1.jpg

گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆماننووس و ڕەخنەگری ئێرانی محەمەدقاسمزادە

ئامادەکردنی: مەریوان هەڵەبجەیی

من لە مێژوودا بە دوای دێڕە نە نوسراوەکاندا دەگەڕێم

 محەمەد قاسمزادە ڕۆماننووس و ڕەخنەگرو لێکۆڵەرلە بواری ئەفسانەوئوستوورەدا ١٠_٧_١٩٥٥ لە شاری نەهاوەند لەدایکبووەوخوێندنی سەرەتایی وناوەندی و ئامادەیی لەهەمان شارتەواوکردوەوپاش وەرگرتنی دیبلۆمی ئەدەبی ، لەبەشی  ئەدەبیاتی فارسی زانکۆی تاران وەردەگیرێت وبەکالۆریۆس وماستەرلەهەمان بەش تەواودەکات. ماوەی نۆساڵ لە شاری "قائم شار"ی، پارێزگای مازندەران دەبێتە وانەبیژی ئەدەبیات و ساڵانێکی زۆریش لە وڵاتی چین دەبێتە وانە بێژولەبەشی  فارسی ڕادیۆی پەکێن کاری کردوەو هاوکاری تەلەفزیۆن بوەو وانەی زمان و ئەدەبیاتی فارسی وتوەتەوە. پاش گەڕانەوە بۆئێران وەک لێکۆڵەرلەناوەندی زانستی وڵات ولە فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی ، بەشی ئەدەبیاتی بەراوردکاری دەستبەکاردەبێت. لە سی ساڵی ڕابردودا بەردەوام یەکێک بووە لەو نووسەرانەی دەزگای سانسۆری ئێران کێشەی زۆری بۆدروست کردوە و هیچ کام لەبەرهەمەکانی لەکاتی خۆیاندا مەوڵەتیان وەرنەگرتوە. ساڵی ١٩٩٦ یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی بەناونیشانی ( باڵندە بی وەرزەکان ) چاپ کراوە. خاوەنی پانزە ڕۆمانی چاپ کراو پێنج کتێبی ڕەخنەی ئەدەبی و دەکتێبی (لێکۆڵینەوە لە بواری ئوستوورەو ئەفسانەو ئەدەبیاتی کۆندا). دیارترین ڕۆمانەکانی ، شاری هەشتەم، براوەی خەڵاتی پائولۆکوئیلۆ، تۆراکینا،  سەما لە تاریکی دا، سیاوەش، ئیسفەندیار، کورسی سەر باڵکۆن، خاتونی ناوەخت، بیرەوەریی مەحرەمانی خێزانی، شاسوار بەسەرباوە، چنینی با، براوەی خەڵاتی باشترین ڕۆمانی ساڵی ئێران. لەم گفتوگۆیەدا تەنیا قسە لەسەر ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی و سانسۆرلە ئێراندا کراوە، وەرگێڕانی کوردی ئەم ڕۆمانە لە کۆتایی مانگی دوودا بە ئامادەبوونی نوسەرلە سلێمانی بڵاوکرایەوە.

 viber_image_2020-08-17_16-48-29

بیرۆکەی سەرەتایی نوسینی ڕۆمانی بیرەوەریی مەحرەمانەی خێزانیت چۆن و لەکوێوە بۆدروست بوو؟ نوسینی ئەم ڕۆمانە چەندی خایاند؟

و: مێژووهەمیشە سەرنجی منی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هاوسەرگیرییەکان بۆ بەرژەوەندی حیزبی و دەستە وگروپ چێتی و هێشتنەوەی دەسەڵات لەلای خود، نەک هەرلە ئێراندا بەڵکولەهەموو وڵاتاندا باوە. هەندێک جارهێندە ناشایست و ناپەیوەندیدارە مایەی پێکەنینە. کەسێک دەگاتە پلەو پایەیەکی سیاسی و دەسەڵات ، لە دەرەوەی پەیوەندی خێزانی دەبێت تەمەنێک خەباتی بۆبکات و گیانی بۆبدات . ئەم هاوسەرگیری وپەیویەندییانە هێندەی شێوازێکی گاڵتەجاڕانە لەخۆدەگرن تا ئەوڕادەیی کەم تەنزنووس هەیە بتوانێت کەشێکی وا کۆمیدی بخولقێنیت. من لە مێژوودا بەدوای دێڕە نەنوسراوەکاندا دەگەڕێم، ئەوجێگایەی وەک مەهدی ئەخوان سالس دەڵێت، مێژوو کاتێک دەیەوێت ئەو دێڕانە بنوسێت مرەکەب لەناوی قەڵەمەکەدا دەیبەستێت. دەمێک بوودەمویست ڕۆمانێک دەربارەی گروپ چێتی و هاوسەرگیرییە بەرژەوەندیی خوازانەکان بنوسم ، بیرم لە شێوازەکەی دەکردەوە. ڕۆژێک لەپاسدابوم  و لە چالوس( مازندەران)ە،وە دەگەڕامەوە بۆ تاران ، لە ڕێگادا ، لە لۆفەیەکی مەترسی داری جادەکەدا، پاسەکە بە هێمنی دەڕۆشت. گەیشتینە ڕستورانێک و یەکێک لە سەربانی ڕستورانەوەکەوە گاڵتەی لەگەڵ هاوڕێکانی دەکرد کەلە خوارەوەبوون. هەرچی لە بەردەستی دابوو هەڵی دەدایە خوارەوە . دواجارگوڵدانێک مابوو ئەویشی هەڵدایە خوارەوە. ئەم دیمەنە دەستپێکی یەکەم و سەرەتای و ڕۆمانەکەی لا دروست کردم. لێرەوە کەسێتی برا خۆشبەختەکە لەلام دروست بوو. نوسینی ڕۆمانەکە شەش مانگی خایاند. چەندجار پێداچونەوەم بۆکرد. دواتربردم بۆخانەی چاپ و بڵاوکردنەوە.

بیرەوەریی مەحرەمانەی خێزانی لەساڵی ١٩٩٥ دانوسراوەو بە دواکەتنێکی زۆرەوەو لە پاش چوارساڵ، واتە لەساڵی ١٩٩٩دا بەسانسۆرکراوی چاپ و بڵاو کرایەوە، کێشەی دەستگای سانسۆری ئێران لەگەڵ ئەم ڕۆمانەدا چی بوو؟ بۆهێندە درەنگ چاپ بوو؟ کاتێکیش چاپ بووزۆرخێرا قەدەغەکرا وتا ئێستا هەژدەساڵە قەدەغەیە، بۆچی؟ ڕوونکردنەوەی سانسۆرچییەکان دەربارەی ئەم ڕۆمانە چی بوەوچیە؟

و: ساڵی ١٩٩٥ ڕۆمانەکەم نوسی ، سەردەمێکی ئەستەم بوو بۆچاپ بڵاوکردنەوەی کتێب. لە کۆتاییەکانی قۆناغی دووەمی سەرکۆماری ڕەفسەنجانی دا  بوین . لەبەرئەوەی ئەوباوەڕی بەکولتوورنەبوو، "وەزارەتی ئیرشاد"ی( ئەودەزگایەی دەبێت ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری ببینێت بەڵام لەئێراندا کتێب سانسۆردەکات !!)  دابووبە کەسێکی تەنکۆکرات به ناوی مستەفامیرسەلیم . نوسەران لەوساڵانەدا هێندە دژواری وناخۆشییان چەشت کەلە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پێشینەی نەبوەو دۆخێکی زۆرخراپ بوو. زۆرلە وکتێبانەی لەڕوی سیاسی یان ئاینیشەوە ئاسایی بوون و کێشەیان نەبوو لەوەزارەتدامانەوە و مەوڵەتی چاپ کردنیان وەرنەگرت. لەتاران چەند ناشرو خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە ڕۆمانی بیرەوەریی مەحرەمانەی خێزانییان خوێندەوە بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون بینێرن بۆمەوڵەت ، چونکە بڕوایان وابوونەک هەرمەوڵەتی چاپ وەرناگرێت بەڵکو بەناردنی ئەوکتێبە بۆوەزارەت دۆسیەیەکی خراپ بۆئەوخانەی چاپ وبڵاوکردنەوەیە دروست دەکەن و توشی کێشەی دەکەن. دواجار خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئەسفەهان ئامادەیی دەربڕی بینێرێت بۆمەوڵەت وهەوڵی چاپ کردنی بدات، بەڵام کاتێک کتیبەکەی ئامادەکرد بینێرێت بۆ مەوڵەتی چاپ  (دیارە بەشێوەیەکی نەزانانە) بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو، حکومەتی ڕیفۆرمخوازهاتبوەوە سەرکارودەسەڵاتی گرتبووە دەست وکەشەکە کەمێک کرانەوەی بە خۆیەوە بینی. کتێبەکە کاتێک ڕۆشت بۆوەرگرتنی مەوڵەت عەتائوڵاموهاجەرانی بوبوبە وەزیری ئیرشاد وخەریکبوو وەزارەت بەوە ناوبانگی دەردەکرد کە ئاسان مەوڵەت بە کتێبەکان دەدەن . بەڵام ڕایانگەیاند مەوڵەت بەم کتێبە نادەن و چاپ بڵاوبونەوەی قەدەغە کرا. دیارە هاوکات دووڕۆمانم توشی هەمان چارەنووس بوون. یەکێکیان بیرەوەریی مەحرەمانەی خێزانی و ئەوی تریان خاتونی ناوەخت.

نامەیەکی ناڕەزایی دەربڕینم بۆ وەزارە ت نوسی  لە دژی ئەو بڕیارەو قەدەغەبوونی کتێبەکەم . ماوەیەک هاتوچۆم کرد، پاش دوودیدارلەگەڵ بەڕێوبەری بەشی سانسۆری وەزارەت دا ،  ڕازی بوون کتێبەکەم بدەن بە سانسۆرچییەکی تر بیخوێنێتەوە ولەبری یەک کەس دووکەس کتێبەکەیان خوێندەوەو دواجاریش بەڕێوبەری بەشی سانسۆر کە بێزاربووبوولەوهاتوچۆکردنەی من ، کتێبەکەی خوێندەوەو مەوڵەتی پێدا، بەڵام بەومەرجەی تەنیا یەک جار چاپ بێت و ئیدی هەرگیزچاپ نەبێتەوەو بۆهەمیشە مەوڵەتی لێبسەندرێتەوە!!  لەودۆخەدا مەوڵەتی یەکجار چاپ بونیش نیعەمت بوو! چونکە باوەڕم وایە لەودۆخەدا ئەگەرکتێبێک یەک دانەشی چاپ بێت ، وەک بەڵگەیەک دەمێنێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا سێ جار داوای مەوڵەتم کردوەتەوە بۆچاپ ، بەڵام هەرسێ جارەکە ڕە دکراوەتەوە. بەرپرسان و بەڕێوبەرانی فەرمانگەی سانسۆر هیچ شتێک ڕاناگەیەنن. هەمیشە لە بارەی کتێبەوە سێ جۆربوچون دەخەنەڕوو . یان دەڵێن کیشەنییە ئەم کتێبە چاپ ببێت، دووەم بە سانسۆرکردنی چەند بەشێک لە کتێبەکە مەوڵەت دەدرێت بە کتێبەکە. سێیەم ، قەدەغەیە و نابێت چاپ ببێت، واتە کێشەی گشتی هەیە و  بە دەستکاری وکەم کردنەوەو سانسۆرکردن چاک نابێت!  کاتێک ڕایدەگەیەنن کتێبێک قەدەغەیە و نابێت چاپ بێت بەشێوەی زارەکی بەخانەی چاپ و بڵاوکردنەوەکەیی دەڵێن نەک بە نووسەر یان وەرگێڕەکە.

خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش زۆر جاری دەستی دەستی بە نووسەرو وەرگێڕەکان دەکەن و نایانەوێت ڕاستییەکەیان پێ بڵێن و دەترسن لەوەی بیگەیەننە میدیاکان و بڵاوی بکەنەوە چی بەسەربەرهەمەکانیاندا هاتوە و کێشەیان بۆ دروست بێت . بەدرێژایی هەژدە ساڵی ڕابردوبەمنیان نەوتوە بۆچی ڕۆمانەکەم قەدەغەیە و مەوڵەتی نادەنێ . ئەمەش یەکێکە لە کێشەکانی ئێمە.

viber_image_2020-08-17_16-48-31

چۆن لەماوەی هەژدە ساڵی ڕابردودا بیرت لەوە نکردوەتەوە ئەوڕۆمانە لە دەرەوەی وڵات وبە بی سانسۆرچاپ بکەیت؟ بۆنمونە لە ئەفغانستان یان ئەمریکاو ئەوروپا کە خانەی چاپ وبڵاو کردنەوەی فارسی زۆریان هەیە ؟

و: چاپی کتێبی فارسی بە بی سانسۆرلە ئەفغانستان زۆرنوێیەو لەم ساڵانەی دواییەدا زیاترپەرەی سەندوە وپێشتربەوشێوە بوونی نەبووە. خانەکانی چاپ وبڵاو کردنەوە و ناشرە ئێرانییەکانی ئەوروپاوئەمریکاش خوێنەرێکی ئەوتۆیان نیە و زۆربە ئەستەم کتێب چاپ دەکەن . چاپی یەکەمی ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی دوو هەزاردانەبوو، لە کاتێکدا گەرلە ڕۆژئاواچاپ ببوایە سەد دانەی لێ چاپ دەکرا. لە ناوەوەی وڵات هێشتا خوێنەرمان هەیە .

ساڵی (٢٠٠١) کە ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی بڵاوبویەوە و خوێندمەوە چیژێکی زۆرم لێوەرگرت و هەستم کرد زۆر لەو ڕۆژگارە و مێژووی هاوچەرخی ئێمەوە نزیکە ، هەستم بەنزیکایەتی کرد لەگەڵی و وەک ڕۆمانێک دەمبینی کە هەمووسنوورەکان و زمان و نەتەوەکانی تێپەڕاندەوەودەتوانێت وەربگێڕدرێتە سەرهەرزمانێک و پێشوازی باشی لێبکرێت ، هەم لەبەرناوەڕۆکی سەرنج ڕاکێشی ( ململانێی نێوان تاکەکانی  خێزان و لە پانتاییەکی فراوان تردا تاکەکانی کۆمەڵگە، پرسی  حیزب و کێشمەکێشی نێوانیان و هەڵبژاردن و میدیاو  گەندەڵی سیاسی وقەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی وئەخلاقی)هەم لە بەرئەوزمانە زۆرجوان وتەیبەت وتەنزە زۆرباش وسەرنج ڕاکێشەی هەیەتی . هەژدە ساڵ بەسەریەکەم خوێندنەوەمدا بۆئەو ڕۆمانە تێدەپەڕێت وئەوساڵە لە گفتوگۆیەکی ترماندا پێموتیت ڕۆمانەکەت زۆرلە دۆخی کوردستان وڕوداوەکانی چەند دەیەی کۆتایی کوردستان دەچێت ، هەروەها زۆر لە دۆخی وڵاتانی جیهانی سێیەم دەچێت . ئێستا کە ئاوڕلە ڕابردودەدەیتەوەوئەوساڵەی ئەم ڕۆمانەت تیانوسی وڕوداوە سیاسیی وکۆمەڵایەتییەکانی دوودەیەی کۆتایی، بەتایبەت لە ساڵی ١٩٩٥ وە کە ڕۆمانەکەت نوسی تا ئەمڕۆ بارودۆخەکە چۆن دەبینیت و لێکدانەوەت چییە بۆ ڕوداوو پێشهاتەکان؟

و: بەرهەمێکی ئەدەبی ئەوکاتەدەتوانێت سنوورە جوگرافی و زمانی و زەمەنی و کۆمەڵایەتییەکانی نوسەرتێپەڕێنێت کە نوسەرەکەی بەوردییەوە ڕوانیبێتییە  پرسەکان و خستبێتییە ناوچوارچێوەیەکی قوڵ وبەهێزوپێکهاتە وستراکتۆرێکی توندتۆڵەوە. لەبنەمدا ئەوبەرهەمانە دەتوانن جیهانی بن وخەڵکی دونیا خۆیانی تیاببیننەوە کە هەڵگری ڕەسەنایەتی بن . بۆنمونە نووسەرمان نیە لە داستایۆڤسکی و تۆڵستۆی و چیخۆف ڕوسی تربن ، هەرئەم نوسەرە ڕوسییانەشن کە زۆر ترین ناوبانگی جیهانیان هەیە نەک تۆرگینیف کەلە ئەوروپا دەژیا ودەیویست زۆر خۆی لە ئەوروپییەکان نزیک بکاتەوە. من لە قۆناغی سەرەتایی ئەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ پرسە سیاسییەکاندا پەیدا کرد ، ئاشنابووم بە شتە سەرنج ڕاکێش وناسەرنج ڕاکێشەکانی، لەگەڵ شکستە زۆرەکان و سەرکەوتنە زۆرکەمەکانی، ڕاستگۆی و خیانەتەکانی . لەوڕوەوەی کە تەنززەمینەی زەینی منە ولە زۆربەی کارو بابەتە جدییەکانیشدا تەنزدەبینم ، ڕەنگی زیادەڕەوییەکی زیاترم بەخشی بەوپەیوەندییە سیاسییانە ، کە ئەمە خۆی لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تەنزە.

لە لایەکی ترەوە من لە ئێران و تۆلە کوردستان  کەسانێکین سەربە ناوچەیەکین و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی وکولتووری وکۆمەڵایەتی هاوبەشمان هەیە . هەر بەو شێوەیەی تۆسیمای کوردستان لە ڕۆمانەکەی مندا دە بینیت منیش سیمای خۆم و کۆمەڵگەکەم لە ڕۆمانەکانی بەختیارعەلی دا دەبینم. هەروەک چۆن ئێمە، من و تۆ، خۆمان لە ڕۆمانی "خوای شتە بچکۆلەکان"ی ، نوسەری هیندی ئارندوتی دا، دەبینینەوە، پەیوەندی خیزانی و ڕەفتاری سیاسی یەکسان بەرچاودەکەوێت و دەبینین.

لە لایەکی ترەوە وەک بڵێی سیاسەتمەداران  نه ک تەنیا لەناوچەکەی ئێمەولە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بگرە لە ئاسیاوئەفریقا ولە هەموودونیادا لە بەردەستی یەک دەنووسنەوەوزۆرحەزلەوە دەکەن زۆرلەیەک بچن . گەرجیاوازیشیان تیا دەبیندرێت ئەوە پەیوەستە بە مۆدێلەکانی سەردەمەوەو ئەوەیکە دەبێت هەندێک جار جیاواز لەیەک بدوێن بۆئەوەی ئاسان ترڕای بۆخۆیان کۆبکەنەوە و شوێن پیی خۆیان لە دەسەڵاتدا زیاتربەهێزبکەن . سیاسەتمەداران لە ئاسمانەوە نایەن ، هەر لەم ناوچەیەدا لەدایکبوون وهەرلەناوئەم کولتوورەدا گەورەبوون. هەندێکیان هوشیارییان زیاترەو ڕێگاکان زووتردەستنیشان دەکەن و وردەکارییەکان دەبینن.  هەندێکیشیان ڕێگای نزا کەباش دەزانن و دەزانن ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە کە ببنە زاوای فڵانە کەس  یان خۆیان هێندە هوشیارییان نیە ئەو کارەبکەن و باوکەکانیان ئەوپڕۆسەی هاوسەرگیرییە سیاسییە دەکەن بۆئەوەی کوڕەکانیان خێراتربە پەیژەکەدا سەرکەون. منیش لە ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی دا چاوم بڕیوەتە پێکهاتەی دەسەڵاتی حیزبی ودرووستبونی پڕلە کەم و کوڕوی عەیب و عاری و بەم چەشنەیە کەهاوشێوەییەکی لەگەڵ کوردستان و وڵاتانی تریشدا هەیە!

  یە کێک لە تایبەتمەندییە گرنگ وسەرەکییەکانی ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی تەنزە، گێڕانەوە لەم ڕۆمانە دا بەزمانێکی تەنزوسادە وزۆر دڵگیردەڕواتە پێشەوە وهێندە کاریگەرە خوێنەر حەزناکات نزیک ببێتەوە لە کۆتایی ڕۆمانەکە، دەکرێت بڵێین یەکێکە لە باشترین ڕۆمانە تەنزەکانی دوودەیەی کۆتایی ئێرانە ، چۆن بوو بڕیارت دا کەڵک لە ژانری تەنزوەربگریت بۆنووسینی ئەم ڕۆمانە لە کاتێکدا ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە زۆرتراژیدی وغەمگینە؟

viber_image_2020-08-17_16-48-33

و: تەنزلەهەمووبەرهەمەکانی مندا هەیە. تەنانەت لەو بەرهەمانەشدا کە بەڕواڵت جدین وتەنزنین . ئەونووسەرەی کارلەسەرتەنزدەکات کاتێک دەتوانێت بەهیزو توانایەکی زۆرەوە لەم ژانرە دا کاربکات کە جدی بێت. ئەمە بە ڕواڵەت وەک دژوازی و پارادۆکس دەردەکەوێت بەڵام تەنزدیوە شاراوەکەی جدییەتە . لە زمانی فارسی دا بەیتێک هەیە وەک نموونەی لێهاتووە . ئەو بەیتە دەڵێت : کارم لە گریان  تێپەڕیوە ، پێی پێدەکەنم. لە لایەکی ترەوە دەبێت بڵێم ئەوانەی وادەزانن زۆرجدین ، شێوازکاری خۆیان بە جۆرێک نیشنان دەدەن  کە بە ڕوانینێکی قوڵ دەتوانی ماسکە جدییەکەیان لابدەیت وقوڵایی مایەی پێ کەنینی دەروونیان ببینیت. پێکەنینیش وەک گریان تایبەت مەندییەکی مرۆییە وناکرێت لە پێکەنین هەڵبێین. سیاسەتمەداران بە تایبەت لە ناوچەی ئێمەداکە نمونەیەکی جیهانی سێیەمە، لەنیشاندانی  ڕەفتاری نا مەعقول دادەڵێی لە پێشەوەی هەمووانن .هێندە بەسە بەوردی سەیری ڕەفتاروجموجوڵەکانیان بکەین.هەرلەبەرئەوەشە کاتێک سیاسەتمەدارەکان لەسەرکاروبەرپرسیارێتی نامێنن، بۆماوەیەک کاروکاسپی تەنزنووسەکان کزدەبێت. بە شێوەیەکی گشتی ئێمە لە کاروڕەفتاری سیاسەتمەدارەکاندا زیاترکرداری مایەی پێکەنین دەبێنین تاڕەفتاروکرداری مەعقول.

 ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی بە گێڕانەوەی ڕوداوەکانی خێزانێک دەستپێدەکات کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەوخێزانەوە وساتی ناسین و هاوسەرگیری باوک و دایکی گێڕەرەوە( کوڕی گەورەی خێزانەکە) و ڕوداوەکانی ڤێلایەکی باکوری ئێران وکڵاوکردن سەرباوک لە لایەن دایکەوەوفریودانی بەوەی کە ناچاری دەکات هاوسەرگیری لەگەڵ بکات ،هەرلەسەرەتاوە دروستبوونی ئەم خێزانە بە قەیران دەستپێدەکات و بەردەوام پانتایی قەیرانەکە گەورەترو زیاتر دەبێت ، ئایا دەتویست لەودیوژیانی ئەم خێزانەوە کۆمەڵگەیەکی پڕلە قەیران نیشنا بدەیت کە تا دێت بارودۆخی قەیراناوی تردەبێت ودۆخی ڕولەخراپتردەبێت ؟

و: لە ڕاستی دا ئەندامانی خێزان ، باوک ودایک وبراو وخوشک وبونەتە جۆرە تایپێک وتایبەتمەندی کەسێتییان کەمترە ، دەکرێت نمونەکانی لەوڵاتی ئێمەو ناوچەکانی ترببینیت . لەمڕۆدا ولەئێراندا دادگا گەلێک بەڕێوە دەچن و کاردەکەن و پیاوانێک دەبینین لەبەردەم قازی دا کە بە هۆی دزی و گەندەڵییەوە دادگای دەکرێن و ژمارەی دزییەکانیان هێندە زۆرە گەرچەند ساڵێک لەوەوپێش بەودزانەیان بوتبایە ئەوژمارە بخوێننەوە ، گێژووێژسەیریان دەکردی . ئەم کەسانە تەمەنێکی زۆریان نییە، تەنانەت تەمەنیان نەگیشتوەتە مام ناوەند، ناوبانگیان دەرکردەوە بە  سوڵتانی قیر، دراو، هەنگوین و کاغەز. لە ژیانیان دا ئەوەی زۆردیاروئاشکرایە پەیوەندییانە لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتەکاندا ، یان هاوڕێی نزیکی خاوەن دەسەڵاتەکانن، یان کەسوکاری نزیکیانن، یان لە ڕێگای هاوسەرگیری ییەوە بونەتە کەس و کاریان. پیشه ی ئەم مرۆڤانە هەم سەیرەوهەم سەرسوڕهێنەرە. بۆنمونە یەکیان دراوی بەنرخی فەرمی حکومەت وەرگرتوە بۆ ئەوەی دەرمان بهێنێتە ناوەوەی وڵات کەچی لە بری دەرمان زینی ئەسپ ومێزی بلیاردی پێکڕیوەو هێناوێتی یان لەبری برنج دەرزی و گوێزی لە چینەوەهێناوە . لە بارەی ئەم جۆرە مرۆڤانەوە هەمووشتێک ئاشکرادەبێت جگە لە پەیوەندییەکانیان و نزیکایەتییان لەگەڵ کەسانی باڵادەستی ناو دەسەڵات، چونکە ئەوکاتە دزییەکە دەگات بە دەسەڵاتدارانی باڵای وڵات. ئەم خیزانەی ڕۆمانەکەی منیش مشتێکە لە نمونەی خەروارێک و دەکرێت بە ئاستی بەرزتریان کەمترلە هەمووجێگایەکدا بیان بینیت. ئایا قەیرانی کۆمەڵگە ئەم خێزانە دەباتە ناو دەسەڵاتەوە یان ئەوان دەبنە هۆی دروستبون ودەرکەوتنی قەیران لەکۆمەڵگەدا؟ لەبارەی ئەونەخۆشانەوەی کە شەکرەیان هەیە دەڵێن ، بەرزبوونەوەی شەکرەکەیان دەبێتە هۆی ئەوەی توڕەیی زاڵبێت بەسەریاندا وتوڕەبوون شەکرەکەیان زیاتربەرزدەکاتەوە. ئەم جۆرە خێزانانەش بە هۆی قەیرانەکانەوە دێنەمەیدانەوە ، کاتێک کۆمەڵگە بۆچارەسەری قەیران شێوازومیتۆدێکی مەعقولی پێنیە یان کەسانی ئاقڵ ئەوکۆمەڵگەیە بەڕێوە نابەن دەیانەوێت دەشیانەوێت هەمووشت چاک ببێت و پرۆسەی چاکسازی ئەنجام بدرێت، تا بەڵکوقەیران کۆتایی بێت . دەست بەدامێنی کەسانێکی وادەبن وهەرئەم کارەش دەبێت هۆی ئەوەی قەیرانە کە زۆر تربێت . هەم خێزانەکان بە قەیران لەناودەچن هەم ئۆرگانەکانی کۆمەڵگە . لە لایەکی ترەوە ئەم خێزانانە بە دۆخێکی کۆمیک دروست دەبن وهەربەودۆخەشەوە بەردەوام دەبن ودرێژە بەژیانی خۆیان دەدەن تا ئەو ڕۆژەی کە کاریگەری خۆیان لە دەست دەدەن.

 

لەم ڕۆمانەدا  ڕوبەڕوی سی بابەتی گرنگ دەبینەوە کە بابەت و ناوەڕۆکی سەرەکی ڕۆمانەکە پێکدەهێنن، هاوسەرگیری سیاسی وبەرژەوەندیخوازانە( لە مێژووی هاوچەرخدا ولە نێوان سیاستەمەداراندا وبەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرزۆرە) مافیای میدیا ومافیای کولتووری .هەروەک چۆن دەبینین سیاستەمەدارانی جیهانی سێیەم وبەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە وەک ڕێگایە پەنادەبەن بۆهاوسەرگیری سیاسی بۆبەدەستهێنانی زیاتری دەسەڵات و قۆرغکردنی دەسەڵات لە نێوان چەند خێزانێکدا، بە پێی ئەولێکۆڵینەوانەی جۆراوجۆرۆ زۆرانەی بەڕێزت  ئەنجامت داوە ، بەتایبەت لە بواری مێژوو، ئەفسانە و ئوستوورەکان و چیرۆکە کۆنەکان و ئەدەبیاتی کلاسیکدا ، پێتوایە ئەم بابەتە چەندە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی ڕابردوی ئێمەداهەیە و تا چەند لە ئەدەبیاتە کۆن و میراتە دێرینە کەڵکت وەرگرتوە بۆنوسینی ئەم بەرهەمە و بەرهەمەکانی تریشت؟ بۆچی سەرە ڕای ئەوهەموو پێشکەتنە و تێپەڕینی ئەو هەمووساڵە هێشتا پرسی هاوسەرگیری سیاسی وگەیشتن بەدەسەڵات لەوڕێگایەوە بەردەوام دووبارە دەبێتەوەو هێشتا ئەم شێوازە کۆن و کلاسیکەی گەیشتن بە دەسەڵات بەردەوامی هەیە؟

 و: هاوسەرگیری لەناوخێزانی سیاسی و لەوچەشنەدا دەکرێت بڵێم بەدرێژایی مێژوو پێشینەی هەیە. کۆروش نەوه ی ئاژدهاک، دواین پاشای ماد بوو. هەربە هۆی ئەم پەیوندییە خێزانی یەوە ، هەرلەسەرەتاوە باڵاترین ئاستی دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەمە نموونە ئەرێنی و باشەکەیەتی. لە بنەمادا ژمارەی لە ڕادە بەدەری ژنانی پاشاکان تەنیا بۆشەهوەتخوازی پاشاکان نەبووە، بە ڵکوزیاترلەبەرئەوە بووە بەردەوام ترساون لە دەسەڵاتی دەوروبەرەکەیان وهاوسەرگیرییان لەگەڵ کردون بۆئەوەی دوژمنیانەتی لە نێوانیاندا نەمێنێت. ئەو کچەشی دەڕۆشتە حەرەمسەرای پاشاوە ، شازادە نەبوو، بارمتە بوو. لە ئەفسانه ئێرانییەکاندا ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری نابینین ، چونکە ئەفسانەکان دیدوڕوانینی خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆکین دەربارەی کۆمەڵگەو ژیانی خۆیان. لە پێکهاتەی دەسەڵات دووربوون .لە بەرهەمە چاپ کراوە ئەدەبییەکاندا و لە بونیاددا هاوسەرگیرییەکان لەسەر بنەمای خۆشەویستی یان بەرژەوەندین .  نموونەی دەتوانین لە هاوسەرگیری سیاوەش دا ببینین. ئەوهاوسەرگیری لەگەڵ جەریرەی کچی پیران دا دەکات لەبەرئەوەی پیران دەیەوێت ئەوببە ستێتەوە بە تورانەوە وشوێن پێی خۆی لەوسەرزەمینەشدا هەبێت.  لەگەڵ فەرەنگیسی کچی ئەفراوسیاودا هاوسەرگیری دەکات بۆئەوەی ترس و نیگەرانی پاشای توران نەهێڵیت. لەلایەکی ترەوە مافیای دەسەڵات ومیدیا لەبنەمادا بابەتێکی نوێن لە ئێران و ناوچەکەدا پێشینەیەکی کۆن و ئەو تۆی نیە . لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە فیربوین کەڵک لەم میدیایانە وەربگرین بۆگەیشتن بە خواست و ئامانجەکانمان. لەمڕۆدا ئەوە میدیاکانن کە ڕای گشتی دروست دەکەن و ئەوکەسانەی کە بەڕێوەی دەبەن تا زیرەک تربن ، کاریگەرییان قوڵ تروسەر سوڕ‌ێهنەرتردەبێت. لە ڕۆمانی بیرەوەریی مەحرەمانی خێزانی دا کارلەسەردوو میدیا دەکرێت ، یەکیان چاپ وبڵاوکراوەکان وئەوی تریان میدیای گوتاری و قسەکردن وبیستنی ڕۆژانەیە کەلە بەدەرستی هەموواندایە وئێستا چوتە ناو هەمووماڵێکەوە. ئەم میدیایانە هەموویان بە دەست دەسەڵاتەوەن ، لە بیرەوەریی مەحرەمانەیی خێزانی دا وەک نموونەی  جێگایەکی هاوشێوەی وڵاتی ئێمە و دراوسێکانمان کە هەموودەسەڵاتەکان لە دەستی حکومەتدایە . میدیاکان بەزمانی حکومەت قسەدەکەن ولەبەرژەوەندی ئەودا کاردەکەن . میدیاکانی دژبە دەسەڵاتیش زۆربەیان کاربە نووسین دەکەن وتۆمارین ، یان دەسەڵاتیان نییە، یان دەبێت بەناچار ڕازی ببن بە سانسۆر. ئەگەرمیدیاکانی دەسەڵات هی کەرتی تایبەت و ئەهلیش بن و کێشەیان لەگەڵ حکومەت داهەبێت ، هەمیشە لە خزمەتی هێزە دژە کان وناڕەزییەکاندا دەبن کە ئەوانیش خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات . لەو قۆناغانەدا کە دەسەڵات دەگرنە دەست ، لەناکاو شوێن و پێگەشیان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و دەبنە وتەبێژی حکومەت. لەوێ مافیا وەک وڵاتی ئێمە کارناکات . لای ئێمە زۆرسەرەتایی وناکامڵە . لە جیهانی هاوچەرخدا بەبێ کەڵک وەرگرتن لە مافیا ، چی لە ڕوی مالییەوە کەحاڵەتی لۆجستیکی هەیە و چی لە ڕوی میدیایی  ناکرێت و ناتوانیت هەڵبژاردن ببەیتەوە ودەسەڵاتی بە ڕواڵەت ڕێگاپێدوارویاسایی و بەدەست بهێنیت. کاتێک سەیری خەرج و مەسروفاتی هەڵبژاردن وموچەی ئەندام پەڕلەمانەکان دەکەین لەوڵاتە جۆراوجۆرەکاندا ، تێدەگەین کە مەسرەفی پروپاگەندەی هەڵبژاردن هەندێک جاردە بەرابەری موچەی هەمووخولەکەی کاندیداکانە. مافیاکان خزمەتی کاندیداکان دەکەن وکاندیداکانیش پاش هەڵبژاردن پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی مافیادەکەن. لەڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی دا کەڵک لە هەردووئاراستەکە وەرگیراوە. هەم شێوازی نەریتی ، یانی هاوسەرگیری لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتەکان وخاوەن ماڵ وسەرمایەکان، هەم مافیای نوێ، واتە میدیا بەهەمووجۆرەکانییەوە. تەنانەت شێوازی نوێشی بۆزیاد دەکرێت، واتە خۆپیشاندان کە تەواوکەری کاری میدیایە.

