shajaryan.jpg

شه‌جه‌ریان، له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت

دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى رابردوودا هونەرمەندی ناودارى ئێران و مامۆستای ئاواز و موزیک تەندروستی بەرەو خراپ بوون چوو، له‌ ئێستادا له‌ ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌ ته‌ندروستیه‌كانى وه‌رده‌گرێت.

وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ریه‌كانى نه‌خۆشى شه‌جه‌ریان له‌ ماڵه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت له‌ رۆژى 18/8/2020 (بابەک حەیدەری ئەقدەم) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەم لە تاران، به‌ مێدیاكانى راگه‌یاندبوو، كه‌ شەجەریان گوازراوەتەوە بۆ بەشی تایبەت لە نەخوشخانە و لە ئێستادا باری تەندروستی ناجیگیرە و بێهۆشە، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى وتبوو، شەجەریان دوو ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی تەنگەنەفەسی و هاتنەخوارەوی فشاری خوێنی هێندراوەتە نەخۆشخانەکەمان، سەرەڕای هەوڵی زۆرى کارمەندانی نەخوشخانەکە، بەڵام ناجیگیربوونی باری تەندروستی شەجەریان، ڕێگامان پێنادات لە نەخۆشخانە دەری بکەین.

پێشتریش چه‌ند جارێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌رى وه‌رگرتووه‌، د. حەسەن عەلی لە تیمی پزیشكی شەجەریان رایگەیاندبوو، كه‌ شه‌جه‌ریان كێشەی تەندروستی لە سنگیدا هه‌یه‌ـ مێدیاكانیش به‌ هه‌ڵه‌ هه‌واڵى كۆچى دواییان بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌ڵام دواتر هومایۆنی کوڕی هەواڵەکەی رەتکردۆته‌وه‌ و روونکردنەوەى بڵاوكرۆدته‌وه‌.

شەجەریان لە چەند دێرێکدا:

- ناوىى تەواوى: محەمەد ڕەزا شەجەریان.

- لە رۆژى 23/9/1940 لە شارى مەشهەد لە ئێران لەدایکبووە.

- پیشەى هونەرى: گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیکیانى ئێرانى.

- بنەماڵەکەى بنەماڵەیەکی ئایینی بوون و لەتەمەنی (9) ساڵیدا لەلایەن باوکیەوە پرۆڤەی قورئانخوێنی پێدەکرێت و ساڵێک ناخایەنێت وەک کەسێکی دەنگ خۆش لەشارەکەیدا ناوبانگ دەردەکات و لەکۆڕ و مەراسیمە ئایینیەکان قورئان دەخوێنێتەوە.

- لەساڵی 1952 بۆ یەکەمین جار دەنگی لەرادیۆی پارێزگای خوراسان بڵاوبووەوە.

- سەرەتا بەنازناوی (سیاوەش بیدکانی) دەستى بەکارى هونەرى کردووە.

- جگە لەکارى هونەرى یاری تۆپی پێی بەلاوە زۆر خۆشبووە و لەیانەی گەنجانی پارێزگای خوراسان یاری کردووە.

- لە ساڵی 1957 لەگەڵ مامۆستایەکی موزیکدا ئاشنا دەبێت و بەشێوەیەکی ئاماتۆر لە رادیۆی خوراسان ئاواز و قورئان دەخوێنێتەوە.

- جگە لە پرۆڤەکردنی ئاواز لەلایەن مامۆستا (بوزەری) خەریکی مەشقی خۆشنوسین دەبێت و لەهونەری خۆشنوسی پلەی مامۆستایی بەدەست دێنێت.

- دواى ساڵێک لە تەواوکردنى کوڵیژ لە زانکۆە تاران وەک مامۆستای قوتابخانە لەقوتابخانەی (خاجە نیزامولمولک) وانە دەڵێتەوە و لەو ساڵانەدا خۆی فێری ژەنینی ئامێری سەنتور دەکات.

- لە ساڵی 1961 لەگەڵ (فەرخوندە گوڵ ئەفشان) ئاشنا دەبێت و لە شاری کوردنشینی قوچان پێکەوە ژیانی هاوبەشى دەستپێدەکەن.

- لە ساڵی 1962 دەبێتە بەرپرسی خوێندنگەى گوندی شائاباد.

- لە ساڵی 1966 بۆ پەرەپیدانی کاری هونەری دەچێتە شارى تاران و لەگەڵ مامۆستا گەورەکانی موزیکى ئێران ئاشنا دەبێت.

- لە ساڵی 1973 بەهاوکاری مامۆستایان وەک (محەمەد رەزا لوتفی، ناسر فەرهەنگفەر، حسێن عەلیزادە، جەلال زولفەنون) و ژمارەیەکی دیکە لەهونەرمەندانی ئێرانی ناوەندێک بەناو ناوەندی پاراستن و پەرەپێدانی مۆسیقا دادەمەرزێنن.

- لە ساڵی 1975 یەکەمین گەشتی هونەری خۆی دەستپێدەکات و لەوڵاتانی دیکە کۆنسێرتی ئاواز ساز دەکات.

- لە ساڵی 1977 کۆمپانیای (دل ئاواز) بۆ بەرهەمهێنانی کاری هونەری دادەمەرزێنێـت.

- لە ساڵی 1978 لە پێشبرکێکانی قورئانخوێنی ئێران بەشداری دەکات و پلەی یەکەم بەدەست دێنێت.

- لە دواى شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری خۆی لەگەڵ رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران بەتەواوی دەپچڕێنێت و چەندین ساڵ لەکارى هونەری دوور دەکەوێتەوە .

- لە ساڵی 1989 بەهاوکاری جەمشید عەندەلیبی (هونەرمەندی کورد) و داریوش پیرنیاکان کۆنسێرت لەئەمریکا و ئەوروپا سازدەکات.

- لەو ساڵانەدا چەندین ئەلبومی وەک (دڵی مەجنون) و (سەرووی چەمان) و (یادی ئەیام) و (ئاسمانی عەشق)ی بەهاوکاری گروپی موزیکى (ئاوا) تۆمارکردووە.

- لە ساڵی 1995 لەشارەکانی سنە و شیراز و کرمان و ئەسفەهان کۆنسێرتی ساز کردووە.

- لە ساڵى 1997 خەڵاتى پیکاسۆى لەلایەن رێکخراوى یونسکۆ لە پاریس وەرگرتووە.

- لە ساڵی 1998 بەهاوکاری (کەیهان کەلهور) گەورە موزیکیانى کورد ئەلبومی (شەو، بێدەنگی، کەویر)ى بەرهەمهێناوە.

- لە ساڵی 2006 مەدالیای جیهانی (موتزارت)ى وەرگرتووە.

- بۆ گۆرانى و کارە هونەرییەکانى زیاتر سوود لە هۆنراوەی شاعیرە کلاسیکەکانی وەک (سەعدی، حافز، مەولەوی، باباتاهیر، خەیام و عەتار) وەردەگرێت.

- لە هۆنراوەی شاعیرانی هاوچەرخیش سوودى لە شاعیران (نیما یوشیج، فەرەیدون موشیری، سوهراب سیپهری و مەهدی ئەخوان سالس) وەرگرتووە.

- لەکارێکی هاوبەشدا چوارینەکانی خەیامى لەگەڵ (ئەحمەد شاملو)ى شاعیری ئێرانی بڵاوکردۆتەوە.

- چەندین ساڵە خەریکی دروستکردنی ئامێری نوێ مۆسیقاییە و تا ئێستا توانییەتی ئامێرەکانی وەک (ساغەر، کرشمە، سەبوو، توندەر، باربود، ئەرغەنون، سوراحی و شەهری ئاشوب) دورست بکات و بیانکاتە بەشێک لە موزیکى کلاسیکی.


ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە