hqdefault1.jpg

مناڵی ئەو کلیپە منم

داناز عەبدولڕەحمان

کات شەوە،کاتژمێر نزیکەی هەشت و نیو بۆ نۆ یە،لەوە شەوە خۆشتر نایەتەوە خەیاڵم، تامەزرۆم شەوێ لەو شەوانە خوا بیخوڵقێنێ.

وەرز هاوینە هەموومان لەحەوشەی ماڵ لەدەوری یەک کۆبووینەتەوە، دۆشەک و پشتی و کورسی لەسەر چیمەنتۆ ڕاخرابوون ،تەلەفیزیۆنێکی ڕەش وسپی لەسەر تەپڵەکێ بەرامبەرمان.

شووتی و کاڵەک لەسەر سینیەک قاژ قاژ کراون، هاوشێوەی مرواری، لەسەر تەنکی حەوشەکە داندراون، هەتا کەمێ سارد بن. فڕکە فڕکی پشیلە و بەدواکەوتنیان لەو لاوە بۆوەستێ.

تەرمۆزەی ئاوەکەش لەسەر تەپڵکێکی شین باو، جامێکی فافۆن لەبەردەمی داندراوە، قاپێکی پڕ ترێ وهەنجیر،سەماوەر لەتەنیشت دایک و ئامۆژنمەوە گیزە گیزی یەت ..

حەسیرێکی جوان و پڕ نەخش،کۆن باوکم لە ناسرییە چەند دانەیەکی کڕیبوو.

دێتەوە یادم ماڵی مامم میوانمان بوون، ئەوان سەرقاڵی قسە و نەهێنی شۆڕش بوون.ئێمەش سەرگەرمیی یاریی کردن و سەیرکردنی تەلەفیزیۆن بووین.

ئادەی بێدەنگ بن..هەموومان بێدەنگ دانیشتووین.

بحلم بیک انا بحلم بیک .

باوکم لەهەموومان زیاتر تامەزرۆیی ئەم دەنگە بوو، یادەوەریی ڕۆژانی خوێندن و گەنجی، بیرەوەریی و پیاسەی شارع ڕەشید و باب اللە و بەغدادی. تازە دەهاتەوە یادیی.. ئەوە ئاسان نەبوو..

دەزانی گۆرانییەکان دەبنەوە بۆ شوێن..شوێن لەهزری مرۆڤدا گەلێ زەحمەتە.. من ئێستا هەست ئەکەم شوێن چەند پانتاییەکی گەورەیی لە هزریی مندا جێهێشتووە.

ئای چەند گۆرانیەکی جوان بوو.من هەمیشە کە گوێم لە گۆرانییە دەبوو، وام هەستم ئەکرد ئەو مناڵەی ناو گۆرانیەکە،کە میلی ڕادیۆیەکە دەسووڕێنێ منم..

ئێستا هەست ئەکەم ئەوە مناڵی منە لەوێدا جێماوە..


ئەم بابەتە 164 جار خوێندراوەتەوە