baxtyar.jpg

هونه‌رمه‌ندێكى كورد خه‌ڵاتى باشترین ئه‌كته‌رى پیاوى بەدەستهێنا

بەختیار پەنجەیی دەرهێنەر و ئەکتەری کوردی شاری مهاباد، دووهەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە چل و چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی هۆنگ کۆنگ وەرگرت.

ئاژانسی هەواڵی میهر، بڵاوی کردووەتەوە بەختیار پەنجەیی ئەکتەری کوردی شاری مهاباد بە ڕۆڵگێرانی لە فیلمی "نامۆ" کە وەک تەنیا نوێنەری سینەمای ئێران لە بەشی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی هۆنگ کۆنگ بەشداری کردبوو، توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی ئەو فێستیڤاڵە وەربگرێت.

فێتیسڤاڵی فیلمی هۆنگ کۆنگ کە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهان، ئەمساڵیش سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە، بەڵام بە شێوەی ئۆنلاین چل و چوارەمین فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەبرد و براوەکان راگەیەنرا و خەڵاتی فێستیڤاڵەکەیان پێدرا.

فیلمی (نامۆ)، لە دەرهێنانی ناسر ساعی پوور، توانیوه‌تى خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی شەست و شەشەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی تائۆرمینای ئیتالیای مسۆگەر بكات، فیلمه‌كه‌ لە لایەن (مەستانە موهاجر و تەهوورا ئەبولقاسمی)، بە سپۆنسه‌رى (نەوید محەمەد زادە و پژمان بازغی) بەرهەمهێنراوە، هه‌ریه‌كه‌ له‌ (بەختیار پەنجەیی، سویل شیرگیر، نادر مەهدی لوو، ناسر هاشمی، هادی ئێفتخار زادە، فیرووز عاقڵی و تارا ئاقاجانی) ئەکتەرانی فیلمه‌كه‌ن.

بەختیار پەنجەیی له‌ چه‌ند دێرێكدا:

پیشه‌ى هونه‌رى: ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر

لە ساڵی 1977 لە شاری مەهاباد لە دایکبووە.

دەرچووی بەشی وێژەی شانۆیی زانکۆی تارانە.

خاوەنی چەندین کاری هونەریە.

تائێستا توانیوێتی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و بیانی بەدەست بهێنێت.

تاكو ئێستاكه‌ رۆڵى له‌ (3) فیلمی سینەمایی، (3) زنجیرە فیلم و زیاتر لە (35) کورتە فیلمدا گێڕاوە.


ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە