nazmdlband.jpg

گۆرانی (ئەمیرەکەم)ی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد ئاوازی فۆتۆگرافەر جەمال داودە

نازم دڵبەند

هەردوو هاوڕێم نووسەر و رۆژنامەنووس (ئازاد عه‌بدولواحید) و نووسەروفۆتۆگرافەر ئەندازیار( فارس سەعدی) لەکتێبێکی مێژوویی فۆتۆگرافەر توانیویانە گەورەیی مامۆستا (جەمال داود) وەکو یەکێ لە داهێنەری هونەری فۆتۆ لەکوردستان بناسێنن لە چاپی کتێبی (جەمال داود پێشەنگێکی هونەری فۆتۆگرافی لە کوردستان) ئەگەر مامۆستا (گیوی موکریانی) ئەو کەسە بێ لەهەولێر یەکەم بیرکردنەوەی بۆ هونەری فۆتۆ لەسەر کامێرایەکی سێپایەی دار هێنابێتە وجود ئەوە بەدڵنیاییەوە مامۆستا (جەمال داود)یش لەهونەری فۆتۆ کەسایەتیەکە لە بەرەو پێشبردنی فۆتۆ لەم شارەد.

ئەم کەسایەتیە بەهرەدارە هەر تەنها لە فۆتۆ باڵا دەستنەبووە، ئاوازدانەرێکی شارەزاش بووە ، بۆ راستیش گۆرانی (ئەمیرەکەم) شیعری (مەجید ئاسنگەر) و گوتنی هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) ئاوازەکەی هی مامۆستا (جەمال داود)ە کە یەکەمجار لەساڵی (1960) لە (شەقڵاوە) لەکۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کورد چڕیویەتی کە دەکرێ ناوی بنێین مارشی ناسینی هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد).

ئەم هونەرمەندە وەک ئەو دوو هاوڕێیەم لە کتێبەکەدا ئاماژەیان پێداوە کە لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە هونەری فۆتۆی وەکوکارێکی پیشەیی سەیر نەکردوە ،بەڵکو لەتێڕوانینە هونەرییەکەیەوە بینیویەتی و هەموو کات هەوڵی ئەوەیداوە نوێکاری لەم هونەرەدا بکات.

سەرەتای کاری فۆتۆی ئەم هونەرمەندە لەساڵی (1944) لە قوتابخانەی (ئەربیل ئوولا) دەسرتپێکردوە، کاتێ بینیویەتی وێنەگرێک مامۆستا (گیو موکریانی) بەجلی کوردییەوە سەندوقێکی هێناوە و خەریکە وێنەی شەمسی قوتابیان دەگرێ، ئەو لەمڕۆژەوە زیاتر نەخشە رێگای پێشخستنی ئەم هونەرەی لا گرنگتر دەبێ و تا کۆتا رۆژانی ژیانیشی بەردەوامبوو لەسەری و هەمیشە بەدوای تروسکایی نوێبونەوەی دەگەڕا ،بۆیە دوای (14)ساڵ لەبینینی سەندوقەکەی مامۆستا (گیو موکریانی) وێنەی رەنگاورەنگی هێناوەتە( هەولێر).

فۆتۆگرافی لەو سەردەمە سەرباری ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ئەوەندە بایەخی پێنەدراوە،بەڵام مامۆستا(جەمال داود) هەر سوربوە لەسەرکارەکەی خۆی و تا لەدواجارا وەکو قوتابخانەیەکی فۆتۆکاری حسێبی بۆ دەکرا.
ئەم هونەرمەندە هەر بەکاری هونەری فۆتۆ نەوەستاوە و دوای دانانی ئاوازی (ئەمیرەکەم) و دەنکدانەوەی لەلای گوێگرێ کورد لەو سەردەمیدا.

بەوەش نەوەستاوە ستۆدیۆیەکی دەنگی دروستکرد و لەم ستۆدیۆیەدا دەنگی چەند هونەرمەندێکی دیاری لەسەر (بەکرە) تۆمارکردوە لەوانەش)تایەر تۆفیق و فوئاد ئەحمەد و مەحەمەد ئەحمەد ئەربیلی )، هەر بەم عەشقەوە چۆتە بەغداو ئامێری موزیکی بۆ فرۆشتن هێناوە ،هاوکات خەڵکانێکی فێرە ژەنینی موزێک کردوە.

لەپاڵ ئەمانەشدا بایەخێکی گرنگیشی بەهونەری شانۆ داوە و هەوڵیداوە دەقی شانۆیی بەزمانی عەرەبی بنوسێ.

جەمال داود کەسێکی پڕ لەبەهرە بوە لەهونەری تەلارسازی و وێنەکێشاندا شارەزایی باشی هەبوە.

هونەرمەند (جەمال داود) پێش شۆڕشی (14)ی تەموزی ساڵی (1958) پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ فۆتۆگرافەری پێشەنکی عێراقی (موراد داغستانی)هەبوە و ئەم پەیوەندییەیان گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی بەتەلەفۆن بانگی یەکتر بکەن بۆ لای یەکتر .

موراد داغستانی نەیدەهێشت کەس بچێتە ژووری وێنەگرتنەکەی ،بەڵام لەبەر بەهرە و لێهاتوویی مامۆستا (جەمال داود) خۆی دەستی دەگرت و دەیبردە ژووری وێنەگرتنەکەی، چونکە دەیزانی فۆتۆگرافەرێکی بەتاڵ وئاسایی نیە و هەموو خەمەکانی پێشخستنی هونەری فۆتۆگرافیە سەرباری ئەوەی مامۆستا زۆرجار رەخنەی لە کارەکانی گرتوە.

جەمال داود سەفەری زۆری دەرەوەی وڵاتی دەکرد، هەرئەوەش بوو زوو فێرە زمانی ئینگلیزی بوو و کاریگەری وێنەگری جیهانی (یوسف کارش)ی ئەرمەنی کەوتە سەر،چونکە ئەگەر پۆرترێتەکانی بەهی (یوسف کارش) بەراوورد بکەین ئەوە جیاوازییەکی کەم لەنێوانیاندا دەبینین و واهەستدەکەین کۆپی فۆتۆکانی (یوسف کارش)ە.

جەمال داود تا دوا دواییەکانی ژیان لە ستۆدیۆ لەپاڵ (کەمالە کەڕی)برای کاری دەکرد تا تەمەنی (84) ساڵی و لەروژی 19\1\2013 ماڵئاوایی لەهەولێر و لەدونیای فۆتۆ کرد.

به‌ سوپاسه‌وه‌، له‌ كوردستانى نوێ وه‌رگیراوه‌.


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە