margret1.jpg

گوناهی ئەفەرۆزکردن

شیعری: مارگرێت سانگستەر - وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

ئازیزم، گوناه ئەو شتە نییە کە کردووتە
بەڵکو ئەو شتەیە کە ئەفەرۆزت کردووە
هەر ئەمەشە کە دەمەوخۆرنشین
کەمێک دڵت ئازار ئەدا

ئازیزم، ئەو پەیڤە پڕ لە ئەڤینەی نەتوت و فەرامۆشت کرد
ئەو نامەیەی کە نەتنووسی
ئەو چەپکە گوڵەی کە نەتنارد
ئەمانە بە شەو چەشنی مۆتەکە
لەبەر چاوت پەیدا ئەبن

ئەو بەردەی ئەتتوانی لەسەر ڕێی براکەت
لای ببەیت و لات نەبرد
ئەو ئامۆژەیەی بەهۆی پەلەکردنەوە.. گۆت نەکرد
ئەو نەوازشە گەرم و پڕ لە عیشقەی دەستەکانت
ئەو دەنگە میهرەبان و دڵنشینەی
لەبەر جەنجاڵیی گرفتەکانت
یادت چوو بیریان لێ بکەیتەوە

ئەو کارە بچووکە پڕ سۆزانەی
بەئاسانی پشتگوێت خستن
ئەو هەلانەی بەفریشتەبوونت نەقۆستنەوە
کە لە ژیاندا بۆ هەموو فانییەک ئەڕەخسێن
ئەو دەمانەی ئومێد نامێنێ و
باوەڕ سارد و بێ تین ئەبێ
وەکو تارماییەکی خەمبار و لۆمەکار
لە تاریکی و بێدەنگیی شەودا
دێنەوە بەرچاوت

ئازیزم، تەمەنمان تابڵێی کورتە و
ئەو خەمەش تابڵێی گەورەیە
گەر بۆ هاودەردی و هاوسۆزی دواکەوین و
سستی بنوێنین

ئازیزم، گوناه ئەو شتە نییە کە ئەیکەی
بەڵکو ئەو شتەیە نایکەیت و ئەفەرۆزی ئەکەی
هەر ئەمەشە کە دەمەوخۆرنشین
کەمێک دڵت ئازار ئەدا.

 

مارگرێت ئێلیزابێپ سانگستەر (Margaret Elizabeth Sangster)، ژنە شاعیر و ڕۆماننوسى ئەمەریکی له‌ رۆژى 22/2/1838 له‌ شارى نیوروچلى ویلایه‌تى نیویۆرك له‌ دایكبووه‌، له‌ ساڵى 1912 له‌ ته‌مه‌نى (74) ساڵى كۆچى دوایى كردووه‌.


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە