Federico_Garca_Lorca.jpg

هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ شیعرى فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا

فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا - وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

"ماڵئاوایی"

ئەگەر مردم
با تارمەکە لەسەر پشت بێ
مناڵێ پرتەقاڵ ئەخوا
( لە تارمەکەوە چاوم لێی ئەبێ)
پاڵەیەک دروێنە ئەکا
( لە تارمەکەوە گوێم لێی ئەبێ)
ئەگەر مردم
با تارمەکە لەسەر پشت بێ

"گوناه"

ئای چەند خۆشە
کە گوناهەکانمان دیار نین
دەنا ناچار بووین گشت ڕۆژێ
پاک پاک بە ئاو خۆمان بشۆین
یان ئەبووایە
لەبەر بارانا .. بژیاینایە
دیسانەوە .. ئای چەند خۆشە
کە درۆکانمان ڕوخسارمان ناشێوێنن
دەنا بۆ تاقە ساتێکیش
کەس کەسی نەئەناسییەوە
سوپاس بۆ ئەو میهرەبانییەت.. خودایا!

"خۆشیی پڕخەم"

خەمناکترین خۆشی ئەوەیە
کە شاعیر بی
ئیدی
بەهای نییە.. خەمی دی
تەنانەت مەرگیش.

"گوڵ"

درەختەکە لەتاو باران
ڕاکشا و دەستی کرد بە گریان
وای.. لە سیحری تریفەی مانگ
چۆن خەوتووە لەسەرڕووی لق و گەڵاکان!

"بێ چاوی من"

گیانەکەم تۆ بێ چاوی من
ناتوانی ئەو جوانییەی مانگ بەدی بکەی
بێ لێوی من
ناتوانی تامی شەراب و ماچیش بکەی
بێ دڵی من
تۆ مردوویەکی و هیچی تر
کاتێ وشەکان گیانیان دا
قووڵایی ئاوێنەکانت
بەهایان چی ئەبێ ئیتر؟

"کتوپڕییەک"

لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.
گڵۆپەکە چۆن هەڵئەلەرزی
دایە..
چۆن هەڵئەلەرزی
گڵۆپی سەرشەقامەکە!
سپێدە بوو
کەس تەماشای چاوی نەکرد
کە بە ڕووی هەوا ساردەکە ئەیانڕوانی
لەسەر ڕێگاکە کوژرابوو
چەقۆیێ لە سەرسنگی ڕۆچەقێنرابوو
کەسێکیش نەبوو بیناسێ.


* لە کتێبی (هەموو شەوێک وەرە بۆ لام)، هەڵبژاردەیەک لە شیعری جیهانی، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، 2018 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

 

شاعیری ئیسپانی فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا - Federico García Lorca (18989-1936)، بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێ. ئەو خۆی کە لە غەرناتە لەدایک بووبوو، عاشقی شارەکەی و عاشقی ئازادی و شکۆی مرۆیی بوو و تا سەر ئێسقان ئینساندۆست بوو. یەکێک بوو لە شاعیرە چالاکەکانی نەوەی ٢٧. هەڵبەتە لۆرکا لەگەڵ ئەوەدا کە شاعیر بوو، شانۆنووسێکی مەزن و نیگارکێش و هەروەها پیانۆژەن و گیتارژەنێکی کارامەش بوو. لۆرکا لە ساڵی 1916 دەستی بە نووسینی شیعر کرد و تا ئەو شەوەی لە شەڕی ناوخۆدا و لەسەر دەستی فاشیستە فرانکۆییەکان کوژرا، هەر شیعری چڕی و لەو تەمەنە کورتەیدا خاوەنی چەندان دیوانە شیعرە.ئەوە بوو لە مانگی ئۆگەستی 1936 کە لە مەدریدەوە گەڕایەوە بۆ غەرناتە، کودەتاچییەکانی سەر بە جەنەراڵ فرانکۆ چوون و لە ماڵی هاوڕێیەکیدا کە شاعیر لویس ڕۆزالیس بوو دەسگیریان کرد و پاشان بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگری کۆمارییەکانە، شەوی 18 ی ئۆگەست بردیان بۆ شوێنێکی نزیک لە "ڤیزنار"ەوە و لەوێ گولە بارانیان کرد.


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە