nazk.jpg

له‌ ساڵڕۆژى له‌ دایكبوونى داهێنه‌رى شیعرى ئازاددا

له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ نازک ئەلمەلائکەى شاعیرى عێراقى له‌ دایكبوو، نازك كه‌ ناوى ته‌واوى (نازک صادق ئەلمەلائکە)یه‌، لە رۆژى 23/8/1923 لە شارى بەغدا لە خێزانێکى رۆشنبیر لە دایکبووە، کاریگەرى دایکى زۆر بەسەریەوە هەبووە، چونکە دایکیشى شاعیر بووە و شیعرى لە رۆژنامە و گۆڤارەکانى ئەو سەردەمەى عێراق بڵاوکردۆتەوە.

لە ساڵى 1944 پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایانى تەواوکردووە، لە ساڵى 1947 یەکەمین کتێبى خۆى دەربارەى شیعرى ئازاد (حر) نووسیووە، کە بەراوردى نێوان شیعرەکانى بەدر شاکر سەیاب و هاوڕێکانى (شازل تاقە و عەبدولوەهاب بەیاتى) کردووە.

لە ساڵى 1949 بەشى موزیکى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى تەواو کردووە و لە ساڵى 1959 بڕوانامەى ماستەرى لە ئەدەبى بەراوردکارى لە زانکۆى ویسکونسن – مادیسۆن (University of Wisconsin–Madison) لە ئەمەریکا بەدەستهێناوە و بوه‌ته‌ مامۆستاى زانکۆ لە زانکۆکانى بەغدا، بەسرە و کوێت وانه‌ى وتۆته‌وه‌.

خوێندنى موزیک و زمانەکانى لاتینى و ئینگلیزى و فەڕەنسى لە ئەمەریکا خوێندووە و  بۆ ماوەى یەک ساڵ لە شارى بەیروت ژیاوە و چه‌ندین خەڵاتى رێزلێنانى پێبه‌خشراوه‌.

ژیانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ عەبدولهادى مەحبوبە پێكهێناوه‌، کە ئەکادیمست و مامۆستاى زانکۆ بووە و یەکەمین سەرۆکى زانکۆى بەسرە بووه‌ لە نێوان ساڵانى 1964 بۆ 1968.

لە ساڵى 1990 چووەتە شارى قاهیرەى پایتەختى میسر و لەوێ ژیاوە، تا لە رۆژى 20/6/2007 لە تەمەنى (83) ساڵى بە نەخۆشى لە هه‌ر له‌و شاره‌ کۆچى دوایى کردووە و لە گۆڕستانى تایبەت بەخۆیان نێژراوە.


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە