begard.jpg

تارمایی ناوێک بەسەر بەرگی کتێبەکانەوە

ئیدریس عەلی

سەرەتا ناوی ئەوم لەسەر بەرگی کتێبەکانی چیخۆف و کافکا و دۆستۆیفسکی و کۆمەڵە چیرۆکەکەی خۆی بینیبوو، ئەمە جۆرە ئەوینێکی تاک لایەنەی خوێنەرێکی گەنجی دروست کرد بۆ کەسێک... ناوێک... کە ناوەکەی وەک تارمایی هەر جارەو بەسەر بەرگی کتێبێکەوە دەبینی، ئەو کتێبانەی دەرگایان خستە سەر پشت بۆ چوونە ناوەوە و مانەوە لە کونجێکی تار و تەنگەبەری ناخدا، ئەز چوزانم ڕۆژگار ڕووی ئاوێنەیی خۆیم تێ دەکات و بەشێکی ئەزموونی کارکردنم لە (دەزگای سەردەم) دەکەوێتە ژوورە پڕ لە کتێب و دەنگی موزیک و سەر مێزە پڕ لە کاغەز و قەڵەم و دەستنووسەکانی ئەو و لە (ڕۆڤار) دا، دەبمە هەندێ جار کارمەندێکی گوێڕایەڵ و هەندێ جاریش هاوڕێیەکی بێ زوبان و زۆربەی کاتیش دیش کوڕێکی بەپەرۆش بۆ تەندروستی و ژیانی باوکی.

دەرفەتی ئەوەی کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەم ڕۆحە بێگەردەدا بم، دەرفەتێکە بۆ پتر ڕۆچوونە ناو دڵە منداڵ ئاسا پاک و بێگەردەکەی، نزیکبوونەوەیەکە کە دواجار بە قازانجی من لە ڕووی ڕۆشنبیری و ناساندنی کتێبی زیاتر و چێژی پتر بۆ کارکردن و خوێندنەوە و مرۆڤ و دەوروپشت ناسین تەواو دەبێت، ئەز کە سەیری عەشقی ئەوم دەکرد بۆ نووسین و ژیان، کە لەژێر عەینەکە سرقاڵەکەیەوە لە نیگا بێئۆقرەکانیم دەڕوانی بەسەر دێڕ و وشە و دەستنووسەکانەوە، ئەودەم هەستم بەو وزەیە دەکرد کە بە لرفە دەڕژایە ناومەوە و زۆر جاریش دەبوویە دەنگ و داوای بەرگەگرتن و بەردەوامی و سادەیی لێ دەکردم، سەرەنجام ناسینی ئەو لە ناوی سەر بەرگی کتێبەکانەوە بۆ ئاشنایەتی و پێکەوەبوون و گفتووگۆ لەسەر شتەکان، دیسان دەرفەتی ئەوەی ئەوەی دامێ جگە لە کار و دەوام، چەندین جار لە ئێوارە و شەوە جوانەکانیدا قووڵتر ببمەوە لە ناسینی و پتر ئاشنابم بە ڕەهەندە شارەوە و پانتاییە نادیارەکانی ناخیدا، گوێگرتنی من لە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی ئەم ڕۆحە بێگەردە، بەو یەقینەیان گەیاندم کە دەبێ هەرچۆنێک بێ بەردی سەر دەمی ئەو کانییە لابدەم تا قوڵپەقوڵپ ئاوی پەیڤ و یادەوەری و چیرۆک و بەسەرهاتە سەیرەکانی ژیانی خۆی لە منداڵییەوە تا گەنجێتی و سەرەتای دەستبردنی بۆ پشکۆی نووسین و کتێب، لەوێشەوە بۆ ساڵە پڕ لە ڕوودا و ململانێ سیاسییەکان لەگەڵیدا بڕۆم، کە بێگومان بۆخۆی لە ناو بەشێکیاندا ژیاوە و کونجکوڵانە بە چاوی ئەدیبێکی وردبین و بەسەلیقەوە، تەماشای کۆی ڕووداوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی و ئەوانی تریشی کردووە.

دۆستان و خوێنەرانی (ڕۆحی بێگەرد) ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، هەوڵێکی گچکە و خاکەڕایانەی منە کە ماوەی پتر لە هەشت ساڵە خەریکیم بەو مەبەستەی لە ڕێگەی پرسیار و گفتوگۆ و کونجکوڵییەوەکانی خۆمەوە شۆڕ ببمەوە بە ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیانی (ڕەووف بێگەرد)دا، وەڵامەکان لە ئێستادا بوونەتە ئەزموونێکی دەوڵەمەند و پڕ چێژ، چوونکە باس لە ژیان و جۆری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەکەن لە ڕۆژگارێکی دێریندا، هاوکات وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکان خۆی (ڕۆحی بێگەرد) بێ پەردە و ماسک قسە لەسەر ژیانی تایبەتی خۆی و ڕووداوە دیار و نادیارەکان دەکات، ئەو ڕووداوانەی کە ڕەنگە بە هەر هۆکارێک بێت مێژوو فەرامۆشی کردبێت و خۆری یادگەی تاکی ئێمەی کەمتر کەوتبێتە سەر، لە هەندێ شوێندا خوێنەر لێی تێک دەچێت کە ئاخۆ ئەمەی دەیخوێنێتەوە چیرۆکێکی پڕ لە گرێ و کارکتەر و ڕووداوی خەیاڵییە، یاخود وتوێژێکە لەبارەی ئەزموونی ژیانی کەسایەتییەکی دیاریکراو.

دەخوازم تۆی خوێنەریش کە پێشتر لە ڕێی کتێبەکانییەوە (ڕۆحی بێگەرد)ت، ناسیووە، ناسینەکەت لەم کتێبەدا قووڵتر و فرە مەودا تر بێتەوە.

ئەم کتێبە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڵاودەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 54 جار خوێندراوەتەوە