Darwesh.jpg

من عاشقە بەدبەختەکەم

ئازاد بەرزنجی

لە یادی دوانزدەهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی "مەحمود دەروێش"دا.

دوانزدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە سەنتەری پزیشکیی تەکساس لە ئەمەریکا و دوای نەشتەرگەرییەک بۆ دڵی، شاعیری داهێنەر و بەناوبانگی عەرەب مەحموود دەروێش دەچێتە حاڵەتی کۆماوە و ئیتر لەسەر وەسیەتی خۆی، پزیشکەکان جیهازەکانیان لێ کردەوە و بەدوایدا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەیان بردەوە بۆ "رام اللە' و بە هەزاران کەس بەشدارییان لە بەڕێکردن و ناشتنی تەرمەکەیدا کرد و فەلەستین سێ ڕۆژ پرسەی ڕاگەیاند.

دەروێش گەرچی سەرەتا وەکو شاعیرێکی سیاسی و شاعیری فەلەستین و مەسەلەی فەلەستین ناسرا، بەتایبەتیش دوای شیعری"بنووسە من عەرەبم"، بەڵام ئەو خۆی زۆری پێ ناخۆش بوو بخرێتە چوارچێوەی شاعیرانی سیاسییەوە و تەنانەت لە کارە نوێیەکانیدا تەواو ڕوانین و جیهانبینیی دەگۆڕێت جیهانبینییەکی ئینسانی و گەردوونی.

دوو ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت بە ژیانی ئەم شاعیرە و هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی، کتێبێکم بەناوی"لەبیردەچیتەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت"چاپ کرد، کە لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە بڵاوکرایەوە و ئیستا لەوێ دەست دەکەوێ.
وا لێرەشدا و بەم بۆنەیەوە ،بۆ یەکەم جار دەقی وەرگێڕراوی "من عاشقە بەدبەختەکەم" پێشکەش بە هاوڕێێان دەکەم، کە لەو کتێبەدا نییە.

"من عاشقە بەدبەختەکەم"

دڵم لێم یاخی بووە
منی عاشقی بەدبەخت
نێرگزێک بۆ من و نێرگزێک دژ بە من

بەلای کەناری عیشقدا گوزەر ئەکەم
سڵاوێکی خێرا ئەکەم
لەسەر باڵی کۆتر
نامە لە خۆمەوە بۆ خۆم ئەنووسم

چەند ژن منیان لەتوپەت کرد
وەک مناڵێ کە هەور لەتوپەت ئەکا
نە ئازارێکم پیشان دا و نە هیچیشی لێوە فێر بووم
نە ئەستێرەیەکیشم پاراست
لەو هەورەی ئەودیو پەرژینە دوورەکە

بەلای عیشقا گوزەرم کرد
چەشنی هەور بەناو ئەڵقەی درەختا
نە بنمیچێکم هەیە و نە باران
گوزەر ئەکەم وەکو سێبەری سەر بەردێ
ئەکشێمەوە لە جەستەیەک
کە نەمدیوە

ئەترسم لە گەڕانەوە بۆ هەر شەوێک
ناسیبێتم
لەو چاوانە ئەترسم کە ئەتوانن ڕۆخەکانم داگیر بکەن
چونکە ئەشێ دڵەکەم بە ڕووتی ببینن
ئەترسم دان بەوەدا بنێم کە ئەترسم
لە گەڕانەوە بۆ هەر سنگێ نۆشیبێتم و
خۆم فڕێدەمە ناو بیرێکەوە.. ناو خۆمەوە
***
من عاشقە بەدبەختەکەم
گەلێ پەیڤی ڕەوانم سەبارەت بە گەنم چڕیوە
ئەو دەمانەی پەڕەسێلکە لە ناوماندا بەچکە ئەکا
بادەی خوماربوونێکیشم وتووە
کە چاوەکان نەیانوتووە
دڵیشم بەسەر باڵندەکانا دابەش کرد
وتم بەڵکو بنیشێتەوە.. یاخود بفڕێ
قسانێکم کرد تا یاری کەم
گەلێ شتم وت
دەربارەی عیشق
وتم بەڵکو ئیتر دەسبەرداری عیشق بم
ئەو کەسەش بپارێزم کە
لە نائومێدییا هانام بۆ دێنێ
***
ئەی عیشق.. ئەی ئەوەی پێت ئەڵێن عیشق
تۆ کێی وا ئازاری ئەم هەوایە ئەدەیت و
ژنێکی تەمەن سی ساڵان
بەرەو شێتی ڕاپێچ ئەکەی
ئەشمکەی بە پاسەوانی مەڕمەڕێ
کە ئاسمان لە پێیەکانییەوە ئەڕژێ؟
ناوت چییە ئەی عیشق، ناوی ئەو دوورەدەستەی
لەژێر پێڵووەکانی چاوما هەڵواسراوە؟
ئەی ناوی ئەو وڵاتە چییە
کە لە هەنگاوەکانی ژنێکا
ڕەشماڵی بەهەشتێکی بۆ گریان هەڵداوە؟
تۆ کێیت، سەروەرم.. ئەی عیشق
وا ئەبێ گوێڕایەڵی خواستی تۆ بین
یا حەزکەین بەقوربانت بین؟
من تۆ ئەپەرستم تا ببیتە دوافریشتەی
ناولەپی دەستەکانم.

من عاشقە بەدبەختەکەم
بنوو تا دوای خەونەکانت کەوم
بنوو تا ڕابردووم لەوە هەڵدێ کە لێی ئەترسی
بنوو تاکو لەیادت کەم
بنوو بەڵکو ڕاوەستانم لەسەر یەکەمین گەنم
لە یەکەمین کێڵگەدا و یەکەمین زەویدا
لەبیر خۆم ببەمەوە
بنوو بۆ ئەوەی بزانم کە زیاتر لەوەی خۆشم ئەوێی،
خۆشم ئەوێی
بنوو بەڵکو بچمە ناو دەغڵی ئەو گەندەمووانەوە لە جەستەیەکا
کە لە گمەی کۆتر ئەچێ
بنوو تا بزانم لەناو چ خوێیەکدا ئەمرم
لە چ هەنگوینێکا زیندوو ئەبمەوە
بنوو تا ئاسمانەکانت تیا بژمێرم
لەگەڵ شێوەی گیایەکانا
تا دەستەکانی خۆم بژمێرم
بنوو تا ڕێگایەک بۆ ڕۆحی خۆم هەڵبکەنم
کە لە پەیڤەکانم هەڵات و
لەسەر ئەژنۆکانی تۆ نیشتەوە
تا بەسەرمدا بگری
***
عاشقم، عاشقم، عاشقی تۆم
من ناتوانم بۆ سەرەتای دەریاکە بگەڕێمەوە
من ناتوانم بۆ کۆتایی دەریاکە بگەڕێمەوە
لەم حەزەی تۆدا، دەریا من بەرەو کوێ ئەبا
چەند جار دڕندە بچووکەکان
لە هاواری تۆدا بێدار ئەبنەوە؟
بمبە، تا خۆراکی کەو و تووی زوحەل
لەسەر بەردی برووسکەی سەرئەژنۆی تۆ هەڵگرمەوە
من عاشقم، عاشقم، عاشقی تۆم
ناشمەوێ لە شەپۆلت دوورکەومەوە
لێمگەڕێ، وازم لێ بێنە، وەکچۆن دەریا
لەسەر کەناری هەتاهەتایی تەنیایی
واز لە سەدەفی خۆی دێنێ
من عاشقە بەدبەختەکەم
نە ئەتوانم ڕووەو تۆ بێم
نە ئەتوانم بگەڕێمەوە بۆ لای خۆم

لێم یاخی بووە دڵم.


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە