی تارماییەک دەستیگرتبموو بردبێتمی بۆ شاری جنان

پێشینەکان، پێیلێدەنێن، دەیگێڕنەوە:

شەوان جنۆکە دەهاتن، دەیانبردین، بۆ زەماوەندو تا بەیانی هەڵدەپەڕین

بۆ بەیانی، بە سەروشکڵی شێواوەوە فڕێیان دەداینە نێو پێخەفەکەمان.

 

هەستم دەکرد کات وەستاوە

 شەوگارەکە، ئاسمانەکەی خۆماڵی بوو

 وەک خەیاری بێستانەکانی زوو

 بۆنی ئەو ناوەی گرتبوو.

ئەستێرەیەک لە پێشچاوما، وەک کچێک گۆزەی لەسەر شانبێت و ئاوی نێو گۆزەگە گیانی خوساندبێت، خۆی دەنواند.

ئەستێرەیەک هێندە خۆی نزیککردبوویەوە، وەختبوو وەک بالیفێ، بینێمە ژێر شانم

ئەستێرەیەکی تر وەک ئەوە وابوو چۆکی لەبەردەممدا دادابێت و رازی ئازادیی دەرببڕێ

وەک ئەوە وابوو، مواجەی زیندانییەکی  کولبەی ئەحزان و ئەسارەتی ئێرەی کردبێ.

دانەیەکیتر دیاربوو، لەدوورەوە، هیچی نەدەوت، دەمزانی قسەیەکی پێیەو جارێ نایکات.

دەیەویست بڵێ: ئێوە لەکوێن؟

سەربانەکانی ئاوایی بۆ وا چۆڵن؟

یەکێیتر دەیچپاند بە گوێی رۆحمدا

ئەی کەڵەبابە رەنگینەکان، بۆ لەنێو یەخچاڵەکانی تەکنەلۆژیادا دەنگیان نوساوەو ناخوێنن؟

 

 ئەی شاخەکان، هەستمدەکرد، براندی بەرزی لەواندایە. هێشتا شێرپەنجەی ڤێللاکان لێینەدابوون.

تەلی ترافیکی تیرۆر پێیەکانی لەخاچ نەدابوون.

شوێن شەلاقی ئۆتۆبانەکان بەسەر سنگیانەوە شین نەبووبوویەوە.

ئاوی دامیاوەکانیان سەربەستانە دەڕۆی، زیندانی دەبەو دەردی مارکێت و کارگەکان کەلەپچەی نەکردبوون.

گیرفانیان هێشتا چکلێتی بەفرو قەباخی دوواین گوللەی پارتیزانێکیان تێدا ماوە، کە لەجەنگێدا ناویەتی بەگەرووی گیانفیدایی خۆیەوە.

هەر لەو شەوا

لەو کەناری کێڵی باخا

خەون خۆی کێشابوو لەئاو تا نەخەوێ

 راستی خۆی لێببوویە راست

تا نمەکی نەریتی شاریی نەکەوێ

 

بەڵێ راستیی، سروشتێکی سەیرە، هەمیشە مرۆڤگەلێ پێوەی گیرۆدەن

هەمووشتێک لەچاوی ئەواندا ئارامە

 هەموو هێزێ لەبازووی ئەواندا هێندەی ئاو نەرمە.

 

لەم وڵاتەدا مرۆڤی راستگۆ زۆرن

 هەموو ئەوانەی یەکیان نەبووە بەدوو راستگۆن

 هەموو ئەوانەی کامێراکان چاویان پێیان هەڵنایە راستگۆن هەموو ئەوانەی فۆتۆکان فێری گرتنیان نەبوون راستگۆن

هەموو ئەوانەی لە جەنگەکاندا جوامێری دەنوێنن و ناویان نابرێ راستگۆن

هەموو ئەوانەی مێژوو باسیان ناکات راستگۆن. شەهیدەکان راستگۆن.

 

مێژوو، میراتێکە بەسەر درۆزن و دۆلارگەر و خراپەکار و خان و خانزادەکاندا دابەشکراوە

مێژووی راستەقینە لە گۆمێکی مەنگدایەو چواردەوری پڕە لە تاشوبەردی زلی دەستی مرۆڤە مەزنەکانی شاشەی شۆڕش

بەردی زلی ئایدیۆلۆژیاو ناسیۆنالیزم

 بەردی زلی مافی مرۆڤ و جیهانگەرایی

بەردی زلی مادەو مۆدێرنە

ئەو مرۆڤە هاشوهوشکەرانەی ناتوانن گۆمی مێژوو بشڵەقێنن.

عەیامێکە عەرشی مێژوو نەلەرزیوە

 رووداوەکان کۆپی پەیسی پەرچەمێکن

هەمان پەرچەم بەسەر شاخی هەموو رۆژێکەوە دەلەرێتەوە نوسینەکان، لە پەلی پەلەوەرەوە تا  قامیش و قەڕنی ۆردو ئەکسڵ

گشتی هەمان ماناو مورادو مەوزوعن، دەموچاوی جەنگەکانی هەزار ساڵی ئەوساو ئێستا

 هەمان لۆچ و هەمان لەحن و هەمان لێوی قرنجاوی رقوکینەن.

 

 شتەکان هەموویان هەزاربارەن

 ژیان بێتامە، بازنەیەکەو دەخولێتەوە

چەقەکەی بەرژەوەندییەکی بەڕبەڕیانەیە

تیرەکەی ئاڕاستەی دڵی مرۆڤایەتییە

 سنورەکانی تەلبەندی ئازادیین.

 

میدیاکان، هەمان کەڕەنا کەلتوورییەکەی ڕابردوون وێبسایتەکان لە شاخی گا دروستکراون و فووی فەلسەفەیەکی فەوزاچییان پێدا دەکرێ

مرۆڤایەتی

جەستەیەکی لاوازەو نوزەیەکی تێدا ماوە، تەرمێکی جوابکراوەو حەکیمەکان دڵنیانین ماوە یان مردووە، رۆژانە دەبرێتە گۆڕستانی سیاسەت و پێش ئەوەی بنێژرێ هەناسەیەکی هواش دەدات و دەیگەڕێننەوە بۆ سەر تەختەخەوەکەی

بەڵێ ژیان بە ساتەوەختێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە