goran.jpg

دوو کۆپلە شیعری ونبووی گۆران!

کامەران سوبحان

ئاخ فەلەک چی بوو ئەم داغەی نات بە جگەرما
ئەم ئاگرە چی بوو لەدڵی عالەمت بەردا ‌

من دیومە کە گوڵ دەردێ لە بەهاردا‌.
بۆچی لەم فەسڵی بەهارە گوڵی من والەسەفەردا!

لە کتێبی (گۆران و سێبەری خەیاڵ) باسی ئەو شیعرە ونبووانەی گۆرانی شاعیرم کردووە، کە لە دیوانەکەیدا کۆنەکراونەتەوە. یەکێ لەو شیعرانەی بۆ شەهیدکردنی ئەحمەد موختار جاف نووسیوویەتی. ئەو شیعرە تا ساڵانیکی زۆریش دەماودەم لەسەر زمانی کەسانێ لە خەڵکی ناوچەی هەڵەبجە دەوترانەوە، کە ئەوکات گۆران لەوێ مامۆستا بووە. خۆشبەختانە یەکێ لە خوێندکارەکانی ئەو ڕۆژگارەی گۆران لە قوتابخانە تەنیا ئەم دوو کۆپلەی شیعرەکەی گۆرانی لەبەر بووە کە بۆ ئەحمەد موختار جافی نووسیووە، وا لەسەرەوە شیعرەکەم داناوە.

لەکتێبی گۆران سێبەری خەیاڵ لەپەنجەرەی شیعرە ونبووەکانی گۆراندا، لە پەرەگرافێکدا نووسیوومە: (منداڵانی پۆل، سەریان لەم بێدەنگییەی مامۆستاکەیان سوڕماوە.! مامۆستا هەردوو دەستی لە گیرفاندایە و بەرەو پەنجەرەکە دەڕوات. ئەمجارە بێدەنگییەکی قوڵتر، تێکەڵ لە بێزاریی. نیگای چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی، عەبدوڵڵا فەنی، لەسەرخۆ، بە زمانێکی منداڵانە دەکەوێتە قسەکردن:

چەند ڕۆژێ لەمەوبەر، شاعیرێ لەدامێنی سیرواندا، کوژرا.! (عەبدوڵڵا بەگ، پەنجەی شایەتومانی ڕووەو خۆرئاوا درێژ دەکات.) ئەو شاعیرەش، کوڕی بەگزادەی ئەم شارە و خاوەنی ئەو شیعرە بوو، کە لە وانەکانی پێشتردا، پێم ڕەوانکردن.!
-مامۆستا باسی ئەحمەد بەگ دەکەیت؟ یەکێ لە قوتابیانی وای بە عەبدوڵڵا بەگ وت.

*بەڵێ.. شیعرەکەیت ڕەوانە؟

لانەواز و بێکەس و مەزڵومن ئێستە قەومی کورد
گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەست ئێرانەوە

ئەمڕۆ با وابێ، بەڵام ڕۆژێ دێ ئەولادی کورد
دێنە مەیدان بە عیلم و سنعەت و عیرفانەوە

نەوجەوانانی وەتەن، تەوحیدی ئەکەن ئەم میللەتە
هەر لە کرماشان، هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە!

(قوتابییەکە، ئەم کۆپلە کورتەی بە دەنگی بەرز لە پۆلدا خوێندەوە) عەبدوڵڵا بەگ، چەند ساڵێ مامۆستای گوندی عەبابەیلێ بوو لەبناری شاخی شنروێ، لە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە. پاشتر بوویە یەکێ لە ناودارترین شاعیرانی کورد و نازناوی گۆرانی وەرگرت.

لە گێڕانەوەی ئەو ڕوداوەدا بۆ قوتابیانی گۆرانی شاعیر، شیعرێکی لەسەر تەختە ڕەشەکە نووسی، کە شەوی ڕابردوو، بە دڵێکی پڕ لە قەهر و نیگەرانییەوە بۆ ڕژانی خوێنی ئەحمەد موختار جافی نووسیبووی.

بۆ زانینى زانیارى له‌سه‌ر کتێبی (گۆران و سێبەری خەیاڵ)ى نوسه‌ر كلێك لێره‌ بكه‌.

بۆ زانینى زانیارى له‌سه‌ر ژیانى گۆرانى شاعیر كلێك لێره‌ بكه‌.


ئەم بابەتە 132 جار خوێندراوەتەوە