لەناکاو زەنگی تەلەفونەکە لێی دا، نوێترین کۆمەڵە چیرۆکى (دانا فایەق)یه و بهمزوانه بڵاودهكرێتهوه.
وا بڕیاره رۆژى پێنجشهممه 20/8/2020 كاژێر (5)ى ئێواره لە کافێ کتێبی غەزەلنووس لە مەراسیمێکدا کتێبی (لە ناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا) له نوسینى چیرۆكنوس و نوسهرى كورد (دانا فایەق) بە ئامادەبوونی خۆی بڵاوبكرێتهوه، كتێبهكه یهكێكه لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس.
چیرۆکی ئەم چیرۆکانە
زستانی ساڵی 2012یە، هەرسێکمان لە ناوەندی ئەندێشە دانیشتووین. (باسم ڕەسام، تەها کەریمی و من). باسم بەداوی یەکدا یادەوەری و بەسەرهاتی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە... حەکایەتی سەرەتای نیشتەجێبوونی لە تاران. ڕووداوی تاڵ و شیرین. خۆش و ناخۆش، کە هەموویان جگە لە شێوازی گێڕانەوە شیرین و کۆمیدییەکەی (باسم)، یەک شت کۆی دەکردنەوە، (سەیروسەمەرەیی).
ڕەنگە بۆ ساتی خۆی بەسەرهاتەکان هەندێکی تاڵ و ئازاردەر بووبن، بەڵام بۆ ساتی گێڕانەوە و دانیشتنەکەی ئێمە، هەموویان تا ڕادەی ئاوهێنان لە چاو، پێیان پێکەنیین. کەم ڕۆژ (تەها)م بینیبوو هێندە پێبکەنی... زوو زوو عەینەک دادەکەنین و چاومان دەسڕین. ئێمە پێدەکەنین و (باسم) بەردەوامە لە چیرۆکە سەیرەکانی. لە ناویاندا چیرۆکێکی بچکۆلەی گێڕایەوە، کە هیی سەرەتای چوونی بوو بۆ تاران و فێربوونی فارسی! چیرۆکێک کە هێند سەیر بوو، هەشت ساڵ لە خەیاڵ و مێشکمدا مایەوە و هەموو بێزاری و ناخۆشی و ڕووداوە تاڵەکانی ئەو هەشت ساڵە، نەیانتوانی لە بیرمی ببەنەوە، تا دواجار ئەو ڕووداوە بچکۆلەیە پێنج چیرۆکی لا دروست کردم و پاشان بوو بەم کتێبە.
ڕێکەوت وا بوو کتێبەکە لە ئێستادا ئامادە بوو بۆ چاپ. ئێستای تاڵ. ئێستای تاریک و کارەسات. ئێستا کە ساڵڕۆژی ڕۆیشتنی (تەها)یە. ئێستا کە 7 ساڵە گوێم لە دەنگی نەبووە... پێکەوە پێنەکەنیوین. پیاسەمان نەکردووە. شیعری بۆ نەخوێندوومەتەوە. پێکەوە فیلممان نەدیوە و پێکەوە و پێکەوە و پێکەوە...
تەها گیان، سەرەڕای گلەییم لە زوو ڕۆیشتنت، سەرەڕای ئەوەی دەبوو زیاتر لێرە بیت و دەبوو بەر لە هەموان تۆ ئەم کتێبە بخوێنیتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو شانازییەم پێ نەبڕا... من بە شەرمەوە کتێبەکەم پێشکەشی تۆ کردووە، بە یادی تۆ. بە ئارامیت، بە جوانی و بەخشینەکانت. بە عەشقت بۆ کوردبوون و سینەما و سروشت و... سوپاس ئەگەر قبووڵی بکەیت. هەرچەندە دڵنیام لە ئاستی جوانییەکانی تۆدا نییە. بمبەخشە.
پێشکەشە بە تۆش کاک باسمی پڕپڕ لە جوانی و بەخشندەیی. سوپاس بۆ ئەو ئێوارەیەی زستانی 2012 کە وات کرد زۆر پێبکەنین. سوپاس کە ئێوارەیەکی وات بۆ دروست کردین تا مردن لە یادەوەریماندا بمێنێتەوە. ببوورە کە بە تاڵی و ئازارەکانت پێکەنیین.
بمبوورە کە ڕێم بە خۆم دا بێمە ناو خەیاڵ و یادەوەرییەکانتەوە و بە ئارەزووی خۆم یارییان پێ بکەم. بمبەخشە.