وەک لە ڕۆمانەکەدا دەبینین ، لە جیهانێکی وادا، یان بڵاوکراوەکان و بە شێوەیەکی گشتی میدیاکان  بەدەست دەسەڵاتدارانەوەن ، یان میدیاکاران دەبنە زمان حاڵ و پشتیوانی دەسەڵاتداران  و حکومەت، وەک لە سەرەتایی ڕۆمانەکەوە تاکۆتایی دەبینین میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆگەشتن بە دەسەڵاتی ئەوکەسانەی هیچ شایستەییەکیان نیە بۆگەیشتن بەپلەوپایە. ئایا تێڕوانینی تۆبۆمیدیاکان لە ژێردەسەڵاتی فەرمانڕەوایی وادا ولە نەبوونی دیموکراسیدا،هەروەها قە یراناوی ترکردنی دۆخی کۆمەڵگە وبە نیشاندانی ڕاستییەکان و زووم کردن لەسەرڕوداو گەلێکی دیاری کراو، دەتەوێت بڵێی میدیا لە بونیاد دا ئاراستە کراوەو سەرچاوەیەکە لە سەرچاوەکانی گەندەڵی؟

و: من بەهیچ شێوەیەک بڕوام بە بوونی میدیای سەربەخۆنییە، میدیایەک لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان بکات. لەمڕۆدا بڵاوکراوەی ڕیفۆرمخوازی ئێرانی کە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، یان پێیەکیان لە ناوحکومەتی ئێستادایە، یان خۆیان بونەتە هۆکارێکی تری سانسۆرلە ئێراندا. مافیا تەنیا ئەوە نییە کە دەستەڵاتی گرتوەتە دەست ونایەوێت لە دەستی بدات . مافیایەکی ترلە ناومیدیایاکاندا بوونی هەیە ، ئەوەی کە هێزی خۆی ئامادەدەکات بۆئەوەی بەتەواوەتی دەسەڵات لە دەستی  ڕکەبەرەکانی دەربهێنێت. خەریکی ئەوەن هاوکاروهاوبیربۆخۆیان بەدەست دەهێنن. هەڵەی ڕکەبەرەکانیان گەورە وبارزدەکەن و بەرگەی هیچ ڕەخنەیەک لە بزوتنەوەکەی خۆیان ناگرن. ئاستی پەیوەستبوونی بڵاکراوەکان بە مافیاوە ، لە جیهانی سێیەم دا زیاتروپانتاییەکی گەورەتری هەیە. لەبەرئەوەی بڵاوکراوەکان خوێنەری زۆریان نییە دەبێت بودجەکەیان لە جێگایەکی ترەوە دابین بکەن . لەم دواییانەدا شارەوانی تاران ریپۆرتاژێکی ئامادەکردوە لەبارەی بارودۆخی  ڕۆژنامەی ( همشهری) و ئەو بڵاوکراوانەی ترکە پەیوەستن بەودەمەزراوەوە. لە ریپۆرتاژەکەداهاتووە کە هەمووئەوبڵاوکراوانە بونیان زیادەیە. ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی همشهری زۆرترین ڕیکلام و پروپاگەندەی هەیە. ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکانی کۆنەپارێزەکان وڕیفۆرمخوازەکان هاوکارییان کەم کراوەتەوەیان بە تەواوی  بڕاوە ویەک بەیەک دادەخرێن . چونکە لەگەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیاندا شکستیان هێناوە. نە توانیویانە خوێنەربەدەستبهێنن لە بەرژەوەندی دونیای سیاسیاندا بێت و پشتیوانی لەوان بکات وهیوای بەوەهەبێت دەسەڵات بەدەستبهێنن، ناشتوانن بەشێک لە بودجەکەشیان پەیدابکەنەوە . تەنیاڕۆژنامەکانیان هێشتوەتەوە و ئەویش بەخەرج و مەسرەفێکی زۆرەوە و تەنیا لەبەرئەوەی ڕۆژنامەکان بونەتەیەکێک لە پایەکانی دەسەڵات.

لە ڕۆمانەکەدا بڵاوکراوەی ئازادوسەربەخۆنابینین ، کەسانێک و دەستانێک لە پشت پەردەوە ڕۆژنامەکان دەبەن بەڕێوەوئاراستەیان دەکەن و دەبێت ڕۆژنامەنووسەکان پڕوپاگەندە بۆئامانجەکانی ئەوان بکەن. ئەم کارەی کە بە فەرمانی سەرەوە ئەنجام دەرێت نموونەی کاری بڵاوکراوەکانە لە زۆروڵاتدا.  لەلایەکی ترەوە مافیا بە شێوازێکی تریش دەبینرێت. دروستبوونی گروپ وناوەند ودەستگاودامەزراوەی جۆراوجۆرلەکاتێکدا ئەندامەکانی هەڵبژێردراون و دەتوانن لەکارو بەرنامەو چالاکییەکاندا بەشداری بکەن . ئەم ناوەندودامەزراوانە بەڕوڵەت وهیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵات وحکومەتەوە نییە، بەڵام لە ڕاستیدا وەک پایەیەکی سەرەکی ئەوان کاردەکەن و دابەشکارییە ناوەکییەکانی حیزب و دەسەڵاتیان هەرلەم ناوەند ودامەزراوانەوە دەروست دەبێت.

viber_image_2020-08-17_16-48-32

لەگەڵ پرسی قەیران و مافیای میدیا دا، لە ڕۆمانەکەدا مافیای کولتووری یان بەمانایەکی ڕاست تر، نائامادەبونی کەشی کولتووری تەندروست دەبینین، ئایا پێتوایە بەهۆی بوونی دۆخێکی واوەیە کەهەمیشە کەمینەیەکی بچوک فەرمانڕەوایی دەکات بەسەرزۆرینەداوگۆڕانکاری گەورە وبونیادی لەکۆمەڵگەدا نابینین ؟ کە مینەیەک کە شادومانی وپرسەوتەنانەت مەرگی مرۆڤەکانی تریش دیاری دەکەن ؟

و: کۆمەڵگەکان بە شێوازی سیستەماتیک دەبڕین بەڕێوە . کولتووربەمانا ڕەسەنەکەی هێدی هێدی لە ناودەچێت ولە بەرامبەردا کولتوورێک جێگای خۆی دەکاتەوە تا خۆی نیشان بدات کە بەتەواوی لە خزمەت دەسەڵاتدایە . کولتووری ڕاستەقینە هەنگاوبەهەنگاولە گۆڕەپانەکەدا نامێنت وحاڵەتێکی ژێرزەمینی لە خۆ دەگرێت. بەبێ هۆنییە کە ئەدەبیات وکولتووری کەمینە هەمیشە سیاسی دەردەکەوێت. ئەوەیکە کەمینە فەرمانڕەوایی دەکات بەسەرزۆرینەدا ، ئەویش لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ، بەڕواڵەت دژوازدەردەکەوێت .

کەمینە بە هاوکاری مافیای خۆی لەکاتی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا وگرتنە دەستی دەسەڵات، باڵادەست دەبێت بەسەرزۆرینەدا. میدیا زۆرینە دەکاتە خوێنەرو گوێگری خۆی. بەرنامەکانی میدیای کەمینە هێندە ئارایشت دەکات  زۆربەی خەڵک بە ئاراستەی خۆیدا. کە هەڵبژاردن کرا و ئەنجامەکانی بۆخەڵک ڕاگەیەندرا، ئیترکارەکە کۆتایی هاتوەو حەقیان بە زۆرینەی خەڵکەوە نیەودەبێت کاری خۆیان بکەن.

لە لایەکی ترەوە کولتووری کەمینەی بەشخوراوکێشەی جۆراوجۆری هەیە کە کەمیدیاکان، بە تایبەت لەوڵاتانی ئەم ناوچەیەو دەوروبەریدا نایەنوێت وحەزناکەن لەبارەی ئەو کێشانەوە قسەبکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرانبەرئەوکێشانەدا ، یان لە دژیان دەوەستنەوە. بۆنموونە مافی کەمە نەتەوەییەکان، پرسی ڕەگەزی، ئاینی ، زمانی ، لایەنگرانی ژینگە و ئەوکەسانەی خەبات دەکەن لە دژی نایەکسانی کۆمەڵایەتی. هیچ یەک  لەم مافانە نە بەشێوەی جدی دەخرێنە ڕوو، نەقسەیان لەبارەوە دەکرێت، نە لە بنەماشدا ئیرادەیەک هەیە بۆ خستنە بەرباسی ئەو کێشانە. ئەم پرسانەش هەنگاوبەهەنگاولەگەڵ کولتووری ڕاستە قینەدا دەبێتە پرۆسەیەکی ژیرزەمینی ولەناو بەرهەمی ئەدەبی داهێنەرانەدا دەخرێتە ڕوو، ئەمەش زۆرجارڕوبەڕوی کێشەی گەورە دەبێتەوە لەگەڵ دەزگاکانی سانسۆرو دەسەڵاتداران و حکومەتدا .

بۆلەکۆمەڵگەیەکی وادا( کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێمە)  ڕوداو و ڕێکەوت هەمووشتێک دەباتە پێشەوەو ئاراستەی دەکات؟ ئایا دەتەوێت بڵێیت دونیای پڕلە قەیرانی ئێمە دونیای ڕوداو وڕێکەوتەکانە، هەروەک لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەبینین برای مەنگۆل وناتەواو بەهۆی  ڕوداو و ڕێکەوتێکەوە  دەبێتە پاڵەوانی نەتەوەیی؟

و: ڕوداو بەوجۆرەی کە دێتە بەرچاو ڕوداوێکی بێ هۆکارو بێ پێشینە نییە. لە ڕاستیدا ڕوداو وڕێکەوت ئاکامی کاریگەری زۆرهۆکاری تری نادیارونەناسراون  کەلە چوارچێوەی ڕوداودا خۆیان نیشان دەدەن . ئەگەر دایکی گێڕەرەوە ، لەدەرەوەی ماڵەوە وهەوڵوکۆششەکانی ژنانی خزم وکەسوکار بەدوای هاوسەردا نە گەڕانایە هەرگیز بەرەولای باوکی گێڕەرەوە نە دەڕۆشت. باوکی گێڕەرەوەش لەوئاشوبی زەمانەوڕۆژگارە داهەستی بەتەنیایی نەدەکرد ووەڵامی ئاماژەکانی ئەو ژنە بێگانەیەی نە دەدایەوە. کاتێک ژنێکی تەنیا لەگەڵ پیاوێکی تەنیادا دەڕۆن بۆ ڤێلایەک لە باکوری شاردا وچەند شەوڕۆژدەمێننەوە ، دووگیان بوونی ئەو ژنە کارێکی سروشتی یە. یان بە هەمان شێوە دووگیان بونی خوشکی گێڕەرەوە سروشتی ترە. ڕوداوێک دەبێتە هۆی ڕوداێکی تر. ڕەنگە لەناوڕوداوەکانی ڕۆمانەکەدا دوو ڕوداو بێ پێشینەبن . یەکیان پێکدادانی ئۆتۆمۆبێلی هاوسەری خوشکی گێڕەرەوە وئەوی تریان ئەوڕوداوەی کە دەبێتە هۆی کەوتنە ناوئاوی ئۆتۆمۆبێلی زڕباوکی گێڕەرەوە . ئەگەرلە نێوان دووحیزبدا پێکدادان دروست نەبوایە هەرگیزمێردی خوشکی گێڕەرەوە لە سێدارە نە دە دراوهۆکاری بەریەککەوتنی ئۆتۆمۆبێلەکەیان پەیوەست دەکرد بە هۆکاری جوگرافی ناڕوون و نادیاری ئەوشەوەو، ئەوەی کە کەسەکان جلی ڕەشیان لە بەردابوەوهۆکاری بەریەک کەوتن ووەرگەڕانی ئۆتۆمۆبێلەکەش ئەوەبووە. بەڵام دووحیزبەکە کە دووژمنی یەکن و بەدوای بیانووەن بەشێک لە خێزانی گێڕەرەوە ، واتە دایکی و خوشکەکەی کەنموونەی تەواوی هەلپەرستی وبەرژەوەندی خوازین، بەرژەوەندییان لەوەدا دەبینین مێردی خوشکەکەیان بکەنە قوربانی، هەم چاویان لە ماڵ وسەروەتەکەیەتی، هەم بەوکارەیان پلەوپایەیان بەرزتردەبێتەوە ودەگەنە بەرپرسیارێتی باڵا. گەرئەودووحیزبە دوژمن نەبونایە ئەولاوە کوژراوەی سەربە حیزبی هاوسەری خوشک، ڕوداوی کوژرانەکەی وەک ڕوداوێکی ئاسایی سەیردەکرا، هەربەوشێوەیەیی کە کەوتنەناوئاوونغرۆبونی زڕباوک، ڕوداوێکی زۆرگرنگ نەبوو، تەنیا دۆخی دایکی گێڕەرەوەی خستە مەترسییەوە، چونکە ئیترکەس ئەو بێوەژنەی نەدەویست کە پێشترژنی سیاسەتمەدارێکی بازرگان بووە. ترۆپکی ڕوداو لە ڕۆمانەکەدا ئەوکاتەیە براخۆشبەختەکە گوڵدانەکە دەدات بەسەرسەرۆک شارەوانی نوێدا . هۆکاری زۆرهەن دەبنە هۆی ئەم ڕوداوە، سیاسی بوونی خێزانەکە، ئەندام بونیان لە دووحیزبی دژبەیەکدا، شکستە کانیان ، سەرکەوتنەکانیان، بەتایبەت شکستیان ڕێک پێش ئەوڕوداوەوترسیان لەئایندە. گەر ئەوترسە نەبوایە ، وەک زۆرلە سەرانی حیزب لەماڵەوە دەمانەوە. بەڵام دەبووئەوان لە ناوجەرگەی ڕوداوەکاندا بمێننەوە. چونکە سەرۆکی شارەوانی نەیدەتوانی لە ژێرباڵکۆنی هیچ ماڵێکدا جگە لەوماڵەی خێزانی گێڕەرەوەی تیابوو بوەستێت. هەمووئەمانە دەبنە زەمینە بۆئەوڕوداوە. براخۆشبەختەکەش کۆنترۆڵی ڕەفتاروکرداری خۆی لە دەستدانییە. ڕوداو وڕێکەوت ڕۆمانەکە دەگەیەنێتە ترۆپکی خۆی وبرا خۆشبەختەکە دەکاتە پاڵەوانی نەتەوەیی، کە ئەم کارەش دەرئەنجامی هەمووڕوداوە گرۆتیسکەکانی ڕۆمانەکەیە.

چەند مانگێک لەمەوپێش ولەکاتێکدا خەریکی وەرگێڕانی دواین ڕۆمانی بەختیارعەلی بوم بۆزمانی فارسی ، کەهێشتا بەکوردی بڵاونەبوەتەوە، هاوشێوەی زۆرم لە نێوان کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکەی ئەو وکەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکەی تۆدا دی، هەردووکیان بێ هیواو چاودێری کۆمەڵگەی خورافاتی و نەخۆش و پڕلە قەیرانن ، هەردووکیان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نیە لە ڕوداوەکانداو بەجۆرێکی ساردو بێ هیچ کردارێکی کاریگەرلەگەڵ ڕوداوەکاندا دەڕۆن ، یان دەکرێت بڵێین تەسلیمی ئەو واقعییەتە بوون کە تێیکەوتون وناتوانن هیچ کارێک بکەن لەبەرامبەر ئەولەشکرە زۆرەدا لە خەڵکی ملکەچ کە هەموویان وەک یەک بیردەکەنەوەو لەناوخورافات و وەهم ودرۆی میدیاوئایدۆلۆژیادا دەژین. وەک نوسەرێکی سەربەخۆ و ڕۆشنبیرێکی خاوەن هەڵوێست کە باوەڕت بە چەمکی بەرپرسیارێتی هەیە، ئایا بەتەواوی بێ هیوا بویت بەرامبەرئەو دۆخەی ئێستای کۆمەڵگە وئەو جیهانەی تێیدا دەژین؟ ئایاهێشتا باوەڕت بە گۆڕانکاری هەیە و پێتوانیە تروسکایی بوونی هەیە ودەتوانین لەم دۆخە دەربازمان بێت؟

و: دۆخی وڵاتانی ناوچەکە هیچ کاتێک گونجاوو لەبارنەبووە. حکومەتەکان بە بیانوی ئەخلاقەوە سانسۆردەسەپێنن ، بەڵام تەنیا شتێک کە بۆیان گرنگ نیە ، ئەخلاقە. مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان لە پشت دەمامکی ئەخلاقەوە دەشارنەوە . ئێستا ناوچەکە لەهەرکاتێکی تر زیاترتوشی ئاشوب بووە ، نەزانی ودواکەوتویی هەمووتوێکان وئاستەکانی ڕوخساری خۆی نیشان دەدات ، لە پیازدەچێت ، هەر توێیەکی هەڵدەدەیتەوە ، توێیەکی تری خۆی نیشان دەدات. کە ئەلقاعیدەوتاڵیبان کاریگەرییان نامێنێت داعش دروست دەبێت ، کە ئەویش لە ناوبچێت ،بەشێوازی ترخۆی نیشان دەدات و دەردەکەوێتەوە. دژە قاعیدە وداعشەکانیش بە بیانوی بوونی بشێوی و ئاشووبی ناوچەکە ،بۆخۆیان تەراتێن دەکەن لە ناوچەکەداوچییان بوێت دەیکەن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیواکان وتروسکاییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بچوک تردەبنەوە. نوسەرلە چەندین لایەنەوە لە ژێرگوشاردایە، یەکێک لەولایەنانە حکومەتەکانە کە هەمیشە نووسەربە بێزارکەردەزانن بۆخۆیان، لایەنێکی ترئەوانەن نزیکن لە حکومەتەوە، ئەوانەی چاوەڕوانی ئەوەدەکەن حکومەتی ئایندە بگرنە دەست و دواجاریش خەڵکی ڕەشۆکی کە بەرگەی هیچ پەیڤێکی نوێ ناگرن وبەرژەوەندی خێراوتیژتێپەڕیان پی باشە، وەک بڵێی بڕوایان وایە دەرفەتێک هاتوەتە پێشەوەوهەلیان بۆڕەخساوەودەبێت شتێک بفڕێنن، گەرکەمێک ئۆقرەبگرن یان کەسی تر دەیفڕێنێت یان لەناودەچێت ونامێنێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە جێگایەک وشتێک بوونی نیە بۆئەوەی هیوایەک هەبێت. بەڵام من ڕاهاتوم لە ساردترین شەوەکاندا هیوام بە ئاگرێک هەبێت دەست وجەستەم گەرم بکاتەوە. بە بێ بوونی هیوایەک بە تروسکاییەک ، گەرچی باریک وکەمیش بێت، ناتوانیت بنوسیت. هێشتا دۆخەکە هێندە دژواروئەستەم نەبووە کە قەڵەم دابنێم یان بەنهێنی بنوسم و بەهیوای باش بونی دۆخەکە بیخەمە چەکمەجەکەمەوە. لە لایەکی ترەوە خۆشبەختانە دۆخەکە جیاوازترە لە دەیەکانی پێشووئێدی ناتوانن کەشەکە هێندە دابخەن کە کەس نەتوانێت قەڵەم بە دەستەوەبگرێت. گەرنەتتوانی لەوڵاتەکەی خۆت کتێب چاپ بکەیت ، ڕێگاوشوێن و کەشی ترهەیە کتێبەکەتی تیابڵاوبکەیتەوە. چاپی کتێب بە کوردی وعەرەبی وتورکی لە وڵاتی تریش دەرفەتی بڵاوبونەوەی هەیە. زیاتربیرلە وڕۆژانە دەکەمەوە کە نوسەرانی چیک و سلۆڤاکیا ودراوسێکانیان یەکدانە لە بەرهەمەکانیان بە شێوەی قاچاغ و ژێرزەمینی بڵاودەکردەوە ودەست بە دەست دەیان گەڕاند تا دەگەیشتە ئەوروپای ڕۆژئاواو لەوێ بڵاودەبوەوە. لەبارەی ڕیفۆڕم و گۆڕانکارییەوە ، بە دووری دەزانم ڕوداوێکی تایبەت ڕوبدات، چونکە قسەوکاروبەرنامەی ڕیفۆرمخوازەکان زۆرتربۆهەڵبژاردنە وزیاترلە گاڵتەکردن دەچێت.

 

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆمانی تەنزی  بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی  لە لایەن خوێنەران ونوخبە کولتوورییەکان و ڕەخنەگرانەوە پێشوازی زۆری لێکرا ، چۆن بوو لە دوای ئەو ئەزموونەوە کەمترڕۆمانی تەنزت نوسیوەو لەوژانرەدا کاری کەمترت کردوە؟

و: دوو ڕۆمانی تەنزی ترم نوسیووە، بەڵام خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کەمتربایەخ دەدەن بە تەنزی جدی . ئەوتەنزەی کە خانەکانی چاپ وبڵاوکردنەوە زۆرحەزیان لێیەتی وبەدوایەوەن ، دەبێت زیاترگاڵتەکردن بێت بۆئەوەی خەڵکی ڕەشۆکی پێبکەنن و پێشوازی لێبکەن ، وەک هەندێک لە دراما تەلەفزیۆنییەکان.  ئێستا دووڕۆمان لە چەکمەجی مێزەکەم دایە. یەکیان لە ئێراندا قابیلی چاپ بوون نیە و ئەوی تریشیان وەک یەک، دوو خانەی چاپ وبڵاوکردنەوە وتیان  دەبێت چاکسازی تیابکەیت تا قبوڵ بکرێت ومەوڵەتی چاپی بدرێتێ. ئەمەش ئەو گرفتارییەی تری ئێمەیە کە خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بونەتە سانسۆرچی. لە لایەکی ترەوە هەندێک لە ناشرەکان ژانری تەنزبەجدی نازانن و قبوڵی ناکەن. ئەمەش گرفتارییەکی ترە ، وادەزانن ئەدەبیاتێکی ئاست نزمە. هەندێک جار  سەردەهێننە پەناگوێی مرۆڤ و بەئەسپایی دەڵێن ڕۆمانی ئاشقانەی بازاڕیت نیە؟ خانمان حەزیان لە ڕۆمانی ئاشقانەیە. مەبەستیان لە ڕۆمانی ئاشقانە ئاهوناڵەوئاخ و ئۆفی پڕلەسۆزە.

بۆچی نوسەرانی ئێران لەم ساڵانەی دواییەدا کەم ترڕۆمانی تەنزدەنووسن  لە کاتێکدا تەنزمێژوویەکی دوورودرێژوسەرکەوتوی هەبوەوهەیە لە ڕابردوی ئەدەبیاتی ئێراندا؟

و: نوسینی تەنززۆرئەستەمە. ڕێک وەک بەڕێگاڕۆشتندا وایە بەسەرپەتدا . ئەوکەسەی بەسەرپەتدا دەڕۆن دەبێت تەرکیزێکی زۆروردی هەبێت چونکە بچوکترین هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەی بکەویتەخوارەوە. تەنزنووسیش دەبێت بە هەمووشێوەیەک ئاگای لەخۆی بێت وهەموولایەنەکانی تەنزلەبەرچاوبگرێت. بچوکترین غەفڵەت یان ڕۆمانەکە بەرەوئاستی نزم وڕوکەش دەبات یان هێندە بێ کاریگەری ولاوازی دەکات کە لە هەمووشتێکی ترجگە لە ڕۆمانی تەنز، نزیکی دەکاتەوە. تەنزنووس ناتوانێت بترسێت وکۆنەپارێزبێت ، ناتوانێت لایەنگری دەسەڵات ونەریت وکۆمەڵگەوحیزبەکان بێت و....ڕۆمانی تەنزبنووسێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کەشێکی گونجاوبۆتەنزی جدی بوونی نییە . لە لایەکی ترەوە نوسینی تەنز زیرەکی وهوشیاریی و سەلیقە وتواناولێهاتویی باشی دەوێت کە لەکەم کەسداهەیە. زۆرلەونوسەرانەی لە ئێراندا ڕۆمان دەنووسن ، ئاشنایەتییان لەگەڵ تەنزدا نییە. گروپێک ئاشق وشەیدای شێوازو قوتابخانەگەلێکن کە زیاتر لە یاری کردن بە زمان دەچێت وبەرهەم گەلێک دەنووسن لە مەتەڵ دەچێت.  بەداخەوە ئەو کەسانە بە بێ ئەوەی بەباشی ئاگایان لە قوتابخانەو شێوازە ئەدەبییەکان وژانرەکان بێت لە ژێرکاریگەری مۆدیلە باوەکاندا ولەکەشی زاڵی ناوکافتریاکانەوە و لە ڕێگای ئەو وەرگێڕانە خراپانەوە دەیانەوێت ژانری نوێ بخولقێنن ویاری زمانی بکەن، ئەویش لە کاتێکدا کە لەهەردووکیان بێ ئاگان. بایەخ نەدانی گشتی نوسەران بە تەنز، زیاتردەگەڕێتەوە بۆ کەشی سیاسی و چاودێری وەزارەتی ئیرشاد( وەزارەتی سانسۆری ئێران) وەک دەبینین ڕۆژبەڕۆژکەمتردەبێتەوە.

 

گەرپێتوایە بابەتێک دەربارەی ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانی هەیە کە باسمان نەکردوە (کەبەدڵنیاییەوە هەیە) دەمەوێت زیاترگفتوگۆی لەسەر بکەین ولەبارەیەوە بدوێین ، گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە چەندە نزیکە لە خۆتەوە؟ بەمانایەکی تردەمەوێت بپرسم هەست بە نزیکی زیاتر لەگەڵ کام یەک لە کەسێتییەکانی ڕۆمانەکەدا دەکەیت و بۆچی؟

و: ڕۆمانی بیرەوەری  مەحرەمانەی خێزانی کارلەسەرئەوفەزایە دەکات کە من لە گەنجێتیداهەمیشە تیایدا ژیاوم ، وەک چالاکی سیاسی لە چوارچێوەی حیزبدا. بە لوتفی ئەومامۆستا بە ئەزموونانەی کە هەم بوولە حیزب دوورکەوتمەوە. یەکێک لە مامۆستاکانم دکتۆرمیهرداد بەهاربووکە گەنجێتییەکی پڕلەوزەوچاونەترسی هە بوو، ژیانی لەناوسیاسەتدابردبووە سەر. لەدوای وازهێنانی لە سیاسەت ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆلێکۆڵینەوە لەبواری ئوستوورەدا وبێ گومان یەکێکە لە گەورەترین ئوستوورە ناسەکانی دونیا. ئەوپشتی پەردەی کاری حیزبەکانی ، بۆمن کە زۆرلاوبووم ، شیدە کردەوەوچاوم کرایەوەوئەودیوڕوداوەکانم دی. من وێنەو سیمای دکتۆرمیهردادم لە کتێبی چوارەمی ڕۆمانی (چنینەوەی با) دا، هێناوە. گەر بمەوێت خۆم لەگەڵ یەکێک لە کەسێتییەکانی ڕۆمانی بیرەوەریی مەحرەمانەی خێزانی دا بە نزیک بزانم ، ئەوکەسە براخۆشبەختەکەیە. ئەوکەسەی کە نەلەسیاسەت دەزانێت، نەخۆی تیاهەڵدەقورتێنێت، بەڵام گرفتاری و ئازاری سیاسەت دەبێتە بەشی ولە ڕادەبەدەرتێهەڵدان دەخوات . دواتریش قارەمانی نەتەوەیی دەکەن بەناوییەوەوئەونازناوەی پیاهەڵدەواسن کە سودی بۆ خۆی نییە و کەسەکانی تر کەڵکی لێوەر دەگرن.

پێتوایە وەرگێڕانی کوردی ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خیزانی چی چارەنوسێکی هەبێت و چەند هیوات بەوەهەیە ڕۆمانەکەت لە وڵاتێکی دراوسێدا پێشوازی لێبکرێت؟

و: هەرکتێبێک چارەنوسی خۆی هەیە . جاری واهەیە شاکارێک وەردەگێڕدرێت بۆزمانێک ، بەڵام هاوکات لەگەڵ چاپ و بڵاوبونەوەی دا ڕوداوێکی گەورە ڕودەدات و دەیخاتە پەراوێزەوە . بۆنموونە وای دابنێ ڕۆمانێکی گرنگ و دیار چاپ دەبێت وهەرلەوڕۆژەدا هێرش بۆسەرکوبانی ڕودەدات ، یان داعش هێرش دەکاتە سەرموسڵ ، یان ئەمریکا هێرش دەکاتە سەرئێراق . لەوحاڵەتانەدا کێ سەرنج دەخاتە سەرڕۆمان ؟ گەرڕوداوێکی تایبەت ڕونەدات و ناشروخانەی چاپ بڵاوکردنەوەکەی بە باشی کتێبەکە بڵاوبکاتەوە، بە دووری دەزانم پێشوازی لێنە کرێت. بینینی سلێمانی لەسەفەری پێشومدا منی هیوادارکرد بەرامبەربەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی .

 ئەگەرشتێک هەبێت حەزبکەیت باسی بکەی لە کۆتایی گفتوگۆکەماندا  ؟

و: هیوای سەرکەوتن بۆدەخوازم . خەڵکی هەرێمی کوردستان سەروەتیان نییە بەڵام دڵێکی گەورەیان هەیە، شایستەی باشترین شتەکانن. من خۆشحاڵم سێیەم کتێبم بەکوردی چاپ دەبێت. ئەمەش دەچێتە سەرئەوخۆشەویستییەی من لە منداڵییەوە بۆ کوردوکوردستان هەم بووە. ساڵی دووهەزاروهەژدە ساڵی هەواڵە خۆشەکان بوو لە کوردستانەوە بۆمن . دیداری هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆشی کردم و هیوادارم ئەم دیدارانە بەردەوامی هەبێت.


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە