daryas.jpg

کارەکتەرسازیی رۆمان

حەمە مەنتك

دەمەوێ لەو پرسیارەوە دەستپێبکەم: ئایا هەموو کەس دەتوانێت ڕۆمان بنووسێت؟ پرسیارێکی سادەیە و خوێنەرێکی زۆر سادەیش دەتوانێت وەڵام بداتەوە، بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە. ئەدی ئەو پرسیارە سادەیە بۆ؟ هەوڵدەدەم وەڵامەکەی بە شێوەیەکی دیکە بدەمەوە. باشە بۆ هەموو کەس دەتوانێت هەقایەتمان بۆ بگێڕێتەوە! تەماشای پیاوێك، یان ژنێکی دنیادیدە بکەن، شەوان هەقایەت و چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵ و نەوەکانیان دەگێڕنەوە. 

کەواتە بۆ ئەو پیاوە، ئەو ژنە ناتوانێ ڕۆمانێک بنووسێت (بگێڕێتەوە!)؟ خۆ چیرۆک و هەقایەتەکانی ئەویش ڕووداو، کارەکتەر و ململانێی تێدایە. لێرەوە جوایەزییەکە دەردەکەوێت. ئەوەی لە ڕۆماندا هەیە، ڕووداوسازی، کارەکتەرسازی و خولقاندنی کۆی توخمەکانی دیکەیە. 

بۆ نموونە ڕۆماننووس دەبێ ئەوەمان لە کن ڕوون بکاتەوە، ئەرکی ئەم کارەکتەرە چییە؟ ئامانجی ئەم کارەکتەرە چییە؟ ئایا قسە و ڕەفتاری لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی و ژیانیدا یەکدێتەوە؟ واتە لە ڕۆماندا چۆنیەتی خەلقکردنی ڕووداو، کارەکتەر، شوێن، کات، دایەلۆگ، فەزا...تاد گرینگن، نەک خودی ڕووداوەکە، کارەکتەرەکە...تاد.

ئەزموونی بەختیار عەلی لە نووسینی ڕۆماندا، ئەزموونێکە زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، کەمترین قسە لەبارەی چۆنیەتی گێڕانەوە، شێوازی گێڕانەوە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەم ڕۆماننووسە لەگەڵ توخم و تەکنیکەکانی ڕۆمان کراوە. ئاگاداری ئەوەم چەند نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا لەبارەی بۆ نموونە: بونیادی گێڕانەوە، ڕیالیزمی سیحری و...تاد نووسراون. ئەوەی تێبینی دەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی باسی بابەتەکان کراوە، ئەوە نەبووە (لە زۆربەیاندا) چووبنە بنەوانی بابەتەکە. هاوکات زۆر وتار و ڕەخنەی لەبارەوە نووسراوە. بۆیەیش بەبڕوای من ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی پێویستی بە توێژینەوەی وردتر و زانستیتر هەیە. 

هێندێک ئەوەندە هۆگری ڕۆمانەکانین، لایەنی هونەری و ناهونەریی دەقەکان وەک یەک دەبینن، هێندێکی دیکە تەنێ بۆ ئەوەی بڵێن دژی بەختیار عەلییە، دەنووسن، نووسینەکەیان مۆرکێکی کەسی پێوە دیارە و دەزانین بۆچوونەکانیان لە کوێوە هاتوون و ئامانج لێی چییە.

من لێرەدا دەمەوێ لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ڕۆماننووس لەگەڵ کارەکتەر و چۆنیەتی خولقاندنی کارەکتەر (کارەکتەرسازی) لە کن ئەو ڕۆماننووسە لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)دا بدوێم. یەکێک لە لایەنەکانی خولقاندنی کارەکتەر چۆنیەتی ناونانی کارەکتەرە. تەنانەت لە دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکانی: مەرگی تاقانەی دووەم، دواهەمین هەناری دونیا و کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، جۆرێک لە مۆدێلی ناونانی کارەکتەری هێنایە ناو هونەری ڕۆمان. زۆرێک لە ڕۆماننووسانی دوای ساڵی 2000 بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناونانی کارەکتەرەکاندا کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم شێوازەی ناونان لە کن بەختیار عەلی. 

لەم ڕۆمانەدا ناوەیلی وەک: دەریاس، بیلال ئەشکزاد، ئەرشەد ساحێب...تاد ڕەهەندی خۆی هەیە. ئەمەیش گەمەیەکی هونەرییە لەگەڵ خوێنەر. ئەم گەمەیە لە کۆی ڕۆمانەکانیدا پاتە دەبێتەوە. بەمەیش ناوی کارەکتەر دەبێت لەگەڵ قسە و ڕەفتاری یەکبێتەوە. ((ڕۆماننووس دەبێت تایبەتمەندیی ڕووکار، دەروونی و ئاکاری کارەکتەر بە خوێنەر نیشان بدات، بە واتایەکی دیکە کارەکتەرسازی بکات.)) [عابدی: ١٣٧١: ٧٠] کەواتە هەڵبژاردنی ناو بۆ هەر کارەکتەرێک شتێکی لەخۆوە نییە، بەڵکوو دەلالەت و واتای خۆی هەیە. لەم بارەیەوە ئیان وات دەڵێت: ڕۆماننووسانی هەوەڵین گرینگی زۆریان بە ناونانی کارەکتەران داوە، بەوەی ئەوان تاکێکن لەناو کۆمەڵ، بۆیەیش هەمیشە ناوی گونجاویان هەڵدەبژارد. 

لە کن بونیادگەر و فۆرمالیستەکان هەموو ناوێک دەلالەتی هونەریی خۆی هەیە. بونیادگەرەکان بڕوایان وایە ناتوانین کارەکتەرێک بەبێ ناو پێشکەش بکەین، هاوکات ئەو ناوە دەلالەتی هونەریشی هەیە. بۆ نموونە لەم ڕۆمانەدا کارەکتەر (ئەلیاس) دەلاکە، بەڵام کەسێکی نائومێدە لەو بارودۆخە سیاسییەی تێیدا دەژی، بۆیەش بەردەوام باسی شۆڕش و گۆڕانکاری دەکات. ناوەکە لە وشەی (الیێ‌س)ی عەرەبییەوە هاتووە، کە واتای بێئومێد، شکستخواردوو دەگەیەنێ. ناوی دەریاس، ئەگەر ڕیشەکەی بۆ عەرەبی بگەڕێنینەوە، لە وشەی (الدریاس) لە کاری (درس) هاتووە. 

بە واتای کەسێک بەردەوام دەخوێنێ، کەسێکە لە زانستێک قووڵ دەبێتەوە بۆ ئەوەی تێیبگات. ئەم ناوە ڕێك لە کارەکتەرەکە دەچێت، کەسێکە دکتۆرای لە مێژوو هەیە. بەردەوام لێرە پرسیاری هەیە و بە دوای زانیارییەوەیە. قەمەرخان، ناوێکە پاشکۆیەکی خێڵەکی و عەشیرەتگەرایی هەیە، چونکە خان دەلالەت بۆ کەسێک سەرۆک عەشیرەت و هۆز بێت. ناوی بیلال ئەشکزاد، دەلالەتێکی قووڵی هەیە. 

وشەی بیلال لە عەرەبیدا بەو تنۆکە ئاوانە دەگوترێ کە بەیانیان لەسەر پەڕەی گوڵ و گەڵا و پەلکەگیا دەبینرێت، واتە خوناو، ئاونگ. لە عەرەبیدا ئەو کەسانەی ئەم ناوەیان هەیە کەسایەتییەکی ئارام، کەمقسە، خوێنەر و ڕۆشنبیر دەگەیەنێ. هەموو ئەم سیفاتانە لە کارەکتەری بیلالی ئەشکزاددا هەن. ئەشکزادیش بنەچەکەی لە ئەشک و فرمێسکە، ئەمەیش هەر لەگەڵ دەلالەتی ناوەکە دێتەوە. بە گشتی دەتوانین بڵێین یەکێک لە هونەرەکانی خولقاندنی کارەکتەر ناونانی کارەکتەرەکانە، لەم ڕۆمانەدا ئەم لایەنە زۆر بە وردی و هونەرییەوە کاری لەسەر کراوە.

هەردوو کارەکتەر دەریاس و ئەلیاس بە شێوەیەکی زۆر هونەری پەرەدەسێنن و دەگۆڕێن. واتە کارەکتەرگەلێکن لە یەک چوارچێوەدا نامێننەوە. ئەلیاس کەسێکە داوای شۆڕش دەکات، بەڵام سەرەتا داواکردنەکەی تەنێ لە چوارچێوەی گلەیی و ناڕازیبووندایە. وەک زۆربەی کورد لە چاخانە و شوێنە گشتییەکاندا دادەنیشن گلەیی و گازاندە دەکەن و خوازیاری شۆڕش و گۆڕانکارین. بەڵام دوای شۆڕش ئەم کارەکتەرە دەبێتە فیگەرێکی سەربازی و سیاسی. تەنانەت لە شوێنێک لە دەریاسی برای تووڕە دەبێت کە گومان و پرسیار لەبارەی ژەنەڕاڵ و شۆڕشەوە دەکات. 

ئەم گۆڕانکارییە هەوڵێکی هونەریانەیە بۆ ئەوەی کارەکتەر چەق نەبەستێ و لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی دەریدەبڕێت وەک یەک بێت. هاوکات دەریاس هەمان شێوە سەرەتا کەسێکە غەریبە بەو کۆمەڵە، غەریبە بەو فەزایە، بەردەوام دەیەوێ خۆی بگونجێنێ، بەڵام ناتوانێ، دواتر ئەویش دەگۆڕێت، بەتایبەت کاتێک لە بەرەکانی جەنگەوە لاشەکان دەگوازێتەوە، بریندارەکان دەگوازێتەوە، ئیدی وەکوو یاساکەی پاڤلۆف بەهۆی پاتەبوونەوەی شتەکان بەم فەزا و ژیانە ڕادێت.

من کارم بەوە نییە، تێز و فیکری ئەم ڕۆمانە چییە؟ لەو ڕوانگەیەوە کار ناکەم، ڕۆماننووس دەیەوێ لەبارەی وەهم و سەرۆکپەرستی و شۆڕشەوە قسەمان بۆ بکات. هەموو ئەم تێمانە پێشتر قسەیان لەبارەوە کراوە. ئەوەی لە کن من گرینگە ڕۆماننووس چۆن ئەم تێمانەمان بە ڕۆمان بۆ دەگێڕێتەوە (تێزی تێمەکانیش گرینگن). ئەو کارەکتەرانە چۆن دێن بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆجیاکانیان دەخەنەڕوو؟ یەکێکی دیکە لە لایەنە هونەرییەکانی کارەکتەرسازی لەم ڕۆمانەدا، توێژینەوەیە لە شتەکان. هیچ کارەکتەرێک نییە قسەی خۆی لەبارەی ئەو چەمک و تێزانەی لەم ڕۆمانەدا هەن نەبێت. 

هەموو کارەکتەرێک، کەسێکی بیرکەرەوەیە، بەڵام گرفتەکە لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی ئەو تێزانەدایە. دەمەوێ بڵێم، هەموو کارەکتەرێک ڕێی پێدراوە قسە بکات، بەڵام چۆنیەتی پێشکەشکردنی قسەکانی لە ڕووی هونەرییەوە کێماسییان هەیە. ئاشکرایە کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان لە چین و توێژی جودان، ئاستی بیرکردنەوەیان، دابونەریتیان، شێوازی پەروەردەی خێزانییان و ..تاد جودایە. هەموو ئەمانە ڕەنگدانەوەیان لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و گوفتاریان دەبێت. لەم ڕۆمانەدا هەموو کارەکتەرەکان بۆچوون و تێڕوانینیان لەبارەی ڕووداو و ئەو شتانەی لەناو ڕۆمانەکەدا هەن، هەیە. 

بەڵام هەموویان ئاستی بیرکردنەوەیان یەک ئاستە. واتە کاتێك دەریاس دەپەیڤێت بۆ نموونە لەبارەی شۆڕشەوە، هیچ جوایەزییەکی لەگەڵ ئەرشەد ساحێبدا نییە. ڕاستە لە سەرەتاوە دەزانین دەریاس تەنێ پرسیار دەکات، بەڵام بۆ ڕاڤەکردنی شتەکان هەموویان ڕووی فەلسەفیی شتەکان دەبینن. بۆ نموونە دایکە سەجاد کە پیرەژنێکە و جلوبەرگی کوردی بە دەستووری کۆن دەپۆشێت، قسەکانی لەبارەی مردوو و لاشە و ژیان لە قسەی کەسێکی زۆر خوێندەوار دەچێت کە دەیان کتێبی لەوبارەیەوە خوێندبێتەوە. ((خەڵکی ئەم شارە دەبێت بمرن، دوای ئەوە تێدەگەن وەک زیندوو چ بەشەرێکی نەفام و بێمێشک بوون. لاپەڕە 171)). یان ((ئێستا بەڵکو بە مردوویی، تۆزێک لە ژیان تێبگەیت. لاپەڕە 171)). 

ئەم شێوەئاخاوتنە هی کەسێک نییە خوێندەواری نەبێت، یان دەیان کتێبی نەخوێندبێتەوە. لەگەڵ ئەوەدام پیرەژنێکی کورد بتوانێت بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، بەڵام شێوازی دەربڕینی دەبێت میللییانە بێت، چونکە لەڕێی وەسفی جلوبەرگییەوە تێدەگەین دایکە سەجاد تەمەنێکی زۆری هەیە و بە دوای تەرمی کوڕەکەیدا دەگەڕێت. لەمە پتر هیچ زانیارییەکی دیکەمان لەبارەی ئەم پیرەژنەوە نییە، هێندە هەیە دەزانین ساڵانێکە بە دوای تەرمی کوڕەکەیدا دەگەڕێت. بۆیەش کاتێک مامۆستا مەردان، هەردوو ئەشکزاد، ئەرشەد ساحیب، موجتەبا، حەسەن دادار و هەموو ئەوانی دیکە ئاستی تێڕوانینیان بۆ چەمکەکانی وەهم، شۆڕش، سەرۆک، شەڕ...تاد زۆر لێک نزیکە، خوێنەر هەست دەکات ئەوە خودی بەختیار عەلییە لەناو ئەواندا دەپەیڤێت. بەڵام لە بنەڕەتدا هەر کەسێک دەبێت بەپێی ئاستی بیرکردنەوە و فیکری خۆی قسە بکات و بۆچوونی هەبێت. 

لەم ڕۆمانەدا بەختیار عەلی هێندەی هەوڵی داوە تێز و تێمەکان بگەیەنێت، هێندە لە خەمی گێڕانەوە و تەکنیکەکانی گێڕانەوەدا نەبووە. ئەم قسەیەم واتای ئەوە نییە، ئەم لایەنەی تەواو فەرامۆش کردووە، نا، بەڵام ئەوەندەی خەمی ئەوەی بووە قسە لەبارەی موقەدەس و شۆڕش و تارمایی و سیاسەت بکات، لە زۆر شوێن ڕەوتی گێڕانەوەی لەدەست دەرچووە. بەختیار یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی تەواو سوود لە شێواز و گێڕانەوەی هەقایەت و ئەفسانەکان وەردەگرێت. لە زۆر ڕۆمانەکانیدا بە شێوەیەکی هێندە هونەریانە ئەم سوودوەرگرتنەی مەزراندووە، ڕۆمان و ئەزموونی جوایەزی نووسیوە. لە هەقایەت و ئەفسانەدا هەڵتۆقین و لەناکاو دەرکەوتنی ڕووداو و پاڵەوان شتێکی ئاساییە. 

پاڵەوانی ناو هەقایەت و ئەفسانە کاتێک دەکەونە تەنگەژەوە، لەناکاو فریادڕەسیان بۆ دەردەکەوێ. بەپێی بۆچوونی گریماس لە هەقایەتدا ئەگەر یارمەتیدەر (فریادڕەس) پەیدا نەبێت، ئەوا ململانێی نێوان پاڵەوان وەکوو نوێنەری هێزی چاکە و دوژمن وەکوو نوێنەری هێزی خراپە بەردەوام نابێت. ڕووداوەکان زۆر جار لەناکاو دەردەکەون. بۆ نموونە لە لاپەڕە (159)دا کاتێک دەریاس دەکەوێتە ژێر ئەو حەشاماتەی خۆپیشاندان دەکەن و شۆڕش دەستپێدەکات، لەناکاو کەسێک دەردەکەوێ و دەستی دەگرێت و هەڵی دەستێنێتەوە. ((کتوپڕ لە چاوتروکانێکدا یەکێک توند دەستی گرت و بە هێزێکی ئەوفسوناوی لە زەوییەکە بەرزی کردەوە و خستییە سەرپێی خۆی، دەستێک کە هێزێکی لە ڕادەبەدەر نائاسایی هەبوو، گەنجێکی جوان بەڵام مۆن و بێدەنگ بوو)). ئەم وەسفە تەنێ لە هەقایەتەکاندا هەیە. منی خوێنەر نازانم ئەم کارەکتەرە لە کوێوە هات؟ وەزیفەی ئەم کارەکتەرە تەنێ ڕزگارکردنی ئەو بووە؟ هیچ زەمینەسازییەک بۆ دەرکەوتنی ئەم کارەکتەرە نەکراوە. ئەگەر دۆخەکە وەها شڵەقاوە بۆ ئەم گەنجە هیچ شڵەژان و بارێکی نائاسایی پێوە دیار نییە. لە زۆر شوێن شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە زۆر لە شێوازی گێڕانەوەی هەقایەت نێزیک دەبێتەوە. لە زۆر شوێن کاتێک کارەکتەرەکان دەپەیڤن، لەناکاو ڕەوتی گێڕانەوەیان لەبیر دەچێتەوە و دەبنە شیکەرەوەی ڕووداوەکان، بەمەیش ڕۆمانەکە لەو شوێنانەدا هێندەی لە وتار دەچن، هێندە لە گێڕانەوەی ڕووداوی ڕۆمانێک ناچن. 

عابدی (داریوش): ١٣٧١: دستور زبان داستان: انتشارات فردا: تهران.


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە